به‌په‌له

زەنگێکی مەترسیدار بۆ ئابووریی هەرێم؛ دەروازەی ڕەبیعە پێگەی ئیبراهیم خەلیل لاواز دەکات

گۆڕانکارییەکی گەورە لە نەخشەی بازرگانیی نێوان عێراق، تورکیا و سووریا ڕوو دەدات. دوای دووبارە کردنەوەی دەروازەی سنووریی ڕەبیعە لە سنوورەکانی پارێزگای نەینەوا، ئێستا تورکیا بە قەبارەیەکی زۆر فراوانتر لە جاران پشت بەم ڕێگایە دەبەستێت بۆ هەناردەکردنی کاڵاکانی. ئەم پێشهاتەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی و وشکبوونی سەرچاوەی داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، کە بە گەورەترین و پڕداهاتترین دەروازەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

دەروازەی ڕەبیعە، کە لە دیوی سووریا بە (تەل کۆچەر) ناسراوە و تەنیا ١٢٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری موسڵەوە دوورە، پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە بەهۆی هێرشەکانی ڕێکخراوی داعشەوە داخرابوو و کارەکانی تێدا ڕاگیرابوو، لە ٢٠ی نیسانی ئەمساڵدا و دوای نزیکەی ١٣ ساڵ، جارێکی دیکە بە ڕووی هاتوچۆی گەشتیاری و بزووتنەوەی بازرگانیدا کرایەوە. ئەم هەنگاوە بە خێرایی کاریگەرییەکانی لەسەر کەمکردنەوەی قورسایی و ڕۆڵی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەرخستووە.

​لەم چوارچێوەیەدا، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە میانی سیمینارێکدا تیشکی خستە سەر پێگە نوێیەکەی پارێزگاکەی و ڕایگەیاند کە نەینەوا ئێستا قۆناغێکی نوێی بووژانەوەی چالاکییەکان بەخۆیەوە دەبینێت و هەنگاو بەرەو ئەوە دەنێت ببێتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانیی جیهانی. ئەو پێشکەوتنانەش دەرەنجامی گەشەسەندنی کەرتی وەبەرهێنان و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە.

​پارێزگاری نەینەوا جەختی لەوەش کردەوە کە هەڵکەوتەی جوگرافیی پارێزگاکە زۆر ستراتیژییە و شایستەی ئەوەیە ببێتە چەقی بازرگانیی بەرچاو لە عێراقدا، چونکە دەتوانێت وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی تۆڕێکی تۆکمەی ڕێگاوبان و دەروازە سنوورییەکانەوە بەیەکەوە ببەستێت. هەروەها ئاشکراشی کرد کە لە ئێستادا بە چڕی کار لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، ئاسانکاری بۆ ڕێکارە کارگێڕییەکان و بەرەوپێشبردنی ناوچەی پیشەسازی و بازرگانی دەکرێت.

​لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، گرنگیی دەروازەی ڕەبیعە تەنیا لەوەدا کورت نابێتەوە کە ڕێڕەوێک بێت بۆ هاتوچۆ، بەڵکو بووەتە شادەمارێکی سەرەکی بۆ ئابووریی عێراق. لەم خاڵەوە، عێراق نەک هەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ سووریا بەهێزتر دەکات، بەڵکو دەبێتە پردێکی ستراتیژی بۆ نزیکبوونەوە لە بازاڕەکانی تورکیا، ئەمەش جووڵەیەکی بێوێنە دروست دەکات و دەبێتە هۆی ڕەخساندنی چەندین هەلی کار بۆ گەنجان و دانیشتووانی پارێزگاکە.

لەبەرامبەردا، بەگەڕخستنی ئەم دەروازەیە ئالەنگارییەکی گەورە لەسەر داهاتەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات. بەو پێیەی عێراق دەتوانێت بۆ هاوردەکردنی کاڵا و شمەکی تورکی پشت بە ڕەبیعە ببەستێت، ڕۆڵ و سەنگی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشە دەکات کە شادەماری ئابووری و کۆکردنەوەی داهاتە لە هەرێم.

​دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل کە خاڵی سەرەکیی گرێدەری بازرگانییە لەگەڵ تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا، سەرەڕای ئەوەی داهاتی ساڵانەی بە فەرمی و بە وردی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاو ناکرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان و خەمڵاندنی شارەزایان، قەبارەی داهاتەکەی لە نێوان ٧٠٠ ملیۆن بۆ زیاتر لە یەک ملیار دۆلاردایە لە ساڵێکدا.

​لەکۆتاییدا، شارەزایانی بواری ئابووری هۆشداری دەدەن کە بەهۆی کارابوونەوەی دەروازەی ڕەبیعە لە سنووری پارێزگای نەینەوا و گۆڕینی ئاراستەی بازرگانیی تورکیا بە پشتبەستن بەم دەروازە نوێیە بۆ ناردنی کاڵاکانی، ڕەنگە چیتر داهاتی ساڵانەی هەرێمی کوردستان نەگاتەوە بەو ڕێژە بەرزەی پێشوو.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان هەبووە ئەحمەدی نەژاد بکەنە سەرۆکی ڕاگوزەری ئێران

 ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز پلانێکی نهێنیی ئەمریکا و ئیسرائیلی ئاشکرا کردووە کە ئامانجیان بووە مەحموود ئەحمەدی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *