خورشید هەرکى، کەسایەتى دیارى عەشیرەتى هەرکى ئاشکراى دەکات هەوڵى تیرۆرکردنى دراوە و کەسێکى دەستڕۆیشتووش لە پشت هەوڵەکەوە بووە و دەزگاى پاراستنى پارتیش دەستى تێیدا هەیە، ئەوەش پاش 10 مانگ لە گرژییەکانى گوندى گردەڕەشە دێت لەنێوان ناوبراو و هێزەکانى پارتى.
خورشید هەرکى دەڵێت، هەفتەیەکە هەستم بەکۆمەڵێک جموجوڵى گوماناوى کردبوو، پەیوەندیم بە دامودەزگا ئەمنییەکان و خودى بارزان قەساب بەڕێوەبەرى ئاسایشى هەولێر کردووە و سەرجەم مەترسییەکانم بۆ باسکرد، بەڵام هیچ لێپێچینەوەیەکیان نەکرد.
کەسێکى دەستڕۆیشتوو هەوڵى کوشتنى هەرکى داوە
خورشید هەرکى دەڵێت، پلاندانەرێک کە کەسێکى دەستڕۆیشتووە پلانى کوشتنى منى داڕشتووە و کەسێکیشى بۆ تیرۆرکردنەکە ڕاسپاردبوو، پێى گوتبوو “لە پاش کارەکە دەیباتە دەزگاى پاراستن و گەورەترین پێشوازى لێدەکرێت”.
بکوژەکەى دەستگیرکردووە و ڕادەستى یاساى کردووە
خورشید هەرکى، لە درێژەى قسەکانى گوتى “ئەو کەسەى ڕاسپێردراوە تیرۆرى بکات هەر خۆى دەستگیرى کردووە ڕادەستى هێزە ئەمنییەکانى کردووە”. بە گوتەى هەرکى “لەبەردەم دادوەر دانى بە تاوانەکەى ناوە و ناوى پلاندانەرەکەشى ئاشکراکردووە، پلاندانەرەکەش چووەتە بەردەم دادوەر بەڵام بە کەفالەت ئازادکراوە”.
هەرکى گومانى هەیە
خورشید هەرکى، گومانى هەیە و دەڵێت دەزگا ئەمنییەکانى لە وردەکارى هەوڵەکە ئاگادار کردووەتەوە و تەنانەت “بەخودى بارزان قەساب بەڕێوەبەرى ئاسایشى هەولێرى گوتووە ئەگەر لێپێچینەوە نەکەن و ڕووداوێک بێتە پێشەوە دەبێت بێن تەرم کۆبکەنەوە”.
ئەمە یەکەمجار نییە هەوڵى تیرۆرکردنى دەدرێت
خورشید هەرکى جەختدەکاتەوە، چەند جارێک هەوڵى تیرۆرکردنى دراوە، بەڵام دەرفەتیان بۆ دروستنەبووە تیرۆرى بکەن، بە گوتەى ئەو، پلانەکە وابووە دواى خۆى حەیدەرى براشى تیرۆر بکەن.
بەرپرسانى پارتى هەڵوێستیان نەبووە
خورشید هەرکى ئاماژە بۆئەوە دەکات، بەرپرسانى پارتى چەند جارێک ئاگادارکردووە، بەڵام هیچ کەسێکیان هەڵوێستیان نەبووە و پەنجەى تۆمەت بۆ چەند کەسێک درێژ دەکات کە ئێستا بەرپرسن لەناو ئەو حیزبە، بەڵام گوتى “جارێ ناوەکانیان ئاشکرا ناکات”. سەرکردایەتى پارتىشش بەبێ هەڵوێست دەزانێت لە بەرامبەر هەوڵى تیرۆرکردنەکەى.
خورشید هەرکى کێیە؟
خورشید هەرکی کەسایەتییەکی دیارى هۆزى هەرکییە، لە مانگى تەمموزى ساڵی 2025 بەهۆی کێشەیەکی زەوی و زار لەگەڵ هێزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان تووشى پێکدادانى چەکدارى بوو، لە هەردوولا دوو کەس کوژران و پێنجى دیکە برینداربوون، پاشان بەنێوەندگیرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لیژنەیەک پێکهێنرا و ئەوکات وا بڵاوکرایەوە کە کێشەکە چارەسەر بووە.
قەندیل پرێس