قەندیل پرێس –وتووێژ
وتووێژی تایبەتی قەندیل پرێس لەگەڵ محەمەد زەکی ئیرمەز، پەرلەمانتاری پارتی دەم (DEM).
لە پەراوێزی پەرەسەندنە سیاسییەکانی باکووری کوردستان و پەیامە جەماوەرییەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، ئاژانسی “قەندیل پرێس” گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ محەمەد زەکی ئیرمەز، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM Party) ساز دەکات. لەم چاوپێکەوتنەدا، ئیرمەز تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ڕێکخستنی ناوخۆیی کورد و کاریگەریی ململانێ هەرێمییەکان لەسەر ئاسۆکانی چارەسەری دیموکراتی لە تورکیا.
قەندیل پرێس: وەک پەرلەمانتارێکی پارتی دەم، ئێوە شکۆ و قەرەباڵغی نەورۆزی ئەمساڵی باکووری کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا ئەمە پەیامێکی سیاسی نوێ بوو بۆ ناوخۆی تورکیا و ڕای گشتی نێودەوڵەتی؟
محەمەد زەکی ئیرمەز: بە ساڵانە نەک تەنها لە باکوور، بەڵکو لە هەر چوار پارچەی کوردستان نەورۆز بە جۆش و خرۆش و بەشداریی سەدان هەزار کەس پیرۆز دەکرێت. وەک ئاماژەتان پێدا ئەمساڵ لە باکووری کوردستان جەژنی نەورۆز بە جۆشێکی گەورە و ئامادەبوونی جەماوەرێکی بێشومار پیرۆز کرا. ئەم پیرۆزباییانە لە هەموو گوند، ناوچە و شارەکاندا ڕەنگی دایەوە و هەموو چین و توێژەکان لە گۆڕەپانەکاندا بوون.
پەیامی گەل ڕوون و ئاشکرایە. ئەم پەیامانە بۆ تورکیا و ڕای گشتی نێودەوڵەتی نوێ نین، بەڵام بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، کاریگەری ئەم پەیامانە لەسەر سیستمەکان زیاتر دەبێت. گەلی ئێمە بە یەکدەنگ داوای ئازادی، مافە گەردوونییەکان و دیموکراسی کرد، هەروەها بۆ داواکردنی یەکێتییەکی دیموکراتیی کورد ڕژایە سەر شەقامەکان. ئەم پەیامە نەک تەنها بۆ باکوور، بەڵکو بۆ هەر سێ پارچەکەی تریشە.
قەندیل پرێس: ئایا ئەم جۆش و خرۆشە جەماوەرییە دەبێتە فشارێک کە حکومەت ناچار بکات بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پرۆسەی ئاشتی؟
محەمەد زەکی ئیرمەز: تا ئێستا حکومەتی تورکیا و بەڕێز ئۆجەلان بە فەرمی نەچوونەتە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستانە دیموکراسییەکان. ڕاستە جاروبار ئاستەنگ دروست دەبێت، بەڵام پرۆسەکە بەرەو پێش دەچێت. بێگومان، خاوەنداریکردنی گەلەکەمان لە جەژنی نەورۆز و پشتیوانی گشتی گەل بۆ پرۆسەکە، دەبێتە سەرچاوەی فشار بۆ سەر حکومەت. ئەم هەڵوێستە بڕیاردەرانەیە حکومەت ناچار دەکات و دەوڵەت هەنگاوێک دەنێت. ئەم هەنگاوانەش بەو مانایە نین کە کێشەی کورد بە تەواوی چارەسەر دەبێت، بەڵکو لە ئاستی دانوستانە دیموکراسییەکاندا، گەلی کورد هەرچەندە ڕێکخراوتر و یەکگرتووتر بێت، دەستکەوتەکانیشی گەورەتر دەبن.
قەندیل پرێس: پەیامی سیاسی نەورۆزی ئەمساڵ، تا چ ئاستێک وەک دەسپێشخەرییەکی نوێ بۆ زیندووکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی هەژمار دەکرێت؟
🔻 محەمەد زەکی ئیرمەز: بۆ گەلی کورد هەمیشە پەیامەکانی نەورۆز گرنگییەکی زۆریان هەبووە. ساڵانە پەیامی هەرە سەرەکی هەمیشە “ئازادی” بووە. پەیامەکانی نەورۆزی ئەمساڵ هێز بەو پرۆسەیە دەبەخشن کە لە تورکیادا بەڕێوە دەچێت و دەبێتە هۆی ئەوەی خێراتر هەنگاو بنێت. ئەو هەڵوێستە بڕیاردەرانەی گەلەکەمان بۆ ئازادی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و جۆش و خرۆشی نەورۆز، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر پرۆسەکە دەبێت. پێویستە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، گەلەکەمان بە مەشخەڵەوە بڕژێنە سەر شەقامەکان و جەژنی نەورۆز بە شێوەیەکی جەماوەری پیرۆز بکەن.
قەندیل پرێس: ئێوە وەک فراکسیۆنی پارتی دەم لە ناو پەرلەمانی تورکیادا، چ پلانێکی کرداریتان هەیە بۆ ئەوەی داخوازییەکانی گەل لە نەورۆزدا بگوازنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆی فەرمی؟
محەمەد زەکی ئیرمەز: ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەماندا پێکهێنراوە کارەکانی خۆی تەواو کردووە و ڕاپۆرتەکەشی بڵاوکراوەتەوە. ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە ئەو پێشنیارانەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوون بە خێرایی ببنە یاسا. کارەکانمان لەم بوارەدا بەردەوامن. دوای ئەوە، باس لەوە دەکرێت چ یاسایەکی پێویست لەسەر بنەماکانی هاوڵاتیبوونی یەکسان هەبێت و چۆن گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. ئێمە بە هەستیارییەوە پرۆسەکە بەڕێوە دەبەین و دڵنیایین تێکۆشانمان بۆ ئازادی گەلی کورد و دیموکراسی تورکیا، بە سەرکەوتن کۆتایی دێت.
قەندیل پرێس: زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، چ مەترسییەک لەسەر ئارامی باکووری کوردستان و دۆزی کورد بەگشتی دروست دەکات؟
محەمەد زەکی ئیرمەز: شەڕ و پێکدادان لە هەر شوێنێکی کوردستان بێت، زۆرترین زیان بە کورد دەگەیەنێت. ئێمە هەموو پێشهاتەکان لەم ڕوانگەیەوە دەبینین. دەوڵەتی تورکیاش تێگەیشتووە کە بە شەڕ و سیاسەتی ئەمنی ناتوانێت کێشەی کورد چارەسەر بکات، هەر بۆیەشە ئەمڕۆ لە ناو پرۆسەی دیالۆگداین.
ئێمە دەزانین گۆڕانکارییە دیموکراتییەکان چیتر بە شەڕ نا، بەڵکو بە سیاسەت و ڕێگەی دیالۆگ دەکرێن.
لە ناو ئەم ئاڵۆزییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەبێت کورد یەک ئامانجی هەبێت؛ دروستکردنی یەکێتییەکی دیموکراتی و مسۆگەرکردنی ئازادییەکەیان بە ستاتۆیەکی سیاسی و یاسایی.
قەندیل پرێس: ئایا ستراتیژێکی دیپلۆماسی هەیە کە دۆزی کورد لە باکوور نەبێتە قوربانی ئەم شەڕە هەرێمییانە؟
محەمەد زەکی ئیرمەز: ئێمە باش دەزانین کە دەوڵەتەکان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەجوڵێنەوە. ستراتیژی سەرەکی کوردانی باکوور ئەوەیە کە ئاشتی و دیموکراتیزەبوون پێکه بێت و ڕێکخستنی گەل زیاد بکات. پێویستە لەسەر بنەمای ئاشتی و یەکسانی، پەیوەندی و دیدارە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان زیاتر بکرێن. بۆ ئەمەش، دروستکردنی یەکڕیزی لە نێوان کورداندا مەرجێکی سەرەکی و حەتمییە.
قەندیل پرێس