ئەندامێکی کەنەکە هۆشداری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵات دەدات

قەندیل پرێس/ چاوپێكه‌وتنی تایبەت

دکتۆر کامەران بەرواری، مامۆستای زانکۆی دهۆک و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد (کەنەکە)، لە کورتە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس نەخشەڕێگای کورد بۆ قۆناغی ئێستا و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی ئێران و ناوچەکەی بۆ هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستەڕوو.

بەرواری ئاماژەی بە دوو خاڵی سەرەکی و بنەڕەتی کرد کە پێویستە حزب و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرچاویان بگرن:
یەکەم: دروستکردنی بەرەیەکی گشتی کە تەواوی گەل، پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی ئێران لەخۆبگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان. دووەم: دروستکردنی بەرەیەکی گشتی و تایبەت لەسەر ئاستی حزب و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەو ئەندامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد هۆشداری دا لەوەی کە هەوڵ و پلان هەیە بۆ دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕۆژهەڵات؛ ئەو سیناریۆیەی لە ڕۆژئاوا لەلایەن «ئەنەکەسە» و «لەشکەری ڕۆژ» بە پلانی دەرەکی و هەرێمی جێبەجێ کرا.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، د. کامەران بەرواری جەختی کردەوە کە پێویستە حزبەکانی ڕۆژهەڵات نەکەونە ژێر باری هەژموونی هێزە ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییەکان، چونکە دەستێوەردانی خێرا و جدی لەو پرسەدا لە ئارادایە.

دەقی تەواوی لێدوانەکەی دکتۆر کامەران بەرواری:
مەسەلەی ئێران، مەسەلەیەکی قووڵ و دێرین و ستراتیژییە. شەڕی ئێران بەهانەیەکە بۆ ئەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە تەواوی بگۆڕدرێت. هێزە نێودەوڵەتییەکان نەخشەیەکی نوێیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین کێشاوە. ئامانج لەم نەخشەیە چییە؟ ئامانج شەڕ نییە، بەڵکوو ئامانج ئابوورییە، سیاسەتە، مێژووە و ئایینە؛ ئەم هەموو ڕەهەندانە لەخۆ دەگرێت. شێوازێکی نوێی ئیمپریالیزم هەیە کە پێی دەوترێت ئیمپریالیزمی فکری، یاخود سیاسی، نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، ئایینی، عەقائیدی یان مەبدەئی، تەنانەت زمانی و هتد.

ئەم سیستەمە نوێیە جیهانییە پرسی ئێرانی هێناوەتە ناوەند بۆ ئەوەی دەربەندی هورمز و بابولمەندەب و هەندێک شوێنی ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوین کۆنتڕۆڵ بکەن، هەروەها دەست بەسەر سەرچاوەکانی ئاودا بگرن لە دەریای سپییەوە تا دەگاتە دەربەندی هورمز. ئامانجە ستراتیژییەکان لەمەدا چین؟ بێهێزکردن و لاوازکردنی ئێرانە، تا بە تەواوی خۆی ڕادەستی هێزە نێودەوڵەتییەکان بکات.

کەواتە، لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کوردیش دەتوانن بە دوای مافەکانی خۆیاندا بگەڕێن. بۆ ئەم مەبەستە چەند ڕێگایەک لە ئارادان؛ یەک لەو ڕێگایانە ئەوەیە دەوڵەتی ئێران بە شێوازێکی عەقڵانی بیر بکاتەوە و دەرگای گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ کورددا بە گشتی بکاتەوە، بەتایبەت لەگەڵ «پژاک»دا، چونکە ئەوان خاوەن پڕۆژە و سیستەمی «کۆدار»ن بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خاوەن سیستەمن بۆ ئێرانیش؛ تا بە کردنەوەی دەرگای دانوستان ئێرانێکی کۆنفیدڕاڵی دیموکراتیک یان پێشکەوتووخواز بنیات بنرێت. لە حاڵەتێکی وەهادا ئێران دەمێنێتەوە و گەلانی ئێرانیش پشتیوانی لە دەسەڵاتی خۆیان دەکەن، حکوومەتی ئێرانیش دەتوانێت خۆی ڕابگرێت و نەکەوێت.

بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات، بزووتنەوەی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، دوو پرس زۆر گرنگن: یەکەم: دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش لەسەر ئاستی سەرتاسەری ئێران لە نێوان هەموو گەلان و پێکهاتەکاندا. دووەم: دروستکردنی بەرەیەکی گشتی و یەکگرتوو لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لەبەر ئەوەی دەزانین دەستی هێزە هەرێمییەکان، هەندێک هێزی کوردستانی و تەنانەت نێودەوڵەتیش لەناو ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەدا هەیە، مەترسییەکە لەوەدایە—پێویستە زۆر بەئاگا بن—کە ئەو سیناریۆیەی لە ڕۆژاوای کوردستان ڕوویدا و دروست کرا، لە دروستکردنی «ئەنەکەسە» و «پێشمەرگەی ڕۆژ»، هەمان سیناریۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئامادەکراوە و کاری لەسەر دەکرێت. لەبەر ئەوە پێویستە ئەو هێزانە خۆیان نەکەنە دەستکەلای هیچ حزب و لایەنێکی سیاسیی هەرێمی یان جیهانی.

خاڵە هەرە گرنگەکە ئەوەیە؛ دەزانین عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران بەرەو گۆڕانکاری دەچن؛ واتە بە لایەنی کەمەوە سیستەمی سیاسی لەم چوار دەوڵەتەدا دێتە گۆڕین. بۆ کورد ئەمڕۆ زۆر گرنگە کە پڕۆژەی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک و خۆسەریی دیموکراتیک (یان وەک ئەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە باسی دەکات) بخرێتە گەڕ. ئەم پڕۆژەیە وەک ئەوەی لە شنگال و ڕۆژاوای کوردستان هەیە، بەو جۆرەی لە کەمپی مەخموور خۆیان بەڕێوە دەبەن، و ئێستاش لە باکووری کوردستان پەیڕەوی لێ دەکرێت، پێویستە کار بۆ ئەوە بکرێت لەم چوار دەوڵەتەدا لە مۆدێلی دەوڵەتی دیکتاتۆری و دەوڵەت-نەتەوەوە بپەڕینەوە بۆ دەوڵەتی گەلان و پێکهاتەکان و دەوڵەتێکی دیموکراتیک.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

پێنجەمین کۆنگرەی پارتی دەم بە داوای ئاشتی دەستیپێکرد

بەستنی 5ـەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی دەم لە ئەنقەرە، تەنیا ڕێکارێکی یاسایی کاتییە بۆ بڕینی مەرجەکانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *