به‌په‌له

سیروان عوبەید: ئەزموونی ڕۆژاوا دەریخست کە تیۆری “نادەوڵەتی” بەڕێز ئۆجەلان لەبەردەم واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی ناگرێت

قەندیل پرێس – وتووێژی تایبەت

وتووێژی تایبەتی قەندیل پرێس لەگەڵ بەرێز کاک سیروان عوبەید، ئاکادیمیست و توێژەر و چاودێری سیاسی سەربەخۆ لەبارەی “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتییک” و پرۆژەی “برایەتی گەلان” و ئاڵنگاریەکان لە ناوچەکە.

قەندیل پرێس: کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی جه‌خت له ده‌ڕه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و گرنگیدان به خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری تۆڕیی ده‌کاته‌وه، بەڵام لە دۆخی شەڕ و گەمارۆی ناوچەییدا، ڕۆژاڤا بە ناچاری پێکهاتەی نیمچە دەوڵەتی دروست کرد. ئایا ئەزموونی ڕۆژاڤا ئەوە نیشان دەدات کە تیۆری نادەوڵەتی ئۆجەلان لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ناچاری جۆرێک لە دەوڵەتی شاراوە بەرهەم دەهێنێتەوە؟ یان دەکرێت ئەمە بە “دەوڵەتی بەرگری کەمترین” هەژمار بکرێت کە جیاواز بێت لە لۆژیکی کلاسیکی دەوڵەتی نەتەوە؟

سیروان عوبەید: لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیار وپڕ لە گۆڕانکاریی جیۆپۆلیتیکیدا تێدەپەڕێت، پرسی کورد وەک ناوەندی ململانێکان دەمێنێتەوە. لێرەوە، پێویستیی دەستنیشانکردنی ستراتیژێکی نەتەوەیی ڕاستەقینە، کە لەسەربنەمای واقیع و بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمان بێت، لە هەموو کات زیاتر دەبێتە ئەولەویەت.
لەم چوارچێوەیەدا، وەک ئەرکێکی فیکری و نەتەوەیی، هەوڵم داوە لە ڕوانگەیەکی ڕیالیزمی سیاسییەوە تیشک بخەمە سەر ئەوئاڵۆزییانەی کە بەرۆکی دۆزی کوردیان گرتووە. ئەم وەڵامانەی خوارەوە، وەڵامی منن بۆ ئەو پێنج پرسیارە گرنگ و جەوهەرییە و ئامانج لەم وەڵامانە، تەنیا ڕەخنەگرتن نییە لە بیرۆکەیەکی دیاریکراو، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ چەق و جەوهەری مافە ڕەواکانمان و دوورکەوتنەوە لەو خەیاڵە سیاسییانەی کە لە دە ساڵی ڕابردوودا تێچوویەکی مرۆیی و خاکی گەورەیان لێ کەوتووەتەوە. وەک هەمیشە پێداگری دەکەم: بێ‌هیوایی لە مافی سەربەخۆیی، گەورەترین هەڵەی مێژووییە کە نەتەوەیەک بەرامبەر بە پاشەڕۆژی خۆی ئەنجامی بدات.
سەبارەت بە گۆڕانی ڕۆژاوا بۆ پێکهاتەی نیمچە دەوڵەتی:
ئەزموونی ڕۆژاوا بە ڕوونی دەریخست کە تیۆری “نادەوڵەتی”بەڕێز ئۆجەلان لەبەردەم واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی ناگرێت. ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت”دەوڵەتی نیمچەیی” نییە، بەڵکو پەنابردنی ناچارییە بۆ ئامرازەکانی دەوڵەت(سوپا، پۆلیس، دادگا، باج). ئەمە دەیسەلمێنێت کە نەتەوەیەک لەناو گەمارۆدا ناتوانێت بە “تۆڕی کۆمەڵایەتی” بەرگری لە بوونی خۆی بکات. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە: پەیەدە دامەزراوەی دەوڵەتی دروست کردووە بەڵام بەبێ ئەوەی”شەرعییەتی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی” دەوڵەتی هەبێت؛ واتە ئەرکە قورسەکانی دەوڵەت جێبەجێ دەکات بەبێ ئەوەی سوود لە ئیمتیازاتە یاساییەکانی دەوڵەت وەربگرێت. ئەمە “دەوڵەتێکی شەرمنە” کە لە ترسی ئایدۆلۆژیا ناوەکەی خۆی، ناتوانێت ناوی بنێت دەوڵەتی کوردی، ئەمەش کورد دەخاتە بۆشاییەکی یاسایی مەترسیدارەوە.
بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی من ئەم ئەزموونە بە بەرهەمهێنەرەوەی ‘دەوڵەتێکی شەرمن و شێواو’ دەبینم، دەبێت سەیری جەوهەری ململانێکان بکەین. تیۆریی نادەوڵەتی ئۆجەلان لەسەر ئەو گریمانەیە وەستاوە کە دەکرێت ‘هێزی کۆمەڵایەتی’ جێگەی ‘هێزی دەوڵەت’ بگرێتەوە. بەڵام واقیعی ڕۆژئاوا لە دە ساڵی ڕابردوو، بەتایبەت لە ڕووداوەکان و هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا و گرووپەچەکدارەکان، پێچەوانەکەی سەلماند.
یەکەم: هەرەسی گوتاری ‘بەرگریی کۆمەڵایەتی’ لەبەردەم تەکنەلۆژیای دەوڵەتدا:
من کە دەڵێم ئەم تیۆرییە هەڵەیەکی ستراتیژییە، پشت بەوە دەبەستم کە لەعەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی بینیمان. لەوێ ‘ئەنجومەنە گەلییەکان’ و ‘تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان’ نەیانتوانی یەک بست خاک بپارێزن؛ ئەوەی بەرگری کرد(هەرچەندە شکستی هێنا) پاشماوەی لۆژیکی دەوڵەت بوو: واتە چەک وڕێکخستنی سەربازی. ئەمە دەیسەلمێنێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر دەوڵەتت نەبێت، نەک هەر ناتوانیت ‘کۆنفیدراڵیزم’ جێبەجێ بکەیت، بەڵکو تەنانەت ناتوانیت ‘مافی ژیان’یش بۆ هاووڵاتیانت دابین بکەیت.
دووەم: دروستبوونی دەوڵەتێکی نادیار
ڕۆژئاوا لە ئێستادا هەموو ئەرکە قورسەکانی دەوڵەت جێبەجێ دەکات: زیندانی هەیە، دادگای هەیە، سیستمی باج و سەربازیی زۆرەملێی هەیە. کەواتە لەپڕاکتیکدا ئەوان ‘دەوڵەت’یان دروست کردووەتەوە. بەڵام کێشە گەورەکە لێرەدایە: چونکە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە دژی چەمکی دەوڵەتن، ناتوانن داوای’سەروەریی یاسایی’ بکەن. ئەمە وا دەکات ڕۆژئاوا ببێتە ناوچەیەکی خۆڵەمێشی؛ نە دەوڵەتە تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک پارێزەری یاسایی لێی بڕوانێت، نە کۆمەڵگەیەکی سادەشە کە تەنها خەریکی خۆبەڕێوەبەری بێت.
ئەم’بۆشاییە ناسنامەییە’ گەورەترین مەترسییە کە من ئاماژەم پێ داوە؛ ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژیش هەروەک ئێستا هەیە بمێنێتەوە ئەوا؛ هەمیشە ڕێگە بۆ دیمەشق و دەوڵەتانی دراوسێ خۆش دەکات بەبێ ترس لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، وەک ‘ناوچەی یاخی بوو یان بێخاوەن’ هێرشی بکەنە سەر.
سێیەم: تاقیکردنەوەی ئەگەرێکی مەحاڵ:
ڕەخنەی من لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەم تیۆرییە ‘کورد’ی کردووە بەتاقیگەیەک بۆ جێبەجێکردنی فەلسەفەیەک کە ‘کۆمەڵناسیی سیاسیی’ ناوچەکە ڕەتی دەکاتەوە. هەروەها هێزی کوردی لەڕووی سیاسییەوە لەتکردووە. لەکاتێکدا تورکیا و ئێران و سووریا ڕۆژانە بە لۆژیکی ‘ناسیۆنالیزمی توندڕەو’ کار دەکەن، چۆن دەکرێت تۆ بە ‘دیموکراسیی بێ سنوور’ و ‘نەفی کردنی دەوڵەت’ ڕووبەڕوویان ببیتەوە؟ ئەمە نەک هەر لۆژیکی نییە، بەڵکو وازهێنانێکی خۆبەخشانەیە لەو ئامرازە بەهێزەی (دەوڵەت) کە هەموو گەلانی جیهان بۆپاراستنی خۆیان بەکاری دەهێنن.
کورت و کرمانج؛ ئەزموونی ڕۆژئاوا پێمان دەڵێت: تۆ ناتوانیت ‘دیموکراسی’ جێگیر بکەیت پێش ئەوەی ‘سەروەریی نەتەوەییت هەبێت. ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت ‘دەوڵەتی بەرگریی نیمچەیی نییە، بەڵکو ‘قەوارەیەکی سەربازییە’ کەلەناو قەیرانی ناسنامەدا دەژی. ڕووداوەکانی ئەم دواییە سەلماندیان کە بە بێ دانپێدانانی فەرمی بە ‘مافی سەربەخۆیی’ و ‘دەوڵەتی کوردی’، هەموو ئەودامەزراوە دیموکراسیانەی کە باسی دەکەن، تەنها بە یەک واژۆی سیاسی زلهێزەکان یان یەک هێرشی درۆنی تورکیا، دەبنە هەڵم. بۆیە، ڕەخنەی من ڕەخنەیەکی سیاسیی ڕووت نییە، بەڵکو هاوارێکی مێژووییە بۆ ئەوەی کوردجارێکی تر نەبێتەوە قوربانی ‘خەیاڵە ئایدۆلۆژییەکان’ لەسەر حیسابی ‘ڕاستییەجیۆپۆلیتیکییەکان’.

قەندیل پرێس: ڕۆژاڤا ئیدیعای مۆدێلی “براییەتی گەلان” لە نێو کورد و عەرەب و ئاشووری و گروپەکانی تردا دەکات. بەڵام ڕەخنەگران بە جۆرێک لە هەژموونی نەرم و نەرمی کوردی دەزانن یان پرۆژەیەکی وابەستە بە هەلومەرجی شەڕ لەگەڵ داعش؛ هەندێک لە کوردەکان بە مەحاڵ دەزانن. ئایا پێکەوە ژیانی گەلان لە ڕۆژاڤادا نەزمێکی کۆمەڵایەتی ناوەکی و بەردەوامە یان بەرهەمی هەلومەرجی نائاسایی شەڕ و پشتیوانی دەرەکییە؟

سیروان عوبەید: سەبارەت بە “برایەتی گەلان” و پێکەوەژیان لە ڕۆژاوا:
پێکەوەژیانی ١١ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژاوا کە لەم دواییانە بەتەواوی لەبەر یەک هەڵوەشایایەوە دەرکەوت کە لەناوەڕۆکی خۆییدا زیاتر “گرێبەستێکی سەربازیی کاتی بووە” نەک نەزمێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام. ئەم مۆدێلە لەژێر سایەی چەتری پاراستنی ئەمریکا و شەڕی هاوبەش دژ بە داعش سەریهەڵدا. مێژووی ناوچەکە فێری کردووین کە ناسیۆنالیزمی عەرەبی (چ بەعسی وچ ئیسلامی) قبووڵی هاوبەشی ڕاستەقینە لەگەڵ کورد ناکات مەگەر لە کاتی لاوازیدا بێت. بۆیە ئەوەی هەیە “هەژموونی نەرمی کوردە” کە بە ئایدۆلۆژیایەکی سەروو نەتەوەیی داپۆشراوە. هەربۆیە کاتێک پشتیوانی دەرەکی نامێنێت ودەوڵەتی ناوەندی (دیمەشق) بەهێز دەبێتەوە، دەبینین کە زۆربەی ئەو پێکهاتانە دەگەڕێنەوە سەر ئینتیمای نەتەوەیی و مەزهەبی خۆیان. پێکەوەژیانی ڕاستەقینە تەنها کاتێک دەبێت کە کورد وەک “نەتەوەیەکی خاوەن بڕیار” مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەک “پێکهاتەیەکی ناو پڕۆژەیەکی فیکری”.
کاتێک من باس لەوە دەکەم کە مۆدێلی ‘برایەتی گەلان’ لە ڕۆژاوا پڕۆژەیەکی کاتی و وابەستەیە بە هەلومەرجی شەڕ، نەک نەزمێکی کۆمەڵایەتیی ڕەسەن، پشت بە سێ ڕاستی حاشاهەڵنەگر دەبەستم کە بۆچوونەکەم دەسەلمێنن:
یەکەم: نەبوونی هاوسەنگی لە ئینتیمای نەتەوەییدا:
دروشمی ‘برایەتی گەلان’ کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە هەموو لایەنەکان بەهەمان ئەندازە واز لە ناسیۆنالیزمی خۆیان بهێنن. بەڵام لە واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێمە دەبینین تەنیا لایەنی کوردە کە داوای لێ دەکرێت واز لە’کوردایەتی’ و ‘ئاڵای کوردستان’ و ‘دەوڵەتی نەتەوەیی’ بهێنێت لە پێناو ئەم برایەتییەدا. لە بەرامبەردا، پێکهاتە عەرەبەکان یان گروپەکانی تر کە لە ناو ئەم سیستمەدان، ئینتیمای نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیی خۆیان وەک خۆی پاراستووە. بۆیە ئەمە ‘برایەتی’ نییە، بەڵکو ‘خۆکوشتنی نەتەوەییە’ لەلایەن کوردەوە. من بۆیە ڕەخنەم هەیە، چونکە ناتوانرێت لەسەر حیسابی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەی زۆرینە (کورد لە ڕۆژاوا)، ناسنامەیەکی دەستکردی ‘سەروونەتەوەیی’ دروست بکرێت کە تەنیا کورد تێیدا باج دەدات.
دووەم: پێکەوەژیان لەژێر سێبەری تفەنگ و پاراستنی دەرەکی:
ئەوەی لە ڕۆژاوا دەبینرێت وەک پێکەوەژیان، بەرهەمی ‘هێزی سەربازیی یەپەگە’ و ‘پشتیوانیی هاوپەیمانانە’. عەشایەری عەرەب و پێکهاتەکانیتر لەبەر دوو هۆکار لەم سیستمەدا بەژداربوون: یەکەم بۆ پاراستنی خۆیان لەداعش، دووەم بۆ سوودمەندبوون لەو هاوکاری و ئیمتیازاتانەی ئەمریکا پێیانیدەدا. ئەمە ‘گرێبەستێکی بەرژەوەندییە’ نەک ‘باوەڕێکی فیکری’.
مێژوو سەلماندوویەتی کاتێک هێزی چەکدار و پاراستنی نێودەوڵەتی لەسەر ناوچەیەک نامێنێت، ئەم پێکهاتانە دەگەڕێنەوە سەر ڕیشە نەتەوەییەکانی خۆیان کە زۆرجار دژ بە کوردە. بۆیە من ئەم مۆدێلە بە ‘هەژموونێکی نەرم’ دەبینم کە تەنیا تا ئەوکاتە بەردەوام دەبێت کە کورد تفەنگی بەدەستەوە بێت؛ کەواتە ئەمە چارەسەری بنەڕەتیی کێشە مێژووییەکان نییە، بەڵکو تەنیا دواخستنی تەقینەوەی کێشەکانە.
سێیەم: تەڵەی ‘ناوەندیی بوونی عەرەبی“
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکە کە دەوڵەتە نەتەوە عەرەبییەکان تێیدا ڕەگیان داکوتاوە. باوەڕکردن بەوەی کە عەرەبێکی ناوچەکە واز لە خەونی ‘دەوڵەتی سووریای عەرەبی’ دەهێنێت و دەبێتە ‘کۆنفیدراڵخواز’، خەیاڵ پڵاوییەکی سیاسییە. ئەوە بۆ تورک و فارس”ێکیش هەمان شتە. ڕەخنەی من لێرەدا ئەوەیە: کورد لە ڕۆژاوا لەبری ئەوەی دەبوو خەریکی چەسپاندنی ‘پێگەی یاسایی’ خۆی بێت بووەتە ئامرازی ‘دیموکراسیخوازی’ بۆ گەلانی تر و ئەوهەموو ساڵە وزەی نەتەوەیی بەفیڕۆدا. ئەنجامی ئەمەش ئەوە بوو کە بینیمان کاتێک پشتیوانی دەرەکی نامێنێ یان لاواز بوو و دیمەشق بەهێز دەبێتەوە، ئەم پێکهاتە عەرەبانە بە ئاسانی لەگەڵ ‘دەوڵەتی ناوەندی’ ڕێکدەکەونەوە و کورد بەتەنیا لەبەردەم ڕەحمەتی تورکیا و ڕژێمی جۆلانی جێدەهێڵن.
بەکورتی و بە کوردی: من دژی پێکەوەژیان نیم، بەڵام پێکەوەژیانێک کە لەسەربنەمای ‘هاوسەنگی هێز’ و ‘دانپێدانان بە مافی سەربەخۆیی’ بێت. دروشمی چەند ساڵی ڕابردووی ڕۆژاوا کورد دەکاتە ‘پاسەوانی دیموکراسی’ بۆناوچەکە، لە کاتێکدا کورد خۆی هێشتا وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و ژێردەستە ماوەتەوە. بۆیە ئەم مۆدێلە بۆکورد بە نادادپەروەرانە دەبینم چونکەمافی ‘نەتەوەبوون’ی کورد دەکاتە قوربانیی پڕۆژەیەکی ئایدیالیستی کە ئەوانیتر (عەرەب، تورک، فارس) ئامادە نین یەک هەنگاوی بۆ بنێن. مێژوو پێماندەڵێت: پێش ئەوەی ببیتە ‘برا’ی کەسێک، دەبێت سەرەتا ببیتە ‘خاوەن ماڵ’یخۆت؛ بەواتایەکی تر بەبێ دەوڵەتی سەربەخۆ، برایەتی تەنیا ناوێکی جوانە بۆژێردەستەیی.

قەندیل پرێس: عەشیرەتی عەرەبی دێرەزوور و ڕەقە بە کردەوە لە بەرەی جەولانی وەستاون. ئایا پێویستە تەواوی بارگرانی ئەم شکستە بۆ کورد بگەڕێندرێتەوە بۆ بیرۆکەی برایەتی گەلان یان مێژووی ڕەگەزپەرستی عەرەبی و دەوڵەتە عەرەبییەکان و پێشهاتە سیاسییەکانی دیکە؟

 سیروان عوبەید: سەبارەت بە هەڵوێستی عەشایەری عەرەب لە دێرەزوور و ڕەقە:
بارگرانی ئەم شکستانە پێش هەرشتێک دەکەوێتە ئەستۆی ئەو “خەیاڵەسیاسییەی” کە پێی وابوو دەکرێت ناسیۆنالیزمی عەرەبی بە دروشمی برایەتی گەلان ڕام بکرێت. عەشایەری عەرەب لەو ناوچانە، کورد”یان وەک “ڕزگارکەر” تەماشا نەدەکرد، بەڵکو وەک “داگیرکەرێکی کاتی” تەماشایان کردووە کەزەوییەکانیانی کۆنترۆڵ کردووە. شکستی ئەم بیرۆکەیە لەوەدایە کە نکووڵی لەمێژووی ڕەگەزپەرستی دەوڵەتە عەرەبییەکان دەکات. کورد لەبری ئەوەی هێزی خۆی بۆ چەسپاندنی سنووری نەتەوەیی بەکاربهێنێت، خۆی خستە ناو تاقیگەیەکەوە بۆ بە دیموکراسیکردنی عەرەبێک کە خۆی باوەڕی بەو دیموکراسییە نییە. ئەمە تێچوویەکی مرۆیی و سیاسی گەورە بوو کە کورد دای، لە کاتێکدا دەبوو ستراتیژییەکە لەسەر بنەمای “بەرژەوەندی نەتەوەیی” بێت نەک”بەرژەوەندی ئایدۆلۆژی”.
ڕوونتر بڵێم، ئەوەی لە دێرەزوور و ڕەقە ڕوویدا، سەلمێنەری ڕەخنەی پێشووی منە لە تیۆری “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک” بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستاش من پێم وایە نابێت ‘بارگرانی ئەم شکستە’ تەنیا بخرێتە ئەستۆی ڕەگەزپەرستیی عەرەبی؛ بەڵکو دەبێت بە پلەی یەکەم بخرێتە ئەستۆی ئەو ‘فەراغەستراتیژییە’ کە سەرکردایەتی سیاسی ڕۆژئاوای تێدا دەژی.
بۆچی من ئەم هەڵوێستەم هەیە؟ لەبەر ئەم سێ خاڵە بنەڕەتییەی خوارەوە:
یەکەم تێپەڕاندنی سنوورە سروشتییەکانی نەتەوە:
پڕۆژەی کۆنفیدراڵیزم وای لە کورد کرد کە لە سنووری جوگرافیای ‘کوردستان’ بچێتە دەرەوە و خوێنی گەنجانی کورد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە عەرەبییە ڕەسەنەکانی وەک ڕەقە و دێرەزوور بڕێژێت. کاتێک کورد دەچێتە ناوچەیەک کە٩٠٪ی عەرەبە و دەیەوێت بە ‘فەلسەفەی ئۆجەلان’ حوکمیان بکات، ئەوا خۆی دەخاتە ناو تەڵەیەکەوە. ڕەخنەی من لێرەدایە: کورد لەوێ وەک ‘هێزێکی داگیرکەر’ دەبینرێت نەک ‘ڕزگارکەر’. عەشایەری عەرەب ئینتیمایان بۆعەرەبایەتی و ئیسلامی سیاسی زۆر بەهێزترە لەو ‘برایەتییە’ی کورد باسی دەکات. بۆیە هەڵگەڕانەوەیان بۆ ناو بەرەی جۆلانی یان هەر هێزێکی‌تری عەرەبی، کارێکی چاوەڕوانکراوە و جەوهەری کێشەکە لە ‘ئایدۆلۆژیای کورد’دایە کە نەیتوانی سنووری خۆی بناسێت.
دووەم: شکستی ‘ئەندازیاری کۆمەڵایەتی:
ئەم تیۆرییە دەیەوێت بە زۆر ‘نەزمێکی نوێ’ بەسەر عەشایەرێکدا بسەپێنێت کە هەزاران ساڵە لەسەر بنەمای ئایین و خێڵ و ناسیۆنالیزمی عەرەبی پەروەردەبوون. من پێم وایە ئەمە ‘سادەییەکی مەترسیداری سیاسییە’. چۆندەکرێت چاوەڕێ بکەیت عەشایەرێک کە باوەڕی بە ‘دەوڵەتی ئیسلامی’ یان’ناسیۆنالیزمی عەرەبی’ هەیە، بێت و لەژێر سێبەری وێنەی ڕێبەرێکی کورددا باسی ‘کۆنفیدراڵیزم’ بکات؟ ئەمە شکستی ئەو تێڕوانینەیە کە پێی وایە’ دیموکراسی’ دەرمانێکە بۆ هەموو نەخۆشییەکان بەبێ ڕەچاوکردنی مێژوو. بۆیە بارگرانییەکە لە ئەستۆی کوردە، چونکە بەبێ خوێندنەوەی واقیع، بووەتە پاسەوانی ناوچەگەلێک کە دوژمنایەتییەکی مێژووییان لەگەڵ ناسنامەی کوردیدا هەیە.
سێییەم، بەهەدەردانی وزەی نەتەوەیی:
نیگەرانی قووڵ لێرەدایە: ئەو هەموو پارە، چەک و خوێنەی کورد لە دێرەزوور و ڕەقە خەرجی کرد، دەبوو بۆ چەسپاندنی قەوارەیەکی کوردیی ‘پاکژ’ و ‘بەهێز’ لەناوچە کوردییەکان (قامیشلۆ، حەسەکە، کۆبانێ، عەفرین) بەکاربهێنرایە. کاتێک کورد دەبێتە ‘بەکرێگیراوی ئایدۆلۆژی’ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی عەرەب، ئەوە لە جەوهەری دۆزی نەتەوەیی خۆی دوور دەکەوێتەوە. ئەوەی لە دێرەزوور دەگوزەرێت، سەلماندی کە ئەو دەوڵەتە عەرەبییانە و ئەو عەشایەرانە، هەر کاتێک دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، لە دژی کورد دەوەستنەوە.
پوختەی وەڵامەکەم بۆ پرسیاری سێیەمت ئەوەیە:
ئەم شکستە، شکستی ‘تیۆریی برایەتی’یە لەبەرامبەر ‘واقیعی ناسیۆنالیزم’. من پێم وایە کورد دەبوو پێشتر لەو ناوچانە بکشێتەوە و تەنیا بەرگری لە ‘خاکی کوردستان’ بکات. چونکە مانەوە لەوێ، کورد دەخستە ناو جەنگێکی بێ هودە وبێ ئامانج کە تەنیا خوێنی لێ دەچێت و لە کۆتاییشدا هەر بە ‘داگیرکەر’ ناوزەند دەکرێت. پێوەری سەرکەوتنی من، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەی کورد- ە، نەک ڕازیکردنی عەشایەرێک کە لە یەکەم دەرفەتدا خەنجەر لە پشتمان دەدات. بۆیە من ئەم پڕۆژەیە بە بێ هوودە دەبینم و دەبێت کورد بگەڕێتەوە سەرستراتیژی ‘خاک و نەتەوە’.

قەندیل پرێس: رۆژاڤا لە کاتەکاندا سوودمەند بوو لە پشتیوانی ئەمریکا لە دژی داعش و هاوکات لەگەڵ دیمەشق و مۆسکۆ خەریکی کرد. ئایا پرۆژەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی دەتوانێت بەبێ پشت بەستن بە هاوسەنگی زلهێزە گەورەکان بەردەوام بێت؟ ئەگەر وەڵامەکە نەخێر بێت، ئایا ئەم وابەستەییە سەربەخۆیی تیۆری و پراکتیکی پڕۆژەکە ناخاتە ژێر پرسیارەوە؟

سیروان عوبەید: سەبارەت بە هاوسەنگی زلهێزەکان و سەربەخۆیی پڕۆژەکە:
هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ هاوسەنگی زلهێزەکان لە پراکتیکدا ناژی، بەڵام کێشەی “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسی” ئەوەیە کە لەناوەڕۆکدا دژە-ئیمپریالیزمە، کەچی لە واقیعدا ١٠٠٪ وابەستەی پاراستنی ئەمریکایە. ئەمە “دژایەتییەکی کوشندە” لە نێوان تیۆری و پراکتیک دروستدەکات. کاتێک پڕۆژەیەک نەتوانێت بەبێ هێزی دەرەکی خۆی ڕابگرێت، کەواتە ئەو پڕۆژەیە ڕەگی لەناو واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوچەکەدا نییە. ئەم وابەستەییە سەربەخۆیی تیۆرییەکە دەخاتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە؛ چونکە ئەگەر ئەمریکا بەتەواوی بکشێتەوە و بەرگری لێنەکات، تەواوی ئەو “تۆڕە دیموکراسییە” لەبەردەم خەنجەری عەشایەری عەرەبی و تانکەکانی تورکیا و سوپای سووریا هەڵدەوەشێتەوە.
من لێرەدا تەنیا ڕەخنەیەکی سیاسی ناگرم، بەڵکو ڕەخنەیەکی جەوهەری و لۆژیکی. ئاخر چۆن دەکرێت پڕۆژەیەک لە ڕووی تیۆرییەوە دژە-ئیمپریالیزم ودژە-سەرمایەداری بێت، بەڵام لە ڕووی پڕاکتیکییەوە بۆ مانەوەی یەک ڕۆژی خۆی، ١٠٠٪ پشت بە فڕۆکە و تانک و بڕیاری سیاسی ئەمریکا ببەستێت؟
لێرەدا بۆچوونی خۆم لەسەر ئەم وابەستەییە لە سێ خاڵدا چڕدەکەمەوە:
یەکەم. وەهمی سەربەخۆیی سیاسی:
پڕۆژەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بانگەشەی ئەوە دەکات کە ‘هێزی سێیەم’ەو نایەوێت ببێتە پاشکۆی هیچ جەمسەرێک. بەڵام ڕووداوەکان پێمان دەڵێن ئەمە تەنیا وەهمە. ڕۆژاوا لە ئێستادا لە نێوان سێ بەرداشدایە: ‘هەڕەشەی تورکیا’، ‘پلانەکانی ڕووسیا و سووریا’ و ‘بەرژەوەندییە گۆڕاوەکانی ئەمریکا’. کاتێک پڕۆژەیەک نەتوانێت بەبێ هاوسەنگی زلهێزەکان بەردەوام بێت، کەواتە ئەوپڕۆژەیە خاوەن سەروەری نییە. من لێرەوە دەڵێم ئەم وابەستەییە نەک هەر سەربەخۆیی تیۆری پڕۆژەکە دەخاتە ژێر پرسیار، بەڵکو دەیسەلمێنێت کە ئەم تیۆرییە لە واقیعدا ناتوانێت هیچ بەدیلێکی ڕاستەقینە بۆ دەوڵەت-نەتەوە پێشکەش بکات.
دووەم. تەڵەی بەکارهێنانی کاتی
زلهێزەکان بەتایبەت ئەمریکا وەک ‘پڕۆژەیەکی سیاسی’ سەیری ڕۆژاوایان نەکردووە، بەڵکو وەک ‘ئامرازێکی سەربازیی کاتی’ بۆ شەڕی داعش وفشار خستنە سەر ئێران و سووریا بەکاریان دەهێنان. ڕەخنەی من لێرەدایە: کورد هەموو هێلکەکانی خۆی خستووەتە ناو سەبەتەی زلهێزێکەوە کە هیچ’پەیماننامەیەکی فەرمی و درێژخایەنی’ لەگەڵدا نییە.
کاتێک ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا یان لە شوێنێکی تری جیهان پێش بکەوێت، وەک لە ‘عەفرین’ و ‘سەرێکانی’ یان لەڕووداوەکانی ئەم دوایەدا بینیمان، بەئاسانی پشت لەم پڕۆژەیە دەکات. ئەمە دەیسەلمێنێت کە کۆنفیدراڵیزم نەبووەتە هێزێکی ڕاستەقینە، بەڵکو تەنیا ‘یاریزانێکی لاوەکییە’ لەسەر مێزی زلهێزەکان.
سێییەم. نەبوونی ‘پێگەی یاسایی’ لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا:
چونکە ئەم تیۆرییە بڕوای بە ‘دەوڵەتی سەربەخۆ’ نییە، ناتوانێت بچێتە ناو هیچ هاوپەیمانییەکی فەرمی یان ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە. بۆیە کاتێک زلهێزەکان یاری بە چارەنووسی دەکەن، کورد هیچ بەڵگەیەکی یاسایی نییە تا بەرگری لەخۆی بکات. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە من لێی دەترسم؛ ئێمە بووینەتە هێزێکی شەڕکەر بۆ بەرژەوەندی ئەوانی تر، بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەکی سیاسی بۆ پاشەڕۆژی نەتەوەکەمان وەربگرین. ئەم وابەستەییە ‘سەربەخۆی پڕۆژەکە’ دەکاتە گاڵتەجاڕییەکی سیاسی.
پوختەی وڵامەکەم بۆ پرسیاری چوارم ئەوەیە
بەبێ پشت بەستن بە هاوسەنگی زلهێزەکان، ئەم پڕۆژەیە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا دەڕووخێت. ئەمەش گەورەترین شکستی تیۆرییەکەیە کە بانگەشەی’خۆبەڕێوەبەری’ دەکات. ڕەخنەی من ئەوەیە کە کورد لە ڕۆژاوا، لەبری ئەوەی’سەربەخۆیی نەتەوەیی’ بکاتە ئامانج تا وەک ‘دەوڵەت’ مامەڵە لەگەڵ زلهێزەکان بکات، خۆی کردووەتە ‘تاقیگەیەکی ئایدۆلۆژی’ کە تەنیا بە ئیزنی ئەوانی تر هەناسە دەدات. ئەگەر وەڵامەکە بۆ بەردەوامیی پڕۆژەکە ‘پشتیوانی دەرەکی’ بێت، کەواتە ئەمە پڕۆژەیەکی کوردی نییە، بەڵکو ‘ئەجێندایەکی نێودەوڵەتییە’ کەبە خوێنی کورد جێبەجێ دەکرێت. بۆیە من پێداگری لەسەر ئەوە دەکەم کە تەنیا’دەوڵەتی سەربەخۆ’ دەتوانێت ئەو وابەستەییە بشکێنێت و کورد بکاتە یاریزانێکی ڕاستەقینە نەک ئامراز.

قەندیل پرێس: دوای هێرشی ئەکتەرە ئیسلامییە چەکدارەکان و گوشاری ناوچه، هەندێک لە شرۆڤەکاران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم ئەزموونە گەیشتووەتە بنبەست. ئایا ڕۆژاڤا دەبێ بە “شکستی بیرۆکەیەک” یان “تاقیکردنەوەیەکی تەواونەکراوی ئەگەرێکی مێژوویی” هەژمار بکرێت؟ پێوەر بۆ پێوانەکردنی سەرکەوتن یان شکستی تیۆرێکی لەو جۆرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چییە؟

سیروان عوبەید: بنبەست یان تاقیکردنەوەی تەواونەکراوە؟
ن پێم وایە ئەم ئەزموونە گەیشتووەتە “بنبەستی ستراتیژی”. پێوەری سەرکەوتنی هەر تیۆرییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتییە لە: مانەوە، سەقامگیری، و پاراستنی ناسنامە. ڕۆژاوا هێشتا لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندایە، بەوپێیەی لەلایەک هەڕەشەی ئەنقەرە و دیمەشق هەژموون و بەرژەوەندی ناوچەیی و دەرەکی کۆتاییان نەهاتووە، لەناوەخۆشدا وەک دەبینین لەڕووی سیاسییەوە ناسنامە نەتەوەییەکەی کوردی تێدا کاڵ کراوەتەوە. ئەمەش بەشێکی “شکستی بیرۆکەیەکە” کە دەیەوێت بەبێ “دەوڵەت” یان بەبێ قەوارەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا بەرەوڕووی “دەوڵەتە دڕندەکان” ببێتەوە. تاقیکردنەوەی مێژوویی کاتێک سەرکەوتووە کە گەلێک بگەیەنێتە کەناری ئارامی و سەربەخۆیی، نەک بیکاتە قوربانی بۆ تاقیکردنەوەی فەلسەفەیەک کە لە هیچ شوێنێکی تری جیهاندا جێبەجێ نەکراوە. بۆ کورد، شکستی ئەم مۆدێلە دەبێت ببێتە وانەیەک بۆ گەڕانەوە بۆ “ڕیالیزمی سیاسی” و بایەخدان بە قەوارەی نەتەوەیی وەک تەنها گەرەنتی مانەوە.
کاتێک دەپرسیت ئایا ئەم ئەزموونە گەیشتووەتە بنبەست یان نا، من وەک توێژەر و چاودێرێکی سیاسی ناتوانم چاو لەو ڕاستییە بپۆشم کە ڕۆژئاوا لە ئێستادا لە ‘دۆخی داکشان و داخوران’دایە. بۆ من، ڕۆژئاوا’ تاقیکردنەوەیەکی تەواونەکراو’ نییە، بەڵکو ‘سەلمێنەری شکستی فیکرییەکەیە’ کە ویستی بەبێ ڕەچاوکردنی لۆژیکی هێز و جوگرافیا، مێژوو بگۆڕێت.
من لەسەر بنەمای ئەم سێ پێوەرە دەڵێم ئەم پڕۆژەیە گەیشتووەتە بنبەست:
یەک. پێوەری ‘پاراستنی ناسنامە و خاک’:
گەورەترین شکست بۆ هەر تیۆرییەکی سیاسی ئەوەیە کە نەتوانێت خاک و گەلەکەی بپارێزێت. کاتێک عەفرین، کە دڵی ئەم پڕۆژەیە بوو، ڕادەستی گرووپە توندڕەوەکان دەکرێت و دانیشتووانەکەی دەربەدەر دەبن، ئەمە تەنیا شکستێکی سەربازی نییە، بەڵکو ‘شکستی ستراتیژیی’ ئەو تیۆرییەیە کە دەیگوت’پاراستنی جەوهەری’ پێویستی بە دەوڵەت نییە. واقیع پێمان دەڵێت: لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر بستە خاکێک دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان قەوارەیەکی یاسایی نێودەوڵەتی لە پشت نەبێت، لەبەردەم هەڕەشەی سڕینەوەدایە. بۆیە من پێم وایە ئەم ئەزموونە لەچوارچێوەی بیرۆکەکە” گەیشتووەتە بنبەست چونکە نەیتوانیوە ‘ئاسایشی نەتەوەیی’ بۆ کورد دابینبکات.
دوو. پێوەری ‘سەقامگیریی دامەزراوەیی’:
سەرکەوتنی تیۆرێک بەوە دەپێورێت کە چەندە دەتوانێت دامەزراوەیەک دروستبکات کە بەبێ ‘کەسایەتییە کاریزماییەکان’ یان ‘هێزی دەرەکی’ بەردەوام بێت. ڕۆژئاوا لە ئێستادا نەک هەر سەقامگیر نییە، بەڵکو لە قەیرانێکی بەردەوامدایە.
ئابوورییەکەی داڕماوە، کۆچی گەنجانی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان ڕوو لە زیادبوونە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە تیۆرییەکە نەیتوانیوە مۆدێلێکی ژیانی شایستە پێشکەش بکات بەڵکو تەنیا جۆرێک لە’ئیدارەدانی قەیران بووە.
کاتێک سەیری سەقامگیریی دامەزراوەیی دەکەین، دەبێت پرسیار بکەین: ئەو هێز و بەرخۆدانەی کە تا ئێستا ڕۆژئاوای ڕاگرتووە، لە کوێوە دێت؟ ئایا بەرهەمی تیۆرییەکی ئایدۆلۆژیی ‘سەروونەتەوەییە’ یان شتێکی تر؟
لێرەدا خاڵێکی جەوهەری هەیە کە من هەمیشە جەختی لێ دەکەمەوە: ئەوهەڵوێست و بەرخۆدان و قوربانیدانە بێ‌وێنەیەی کە گەنجانی کورد لە ڕۆژئاوا و هەموو کوردستان لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا نیشانیان دا، هیچ پەیوەندییەکی بە ‘هێزی بیرۆکەی کۆنفیدراڵیزم’ەوە نەبوو.بەپێچەوانەوە، ئەو هێزە لە بنەڕەتدا هێزێکی ‘نەتەوەیی قووڵە’ کە لە ناخی تاکی کورددا هەیە.
ئەو گەنجەی لە کۆبانێ و عەفرین و سەرێکانی سنگی خۆی دەکردە قەڵغان، ئەو گەنجانەی لەبانگەوازی سەفەربەری لەباکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات چوون سینگی خۆیان کردە قەڵغانی ڕۆژئاوای نیشتمان بۆ چەسپاندنی ‘ئەنجومەنی گەلان’ یان ‘تیۆرییەکی فەلسەفی’ نەجەنگان، بەڵکو بۆ پاراستنی ‘خاکی کوردستان’ و ‘ناسنامەی نەتەوەیی’ خۆی دەجەنگا. تاکە شت هاوسۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو کە سەرچاوە و بزووێنەری ئەو هێز و فیداکارییە بوو. لێرەدایە کە تیۆرییەکە تووشی دژایەتییەکی کوشندە دەبێت؛ چونکە ئەو هێزەی کە دەیپارێزێت (واتە ناسیۆنالیزمی کوردی)، کە لە جەوهەردا دژە لەگەڵ خودی بیرۆکەکە کە دەیەوێت ناسنامەی نەتەوەیی کاڵ بکاتەوە. ئەمە حەقە ئەو پەیامە بدات بە گوێی پەیەدە و هەر سەرکردەیەکی کورد کە تا ئێستاش بانگەشە بۆ ئەو بیرۆکەیە دەکات. دەبێ تێبگەن گەل چی دەوێت؟ گەلی کورد بەگشتی و لە ڕۆژئاوا تێگەیشتوون کە لە ناوچەیەکی توندوتیژی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها بە ‘هێزی نەتەوەیی’ دەتوانیت بەرگری لە بوونی خۆت بکەیت، نەک بەدروشمی برایەتییەک کە لایەنی بەرامبەر یەک تۆز بڕوای پێی نییە. کەواتە، سەرکەوتنە سەربازییەکان و مانەوەی قەوارەکە تا ئێستا، قەرزاری ئەو ‘ئینتیما نەتەوەییە’یە کە تیۆرییەکە دەیەوێت تێپەڕی بکات. ئەمە دەیسەلمێنێت کە بیرۆکەکە لە ڕووی دامەزراوەییەوە ناڕەسەنە و تەنیا سواری شەپۆلی هەستی نەتەوەیی کورد بووە بۆ مانەوەی خۆی. من بۆیە ئەم مۆدێلە بە بنبەست دەبینم، چونکە ناتوانێت دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە ‘نەتەوە’ و ‘خاک’ تاقە بزوێنەری ڕاستەقینەی بەرگریی کوردن، نەک فەلسەفەیەکی ئایدیالیستی.
سێیەم. پێوەری ‘شەرعییەتی نێودەوڵەتی’:
سەدەیەکە کورد خەبات دەکات تا وەک ‘نەتەوە’ بناسرێت، کەچی ئەم تیۆرییە هات و کوردی کردە ‘پێکهاتەیەکی بێ ناسنامە’ لە ناو سیستەمێکدا کە کەس وەک قەوارەیەکی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ ناکات. بۆ من، ئەمە گەورەترین بنبەستە. کاتێک تۆ لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا جێگەت نابێتەوە و وەک’هێزێکی کاتی و ئامڕازێک سەیر دەکرێیت، کەواتە تۆ ستراتیژییەکی هەڵەت هەڵبژاردووە. شکستی ئەم بیرۆکەیە لەوەدایە کە ‘خەونی جیهانی’ پێش’پێویستییە نەتەوەییەکان’ خستووە.
لێرەدا دەمەوێ  پوختەی قسەکانم بەوە کۆتایی پێ بێنم:
“وەک سیروان عوبەید، پێم وایە پێوەری سەرکەوتنی هەرپڕۆژەیەک بۆ کورد تەنیا یەک پرسیارە: تا چەند ئەم هەنگاوە کورد لە دەوڵەت و سەربەخۆیی نەتەوەیی نزیک دەکاتەوە؟ ئەگەر پڕۆژەیەک دوای ١١ ساڵ خوێنڕشتن و قوربانیدانی بێشومار، هێشتا کورد لەناو ‘گێژاوی برایەتییەکدا’ جێبهێڵێت کە نە دەوڵەتی هەیە، نە پارێزبەندی نێودەوڵەتی، و خاک و ناسنامەکەشی ڕۆژانە لەژێر هەڕەشەی سڕینەوەدان، ئەوا دەبێت بوێر بین و بڵێین: ئەو پڕۆژەیە شکستی هێناوە.
ڕۆژئاوا دەبێت ببێتە وانەیەکی مێژوویی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان؛ وانەی ئەوەی کە ناکرێت بە فەلسەفەیەکی شاعیرانە بەرەوڕووی دەوڵەتی نەتەوەپەرستی داگیرکەر ببیتەوە. ئێمە نابێت ‘شەرم’ بکەین لەوەی داوای دەوڵەت بکەین. هەرچۆنێک بێت لەهەوڵی خەباتێکدا کە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدایە شکست نییە، سەربەخۆیی مافێکی سرووشتیی هەر گەلێکە، کەواتە تۆ چوارچێوەیەکی یاسایی نێودەوڵەتیت هەیە بۆ خەبات و داواکردنی ئەومافە سروشتییە. لەکاتێکدا جیهانی ئەمڕۆ جیاوازە، کورد دەناسێت، دەزانێت چ ستەمێکی لێکراوە و قوربانییەکانی دەبینێت، بۆیە ئەمڕۆ کێشەکە لە جیهان نییە، کێشەکە لە ناوخۆی خۆماندایە کە هەندێک جار بە ئایدۆلۆژیای نامۆ، ئایدۆلۆژیای تەسکی حیزبی و کارێزمایی کەسی جەوهەری دۆزی کورد تەمومژاوی دەکەین.
ئەوانەی دەڵێن ‘بارودۆخ لەبار نییە بۆ دەوڵەت’، من پێیان دەڵێم، ئێوە بێ هیوان یان لە ڕاستیدا دەیانەوێت گەلێک بێ هیوا بکەن و واز لە ماف و خەونە ڕەواکانی بهێنن. پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر دەوڵەت ‘مەحاڵ’ بێت، ئایا بیرۆکەکەی بەڕێز ئۆجەلان کە جێبەجێکردنی لەم ناوچە توندوتیژەدا هەزار جار مەحاڵترە، دەبێتە بەدیل؟ بێگومان نەخێر.
بەڵکو وازهێنان لە خەونی دەوڵەت، ڕادەستبوونی ئیرادەی نەتەوەیەکە بە قەدەرێکی نادیار.
پێویستە بگەڕێینەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خەبات؛ خەبات بۆ ‘دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ’. چونکە تەنیا دەوڵەتە دەتوانێت ببێتە ئەو قەڵغانە ڕەهایەی کە پارێزگاری لە بوونی کورد بکات. بێ‌هیوایی لە دەوڵەت، یانی قبوڵکردنی ژێردەستەیی هەتاهەتایی لەژێر ناوی جیاوازدا. ئێمە شایستەی ئەوەین وەک هەموو گەلانی تری جیهان، خاوەنی ماڵی سەربەخۆی خۆمان بین.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. عادڵ ئەلیاسی: زۆرینەیەکی لاوازی ناو سەرکردایەتی پێیان وایه کە ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان لە ڕاستیدا بەشێکه لە پڕۆژەی جەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “دوکتور عادڵ ئەلیاسی” ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *