وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ دکتۆر هاشم زێباری، مامۆستای زانکۆی جیهان و سیاسەتمەداری کورد، لەبارەی کاریگەری داخستنی گەروی هۆرمز لەسەر بازاری نەوتی ئێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها کێشەکانی نێوان هەلێر و بەغداد.
قەندیل پرێس: لە کاتێکدا ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی سەربازیی گەورەدایە، پرسی نەوت و ڕێڕەوەکانی هەناردەکردن بوونەتەوە بە ڕۆژەڤی سەرەکی. ئایا ڕاستە کە دەوترێت ئێستا کلیلی ڕزگارکردنی ئابووری عێراق لە دەستی هەولێردایە؟
دکتۆر هاشم زێباری: زۆر سوپاس. بەڵێ، ئەگەرچی پێشتر وێنای ئەوە دەکرا کە هەرێمی کوردستان لە پرسی نەوتدا دەستبەستراوە، بەڵام هاوکێشە نوێیەکان پێمان دەڵێن دۆخەکە گۆڕاوە. بێگومان ئەو کێشەیە و ڕاگرتنی ناردنەدەرەوەی نەوت لەو ڕێڕەوە دەریاییەی کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، وا دەکات نەوتی هەموو وڵاتانی ناوچەکە تووشی کێشە ببێت. عێراق وڵاتێکە کە 95%ی داهاتەکەی پشت بە نەوت دەبەستێت و ڕۆژانە نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی هورمزەوە ڕەوانە دەکات. لە ئەگەری داخرانی ئەم گەرووە، عێراق ڕووبەڕووی شۆکێکی کوشندە دەبێتەوە کە نەک تەنها پڕۆژەکان، بەڵکو توانای دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانیشی نامێنێت. لێرەدا دەرگای بەدیل و ئەڵتەرناتیڤ بۆ عێراق زۆرن، بەڵام تەنها یەک دەرچەی ڕاستەقینەی فریاکەوتن هەیە، ئەویش بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەندەری جیهانی تورکی.
قەندیل پرێس: عێراق چۆن دەتوانێت ئەم بژاردە سەختانە تێپەڕێنێت؟ ئایا ڕێگەی تری لەبەردەمدا نییە؟
دکتۆر هاشم زێباری: عێراق هەموو هەوڵێک دەدات چەند ڕێگەیەکی جێگرەوەی هەبێت؛ چ ڕێگەی بەندەری کەرکووک – جەیهان کە بە هێڵە بۆرییەکانی هەرێم دەناسرێت، یان لە ڕێگەی ئوردنەوە بۆ کەنداوی عەقەبە. هەرچەندە پێشتریش هەوڵ هەبووە ڕێگەی تر هەڵبژێردرێت، وەک بەندەری بانیاس لە سووریا، بەڵام بەهۆی نائارامی سووریاوە ئەو ڕێگەیە کاری پێ نەکرا. کێشەکە ئەوەیە عێراق دەتوانێت لە دەریاوە سێ ملیۆن بەرمیل هەناردە بکات، بەڵام ئێستا ئەو شیان و توانایەی نامێنێت کە بە ڕێگەی وشکانی ئەو ڕێژە زۆرە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکات. بۆیە ئێستا بەغدا لە هەوڵی ئەوەدایە وەک حاڵەتێکی تەنگاوی، لانی کەم ڕۆژانە 200 تا 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکانی هەرێمەوە هەناردە بکات.
قەندیل پرێس: باس لە مەرجەکانی هەولێر دەکرێت بۆ کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە، ئەم مەرجانە چین و بۆچی حکومەتی هەرێم توندە لەسەریان؟
دکتۆر هاشم زێباری: هەولێر ئەمجارە بە مەرجی قورسەوە چۆتە سەر مێزی گفتوگۆ. یەکێکیان هەڵگرتنی گەمارۆی دۆلارە لەسەر بازرگانانی هەرێم، ئەوی تریان ڕێککەوتنە لەسەر سیستەمی “ئەسکودا” (Asycuda) بەشێوەیەک کە مافە داراییەکانی هەرێم پارێزراو بێت. حکومەتی هەرێم تا ئێستا بە تەواوی ڕازی نەبووە چونکە دەیەوێت ئەمە وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنێت. لایەنێکی سەرەکی لە نێو حکومەتدا، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، هەوڵ دەدات بەرژەوەندییەکانی خۆی و کۆمپانیاکانی بسەپێنێت. لێرەدا کێشەیەک هەیە؛ لە هەموو وڵاتاندا هێڵی بۆری تابیعی دەوڵەتە، بەڵام لە هەرێم ئەم هێڵە لە لایەن کۆمپانیای “کار” و “ڕۆسنەفت”ەوە دروست کراوە و پارەیەکی زۆر وەردەگرن بەرامبەر گواستنەوەی هەر بەرمیلێک. ئەم مەرجانە زیاتر بەرژەوەندیی حزبی و کۆمپانیای تێدا ڕەچاو کراوە نەک بەرژەوەندیی میللەت، هەرچەندە ڕەوشی دارایی وەها دەخوازێت کە بەرژەوەندییەکی هاوبەش هەبێت بۆ گەرەنتی کردنی مووچە.
قەندیل پرێس: تەنگژەی ئەمنی و هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێم چۆن کاریگەری لەسەر ئەم هاوکێشە ئابوورییە دەبێت؟
دکتۆر هاشم زێباری: ئەمە پارادۆکسێکی سەیرە. بەغدا لە لایەک داوای “ڕێڕەوی ڕزگاربوون” لە هەرێم دەکات، لە لایەکی تریشەوە ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەو گرووپە چەکدارانە بکات کە هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێم دەکەن. ئەگەر بەغدا سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دانەنێت، وەڵامی هەرێم بۆ داواکارییە ئابوورییەکانی عێراق زۆر قورس دەبێت. من وەک ئابووریناسێک دەڵێم، ناکرێت تۆ داوای هاوکاری لە لایەک بکەیت و لە هەمان کاتدا ڕێگە بدەیت هێرشی بکرێتە سەر.
قەندیل پرێس: لە کۆتاییدا، پاشەڕۆژی بڕیارە یاساییەکانی دژی نەوتی هەرێم بە چی دەگات ئەگەر جەنگ ڕوو بدات؟
دکتۆر هاشم زێباری: دەرەنجامەکە ڕوونە؛ ئەگەر گەرووی هورمز دابخرێت، هەموو ئەو بڕیارە یاسایی و سیاسییانەی پێشتر دژی نەوتی هەرێم و بۆرییەکەی درابوون، وەک بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، لەبەردەم بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەت و مەترسیی بڕانی مووچەدا دەبنە بڵقی سەر ئاو و دەبێت هەڵوەشێنەوە. لێرەدا دەبێت ئاماژە بە ڕۆڵی خراپی تورکیاش بکەین کە دەیەوێت بە فشارەکانی لەسەر هەرێم، تەنها بەرژەوەندییەکانی خۆی بسەپێنێت.
پێویستە حکومەتی هەرێم بڕیارێکی بوێر بدات کە بەرژەوەندی خەڵک و مووچەخۆران لەسەرووی هەموو شتێکەوە بێت، چونکە ئەگەر عێراق تووشی تەنگژەی دارایی بێت، بێگومان کاریگەرییەکی وێرانکەری لەسەر هەرێمیش دەبێت.
قەندیل پرێس