وتووێژی “قهندیل پرێس” لهگهڵ بهڕێز “ئەلبورز ڕۆئین تەن” ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به بۆنهی ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینا (ژن ژیان ئازادی)
ئەلبورز ڕۆئین تەن ئەندامی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دهڵێت: “ئەوەی لە بەیاننامەی حیزبی دیموکرات هاتووە تەنیا ڕەخنە نیە بەڵکوو دەڕبڕینی ڕاستیەکانی دو ساڵی ڕابردو وەک خۆیەتی کە هەموومان بە چاوی خۆمان دیتمان، کە چۆن ئۆپسزیونی فارسی ریژیم لە جیاتی ئەوەی بە دوای دروست کردنی ئالترناتیڤێکی دێموکراتیک بن بە دوای قوستنەوەی بزوتنەوەکە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بوون. تەنانەت لایەنێکی ئەو ئۆپسزیونەی فارسی دژی ڕێژیم دەیهەویست لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتن لە هەندێک سلیبرتی و وەلانانی هێزی سیاسی خۆی وەک ڕێبەری بزوتنەوەکە نیشان بدات و تەنانەت بە پێچەوانەی ئەوەی لە سەر شەقام هەبوو بە تایبەتی لە شەقامەکانی کوردستان تەنانەت هەوڵی گۆڕینی دروشمی شۆڕشەکەشیان دەدا. هەروەها زۆر بە داخەوە لایەنگەلێک لە کوردستانیش بوونە بەشێک لەو بابەتە. کە دواتریش هەر زوو شکستی هێناو تەنانەت سلێبریتیەکانیش یەک بە یەک بە هۆی دیکتاتور جوڵانەوەی ئەو لایەنە فارسە دەکشانەوە. درکاندنی ئەو ڕاستیە بۆ باشتر بوون لە داهاتوو پێویستە بە تایبەتی کە ئێمە وەک حیزبی دیموکرات هەر لە سەرەتاوە زۆر بە روونی باسی ئەوەمان کردبوو کە ئەو شیوازە هەڵسوکەوتە شکست دەخوات زیان بەو بزوتنەوە پێشکەوتنخوازە دەهێنێ. زۆری نەخایاند ئەو خوێندنەوەی حیزبی دیموکرات وەڕاست دەرکەوت. دیتمان کە ئەو جۆرە هاوپەیمانیانە ناتوانێ خزمەت بە پێکهێنانی ئالتێرناتیو بکات.”
قهندیل پرێس: سڵاو و ڕێز کاک ئەلبورز، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیلپرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم لە بەڕێزتان، ئایا بزووتنەوەی ژینا زیندووە؟
ئەلبورز ڕۆئین تەن: من زۆر سپاسی ئێوەی بەڕیز دەکەم هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. زیندوو بوونی بزوتنەوەیەک زیادتر لە بەڕێوەچوونی چالاکی ئەو بزوتنەوەیە بە زیندوو بوونی داواو ویستەکانی ئەو بزوتنەوەیە بەستراوەتەوە، بە لێوردبوونەوەیەک لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات وێرای بەردەوامی چالاکیەکان بە شێوەی جۆراوجۆر و بە تایبەتی لە لایەن بنەمالەی سەربەرزی شەهیدانەوە لایەنێکی زیندووی ئەو بزوتنەوەیە دەبینین، لە هەمانکاتدا داخواز و ویست و ئامانجەکانی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە نێو کۆمەڵگادا زۆر زیندوون و ئێستاش بە داوای گشتی کوردستان دەزانرێت هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی زیندووە. هەروەها پێویستە ڕەچاوی ئەو بابەتەش بکەین کە هەر چالاکیەک یا رووداویک یا بزوتنەوەیەک کە لە کوردستان ڕوو دەدەن دەبنە هەگبە و ئەزموونی ڕاسانەوەی داهاتووی خۆیان، واتە ئەگەر خەباتی ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازی کورد لە کوردستان نەبوو لەوانەیە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی ئاوا پێشکەوتنخوازانە لە کوردستان ڕوینەدابا، هەر بۆیەش هەر هەستانەوەیەکی داهاتووی کوردستان تەنانەت ئەگەر ناوێکی دیکەشی هەبێ یا کاتێکی دیکەشدا بێ، دەوڵەمەند بە ئەزمونی بەنرخی شۆڕشەکانی پێش خۆی و هەروەها شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەبێ، ئەوەش بە جۆرێک هەر زیندووی ئەو بزوتنەوەیە نیشان دەدات.
قهندیل پرێس: لە دووهەمین ساڵوەگەڕی دەستپێکی بزووتنەوی ژن ژیان ئازادی داین، هەر یەک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جیا بەیاننامەیان بۆ ئەم ڕۆژەو پاڵپشتی کردن لە مانگرتنی ڕۆژی 25ی خەرمانان بڵاو کردەوە، بە ڕای بەڕێزتان یەک نەبوونی ئەم بەیاننامانە چ پەیامێک بۆ کۆمەڵگای ناوخۆی ڕۆژهەڵات دەنێرێت؟
ئەلبورز ڕۆئین تەن: کاتێک باس لە خەسارەکانی یا کەم کوڕیەکان لە بزوتنەوەی یا شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە تایبەتی بە نیسبەت هێزو لایەنە سیاسیەکان دەکەین، ئاماژە بە خاڵی نەبوونی هاودەنگی و یەکێتی پێویست لە نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکان لە ئاست ئەو شۆڕشە دەکەین، هەمووشمان بە بێ جیاوازی باسی ئەو خاڵە دەکەین، سەڕەرای ئەوەش نەمانتوانیوە ئەو یەکڕێزیە پێک بێنین، ئەو کەم و کوڕیە شایانی لێوردبونەوەیە بۆ چارەسەر کردنی. ناکرێ داوا لە خەڵک بکەین و بەڵام لە ئاست هێزو لایەنە سیاسیەکان لە رادەی پێویست ئەو یەکگرتوویە نیشان نەدەین. سەڕەرای ئەوەی کە هەموو هێزو لایەنەکان وێرای مانگرتن داوای بەڕێوەچونی چالاکی لەو ڕۆژەدا دەکەن ئەوە بۆ خۆی نیشان دەدات کە نێوەرۆک بە نیسبەت ساڵرۆژی شۆڕشی ژینا وەک یەکە، بەڵام پێویستە میکانیزمی پێویست بۆ یەکڕێزی زیادتر ببینرێتەوە. پێم وایە سەرەتای دیتنەوەی ئەو میکانیزمە گەیشتن بەو قەناعەتە دەست پێ دەکات کە باوەڕ بەوە بێنین کە تەنانەت بەهێزی تاک بە تاکیشمان لە یەکگرتنی کورد دایە، هەروەها سەرەتای بە دەستهێنانی دەستکەوت بۆ کورد لە ڕێگەی ئەو یەکریزیە لە کوردستانەوە دەست پێ دەکات. بە هیوای ئەوەی هەرچی زوتر ئەو قەناعەتە لە نێوان هەموو هێزو لایەنەکاندا دروست دەبێت، ئیمە وەک حیزبی دیموکرات هەروەکو کە لە ڕاگەیانراوەکەمان دا جەختمان لە سەر کردوە ئەوە کەم و کوڕیەکی بزوتنەوەی ژینایە پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی بتوانین یەکڕێزی زیادتر بە دەست بێنینن. بەو هیوایە هەموو هێز و لایەنەکان بەو باوەڕەوە هەوڵی زیادتری بۆ لێک نزیک بوون بدەن.
قهندیل پرێس: حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ تا ئێستا نەیانتوانیوە مێکانیزمێکی هاوکاری درووست بکەن؟ بۆ نموونە حدکا لە بەیاننامەی چەند ڕۆژ پێش ئێستای ڕەخنە دەگرێت لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هەروەها لایەنگەلێک لە ڕۆژهەڵات کە بوونەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی هاوکاری؟
ئەلبورز ڕۆئین تەن: پێم وایە بۆ باس کردن لە هۆکارەکانی نەبوونی یەکگرتووی لە نێو کورددا زیادتر لە خوێندنەوەیەکی بە ڕواڵەت، قوڵ بوونەوە لە پرسی یەکڕێزی لە نێو کورددا پێویستە، واتە ئەوە بابەتێکی پەیوەندیدار بە ئێستا نیە بەڵکو بە درێژای مێژووی خەباتمان، یەکێک لە فاکتەرە نێوخۆییەکانی بە ئامانج نەگەیشتنی کورد هەژمار دەکرێت. بێ گومان کاریگەری سیاسەتی داگیرکەری لە کوردستان بۆ دابەش کردنی کورد کە لە سەدەکانی پێشووە دەستی پێکردووە هەیە. واتە ئەوان دەزانن بە دابەش کردنی کورد دەتوانن باشتر سیاسەتی داگیرکەرانەی خۆیان بەرەو پێشتر ببەن. ئێمەی کورد پێویستە لە ئاست ئەو سیاسەتەی دوژمنان بەوریاییەوە بجوڵێنەوە هەر وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشو ئاماژەم پێدا بەو باوەڕە بگەین کە تەنیا لە ڕێگەی یەکگرتوویەوە سەردەکەوین وتەنانەت بەهێز بوونی تاک بە تاکیش لە گرەوەی یەکگرتوویمان لە کوردستاندایە. بۆ دروست بوونی ئەو باوەڕە خوێندنەوەیەکی شیکاری لە مێژووی کورد پێویستەو بەو هیوایە ئەو باوەڕە هەرچی زووتر دروست ببێت، ئەوکات میکانیزمی پێویستیش دەبیندرێتەوە. ئەوەی لە بەیاننامەی حیزبی دیموکرات هاتووە تەنیا ڕەخنە نیە بەڵکوو دەڕبڕینی ڕاستیەکانی دو ساڵی ڕابردو وەک خۆیەتی کە هەموومان بە چاوی خۆمان دیتمان، کە چۆن ئۆپسزیونی فارسی ریژیم لە جیاتی ئەوەی بە دوای دروست کردنی ئالترناتیڤێکی دێموکراتیک بن بە دوای قوستنەوەی بزوتنەوەکە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بوون. تەنانەت لایەنێکی ئەو ئۆپسزیونەی فارسی دژی ڕێژیم دەیهەویست لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتن لە هەندێک سلیبرتی و وەلانانی هێزی سیاسی خۆی وەک ڕێبەری بزوتنەوەکە نیشان بدات و تەنانەت بە پێچەوانەی ئەوەی لە سەر شەقام هەبوو بە تایبەتی لە شەقامەکانی کوردستان تەنانەت هەوڵی گۆڕینی دروشمی شۆڕشەکەشیان دەدا. هەروەها زۆر بە داخەوە لایەنگەلێک لە کوردستانیش بوونە بەشێک لەو بابەتە. کە دواتریش هەر زوو شکستی هێناو تەنانەت سلێبریتیەکانیش یەک بە یەک بە هۆی دیکتاتور جوڵانەوەی ئەو لایەنە فارسە دەکشانەوە.
درکاندنی ئەو ڕاستیە بۆ باشتر بوون لە داهاتوو پێویستە بە تایبەتی کە ئێمە وەک حیزبی دیموکرات هەر لە سەرەتاوە زۆر بە روونی باسی ئەوەمان کردبوو کە ئەو شیوازە هەڵسوکەوتە شکست دەخوات زیان بەو بزوتنەوە پێشکەوتنخوازە دەهێنێ. زۆری نەخایاند ئەو خوێندنەوەی حیزبی دیموکرات وەڕاست دەرکەوت. دیتمان کە ئەو جۆرە هاوپەیمانیانە ناتوانێ خزمەت بە پێکهێنانی ئالتێرناتیو بکات.
سەڕەرای ئەوەش پێم وایە هەر ئەو ڕووداوانەش بکەینە وانەیەک بۆ ئەو ڕاستیە کە پێویستە لە کوردستان یەکگرتوو بین تا بتوانین لە بەرانبەر تاران یا لە تاران سەرکەوتوو بین. هەر وەکو گوتم باوەڕی ئەوەی یەکگرتووی دەتوانێ دەسکەوت بۆ بزوتنەوەکەمان تەنانەت ببێتە هۆی بەهێزی خۆشمان دەتوانێ سەرەتای دیتنەوەی میکانیزمی پێویست بێت.
قهندیل پرێس: ماوەیەک پێش ئێستا کۆمەڵەکان بە فشاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، عێراق و دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێم (یەکێتی و پارتی) ناچارکران بارەگاکانی خۆیان چۆڵ بکەن و لە کەمپی سوورداش نیشتەجێ بن و هەروەها دوو ئەندامی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان ڕادەستی ڕژێمی ئێران کردەوە، خوێندنەوەتان بۆ ئەم دۆخە چییە؟
ئەلبورز ڕۆئین تەن: ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە مۆلەتی یاسایی مانەوەیان هەیە و تەنانەت بەڵگەی یۆئێنیان هەیە مەحکومە. چونکە بە گوێرەی هەموو یاسا نێودەوڵەتیەکان و کونواسینەکانی مافی مرۆڤ ئەو شێوازە ڕادەستکردنەوانە مەحکوم کراون. لە لایەکی دیکە ئەوان بۆ خۆیان ڕێز لەو موڵەتە یاساییە ناگرن کە داویانە بەو ئەندامانەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دواتر ڕادەستیان دەکەنەوە. ئەوەی کە ئەو کارە بە دەست هێز و لایەنی کوردیش دەکرێ ئیدی جێگای داخی زیادترو باسێکی دیکەیە. جێگۆڕکی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتیش کە ڕێژیم وەک پێخۆریکی پرۆپاگەندەی کەڵکی لێوەردەگرێ مەحکومە.
بەڵام خاڵی جێگای سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە پێویستە هەموو لایەک تەنانەت هەموو کوردێک ئەو ڕاستیە باش بزانن کۆماری ئیسلامی دژی هەموو کوردێکە، بە تایبەتی ئەگەر سەیرێکی مێژووی تەنیا باشوری کوردستانیش بکەین دەست پەنجەو پیلانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ڕوداوە تاڵەکانی باشوری کوردستان دەبیندرێت، تەنانەت بڕینی موچەی خەلک لە کوردستان لە لایەن دەوڵەتی بەغدای ژێر کاریگەری ئێران، وەک بەشێک لە پیلانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێ. هەر بۆیەش پێویستە هەموو لایەک لە بەرانبەر ئەو سیاستانەی کۆماری ئیسلامی بوەستن، ئەگەر نا شکستی بەردەوام و ڕووداوی تاڵی دیکەی بە دوا دێت. تەنانەت کە سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامی ئەو ڕۆژانە سەردانی هەریمی کوردستانی کرد، ئەگەری ئەوەی لە داهاتوو گورزێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان بوەشێنرێت دەبینم. ئەگەر نا بە نیسبەت هێزەکانی ڕۆژهەڵات کە پێگەی سەرەکیان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتە ئەو گوشارانە وەڵامدەر نابن.
دوژمنی ئێمە بە سێدارەو تیرۆری ڕێبەرانمان هەروەها موشەک و هەرچی پیلانی مومکین هەیە بە دژی خەبات لە ڕۆژهەڵات بەکاریان هێناوە، بەڵام لە کاتی بزوتنەوەی ژینادا شەقامەکانی کوردستان هاواری زیندووی و پێگەی لە بران نەهاتووی ئەو هێزانە لە ڕۆژهەڵات نیشان دا، بەو گوشارانەش ناتوانێ پێشی بە ئێمە بگرێ. خاوەن و پێگەو هێزی سەرەکی حیزبی دێموکرات کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتن، ئەوان لە هەر ئەگەرێکدا خاوەندارێتی بزاڤی سیاسی و هێزو لایەنە سیاسیەکان بە تایبەتی حیزبی دێموکرات دەکەن.
هێزەکانی دیکەی کوردیش بە درک کردن بەو راستیە بە ڕاوەستان لە بەرانبەر ئێران لە پێشدا خۆیان باشتر دەپارێزن و خزمەت بە دۆزی نەتەوەی لە هەر چوارپارچەش دەکەن.
قهندیل پرێس: یەکێک لە کێشەکان کە لە بزووتنەوی ژینا خۆی نیشاندا، پێوەندی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ ئۆپۆزیسیونی ناوەندگەرای ئێرانی بوو، بۆ نموونە دانیشتنی جۆرج تاون بوە هۆی لێکترازان لە ناوەندی هاوکاری و تەنانەت حدکا لە بەیاننامەی چەند ڕۆژ پێش ئێستای بە بۆنەی ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا ڕەخنەی لە نادێموکراتیک بوونی ئۆپۆزیسیونی ناوەندگەرای ئێرانی گرتووە، بە ڕای بەڕێزتان ئایا پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات هەوڵ بدەن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیونی ناوەندگەرای ئێرانی؟ ئایا نەتەوەی کورد پێویستی بە دانپێنانی ئەوان هەیە بە مافە ڕەواکانی خۆی؟
ئەلبورز ڕۆئین تەن: بێ گومان دروست کردنی هاوپەیمانی و پێکهێنانی ئالترناتیڤێکی دێموکراتیک خالێکی ئەرێنیە، بەڵام کە وەک کورد لە ڕابردووی خۆمانەوە بەرەو داهاتوو بڕوانین تەنیا هاوپەیمانی پێکهێنان ناتوانێ خزمەت بە دۆزی ڕەوای ئێمە بگەینی، بەڵکوو هاوپەیمانی بە مەرجێک کە داننان بە مافەکانی نەتەوەی کورد وەک نەتەوە لە جوغرافیای کوردستان دەتوانێ خزمەت بە دۆزی ڕەوای ئیمە بگەینێ. چونکە بۆ ئێمەی کورد زیادتر لە گوڕینی ڕێژیمێک یا دەستهەڵاتێک لە تاران ئامانجی کوتایی یا تەنیا ئامانج نیە، بەڵکو ئازادی کورد و ڕزگاری کوردستان کە بتوانێ لە خاکی خۆیدا سەرەوەر بێ بریار لە چارەنووسی خۆی بدات ئامانجە. کە سەیری ئۆپسزیونی سەراسەری دەکەین نەک تەنیا لە ئاستی هێز و لایەنی سیاسی بەڵکو تەنانەت لە ئاستی تاکیشدا زۆر کەم و دەگمەنن کە دان بە مافی کورد وەک نەتەوەو تەنانەت کەمتریش دادەنین. هەر بۆیە ئەوە دۆخی دروستکردنی ئالتیرناتیڤ و تەنانەت پێکهاتنی دەسهەڵاتێکی دێموکراتیک لە دوای کۆماری ئیسلامیشدا ئەستەم کردووە. بۆیە وێرای هەوڵدان بۆ دروست کردنی هاوپەیمانی بە مەرجێک کە دان بە مافەکانی نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی خاون وڵاتی خۆی وەک خاڵێکی ئەرێنی، پێویستە لە جیاتی گەشبینی، بەهێز بوون لە کوردستان بکەینە ئەولەویەتی کاری خۆمان چونکە بە هێزەوە دەتوانینن ئامانجەکانمان بە دەست بێنین نەک بە چاوەڕوانی لە خەڵکی دیکە کە دان بە مافەکانمان بهێنن. مێژووی هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئازاد وسەربەستیش ئەوە دەسەلمێنی کە ئەوان بۆخۆیان ئازادی خۆیان بە هێزی خۆیان مسۆگەر کردووە. کوردیش پێویستە لە قوڵای کوردستان و بەهێزی لە کوردستان بڕوانێتە ئێران هەتا بتوانێ باشتر ئامانجەکانی بە دەست بێنێ.
قەندیل پرێس