وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “عەلی کەریمی” نوسەر و سیاسەتمەداری کورد، سەبارەت بە دۆخی سوریا و چارەنوسی کورد و ڕێککەوتنی نێوان “هەسەدە” و “حکوومەتی نوێی سووریا”.
عەلی کەریمی، نوسەر و سیاسەتمەداری کورد دەڵێت: “سەبارەت بە کاریگەری پەیامەکەی ئۆجەلان ، ڕوونە کە سیاسەتەکانی ئۆجەلان لە سوریا کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر کوردی سوریا و ئێران، کە پژاک کاریگەری هەژموونی ئۆجەلانی لەسەرە ، و سوریاش بەهەمان شێوە ، وەیارمەتیدەریشیانە ئەگەر پەیامی ئاشتی سەر بگرێت ، وەهەموان لەو بڕوایەدان کە دەبێت چەک دابنرێت ، باوی نەماوە ، و کەم کەس لەگەڵ شەڕی پارتیزانی و چەک هەڵگرتنە ، وە لە ژینا ئەمینیەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خەباتی مەدەنی خەباتێکی تەواو کاریگەرە .”
قەندیل پرێس: بەڕای بەڕێزتان چ گۆڕانکارییەک هاتووەتە پێش کە لە لایەک لە باکووری کوردستان پڕۆسەی ئاشتی دووبارە دەستی پێکردووەتەوە، هەروەها لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ڕێککەوتنێک لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا ئەنجام دراوە؟
عەلی کەریمی: سەبارەت بە پرسیاری یەکەم وای بۆ دەچم ، ڕەنگە خەڵکی دیکەش ئەو گومانانەی هەبێت ، حەقیقەت ئەوەیە ئێستا بۆ کۆمەڵانی خەڵک و ئێمە و لێکۆڵەران و ڕۆشنبیران ، جۆرێک لە بێ متمانەیی لە نێوان خەڵک و لەنێوان سیاسەتمەداران و ئەوانەی کە وڵات بەڕێوەدەبەن ، یاخود سەرۆکەکانی حیزبەکانی خۆمان ، جۆرێک لە بێ متمانەیی هەیە هەمیشە و بەردەوام پێمان وایە شتێکمان لێ دەشارنەوە و ئەو شەفافیەتەی کە لە سیاسەتدا دەبێت هەبێت ، بەدی ناکەم ، حەقیقەت ئەوەیە کە لە دوای بەهاری عەرەبی لە سوریا لە ٢٠١١ بە پێچەوانەوەی وڵاتانی دیکە نەڕووخا هەر پێیداگرت و بەشار ئەسەد هەر بەردەوامی دا بە حکومەتەکەی خۆی ، جۆرێک لە سیاسەت دەستیپێکرد و جۆرێک لە سیاسەت هاتە کایەوە ، کە بەتەواوی هاوڕا و شانبەشانی یەکتر دەڕۆن لەگەڵ تیۆری موئامەرە لەگەڵ سیاسەتدا ، خودی خۆم وا بیردەکەمەوە کە لەپشت پەردە و لە دەرەوەی بیروبۆچوونەکان و چاوپێکەوتنەکانی خەڵک ، جۆرێک سیاسەتی دیکە هەیە لە پشتی دیوارەکان ، کۆمەڵانی خەڵک لێی شارەزا نین ،بەنمونە لێرەدا هەندێک نیشانە دەردەکەوێت کە مرۆڤ بیری لێناکاتەوە کە چۆن شتی وا ئەنجامدراوە چونکە لە ڕابردوودا بەو شێوەیە نەبووە ، ناتوانین بڵێین سیاسەتیش وابووە چونکە سیاسەتیش بەرەو پێش چووە ، هەموو شتێک بەرەو پێشەوە چووە ، سیاسەتیش بەرەو پێشەوە چووە ، ڕەنگی نوێی گرتووە ، بۆیە پێم وابێت ئەو گۆڕانکارییانەی لەدوای جۆرج بۆشی کوڕ باسی ڕۆژهەلاتی کردووە و کۆمەڵێک پرسیاری دانسقەی لەسەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناو مێشکماندا دێت و دەچێت بەتایبەتی بەشێکی زۆری بیری لێ دەکەمەوە کە یەکێک لەو خاڵانەی کە لەسیاسەتی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ، یەکێک لەو فاکتەرانەی کە ناتوانن فەرامۆشی بکەن کێشەی کوردە ، کە ئاشکرایە زیاتر لە سەد ساڵە لەناو دەوڵەتە نەتەوامەکانی کە لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم دروست بووە ، ئەو دەوڵەت و نەتەوانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر لە ٢٣ دەوڵەت لەسەر دار و بەردی عوسمانی دروست بوون کورد هیچی بەر نەکەوتووە ، بەڵام ماوەیەکە بەتایبەت دوای ڕاپەڕینی باشوری کوردستان ، وە هەروەها تایبەتتر لەسەر سوریا ، جۆرێک شک و گومان هەیە کە سیاسەت لەو ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زلهێزەکان وایان داڕشتبێت کە کورد ئەمجارەیان بێبەش نەبێت .
وەسەبارەت بە بەشی دووەمی پرسیارەکەتان ، کە قبوڵ ناکرێت چیتر بەو شێوەیە ٢٠ ملیۆن لە چوار پارچە، وە ئەو شەڕانەی کە کوردەکان کردیان لە بابەتی داعش بۆتە هۆکارێک کە زلهێزەکان بەجددی حسابی بۆبکەن ، وە هەسەدە توانی کێشی خۆی لەشەڕی داعشدا بە دونیا پیشان بدات کە چ ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە ئەو حکومەتی کاربەڕێکەرەش لەسوریا هەیە ، ئەو سیاسەتانەی کە ڕۆژئاوا دادەڕێژێت لەو باوەڕەدا نیم ئەو حکومەتەی کە ئەمڕۆ هاتۆتە سەر کار لە سوریا وایدەبینم شتێکی نمایشی و کاتیە ئەگەر نا کۆمەڵێک پرسیاری سەیر دێتە کایە کەسێک تاوەکو دوێنێ داعش بووە بەشێوازێکی سەیر دێتە سەرخەت و پێم وایە دەبێ کوردەکانی سوریا زۆر بە وریایی مامەڵە بکەن وە لە ڕاستیدا زۆر وردبینین .
قەندیل پرێس: بەشێک لە چاودێران ڕەخنەیان هەیە لە پەیامەکەی ڕێزدار ئۆجالان و هەروەها ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، وەکوو ئەوەیکە لە پەیامەکەی ڕێزدار ئۆجالان داوای چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات یان ئەوەیکە لە ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و حکوومەتی نوێی سووریا باسێک لە نەتەوەی کورد، زمانی کوردی و هتد نەکراوە، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
عەلی کەریمی: ئەمەش هەر دەگەڕێنمەوە بۆ جۆرێک تاریکی سیاسەتی ئەو سەردەمە چ لە کوردەکان چ لە لایەنە کوردەکان کە دوژمن یان نەتەوەیی بن ،وا دەبینرێت کە پیلانێک لەو سیاسەتەی ئاپۆ کە لە زیندانەوە ، حەقیقەت ئەوەیە کە ئاسان نییە سیاسەتی ئاک پارتی یان حکومەتی تورکیا یاخود باشتر بڵێم میتی تورکیا بکەی ، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە زۆر شت هەیە لە پشتی پەردەوە لە سیاسەتی ڕۆژئاوا ، ڕۆژئاوا پلانێکی تۆکمەی هەیە بۆ ئاڵوگۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ولاتانی عەرەبی بەتایبەتی ئیسرائیل ، وە لەوەش تایبەتتر ، لەسەر کورد ئایا هیچ پلانێک ئەوها هەیە، وەها هەیە ، زۆر جار بیرلەوە دەکەمەوە کە ئەو شتانەی کە ڕوودەدات لە دەوروبەرمان و تایبەتتر لە ٦ ساڵی ڕابردوو ، چ لە ڕیفراندۆم و چ لە دوای ڕیفراندۆم، چ ئێستاش لە ئاشتی لەگەل تورکیا و چەکدانانی پکک و هەست بەوە دەکەم ڕەوتێک بەرەو پێشەوە دەڕوات کە سیاسەتی نێو نەتەوەیی گەورە کە ئێمە زۆر لێی شارەزا نین ، بەنمونە ئەوەی لە باشوور دەیبینین، کە چەند ساڵێکە هاوپەیمانان لەهەوڵی ئەوەن هێزی پێشمەرگە بکەن بەیەک، وە هەندێک شتیش لە باشووری کوردستان یاخود ڕۆژئاوای کوردستان ڕودەدات کە بەیارمەتی هێزە هاوپەیمانەکان ڕودەدات، کە ڕونتر بڵێین سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا، ئەو یارمەتییانەی دەدرێت بە گەریلا ، پێشمەرگە، هەمووی بەئامانجی ئەوەیە هێزێکی یەکگرتوو پێکبهێنرێت ، بۆئەوەی لە دواڕۆژدا ئەگەر کورد ببێتە دەوڵەتێک ، ئەوان ئامادە بن چ لەبواری سیستەم و دام و دەزگای دەوڵەت و لەهەمووی گرنگتر لەبواری سەربازی، بە بڕوای من ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سیاسەت لە پشتەوەی پەردەکان هەیە و ئێمە ئاگاداری نین ، کە لەو چوارچێوەیەدایە کورد بگەیەندرێتە پایەیەک کە بتوانن خۆیان لەسەر پێی خۆیان بوەستن ، وە وڵاتەکەیان ئاوەدان بکەنەوە ، بتوانن خاوەن هێزێکی یەکگرتوو بن ، کە ئەگەر بێت و هێزەکانی هەر چوار پارچە لێک بدەین کورد خاوەنی سەربازییەکی بەهێزە ، ڕەنگە دوای تورکیا و ئێران لەهەموو هێزە سەربازییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە بەهێزتربن ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ڕۆژئاوا چەندین ساڵە بە هاوکاری کوردەوە دێت ، کەئەمەش ئامانجێکی لەپشتەوەیەبۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
قەندیل پرێس: چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕەشنووسی دەستووری دەورەی ڕاگوزەری سووریا بڵاو کراوەتەوە، لەو دەستوورەدا هێشتا دەوڵەتی سووریا بەناو کۆماری عەرەبی سووریا پێناسە کراوە یان ئەوەیکە سەرچاوەی یاسادانان، شەرعی ئایینی ئیسلام دیاری کراوە، ئایا حکوومەتێکی عەرەبی ئیسلامی و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا کە سیستەمێکی سکولار، دیموکرات، پارێزەری مافی ژنان و کەمینەکانە دەتوانن پێکەوە تا سەر لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا پێکەوە هاوکاری بکەن و لەگەڵ یەک بژین؟
عەلی کەریمی: سەبارەت بە ڕەشنووسی دەوڵەتی سوریا ، بەڵێ زۆر پەلەی تێداکراوە و پرس بە کەس نەکراوە ، کۆمەڵگای سوریا ئاشکرایە کۆمەڵگەیەکی فرە نەتەوەو ئایین و کەمینەی تێدایە کە دەبوو ، ڕایان وەربگیرێت کە نەکراوە بۆیە سەرناگرێت ، وە بەڕای من دەستووری سوریا زۆر پەلەی تێدا کرا و ئامانجی ئەم خێراییە چی بو ڕوون نییە، کە بە بڕوای من زیاتر پەیوەندی بە هاتنە سەرکاری ترامپەوە هەیە کە پلان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بە تایبەتی بۆ عێراق و سوریا ، ویستی ئەوەیان هەیە هەرچی زوتر ئەو پلانە ڕونەدات و لەلایەکی دیکەشەوە ئێرانی پێ بترسێنن ، و واش دیارە دەیانەوێت ئێران بەتەواوی وەلا بنرێت.
بەدڵنیاییەوە سوریا یەکێکە لەو وڵاتە هەرە گرنگانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەک لەدەریای سپی لە لایەک لەگەڵ لوبنان لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ عێراق، هیچ گومانی تێدا نییە کە لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە سوریا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ئێجگار گرنگی زۆری هەیە لە دێر زەمانەوە بەتایبەت کە هاوسنوورە لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام ئایا بەرنامەیەکی وەها هەیە ئیسرائیل ڕۆڵی سەرەکی ببینێت لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و جوگرافی لەسوریا ، وە دەبێت زۆر ورد بۆی بچین کە ئەمەش بە ئەوە ناکرێت زۆر بخوێنینەوە و زانیاری کۆبکەینەوە بەڵکو زانیاری و لۆبی دەکرێت کە بزانین سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا و دەزگا گەورەکانیان چۆن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەشکردووە ، بەڵام ئەوە هەیە کە هەر لە سەردەمی بۆشی کوڕەوە نەخشەیەک هەیە کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ئینگلیز ، وە دەبینین ترامپ لە هەوڵی ئەوەدایە ڕوسیاش بهێنێتە ناو هاوکێشەکەوە ، وە گرنگە بیرمان لای ئەوە بێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەچەند ساڵی داهاتوودا بەم جۆرەی ئێستا نامێنێت و ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و یەکێک لەوانەش کە بەر بەشێکی گرنگی گۆڕانکارییەکە دەکەون کوردەکانی سوریان .
وە ئەوەش فەرامۆش نەکەین کە سەرەڕای لۆبی و تانک و ئەنیستیتۆکانی تورکیا و لێکۆڵەران ، زۆر ترسیان لەوە هەیە کە دووبارە تورکیا دابەشبکرێتەوە و کوردەکان بگەن بە مافەکانی خۆیان وە لەگەڵ پارتەکانی تری کوردستان بەجۆرێک رێکبکەون ، کە ئەمە لەزاری لێکۆڵەران و ئەکادیمیایانی و شارەزایانی تورکیاوە دەوترێت و پشت ڕاستدەکرێتەوە ، بویە هۆکاری فشار لەسەر ئەردۆغان کە پێی بوترێت بەلەدەستدانی کورد جۆرێک لە ماڵ وێرانی بۆ تورکیا دەخولقێت و لە مەترسی دروستبونی دەوڵەتی کوردی ئاگاداریان کردۆتەوە.
قەندیل پرێس: بەڕای بەڕێزتان، پەیامەکەی ڕێزدار ئۆجالان و ڕێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و حکوومەتی ڕاگۆزەریی سووریا چ کاریگەریەکیان دەبێت لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت دەزانین پارتی ژیانی ئازادی کوردستن (پەژاک) خۆی لە چوارچێوەی تەڤگەریی ئاپۆیی پێناسە دەکات؟
عەلی کەریمی: سەبارەت بە کاریگەری پەیامەکەی ئۆجەلان ، ڕوونە کە سیاسەتەکانی ئۆجەلان لە سوریا کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر کوردی سوریا و ئێران، کە پژاک کاریگەری هەژموونی ئۆجەلانی لەسەرە ، و سوریاش بەهەمان شێوە ، وەیارمەتیدەریشیانە ئەگەر پەیامی ئاشتی سەر بگرێت ، وەهەموان لەو بڕوایەدان کە دەبێت چەک دابنرێت ، باوی نەماوە ، و کەم کەس لەگەڵ شەڕی پارتیزانی و چەک هەڵگرتنە ، وە لە ژینا ئەمینیەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خەباتی مەدەنی خەباتێکی تەواو کاریگەرە ، وە لەساڵی ٢٠٠٣ و لەگەل هاتنی ئەمەریکا بۆ عێراق و لام وایە پلانێک هەیە لە پشتی پەردەوە بۆ کورد لەتاریکیدا و هۆکاری جێبەجێ نەکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تورکیا هێزێکی گەورەی ناتۆیە و ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست حسابی بۆدەکەن و خاوەن پێگەیە لایان ،وە ئاشکرایە دوژمنی سەرەکی تورکیا کوردە ، لەکاتێکدا ئەوان داگیرکاربوون ، و لەخەمی ئەوەن هاوشێوەی سایکس بیکۆ پەرت و دابەش بکرێن ، دەزانن کە ڕۆژئاوا پلانی بئ دوبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە ، وە ڕوونە ئەگەر پارچەکانی کوردستان لێکبدرێن و دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەندرێت بێگومان کورد خاوەن ئەزموونی سەرجەم کایەکانی بەڕێوەبەردن و سەربازییە.
قەندیل پرێس