Featured Video Play Icon

دادگەییکردنی دەستگیرکراوانی لالەزار دواخرا؛ تیمی پارێزەران: دانپێدانانەکان لەژێر ئەشکەنجەدا بوون

قەندیل پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، چوارەمین دانیشتنی دادگەییکردنی دۆسیەی دەستگیرکراوانی هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ڕێکارەکان و نەگەیشتنی نۆرە بۆ وەرگرتنی وتەی سەرجەم تۆمەتباران، دادگە بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی دا.

لە چوارچێوەی دانیشتنەکەدا، وتە لە بەشێک لە تۆمەتباران وەرگیرا، بەڵام بەر لەوەی نۆرەی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای بێت، دادوەر دانیشتنەکەی هەڵگرت و ڕێکارە یاساییەکان تەواو نەکران.

دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجە و هەڵوێستی پارێزەران
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای تەواوبوونی دانیشتنەکە، دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار ڕایگەیاند کە ئەو تۆمەتبارانەی لە گرتە ڤیدیۆییەکانی ئاسایشدا پێشتر دانیان بە تاوانەکەیاندا نابوو، ئەمڕۆ لە بەردەم دادوەردا ئاشکرایان کردووە کە وتەکانیان بە زۆر و لەژێر ئەشکەنجەدا لێ وەرگیراوە.
دانا تەقیەدین جەختی لەوەش کردەوە کە لایەنی بەرامبەر هیچ بەڵگەیەکی بەهێز و یەکلاکەرەوەی پێشکەش نەکردووە بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان، هەروەها ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی وەک بەڵگە دەستنیشان کراون، دەری ناخەن کە هیچ چەکێک لەنێو ئەو فەرشانەدا گوێزرابێتەوە کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون.

یاسای سزادان و دۆخی دۆسیەکە
دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بەپێی مادەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ بەڕێوەچوو، کە پەیوەستە بە “ڕێککەوتنی تاوانکاری بۆ ئەنجامدانی کوشتن”، ئەمەش لەسەر پاشخانی ئەو تۆمەتەی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی لە ئابی ٢٠٢٥ بڵاویانکردەوە و تێیدا لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانیان تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. سەرەڕای ئەوەی تۆمەتباران مادەی ٤٠٦ی یاسای سزادانیشیان (کوشتنی ئەنقەست) ئاراستە کراوە بەهۆی کوژراوانی ڕووداوەکانی لالەزار، بەڵام تەوەری سەرەکیی ئەم دانیشتنە تەنیا لەسەر مادەی ٥٦ بوو.
لە کۆی ٢٧ دەستگیرکراوی ئەو دۆسیەیە، لەم دانیشتنەدا ١٢ کەسیان براونەتە بەردەم دادوەر، و بەپێی وتەی تیمی پارێزەران، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو وادەی دانیشتنی داهاتووی دادگە دیاری بکرێت.

شایەنی وەبیرهێنانەوەیە، دۆسیەکە پەیوەستە بە ڕووداوەکانی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دوای سێ کاتژمێر شەڕ و پێکدادان کۆنتڕۆڵی هۆتێل لالەزاریان کرد، کە لە ئەنجامدا ٥ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، بەو هۆیەشەوە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەگەڵ ژمارەیەک لە چەکدار و پاسەوانەکانیان دەستگیرکران.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

پێنجەمین کۆنگرەی پارتی دەم بە داوای ئاشتی دەستیپێکرد

بەستنی 5ـەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی دەم لە ئەنقەرە، تەنیا ڕێکارێکی یاسایی کاتییە بۆ بڕینی مەرجەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *