جەبار یاوەر بۆ قەندیل پرێس: پێشبینی دەکەم بەهۆی گەورەیی شەڕەکە و نەبوونی پلانێکی پێشوەختە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەتوانن بەشداریی زەمینی بکەن، چونکە زیانی گەورەیان پێدەگات

قەندیل پرێس – وتووێژ

وتووێژی دامەزراوەی میدیایی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەرێز جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و پسپۆڕی بواری سەربازی و جیۆسیاسی لەبارەی؛ کاریگەری جەنگی ئێران و ئیسرائیل- ئەمریکا لەسەر باشوری کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە و ئاییندەی ململانێکان.

قەندیل پرێس: بەپێی خوێندنەوەی بەڕێزتان، ئایا ئاراستەی ململانێی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) بەرامبەر بە (ئێران) بەرەو پەرەسەندنی زیاتر دەچێت، یان فشارەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگن؟ بەتایبەت کاتێک باس لە داخستنی گەرووی هورمز و کاریگەرییە کارەساتبارەکانی لەسەر ئابووری جیهان دەکرێت؟

جەبار یاوەر: بەڵێ، فشارەکان ڕوو لە زیادبووندایە، لەناوخۆی ئەمریکا ناڕەزایەتی پەیدابووە و هەندێک لە لێپرسراوی باڵا دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە ترەمپ کردووە. ئەو ناڕەزاییانە بەرامبەر بە ناڕوونی ئامانجی گشتی ئەم شەڕە و پرس نەکردنی سەرۆکی ئەمریکایە لە کاتی دەستپێکردنی ئەم شەڕەدا.
جگە لەوەش، کێشەی هەم گەرووی هورمز و هەم کێشەی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە هەیە، بەتایبەتی بەندەرەکانی ئەو وڵاتانەی ناوچەی کەنداو کە بۆ بەڕێکردنی پەترۆڵ بەکاردێن. هەروەها وەستانی هەندێک وڵات لە بەرهەمهێنانی گاز یان بە ئامانجگرتنی ئەو کارگانەی گاز بەرهەم دەهێنن، بووەتە هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی گاز بە ڕێژەی ٣٠٪ لەم ڕۆژانەدا لە ئەوروپا و هەر بەرەو بەرزیش دەڕوات. گەیشتنی نرخی بەرمیلێک پەترۆڵ بۆ ١١٥ دۆلار، کێشەیەکی یەکجار گەورەی لە وڵاتانی ئەوروپا دروست کردووە. زۆربەی وڵاتانی ناتۆش نەچوونە ژێر هاوپەیمانێتی ئەمریکا بۆ ناردنی هێز یان گرتنی گەرووی هورمز، کە ئەمەش فشارێکی ترە. ئەو زیانە ئابوورییە گەورەیەی لە وڵاتانی کەنداودایە و دیارنەبوونی کاتی کۆتاییهاتنی شەڕەکە، هۆکارن بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل تا وردە وردە شەڕەکە ڕابگیرێت.

قەندیل پرێس: لە ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگ و هێرشەکان بۆ سەر ئێران، پێشبینی دەکەن دۆخی ئەمنی و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەگشتی بەرەو چ ئاراستەیەک بڕوات؟

جەبار یاوەر: ئەم جەنگە ڕۆڵ و کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەبووە لەسەر تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە بە شێوازێکی گشتی، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی نزیکن لە ئێران وەک وڵاتانی کەنداو (عومان، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، کوێت و سعوودیە) و تەنانەت ئوردنیش. عێراقیش بە هەمان شێوە، چونکە سنوورێکی دوورودرێژی هەیە کە زیاتر لە ١٥٤٠ کیلۆمەترە لەگەڵ ئێراندا، ئەوەش بووەتە هۆی ناسەقامگیرییەکی ئاسایش لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستانیش.
کۆمەڵێک گرووپی بەناو مقاوەمەی ئیسلامی هەن کە لە یاسا دەرچوون و بنکەکانی ئەمریکا بە ئامانج دەگرن، ئەمریکاش بارەگاکانی ئەوان دەپێکێت، ئەمەش وایکردووە ناوچەکە لەژێر هەڕەشەی بەردەوامدا بێت. جگە لەوەش، ئاسمانی ناوچەکە بووەتە جێی تێپەڕبوونی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و موشەک و درۆنەکانی ئێران. ئەمە بووەتە هۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان و زیانی گەورەی ئابووری و کێشەی هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان. بێگومان بەردەوامبوونی ئەم شەڕە سەقامگیری ئاسایش زیاتر تێکدەدات.

قەندیل پرێس: دوای کوژرانی ڕێبەر و ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی ئێران، ئایا تاران هێشتا توانای مانۆڕ و “موقاوەمە”ی سەربازیی کاریگەری ماوە لە بەرامبەر تەکنەلۆژیا و هێزی ئەمریکا و ئیسرائیلدا؟

جەبار یاوەر: والله شێوازی حوکمڕانی ئێران زۆر ئاڵۆزە و وەک وڵاتانی تر نییە کە فەردی بێت؛ کۆمەڵێک ئەنجومەن و هێزی جۆراوجۆری وەک ئەرتەش، بەسیج، سوپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکان هەن. سەڕەڕای کوژرانی فەرماندە باڵاکان و تەنانەت ڕێبەری باڵا لە ٢٨ی مانگدا، بینیمان تەنها دوای دوو کاتژمێر ئێران دەستی کرد بە تۆڵەسەندنەوە و بۆردومانکردنی ناوچەکانی کەنداو و ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا.
بە پێچەوانەی پێشبینییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە دەیانگوت شەڕەکە لە ٣ بۆ ٤ ڕۆژدا کۆتایی دێت و وەزعی ئێران دەشڵەژێت، بەڵام ئێران توانی کۆنتڕۆڵی فەرماندەیی خۆی بپارێزێت. تا ئێستا هیچ دیاردەیەکی شڵەژانی فەرماندەیی لە ڕووی سەربازی، ئەمنی، سیاسی و ئایینی لە ئێراندا نییە. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شڵەژان لە لێدوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کێشە لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ کە زۆربەیان بەشداریکردنیان لە شەڕەکە ڕەتکردەوە.

قەندیل پرێس: ئەم جەنگە چ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر باشووری کوردستان دەبێت؟ لە ئەگەری درێژەکێشانی ململانێکان، دۆخی هەرێم لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە چۆن دەبینن؟
جەبار یاوەر: هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، پڕژنگی ئەم شەڕەی بەرکەوتووە. گرووپەکانی بەناو مقاوەمەی ئیسلامی کە پەیڕەوی یاسا ناکەن، بنکەکانی ئەمریکا و هەندێک ناوەندی مەدەنی و ئابووری وەک کێڵگە پەترۆڵییەکان بە ئامانج دەگرن. ئەمە بووەتە هۆی ناسەقامگیری ئەمنی لە بەغدا و پارێزگاکانی تر و هەرێمی کوردستانیش، بەتایبەت لە هەولێر و سلێمانی. ڕۆژانە بە موشەک و درۆن فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و فڕۆکەخانەی هەریر و ئەو جێیانەی گومانی بوونی ئەمریکییان لێ دەکرێت، بۆردومان دەکرێن. تەنانەت ئەمە بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی فەڕەنسی و برینداربوونی چەند سەربازێکی تری فەڕەنسی لە هەولێر. بێگومان درێژەکێشانی ئەم دۆخە کاریگەری نێگەتیڤی زۆری لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەبێت.

قەندیل پرێس: هۆکاری ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی ئەمریکا لەلایەن حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ ئایا پێشبینی دەکەن ئەم حیزبانە پەنا بۆ هێرشی زەمینی ببەن؟

جەبار یاوەر: ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوە وەک موجاهیدینی خەلق و کوڕی شای پێشوو پێگەیەکی گەورەیان لە ناوخۆی ئێراندا نییە. سەبارەت بە لایەنە کوردییەکان، پێشبینی دەکەم بەهۆی گەورەیی شەڕەکە و نەبوونی پلانێکی پێشوەختە، نەتوانن بەشداریی زەمینی بکەن، چونکە زیانی گەورەیان پێدەگات. هەروەها تا ئێستا هیچ جوڵە و خۆپێشاندانێکی جەماوەری لە ناوخۆی ئێراندا نییە سەڕەڕای بۆردومانەکان.
هۆکارێکی تریش بێ متمانەیی ئەو حیزبانەیە بە بەڵێنە زارەکییەکانی ئەمریکا، چونکە پێشتر لە ساڵی ٢٠١٧ و لە کاتی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بینیمان هاوپەیمانان ڕۆڵیان نەبوو لە پاراستنی کورد. لە لایەکی تریشەوە، ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بۆ پاراستنی سنوورەکان ڕێگرە لەوەی هێزی چەکدار لە هەرێمەوە بەرەو ئێران بجوڵێت.

قەندیل پرێس: هۆکاری بە ئامانجگرتنی پێگەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان چییە؟

جەبار یاوەر: هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان گومان دەکەن لە هەندێک لە بنکەکانی هێزەکانی پێشمەرگەدا، کەسانی سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانان یان ئەمریکا هەبن. ئەمە وەک بیانوو بەکاردەهێنن، وەک ئەوەی لە میحوەری شەشی هێزەکانی پێشمەرگە ڕوویدا کە بارەگاکەیان بە ئامانج گرت و بووە هۆی شەهیدبوونی ئەفسەرێکی فەڕەنسی و برینداربوونی شەش کەسی تر. ئەوان ئەم گومانانە دەکەنە پاساو بۆ بۆردومانکردنی بنکەکانی پێشمەرگە بە درۆن و موشەک.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

د. هاشم زێباری: کلیلەکانی ئابووری عێراق لە دەستی هەرێمی کوردستاندایە

وتووێژی “قەندیل پرێس” لەگەڵ دکتۆر هاشم زێباری، مامۆستای زانکۆی جیهان و سیاسەتمەداری کورد، لەبارەی کاریگەری …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *