وتووێژ لەگەڵ ئازاد محەمەدیانی، دۆکتۆرای زانستە ڕامیارییەکان، شرۆڤەکاری پرسەکانی ئێران و چالاکی ڕامیاری
لە سێبەری گۆڕانکاریە خێراکان لە ناوچەکە و لەئاست نێودەوڵەتیدا، دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا، جارێکی دیکە بۆتە یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی شرۆڤەی ژئۆپۆلتیک و ناوخۆ. لەڕواڵەت دا، ئەم دانوستاندنە بەس لەبارەی سنوردارکردنی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمە، بەڵام ئاڵۆزی پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا چ لە ئاست هەرێمی و چ لەئاست ناوخۆی ئێران دا، پرسیاری سەرەکی دێنێتە گۆڕێ: چ هۆکارێک وای کردووە کۆماری ئیسلامی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بپەژرێنێت؟ پێگەی ئێران لەو سیستمەی کە لەچاو ئەمریکاوە گونجاوە چییە و چ پەیوەندییەکی لەگەڵ دەوری زلهێزە ناوچەییەکان، لەوانە تورکیا هەیە؟ لە کۆتاییدا، ئەم گۆڕانکاریانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر دۆخ و ئاسۆی هێزە ڕامیارییەکانی کورد دەبێت؟ لەم دیمانەیەدا وڵامی هەندێک لەم پرسیارانە دەدەینەوە.
قەندیل پرێس: بەڕای ئێوە، ئەو لاوازییەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مێزی دانوستاندن ڕاکێشاوە، زۆرتر گرێدراوی ڕەوابوون و ژێرخانی ناوخۆیی دەسەڵاتە یا خۆد پێگەی نێودەوڵەتییەکەی؟
د. ئازاد محەمەدیانی: ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی هەڵوێستی ئاشکرای سەرۆکەکەی ناچار بوو دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بپەژرێنێت، دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانییە. دۆخی ئابووری ناجێگیر، ناڕزایەتی گشتی بە هۆی گوشاری بژیوی ژیان و نەبوونی ئازادییە کۆمەڵایەتی و ڕامیاریەکان، هەڕەشەی بێ وێنەی ترەمپ (ورووژاندنی بژاردەی، یا دانوستاندن یا شەڕ)، گۆڕانکارییەکانی دوای 7ی ئۆکتەبەری 2023 و هێرشە بەربڵاوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەناوچەکەدا کە بۆتە هۆی لاوازبوونی پێگەی هەرێمی ئێران، هەروەها لەدەست دانی پێگە ستراتژییەکان دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد کە تاران دزەی تێکردبوون و نێزیک بوونەوە بە کاتی دیاریکراوی ئەورووپا بۆ چالاک کردنی “مکانیزمی پڵیتە”، هەر هەمووی ئەمانە بۆ دەسەڵات گوشاریان هێناوە کە لە ئەنجام دا، کۆماری ئیسلامی، وێڕای سەرئیشک بوونێک کە پێشتر هەیبوو، ناچار بوو دانوستاندن بکات. بۆیە، سێ هۆکاری سەرەکی – قەیرانی ناوخۆیی، کەمبوونەوەی دزی هەرێمی و گوشارە نێودەوڵەتییەکان – دەوریان لەم بڕیارگرتنەدا هەبوو. بە گشتی ئەمانە پێکەوە دوری کاریگەریان لە لاوازکردنی پێگەی کۆماری ئیسلامی و پەژراندنی دانوستاندن هەبووە.
قەندیل پرێس: بەڕای ئێوە، ئەو ئێرانەی باوی دڵی ئەمریکا لە دیزاینی ناوچەیی کە خەریکە گۆڕانکاری بەسەر دا دێت، ئەبێ چ تایبەتمەندییەکی هەبێ و ئەمریکا لەم دانوستاندنانەدا بەدوای بەدەست خستنی چ خاڵێکە؟
د. ئازاد محمەدیانی: وای پێدەچێت بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان و ڕازیبوونی لایەنی ئێرانی، بەتایبەت بەرپرسی فەرمی، پیشاندەری ئەوەیە کە ئەمریکا، “مافی ئەتۆمی بوونی” بۆ ئێران پەژراندووە. ئەوەی ئێستا دەکرێت لەسەری باس بکرێت، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم و یەدەگی کۆگاکراوە. لەوانەیە ئەمریکا بەدوای سەقامگیری ئاستی 3.67ی پیتاندن بێت وەک ئەوەی لە بەرجامیش هەبوو. هەڵبەت لەگەڵی ڕێکاری تاقیکردنەوەی دژوار بۆ ئەوە بزانێ ئێران ڕاست دەکات یا نا و هەروەها سنوردارکردنی یورانیۆمی پیتێندراو بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتن یا نێزیک بوونەوەی ئێران بۆ توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.
لەگەڵ ئەمەش، وادیارە ئاڵۆزترین بەشی دانوستاندنەکان، بەرنامەی مووشەکی ئێران بێت، چوونکە تێزی بەرگری کۆماری ئیسلامی لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە سەر بنەمای پەرپێدانی ئەم بەرنامەیەدایە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم بەرنامانە دەتوانن هەڕەشە بێت بۆ ئێسرائیل و ئازاردانی ئەم وڵات، بەتایبەت دوای حەوتی ئۆکتۆبر.
لەڕوانگەیەکی بەربڵاوترەوە، نیگەرانی سەرەکی ئەمریکا، هەڕەشە ئاسایشییەکانی ئێرانە لە دژی ئیسرائیل و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی. لە دیزانی گونجاو و باوی دڵی ئەمریکادا، پێویستە ئێران لە چەک دابماڵدرێت و توانای پڕچەک کردن، تواناکردنی هێزە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکە نەبێت و هاوتەریب بێت لە گەڵ ڕامیاریە ناوچەییەکانی ڕۆژئاوا و توانای هەڕەشەکردنی لە ئاسایشی وزە، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە هەرێمەکە و بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل نەبێت و ئەمە باشترین خاڵە بۆ ئەمریکا دوای 46 ساڵ لە دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی.
قەندیل پرێس: بە ڕای ئێوە، پێگەی تورکیا لە دیزاینی ناوچەیی، ئەوەی باوی دڵی ئەمریکا بێت، کامەیە و ئێران چ دەورێکی لەم نێوەندەدا هەیە؟ ئایا پەیوەندی ئەمریکا و تورکیا و هەروەها هەوڵەکانی تورکیا بۆ پەرەپێدانی ستراتژی خۆی، کاریگەری لەسەر ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران هەیە؟
د. ئازاد محەمەدیانی: ڕامیاریە ناوچەیەکانی تورکیا، لە بەراورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، جیاواز و کرداری ترە. ئەنکەرە لەڕێگای پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان لەوانە ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا، هەروەها سەقامگیرکردنی هاوسەنگی لەنێوان ڕۆژهەڵات واتە ڕووسیا و ڕۆژئاوا، توانیویە پێگەیەکی سەقامگیرتری لەناوچەکەدا هەبێت.
لەگەڵ ئەمەش، ئەبێ بزانین، پرسی نێوان ئێران و ئەمریکا ڕیشەدارتر و ئاڵۆزترە لە هاوکێشە پەیوەندیدارەکانی بواری دزەی تورکیا و ئەوەی کە سەبارەت بە بەرژەوەندی و ڕامیارییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا بوونی هەیە. بابەتی وەک ئاسایشی ئیسرائیل، گەڕەنتی ڕەوتی ئازادی وزە، کۆنترۆڵی چەلاکی باڵەکانی ئێران لە هەرێمەکە، نیگەرانی سەرەکی واشنگتۆنن.
هەرچەندە ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد بووە هۆی بەهێزبوونی پێگەی تورکیا، بەڵام لەهەمان کاتدا، پاڵپشتی ئەمریکا و ئەورووپا لە هێزە کوردییەکان لە سوریا و جەخت لە سەر پاراستنی سەروەری ناوچە کوردنشینەکان و پێداگری لە سەر بەدی هاتنی مافی هاوڵاتیبوونیان لە دەسەڵاتی نوێ دا، ئاستنگێکن بۆ بەدی هاتنی تەواوی ئارمەنجە ژئۆپۆلتیکەکانی تورکیا. لە ئەنجام دا، پێگەی تورکیا لە دیزاین و سیستمی هەرێمی، ئاڵۆزی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر دەستپێکردنەوەی ئێران و ئەمریکا، زۆر تۆخ نییە.
قەندیل پرێس: بۆ ئەنجامی دانوستاندنەکان، سناریۆی زۆر هەن. بە ڕای ئێوە، کاریگەری ئەم سناریۆانە لەسەر پرسی کورد چییە؟ بە تایبەت لە دوو پێگەی قەیرانی: یەکەم، سەقامگیربوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دوای ڕێکەوتن لە گەڵ ئەمریکا، دووەم، پیشان دانی ئاڵۆزی و پێکدادانی سەربازی و هاتنە ئاراوەی بۆشایی دەسەڵات. بە ڕای ئێوە، پارتە کوردییەکان چ کاردانەوەیەکیان دەبێت، کاتێک کە ڕووبەڕووی وەها دۆخیک ببنەوە؟
د. ئازاد محەمەدیانی: گەر دانوستاندنەکان بگاتە ئەنجام و ڕێک بکەون، بەدڵنیاییەوە بەشێک لە گەماروەکان هەڵدەگێردرێت. لەوانەیە بەڕێژەیی، باشتربوونی دۆخی ئابووری و بەهێزبوونی ڕیاڵی لەگەڵ دا بێت. ئەم گۆڕانکاریە دەتوانێت ببێتە هۆی بووژانەوەی چینی مام ناوەندی کە لەم چەند دەیەی دوایدا، زۆر لەژێر گوشار بوو. بۆیە، بە کرانەوەی ڕێژەیی کەشی ڕامیاری و کرانەوەی هەلی چالاکی سڤیل، ڕەوتی پەرەسەندوویی کۆمەڵگای سڤیل لە کوردستانش جێگیر دەبێت. لەم دۆخەدا، وردبوونەوە لەسەر شووناس، مافی سڤیل و داوکاری ڕێکخستن کراوە، دەتوانێت پێکهاتەیەکی ڕێکخستن کراوتر بۆ کەشی ڕامیاری کوردستان بێنێتە کایەوە.
بەڵام لە سناریۆی دووەم، واتە ڕوودانی شەڕ یا پێکدانی سەربازی، ناکرێرێت چاوەڕوانی دۆخێکی هاوشێوەی ئێڕاق لەساڵی 2003 دا بین. گەر هێرش بکرێت، لەوانەیە ئارمانجی سەرەکی بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بێت؛ بەو هیوایەی کە کۆماری ئیسلامی، گۆڕانی قووڵی و بناخەیی لەناوخۆیدا ئەنجام بدات.
گەر ئەم دۆخە ببێتە هۆی ڕووخانی دەسەڵات و بۆشایی هێز بێتە ئاراوە، ئەوە بە پێچەوانەی ناوەندی ئێران کە هێشتا جێگرەوەی ڕامیاری نییە، لە کوردستان پێهکاتەی پارتە ڕامیارییەکان، دەتوانن دەوری جێگرەوە بگێڕن. سەرکەوتنی ئەم دۆخە گرێدراوی هۆکاری زۆرە کە گرنگترینیان هاوەئاهەنگی لەنێوان هێزە کوردیەکان و پێکهاتنی نوێنەرایەتییەکی ڕامیاری یەکگرتوو لەبەرانبەر ناوەندە. لەم حاڵەتەدا، کوردستان دەتوانێت یا ببێتە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەیەکی دێمۆکراتیک و گەشەسەندوو، یا خود بە هۆی نەبوونی هاوئاهەنگی و شەڕی ناوخۆیی، دەبێتە هەرێمی قەیراناوی؛ ئەم حاڵەتەی دووەم دەتوانێت بیانوویەک بێت بۆ گەڕانەوەی پاوانخوازی بۆ ئێران.
قەندیل پرێس