به‌په‌له

ڕۆژئاوای کوردستان؛ پاشماوەکانی جەنگ دەبنە مەترسی لەسەر ژیانی منداڵان

قەندیل پرێس

لەکاتێکدا شار و گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هێشتا شوێنەواری ساڵانێکی درێژی شەڕ و ململانێیان پێوە دیارە، مین و پاشماوە تەقەمەنییەکان وەک بکوژێکی بێدەنگ لەناو خاکدا ماونەتەوە. ئەم پاشماوانە کە زۆرجار لە ناوچە کشتوکاڵییەکان و نزیک شوێنە نیشتەجێبوونەکان بڵاون، بێتاوانترین توێژی کۆمەڵگە کە منداڵانن دەکەنە ئامانج و کارەساتی مرۆیی دڵتەزێن دەخوڵقێنن.

رۆژی هەینی 27ـی ئاداری 2026، جارێکی تر پرسی مەترسیی مینەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بووەوە بە ڕۆژەڤ. لە نوێترین دیمەنی ڤیدیۆیی دڵتەزێندا کە لە گوندەواری ڕەققە تۆمار کراوە، ژمارەیەک منداڵ دەردەکەون کە لە کاتی یاریکردندا دەست لە مینێکی پاشماوەی جەنگ دەدەن، هەر لەو کاتەدا و بەهۆی دەستکاریکردنی یەکێک لەوان، مینەکە دەتەقێتەوە و کارەساتێکی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی قەندیل پرێس، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی تەقینەوەی مین و ئەو تەقەمەنییانەی لە کاتی شەڕەکاندا بە نەتەقاوەیی ماونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و بەتایبەتی منداڵان بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە یان بە سەختی بریندار بوون و تووشی کەمئەندامی بوون.

جیهاد ڕێدوور بەڕێوبەری خوێندنگای گرکۆچەر لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ قەندیل پرێس باسی لەوە کرد؛ کە لە ناو ترس و دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا دەژین، چونکە پاشماوەکانی جەنگ لە زۆربەی شوێنەکان بڵاون و زۆرجار بەهۆی باران یان گۆڕانکارییەکانی سروشتەوە لە ژێر خاک دەردەکەون.

بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، منداڵان نزیکەی پەنجا تا شەست لە سەدی کۆی گشتی قوربانیانی مین پێکدەهێنن و ساڵانە لە جیهاندا هەزاران منداڵ بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.

پسپۆڕانی بوارەکە جەخت دەکەنەوە کە پێویستە کەمپەینی هۆشیاری فراوانتر بکرێت و فێری منداڵان بکرێت کە هەر تەنێکی نامۆ وەک مەترسییەکی کوشندە ببینن و لە ناوچە جەنگاوییەکان بە هیچ شێوەیەک دەست لە پارچە ئاسن و تەنە نەناسراوەکان نەدەن تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتە دڵتەزێنانە بگیرێت.

 

دووبارە هەوڵبدەرەوە

پارێزگارە تورکمانەکەی کەرکوک بڕیارێک دژی جێگرە کوردەکەی دەردەکات

قەندیل پرێس – کەرکوک بەپێی نۆسراوێک کە بەدەست قەندیل پرێس کەوتووە، پارێزگارە تازەکەی کەرکوک کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *