شەماڵ بەشیری: ئەم فایلە دەنگییە کرا بە بۆمبێک بۆ ئەوەی ناوەندی دیالۆگی پێ بتەقێندرێتەوە

شەماڵ بەشیری، شرۆڤەکاری سیاسی، لەوتووێژ لەگەڵ قەندیل پرێس دەڵێت: “دەستی دەزگای پاراستن لە رێگای عەلی عەونی لەو دۆخەدایە. بەپێی زانیارییەکانی من، دەزگای پاراستن لە رێگای عەلی عەونییەوە لە پشت بڵاوکردنەوە و بەرۆژەڤ کردنی ئەم فایلەیە. ئەگەر ناوەندی دیالۆگ، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە ساز بکات، دەتوانێت لایەنە شاراوەکانی پشت ئەم دۆخە بەباشی ببینێت و ئاشکرا بکات. سمایل شەڕەفی وەک ئەندام و بەرپرسێکی حیزبی دیموکرات کراوەتە قوربانی و بۆ یەکەم جار لە رێگای ئەوەوە ئەم بابەتە کراوەتە رۆژەڤ.”

قەندیل پرێس: لە ڕۆژانی ڕابردوودا فایلێکی دەنگی بەڕێز ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

شەماڵ بەشیری: ئەم دۆخەی هاتۆتە ئاراوە، دۆخێکی تراژێدیکە و زۆر ناتەندروستە. چونکە لە کاتی قەیراندایە کە ئاستی تەندروستی ژینگەی سیاسیی-کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت. ئەم دۆخەی هاتۆتە ئاراوە هەم گوزارە لە ناتەندروستی ئەو ژینگەیە هەم لاوازی کولتور و هۆشیاریی سیاسیی سۆشیال میدیای کوردی ئێرانیی لە دیاسپۆرا و هەم لاوازی حیزبەکان لە مودیریەتی قەیراندا دەکات. ئەگەر ئەم سێگۆشەیە لە دۆخێکی تەندروست و کارا دابان، دەتوانرا ئەم دۆخە زۆر جیاوازتر چارەسەر بکرێت.
لێرەدا بەپێویستی دەزانم کە ئاماژە بەوە بکەم کە من بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لەو جۆرە مێژوو و مێژووگێرانەوەیە ناکەم کە هاوسەرۆکی پەژاک کردوویەتی. ئەو جۆرە مێژوونووسین و گێڕانەوەی مێژوو، نەک هەر لە سۆنگەیەکی تەنگی ئیدئۆلۆژیکەوەیە، لەهەمانکاتدا هیچ بنەمایەکی زانستیشی نییە و لە ئەنجامدا ناتوانێت لێگەرینی دروستی مێژوویی بۆ کادیر و وڵاتپارێز دەگەڵ خۆیدا بێنێت. بەڵام من لەو بڕوایەدا نیم کە ئەو دۆخەی هاتۆتە ئاراوە، دەرئەنجامی بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییە بێت. بەپێچەوانەوە، ئەو فایلە دەنگییە زیاتر لە ١٥ ساڵە لە دەیان کاناڵی کراوەی تێلێگرامدا بڵاو بۆتەوە و زۆر ئاشکرا لەبەردەستان بووە. کەواتە بۆچی ئەم فایلە وەک ئاشکرابوونی نهێنییەکی گەورە بە کۆمەڵگای کوردی دەفرۆشترێتەوە؟ وەڵامەکەی هاسانە. ئەم فایلە دەنگییە کرا بە بۆمبێک بۆ ئەوەی ناوەندی دیالۆگی پێ بتەقێندرێتەوە. ئێستاکە بۆمبەکە تەقێندراوەتەوە بەڵام دیار نییە کە چ بەسەر ناوەندی دیالۆگ هاتووە.
ئەوەی گرینگە لێرەدا وەک زانیاری باسی لێوە بکرێت ئەوەیە کە دەستی دەزگای پاراستن لە رێگای عەلی عەونی لەو دۆخەدایە. بەپێی زانیارییەکانی من، دەزگای پاراستن لە رێگای عەلی عەونییەوە لە پشت بڵاوکردنەوە و بەرۆژەڤ کردنی ئەم فایلەیە. ئەگەر ناوەندی دیالۆگ، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە ساز بکات، دەتوانێت لایەنە شاراوەکانی پشت ئەم دۆخە بەباشی ببینێت و ئاشکرا بکات.  سمایل شەڕەفی وەک ئەندام و بەرپرسێکی حیزبی دیموکرات کراوەتە قوربانی و بۆ یەکەم جار لە رێگای ئەوەوە ئەم بابەتە کراوەتە رۆژەڤ. سەرەتا حیزبی دیموکرات هەوڵ دەدات ئەو دۆخە لە رێگای کاناڵەکانی پەیوەندی دەگەڵ پەژاکدا تاوتوێ بکات. بەڵام بابەتەکەی سمایل شەڕەفی مودیریەتی ئەو قەیرانە لە دەستی حیزبی دیموکرات دەردێنێت و وەک ئەمری واقع بەسەر حیزبی دیموکراتیدا دادەسەپێنن. کاتێک دەزگای پاراستن و عەلی عەونی لەو بوارەوە دەتوانن کادیر و ئەندامانی حیزب وەک کارتی گوشار بەکار بێنن، حیزبی دیموکرات لە ئاست ناوەندێکی زۆر نزمدا واتە ”ناوەندی ئیداری” لێدوانێک دەدات. ئەمە نیشان دەدات کە ئەو بابەتە زۆر بۆ حیزبی دیموکرات گرینگ نەبووە هەر بۆیە لەسەر ناوی کۆمیتەی مەرکەزی یاخود دەفتەری سیاسی لێدوانیان نەداوە. لە راستیدا ئەوەیکە گرینگە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە حیزبی دیموکرات لەو یارییەدا وەک بارمتە گیراوە و مەجبووری دۆخێک بووە کە زۆربەی ئەندامانی سەرکردایەتی و بەتایبەتی شەخستی مستەفا هیجری هەتا ئێستاکەش لەو دۆخە ناڕازیین و لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆخەدان. لێرەدا گرینگە کە دەستخۆشی لە بەرێز هیجری بکرێت. بەڵام ئەو لایەنەی کە هەتا ئێستاکە زۆر بە بەرپرسیارێتییەوە جوڵاوەتەوە کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستە و لەناویشیاندا شەخسی کاک سەید برایم و کاک عادڵ ئەلیاسییە کە من وەک خۆم دەستخۆشییان لێدەکەم.
لە کۆتاییدا گرینگە کە رەخنە لە لێدوانە لاوازەکەی پەژاکیش بگرین. ئەو لێدوانەی پەژاک نەک هەر سیاسیی و بەرپرسیارانە نەبوو، بەپێچەوانەوە نیشانیدا کە پەژاکیش لە مودیریەتی ئەو قەیرانەدا ناسەرکەوتوو بووە. هیوادارم ئەو هەوڵانەی کە ئێستاکە بۆ هێوەرکردنەوەی ئەو دۆخە لە ئارادایە سەرکەوتوو بێت و ناوەندی دیالۆگ بتوانێت بەزووترین کات لەسەر مودیریەتکردنی ئەم دۆخە کۆببێتەوە.

قەندیل پرێس: هندێک زانیاری بڵاوکراوەتەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەشێکی زۆر لە گەریلاکانی خۆی لەسەر سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان جێگیر کردووە، تەنانەت تۆنێلێکی زۆریشیان لێداوە، خوێندنەوەی جەنابتان لەمبارەوە چییە؟

شەماڵ بەشیری: ئەمە شتێکی ئاساییە. ئەگەر پەکەکە هێزەکانی بۆ قەندیل و سەر سنووری رۆژهەڵات نەگوازێتەوە، بۆ کوێیان بگوازێتەوە؟ ئەو هەرێمە لە ساڵی ١٩٩١ەوە لە ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە دایە و لە هەموو قۆناخەکانی ئاشتی لە رابردوودا، پەکەکە هێزەکانی خۆی لەو هەرێمەدا کۆکردۆتەوە. ئەمە بەشێکە لەو قۆناخەی کە ئێستاکە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا لە ئارادایە. زۆر گرینگە کە پەکەکە لەو شوێنانەی ئەگەری پێکدادان هەیە، هێزەکانی خۆی بگوازێتەوە بۆ شوێنێک کە ئەمینترە.
لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو گرژییەی کە ئێستاکە لە دەرئەنجامی بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگی هاوسەرۆکی پەژاکدا هاتۆتە ئاراوە، ترس و دڵەڕاوکێی هیندێک لایەن لەمەڕ کۆکردنەوەی هێزەکانی پەکەکە لەسەر سنووری ئێران بێت. من لەو بڕوایەدا نیم کە ئەو بابەتە لەو ئاستەدا بێت کە هیندێک لایەن لێی بترسن و ئەمە وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆیان تەماشا بکەن.

قەندیل پرێس: ڕاوبۆچوونێک هەیە کە ئێستا کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە ڕێبەریی دەکرێت و حیزبەکان ڕۆڵی پێشەنگایەتی جارانیان نەماوە، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟

شەماڵ بەشیری: بەهێزبوونی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان، رەمزی سەرکەوتنی شۆڕشی ئازادی و دیموکراسیی لە کوردستان و ئێراندایە. خۆشبەختانە رۆژانە گەشەسەندێکی زۆر لەو بوارەوە لە کوردستاندا بەدی دەکەین. بەڵام بە هەڵەدا چووین ئەگەر پێمان وابێت کە کۆمەڵگای مەدەنی دەتوانێت لە دۆخی هەنووکەییدا رۆڵی حیزبەکان لاواز بکات. کۆمەڵگای مەدەنی دەبێت وەک ئاڵتەرناتیڤی حیزبەکان پێشبکەوێت و لەو بوارەشدا رادیکاڵتر لە ئێستاکە بجوڵێتەوە. لەوەدا گومان نییە کە حیزبەکان خۆیان لە قەیرانی جدیی دان. هەر وەک لەسەرەوەدا باسمان کرد، ئەو روداوانەی کە لەم دواییانەدا روویانداوە رۆڵی سەنگی محەک دەبینن لە هێز و تواناکاریی و خوڵقکاریی حیزبەکان لە کاری سیاسیی و رێکخستنیدا. لەو بڕوایەدام کە لە مێژووی ٤٥ ساڵی رابردوودا هیچ کات وەک ئێستا حیزبە کوردییەکانی کوردستانی ئێران، لاواز و لە قەیراندا نەبوون. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، حیزبەکان دۆست و لایەنگر و بەو پێیەش پێگەی خۆیان لەناو خەڵکدا هەر ماوە.

قەندیل پرێس: زۆرێک لە شرۆڤەکاران لەسەر ئەو باوڕەن کە خۆلێکی دیکەی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕوودەدات، بە ڕای بەڕێزتان ئەم شەڕە ڕوودەدات؟ لە ئەگەری ڕوودانیدا ئایا دەرفەتێک بۆ هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات دەرخسێت کە بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن؟

شەماڵ بەشیری: گەورەترین تەهدید لەسەر ئێران، نە ئیسرائیلە نەک ئۆپۆزیسیۆن. داڕمانی پێکهاتەکانی ئیستخباراتی و ئەمنییەتی، قەیرانی مودیریەتی سەرچاوە سروشتییەکان، وشکەساڵی و لە ئەنجامیدا قەیرانی ئاو و نەبوونی کارەبا، گرانیی و بێکاریی گەورەترین مەترسییەکانی سەر رژێمی کۆماری ئیسلامین. ئەگەر ئەوانە نەبنە هۆکاری روخانی رژێم لە ساڵی داهاتوودا، دڵنیام شەڕ و پێکدادانەکانی ئێران و ئیسرائیل سەرلەنوێ تۆخ دەبنەوە. لەوانەیە ئەو جارە شەڕەکە لە چەشنی شەڕی ١٢ رۆژە نەبێت و رەهەند و سیمای جیاوازتر بەخۆیەوە بگرێت.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “فەرزین کەرباسی” شرۆڤەکاری سیاسی لە بارەی دوایین دۆخ و ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

پرسیاری یەکەم: لە ڕۆژانی ڕابردوودا فایلێکی دەنگی بەڕێز ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *