بەشێک لە ڕاپۆرتەکە: “ماوەیەک لەمەوبەر ئۆجەلان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دانیشتوه و داوای لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە که دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ پەژاک ئێتفاق بکات و بەیەکەوە لە ئێران کارێک بکەن، بەڵام نەیوتوە شەڕ بکەن.”
چەند زانیاریەکی گرینگ سەبارەت به هێزەکانی “پەژاک” و “هەسەدە” که تاکوو ئێستا له هیچ ماڵپەرێک بڵاوە نەبوەتەوە، دوێنێ لە زاری شرۆڤەکاری سیاسی کاک هیوا خۆشناو باس کراوە که کاریگەری تایبەتی هەیە لە دۆخی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست که زیاتر له یەک مانگه لە ئاڵۆزیدایه.
هیوا خۆشناو پێشتر گەریلای پەکەکە بووە و چەند ساڵ لە کوردستان وەک گەریلایەک خەباتی کردووە، یەکەم کەس بووە زانیاریی لەسەر وتووێژەکانی ئیمراڵی بڵاو کردووەو دوای ئەو ئەمبەرین زەمان لە ئەلمۆنیتور باسی کردووە، بۆیه سەرچاوەی زانیاریەکانی ئەم ڕاپۆرته تایبەتە، سەبارەت به “پەژاک” و “هەسەدە”، متمانە پێکراوە.
لە بەشی یەکەم؛ باسی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەده) دەکات کە لە داهاتووی نزیک گۆڕانکاری ڕادیکاڵی بەسەردادێت و بەشی دووهەمی شرۆڤەکەی سەبارەته بە ئەو شەڕەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژ به ئێران دەقەومێت.
باس لەوە دەکات کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی سیناریۆی هێرشی زەمینی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دورگەی خارک لە باشوری ئێرانەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات کە پەژاک لە هەموویان ژمارەیان زۆرترە بەپێی ئەوەیکە پەکەکە پاڵپشتی دەکات به پشتگیری ئەمریکا لە باکوری ئێرانەوە دەستێوەڕدان بکەن و تورکیا بەرانبەر ئەم بابەتە وەستاوە.
جەخت لە بەهێز بوونی پەژاک لە چاو پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهڵات دەکات و دەڵێت: بۆ گشتی ڕۆشنه که تەنیا پارتی کوردی ڕۆژهەڵاتی که هێزی سەربازی تایبەتی هەیە، حیزبی پەژاکه. هەرچەند ڕەنگە چەکدارانی پەژاک کەمتر بن له چاو دو پارتی کۆمەڵە و دێموکرات، بەڵام لە بەر ئەوەی پەکەکە و پەژاک لەناو یەکتردایە و لەیەک جیاناکرنەوە و لەو ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە گەریلاکانی پەکەکە کە لە ناو هەپەگە-دا بوون، لە سوریاوە گواسترانەوە بۆ عێراق و لە داهاتووشدا ژمارەیەکی دیکەیشیان دێت و هەروەها لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئیتر گەریلاکانی پەکەکە ناوچەی بادینانیان بەجێهێشت و هەر هەموویان چونە سەر سنوری ئێران و عێراق یانی دەوروبەری قەندیل، زەڵێ و هەتاکوو دەگاتە پێنجوێنیش.
ڕۆژاڤا لە قەیرانی دەسەڵاتدا؛ هەڵبژاردنی مانەوە لەبری داڕمان
لە بەشێک له شرۆڤەکە باس له ئاڵوگۆڕی ڕۆژاڤا و ڕۆڵی تورکیا و ئیسرائیل له سوریا دەکات و ئاماژە به گفتۆگو و دیالۆگ لە نێوان ئەحمد شەرع و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات و هەروەها جەخت دەکاتە سەر ململانێی نێوان تورکیا و ئیسرائیل سەبارەت به سوریا بەتایبەت هەڵسوکەوتی ڕۆژاڤا لەگەڵ ئیسرائیل که تورکیای زۆر نیگەران کردبوو. هەر بۆیه لە ڕێگای ئۆجەلان ئەیەویست ئەم بابەتە لەناو بەرێت. هەر بۆیه لەو کاتەدا ئۆجەلان هێزەکانی سوریای دیموکراتیکی ئاگادار کردەوەو غەزەی وەبیر دەهێنانەوە و داوای لێ کردن که لەگەڵ حکومەتی ئەحمەد شەرع خۆیان بگونجێنن و هێزەکانی خۆیان بپارێزن و لەگەڵ ئیسرائیل نەکەونە ناو ئێتفاق و یاری کردن. بەڵام بە ڕوونی دەرکەوت که هێزەکانی سوریای دیموکراتیک له ڕۆژاڤا لەگەڵ ئیسرائیل یاری و دیداری چڕوپڕیان لەگەڵ یەک هەبوە و ئەم بابەتە تورکیای هەستیار و ناڕازی کرد تاکوو گەیشتە ئەو ئاستەی کە تورکیا بۆ تۆڵە کردنەوە، لە 5ی جانیوێری دیدارێک له پاریس لە نێوان ئیسرائیل و سوریا و هاکان فیدان ئەنجام درا و له 6ی جانیوێری هێزە پڕۆکسیەکانی تورکیا هێرشیان کرده سەر دوو گەڕەکی کوردی حەلەب (شەیخ مەقسود و ئەشرەفیه) کە ژمارێکی زۆر له شەڕڤانانی ئاسایش بوونە قوربانی و پاشان ئیتر لە ڕەقه و تەبقە یانی دەروبەری کۆبانێ شەڕێکی گەورە هاتە ئاراوە و تاکوو بەر درگای قامیشلۆ و حەسەکە هات و لە کۆتایدا ئیتیفاقی 30 جانیوێری لێ کەوتەوە.
لە بەشێکیتری قسەکانی باسی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکات و جەخت لەوە دەکات که هەسەدە بە ڕەسمی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو بابەتە ئێعلان دەکات و بە تەنیا سێ لیوا لە ناو سوپای سوریا دەدرێت بە کوردەکان ئەویش نابێت هەر لیوایک له 1300 کەس زیاتر بێت و ئەمە وەک هێڵی سوور دائەنن و لەوێدا بە هیچ شێوەیک ڕێگا بە شەڕڤانانی ژن نادرێت وەک هێزی چەکدار جێگایان هەبێت، چونکە لە بەندەکانی کە 30 جانیوێری لەسەری ئیتفاقیان کرده هیچ جێگا، خاست و باسێک بۆ شەڕڤانانی ژن نەکراوە و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک تاکوو ئێستا ئێعترازیان بەرانبەر بەوە نەکرده و ئەوە کە لەداهاتوودا ئایا جێگایک ئەبێت بۆ شەڕڤانانی ژن جارێ نادیاره و دوای ئەوە ڕوون نیه کە کوردەکان لە گەڵ سیاسەتی سوریا چۆن
سیاسەتوەرزی و بەشداری ئەکەن و لە داهاتوودا بەرچاومان ڕوون دەبێت کە کوردەکانی ڕۆژاڤا چۆن جێگە و پێگەی خۆیان پتەو دەکەن.
لەڕاستیدا ڕۆژاڤا لە یەکێک لە ئاڵۆزترین ساتەکانی مێژووی خۆیدا بینیەوە، لە ژێر فشاری هاوکاتی چەند ئەکتەرێکی بەهێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا؛ دۆخێک کە تێیدا هەموو هەڵبژاردنێک ئایدیاڵ نەبوو بەڵکو “کەمترین تێچووی ڕێگای مانەوە” بوو.
ئەم ڕێبازە هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغێکی گواستنەوەی گرژ بەبێ ئەوەی بکەوێتە شەڕی بە وەکالەت کە دەتوانێت تەواوی پڕۆژەکە لەناو ببات. تەنانەت ئەگەر ئەم ڕێگایە سنووردارکردنی وەک کەمبوونەوەی ڕۆڵی سەربازی یان ناڕوونی لە پێگەی هەندێک هێز (لەوانەش شەڕڤانانی ژن)ی لەگەڵدا بێت، لەسەر ئاستی ماکرۆ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ سەقامگیرکردنی لانیکەم ناسنامەی ڕۆژاڤا.
لە درێژخایەندا دەکرێ بڕیارێکی لەو شێوەیە بە وەبەرهێنان لە “مانەوە” هەژمار بکرێت چونکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە بەدەست شەڕ و داڕمانی پێکهاتەییەوە دەناڵێنێت، ئەوانەی دەتوانن مانەوە و یەکگرتوویی خۆیان بپارێزن، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەتریان دەبێت لە ڕێکخستنەوەی داهاتووی نەزمی ناوچەکەدا.
لە قەندیلەوە تا دوورگەی خارک؛ بۆچی تورکیا دژی هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران وەستایەوە؟
لەبەشێکی دیکه لە قسەکانی باسی پڕۆژەی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و دەڵێت لە دوای هێرشەکەی حەماس له 7 ئۆکتۆبردا ناتانیاهۆ به نیشان دانی نەخشەیک ڕایگەیاند که ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆردرێت. دەوڵەتی تورکیا لە ترسا هات بەخۆیا و داوای ڕێککەوتنی لەگەڵ پەکەکە کرد و هەر لە درێژی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باس لە گوشاری ئەمریکا و ئیسرائیل له سەر هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات دەکات کە هاوپەیمانی چڕوپڕ دروس بکەن بۆ بەشداری کردن ئۆپراسیۆنی سەربازی زەمینی لە دژی ئێران.
بەڵام دوای بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتێک لە کاناڵی 12ی ئێسرائیل وا دەرکەوت ئەو هێرشە بە هۆکاری زۆر کە گرینگترینی ناڕەزا بوونی تورکیا بوو، ڕاگیراوە و ڕەنگە هەر لە بەرنامەش دوور خرابێتەوە یان هێشتا لە ئەجەندای کار بێت.
چونکه لە ئەگەری هێرشی زەمینی ئەمریکا و ئێسرائیل له دورگەی خارک لە باشوری ئێرانەوە، لەوانەیە هێزە کوردیەکانیش لە باکوورەوە دژ به ڕژێمی ئێران بجوڵێنەوە، بێگومان تورکیاش لە ناوچە ئازەریەکانی ئێران کە بەشێکی تێکەڵە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستێوەردان دەکات.
لێرەدا ڕۆڵی پەژاک وەک هێزێک گرینگ دەبێت کە تورکیا بەم بابەتە ڕازی نیه، چونکه لە ڕوانگەی تورکیا لەسەدا 95ی هێزەکانی پەژاک، پەکەکەن و ئەمە بۆ تورکیا دەبێتە کێشە و پرۆسەی ئاشتی هەڵدەوەشێتەوە و تورکیا وا بیر دەکاتەوە کە ئیسرائیل ئەم بابەتە بەڕێوە دەبات کە ئەمە گیروگرفتی زۆری لێ دەکەوێتەوە.
بۆیه دەکرێت بڵێین که دوناڵد ترەمپ بە هۆی دەستێوەڕدانی تورکیا، ئۆپراسیۆنی سەربازیی هێزە کوردیەکان لە دژی ئێرانی ڕاوەستاندبێت. ئەمانە هەر هەموویان ئەگەرن و جارێ ڕوون نیه.
له بەشێکی دیکە لە قسەکانی باس لەوە دەکات کە ماوەیەک لەمەوبەر ئۆجەلان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دانیشتوه و داوای لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە که دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ پەژاک ئێتفاق بکات و بەیەکەوە لە ئێران کارێک بکەن، بەڵام نەیوتوە شەڕ بکەن.
دوای ئەو چاوپێکەوتنەی ئۆجەلان لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا، ئەو داواکاریەی ئۆجەلان بۆ پەژاکیش دەنێردرێت، بەڵام تاکوو ئێستا دەوڵەتی تورکیا وەڵامی نەداوەتەوە، که ڕەنگە ئەم وڵام نەدانەوەی بەو مانایە بێت که تورکیا ئەو ئێتفاقەی قەبووڵ نەکردوە، چوونکە دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت پێشنیاری ئاوا قەبووڵ بکات چونکە بەپێی ئەو ئێتفاقەی لەگەڵ ئۆجەلان کردوویەتی دەبێ پەکەکە و هەموو لەق و پۆپەکانی پەکەکە (کەجەکە، یەپەگە، پەژاک…) هەڵوەشێتەوە. کەواتە ئەگەر ئەردۆغان بەقسەی ئۆجەلان بکات و لەگەڵ پەژاک ئیتفاق بکات یانی پێگەی پەکەکەی قەبووڵە و ئەو پڕۆسه که لە ژێر دوو ناوی “پرۆسەی ئاشتی یان پرۆسەی تورکیەی بێ تیرۆر” له ئارادایه، کەواتە نەگەیشتەتە ئامانجی خۆی.
بۆ بینینی شرۆڤەکەی کاک هیوا خۆشناو، سەردانی لینکەکەی خوارەوە بکەن:
قەندیل پرێس