کەمپینی “ئازادی بۆ شێروان شێروانی” ڕایگەیاند، کەیسی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستبەسەرەیان گەیاندووەتە بەرزترین ئاستی بڕیاردان و لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی لە کەنەدا. کەمپینەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تا ئازادکردنی تەواوەتی شێروان شێروانی و سەرجەم زیندانیانی دیکەی بادینان، لە هەوڵ و چالاکییە بەردەوامەکانیان کۆڵ نادەن.
کەمپینی “ئازادی بۆ شێروان شێروانی” لە وڵاتی کەنەدا، کە لەلایەن تۆڕێک لە چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی و ڕۆژنامەنووسانەوە ڕێکخرداوە، ڕێڕەوێکی نوێی گرتووەتەبەر و دۆسیەی ئەو ڕۆژنامەنووسەی گەیاندووەتە نێو ناوەندە باڵاکانی بڕیار لە کەنەدا. ئەم کەمپینە بە ئامانجی فشارخستن بۆ سەر حکومەت بۆ ئازادکردنی بێ مەرجی شێروانی، لەپاڵ تیشکخستنە سەر دۆخی نالەباری ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک جوڵەی دیپلۆماسی و مەدانی بەرفراوانی دەستپێکردووە.
لهم چوارچێوەیەدا، کەمپینەکە نامەیەکی چڕ و وردی بە زمانی ئینگلیزی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، وەزیری دەرەوە، سەرۆکی سەرجەم پارتە سیاسییەکان و ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کردووە. لەو نامەیەدا داوا لە کەنەدا کراوە، وەک دەوڵەتێکی پێشەنگ لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا، سەرجەم فشارە دیپلۆماسییەکانی بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان چڕ بکاتەوە؛ تا کۆتایی بە زیندانیکردنی شێروان شێروانی بهێنرێت و ڕێگری لە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دژ بە ئازادیی بیروڕا بکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی کەمپینەکە، توانراوە پشتگیری و ناوی زیاتر لە ۱۰۰ کەسایەتی، نووسەر و هونەرمەند لە هەر چوار پارچەی کوردستان کۆبکرێتەوە. چاودێران ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و گرنگ دەبینن، چونکە بۆ یەکەمجارە بەو شێوازە بەرفراوانە، کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشداری لە کارێکی هاوبەشی فشاردا بکەن کە بە ڕوونی ڕەخنە لە سیاسەتە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەگرێت.
جگە لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، کەمپینەکە لەسەر ئاستی جیهانی کار لەسەر کۆکردنەوەی پشتیوانی ئۆنلاین و ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم کەیسە بۆ ڕای گشتی نێودەوڵەتی دەکات. بڕیاریشە ئەندامانی کەمپینەکە لە ڕێگەی ئەنجامدانی زنجیرەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا فەرمییەکانی کەنەدا، پەردە لەسەر ئەو تۆمەتە ناڕاست و بێبنەمایانە هەڵماڵن کە دراونەتە پاڵ شێروانی، و هاوکات ڕاستییەکانی تایبەت بە دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان بۆ جیهان بخەنە ڕوو.
ڕێکخەرانی کەمپینەکە دووپاتی دەکەنەوە کە کۆڵ نادەن و تا بەدیهاتنی تەواوەتی دادپەروەری و ئازادکردنی شێروان شێروانی و تەواوی زیندانیانی دیکەی بادینان، لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن. ئەوان داوا لە سەرجەم ئازادیخوازانی جیهان دەکەن کە پشتیوانی لەم دۆسیەیە بکەن، تاوەکو لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و ئازاد بنیاد بنرێت و چیتر ڕۆژنامەنووسان بەهۆی کار و پیشەکەیانەوە ڕووبەڕووی زیندان و سزادان نەبنەوە.
شێروان شێروانی وەک ڕۆژنامەنووسێکی ڕەخنەگری دیار دەناسرێت، کە زۆربەی بەدواداچوونەکانی لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی، مافەکانی مرۆڤ و کێشە کارگێڕییەکانی دەڤەری بادینان و هەرێمی کوردستان چڕ کردبووەوە. لە ساڵی ۲۰۲۰دا، ناوبراو لەناو ماڵەکەی خۆیدا لە شاری هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، کە ئەو کاتە هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانی تری ناوچەی بادینان، کە دواتر لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندندا بە “زیندانیانی بادینان” ناسران.
لە شوباتی ۲۰۲۱دا، لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی” و “سیخوڕی” سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا؛ تۆمەتگەلێک کە لەلایەن خودی شێروانی و تیمی پارێزەرانیەوە بە توندی ڕەتکرانەوە. ئەم بڕیارەی دادگا، کاردانەوە و سەرکۆنەکردنی توندی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
لە کاتێکدا کە چاوەڕوان دەکرا بەهۆی بڕیاری کەمکردنەوەی ماوەی حوکمەکەیەوە (لێخۆشبوونی ڕێژەیی) ئازاد بکرێت، لە تەممووزی ۲۰۲۳دا دادگا سزایەکی نوێی بەسەردا سەپاند و چوار ساڵی تری بۆ ماوەی زیندانییەکەی زیاد کرد. تۆمەتە نوێیەکە بریتی بوو لە “ساختەکردنی پەنجەمۆر” لەبری هاوڕێیەکی هاوزیندانیی لەسەر داواکارییەک، بەڵام پارێزەرەکانی جەخت دەکەنەوە کە ئەم تۆمەتە تەنها “بیانوویەکی یاساییە” بۆ هێشتنەوەی ناوبراو لە پشت بەربەستەکانی زیندان.
شایەنی باسە کە ڕێکخراوە جیهانییە گەورەکانی وەک لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International)، پەیامنێرانی بێ سنوور (RSF) و کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، شێروان شێروانی بە “زیندانیی بیروڕا” وەسف دەکەن و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی دەکەن، چونکە پێیان وایە تەواوی کەیسەکەی ڕەهەندی سیاسی هەیە و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە
قەندیل پرێس