مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر ڕایگەیاند کە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ سەردانیکردنی ئەنقەرە و ئەگەری کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان هەیە عەبدی ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکییان جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی تێکەڵبوونە لەگەڵ دیمەشق و دوای تەواوبوونی ئەو پرۆسەیەش هەسەدە بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە.
فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا بەردەوامە بە مەرجێک تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان بپارێزرێت و وتیشی بەپێی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ دیمەشق هێزەکانی ئاسایش کە ژمارەیان نزیکەی ١٥ هەزار کارمەندە لە ناوچە زۆرینە کوردییەکان دەمێننەوە و دەخرێنە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا هەروەها پێویستە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی ئەو ناوچانەش هەر لەلایەن دانیشتووانە ناوخۆییەکانییەوە بێت.
مەزڵوم عەبدی باسی لەوەش کرد کە چەند پۆستێکیان ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن دیمەشقەوە پێشنیار کرابوون ئەوەش لەپێناو تەرکیزکردنە سەر تەواوکردنی پرۆسەی تێکەڵبوون و بەهێزکردنی یەکڕیزیی کورد.
سەبارەت بە لایەنی دارایی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هێزانەی تێکەڵ دەکرێن مووچەکانیان لە حکومەتی سوریاوە وەردەگرن لەکاتێکدا بەڕێوەبەریی خۆسەر هێزەکانی دیکە لە ڕێگەی ڕسوماتەکانی سنوور و باج و بەشێک لە داهاتی نەوتەوە پارەدار دەکات.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا عەبدی ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکان چڕکراونەتەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی تێکەڵبوون و ئەگەری نوێکردنەوەی بانگهێشتنامەکەی بۆ سەردانیکردنی ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە دوای تەواوکردنی ڕێککەوتنەکان هەیە هەروەها ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتن کراوە بۆ دووبارە کردنەوەی دەروازەی نسێبین کە بەهۆی ڕووداوێکی حەسەکەوە دواخرابوو و بڕیارە بەم نزیکانە بکرێتەوە.
قەندیل پرێس