عەبدوڵڵا ئۆجەلان: هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە و سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە

شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، دوای ئەو کۆبوونەوەیەی رۆژی هەینی 27ـی ئاداری 2026 لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە ئەنجامدرا، راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 31 ـی ئاداری 2026 بڵاوکرایەوە، باس لەوە کراوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتوویەتی پرۆسەکە گەیشتووەتە “قۆناخێکی گرنگ” و ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە چارەسەر لەسەر بنەمای دانوستاندن، ویستی دیموکراسی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی بێ.

رۆڵی پەرلەمانی تورکیا گرنگە
ئۆجەلان سەرنجی خستووەتە سەر ئەو بەرپرسیارێتییەی پەرلەمانی تورکیا لە پرۆسەکەدا لە ئەستۆی گرتووە و بە شاندەکەی راگەیاندووە، ئەو هەنگاوانەی دوای راپۆرتی کۆمیسیۆن دەنرێن، زۆر گرنگە بەبێ دواکەوتن بخرێنە چوارچێوەیەکی یاسایی گشتگیرەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، بۆ بەهێزبوونی ویستی چارەسەری، پێویستە کەناڵەکانی دیالۆگ کراوە بن و سیاسەتی دیموکراسی بەهێز بکرێت، هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە نابێت “دەرفەتە مێژووییەکان لەدەست بدرێن”.

کۆمەڵگەی دیموکراسی، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشە
ئۆجەلان بە شاندی دەم پارتی راگەیاندووە، کۆمەڵگەی دیموکراسی زامنی داهاتووە بۆ هەموو گەلان و پێکهاتەکانی نیشتەجێی تورکیا و ئاماژەی بەوەدا، هەرکەسێک بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکات، نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو داهاتووی هاوبەشیش بەدەست دەهێنێت.

ئۆجەلان: سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە
لە راگەیێندراوەکەدا بە فراوانی ئاماژە بە هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە ئۆجەلان گوتوویەتی، پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بایەخی پرۆسەکەیان زیاد کردووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی پەیوەندیدار بە ئێران هاتووەتە پێشەوە.
ئۆجەلان باسی لەوە کردووە کە لە ناوچەکەدا سێ هێڵی جیاواز دەرکەوتوون: تەوەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل، هێزە نێودەوڵەتییەکانی پارێزەری دۆخی ئێستا و رێگەی سێیەم کە بە “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی” ناوی بردووە.
ئۆجەلان رایگەیاندووە: “وەک لە بانگەوازی 27ـی شوباتیشدا ئاماژەم پێکرد، سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهاتووە. چی دیکە گەڕانەوە بۆ دواوە ئەستەمە” و جەختی لەوە کردوەتەوە کە پرۆسەکە “گواستنەوەیە بۆ ئاشتی لەگەڵ کۆماری دیموکراسیدا”.

بەهێزکردنی دیموکراسی
ئۆجەلان رایگەیاندووە کە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە و پرسی سەرەکی کەموکوڕییە لە دیموکراسییدا و رایگەیاندووە: “دیموکراسی تاکە چارەسەرە کە بەهێزبوونی کۆمار مسۆگەر دەکات.”
ئۆجەلان باسی لەوە کردووە کە پێویستە تێڕوانینێک پەرەی پێبدرێ کە پەیوەندیی کورد لەگەڵ دەوڵەت لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون سەرلەنوێ پێناسە بکاتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە دەوڵەتیش ئەم پرۆسەیە وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی نەبینێت.

بەشداریکردن لەسەر بنەمای ناسنامە و ئازادی
ئۆجەلان گوتوویەتی، بەشداریکردن لە کۆماردا دەبێت لەسەر بنەمای ناسنامە، ئازادیی رادەربڕین، مافی رێکخستن و ئازادیی ژنان بێت و رایگەیاندووە، ئەم مافانە تەنیا بۆ کورد نیین، بەڵکو بۆ تەواوی کۆمەڵگەن.
ئۆجەلان هەروەها سەرنجی خستوەتە سەر گرنگیی گەیاندنی بۆچوونەکانی سەبارەت بە پرۆسەکە بە شێوازی دروست بە رای گشتی و رایگەیاندووە، چارەسەری دەتوانێت بە مۆدێلێکی یەکگرتنی دیموکراسیی کۆمەڵگە بێت و گوتی، ئەمەش پێویستی بە دیموکراسیی گشتگیر و بەکۆمەڵی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان هەیە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

Featured Video Play Icon

هێرشی دڕۆنیی نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٧، کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *