به‌په‌له

ئەبوبەکر کاروانی: هەرێمی کوردستان لەژێر چەندین فشار دایە؛ ئێران بێلایەنی لێ قبوڵ ناکات و داوای هاوهەڵوێستی لێ دەکات

ئەگەر ڕێژێمی ئێران بڕوخێت، ڕۆڵی پارتەکانی رۆژهەڵات بەهێزدەبێت و بە پێچەوانەشەوە وەکو مجاهدینی خەڵق فشاری دەرکردنیان دەکرێت.

قەندیل پرێس- وتووێژ

وتووێژی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز ئەبوبەکر کاروانی نووسەر و سیاسەتمەداری کورد لەبارەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل- ئەمریکا و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێی توندی نێوان جەمسەرە هەرێمییەکان، دۆزی کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێ و سەختدا.

قەندیل پرێس: سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ململانێی حیزبەکان، ئایا ئەم کێبڕکێیانە گەیشتووەتە ئاستێک کە زیانی قەرەبوونەکراوەی بە دۆزی کورد گەیاندبێت؟ چۆن دەتوانرێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لە بەرژەوەندییە حیزبییەکان جیا بکرێنەوە؟

ئەبوبەکر کاروانی: بێگومان ململانێی حیزبەکان لە قۆناغی ڕابردوودا زیانی زۆریان گەیاندووە بە پرسی نەتەوەیی. ئەگەر ئەم ململانێیانە نەبوونیایە، ئێستا هەرێمێکی یەکگرتوو، تۆکمەتر و بێکێشەترمان دەبوو. بۆ ئەوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان زاڵ بکەین بەسەر بەرژەوەندی حیزبی و ئایدیۆلۆژیدا، پێویستە لەگەڵ یەک قسە بکەین وبەرستە دەروونییەکان بشکێنین. دید و تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ گۆڕانکارییەکان گەڵاڵە بکەین و لانی کەم چوارچێوەیەکی هاوبەشی کارکردن دروست بکەین. بە عەقڵی ئیدارەدانی ململانێکان لە قۆناغی ڕاگوزەریدا کار بکەین و لەسەر ئاستی هەر پارچەیەکی کوردستاندا، یەکێتییەکی نیشتمانی و لەسەر ئاستی پارچەکانیشدا یەکترتەواوکردنی نەتەوەیی وەدی بهێنین.

قەندیل پرێس: دەربارەی باکووری کوردستان و پرسی ئاشتی، ئایا ئاڵۆزییەکانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل ئەم پڕۆسەیە بەرەو چەقبەستوویی دەبات یان کورد دەتوانێت وەک دەرفەتێک بەکاری بهێنێت؟

ئەبوبەکر کاروانی: گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئەو شەڕەی لەگەڵ خۆی هێناویەتی، ئەوەندە گەورەن، تورکیای تووشی شۆک و ترسێکی زۆر لە ئایندەی خۆی کردووە. ڕەنگە تورکیا هێشتا ستراتیژییەکی ڕوونی نەبێت بۆ  جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پڕۆسەیەی لە ناوخۆیدا لە ئارادایە، کە  بەستراوەتەوە بە کۆی دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چارەنووسی پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور تاراددەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە جۆری مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ کورد ودۆزەکەی لە پارچەکانی تری کوردستاندا. ئەگەر تورکیا تێگەیشتنێکی فراوانتری لەوەی ئێستای نەبێت، ڕەنگە ئایندەی ئەو پڕۆسەیەش بەو جۆرە نەبێت کە کورد چاوەڕوانی دەکات.

قەندیل پرێس: لە چوارچێوەی هاوکێشە نوێیەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا، ئایا مەترسیی هێرشی نوێ یان ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەسەر ئیدارەی خۆسەر دەبینرێت؟ کورد لەوێ چۆن دەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا ڕابگرێت؟

ئەبوبەکر کاروانی: لاوازیی ستراتیژیی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەیە کە تاکو ئێستا ئەوەی لەئارادایە، گرنتییەکی دەستووری نییە و تەنها پشت بە هەندێك دەستەبەری ئەخلاقی و ڕێککەوتنی سیاسی و پشتیوانیی نێودەوڵەتیی دەبەستێت. لە کاتێکدا سوریا لە قۆناغی پێناسەکردنەوەی دەوڵەتدایە بەوئەندازەی دەوڵەت مانای مابێت، دەبێت کورد لەوێ بترسن لەوەی سەرقاڵبوونی ناوچەکە زەبر لە دەستکەوتەکانیان بدات.  هەربۆیە دەبێت ئیدارەدانی ململانێکان لەو پارچەیە عاقڵانی و پشوودرێژانە بێت، ونەیەڵن ڕووداوی لابەلا ولاوەکی و درووستکراو هێڵە گشتییەکانیان لێ تێکبدات. سەبارەت بە هێزەکان، ڕووسیا لەئێستادا ناتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گەورە بگێڕێت بەڵام ناشبێت فەرامۆش بکرێت،  ئەمریکییەکان و فەڕەنسییەکان گرنگن. هەروەها کردنەوەی کەناڵ لەگەڵ تورکەکان، عەرەبەکان ولەوانەش سعوودیە یاخود گەرمترکردبی ئەوەی هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان پێویستیی قۆناغەکەیە دیارە کۆبوونەوەی هێزە کوردییەکانی ئەوپارچەیە بەدەوری پرۆژەیەکی کوردستانی هاوبەش وهەماهەنگی بەهێز لەگەڵ هەرێم لەمەسەلە بنەرەتیەکانن.

قەندیل پرێس: سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو فشارانەی لەسەریەتی، ئایا پاشەکشەی چالاکییە سیاسی و سەربازییەکانی حیزبەکان لەناو خاکی هەرێمدا چ کاریگەرییەکی درێژخایەنی لەسەر خەباتی ئەو پارچەیە دەبێت؟

ئەبوبەکر کاروانی: ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە،  ئایندەی حیزبەکانی ئەوپارچەش لەهەرێم تاراددەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە ئەنجامی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران. ئەگەر شەڕەکە بەرەو ڕووخانی ڕێژێمی ئێران بڕوات، روونە ڕۆڵی پارتەکان گەورەتر دەبێت و شانسی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانیان دەبێت. بەڵام ئەگەر ڕێژێم بمێنێتەوە و خۆی بنیات بنێتەوە، رەنگەفشارێکی زۆر گەورەتر بخاتە سەر ئەم هێزانە لە هەرێمی کوردستاندا، بە شێوەیەک  هاوشێوەی موجاهیدینی خەڵک داوای دەرکردنیان و کۆتاییهێنان بە تەواوی چالاکییەکانیان بکات.

قەندیل پرێس: هەرێمی کوردستان لە نێوان تاران و تەلئەبیبدا، چ جۆرە فشارێکی ئەمنی و سیاسی لەسەرە بۆ ئەوەی نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ئەو شەڕە؟

ئەبوبەکر کاروانی: هەرێم لەژێر چەندین فشار دایە؛ ئێران بێلایەنی لێ قبوڵ ناکات و داوای هاوهەڵوێستی لێ دەکات. هاوکات گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بە کردەوە موشەکبارانی هەرێم دەکەن. تورکیاش فشار دەکات چونکە بەهێزبوونی کورد بە مەترسی دەبینێت وهەریمیش بەچەقی ئەم پرسە دەزانێت. لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا و ڕۆژئاواش داوای هەڵوێستێکی ڕوونتر لێ دەکەن بۆ ئەو ڕۆڵەی لێی چاوەڕوان دەکرێت لە شەڕی دژ بە ئێران بیگێڕێت. هەرێم دەیەوێت بێلایەن بێت، بەڵام بێلایەنییەکە تەنها پەیوەست نیی بەوهەڵوێستەی دەیگرێت، بەڵکو بەستراوەتەوە بەوەی لایەنەکانی تر چ وەزیفەیەکیان بۆ دیاری کردووە و چ وێنایەکی لێدەگرن و خویندنەوە بۆ رۆڵی دەکەن ئەوەش پرسەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

قەندیل پرێس: وەک دیدگایەک بۆ چارەسەری و پاشەڕۆژی هەر چوار پارچەکە، کورد چۆن دەتوانێت لەم ئاڵۆزییانەدا خۆی بپارێزێت و بەرەو جێگیریی سیاسی و نەتەوەیی هەنگاو بنێت؟

ئەبوبەکر کاروانی: ئەگەر  گۆڕانکارییەکی گەورە ڕووبدات، نەخشەی سیاسی ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت ، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد دەڕەخسێت تا پێگەی خۆی بەهێز بکات. بەڵام ئەمە بەندە بەوەی سەرکردایەتی سیاسی کورد چۆن مامەڵە دەکات و تا چەند دەتوانێت یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بێت لە ئاستی ڕووداوو پێشهاتەکان وئاکامی ململانێکانیش بەکوێ دەگات . ئەگەر کورد نەتوانێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە، ڕەنگە جارێکی تر بکەوینەوە ژێر هەژموونی دەوڵەتانی ناوچەکە و دەستکەوتەکانی ئێستاشمان بکەونە مەترسییەوە قۆستنەوەکەش لەیەککاتدا پێویستی بە دانایی، پشوو درێژیی، خوێندنەوەی وەك خۆی رووداوەکان، توانای دەستپێشخەری وبوێریی دەوێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

جەبار یاوەر بۆ قەندیل پرێس: پێشبینی دەکەم بەهۆی گەورەیی شەڕەکە و نەبوونی پلانێکی پێشوەختە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەتوانن بەشداریی زەمینی بکەن، چونکە زیانی گەورەیان پێدەگات

قەندیل پرێس – وتووێژ وتووێژی دامەزراوەی میدیایی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەرێز جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *