به‌په‌له

کام یەک لە ئاڵاکانی کۆنفڕانسی کۆڵن بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن ماف و رەوایین؟

✍ هێدی باینگانی

ئاڵا هێمایەکی ڕەمزی و لە هەمان کاتدا هێمایەکی فەرمییە کە وڵات یان دەسەڵاتەکان، یانیش قەوارە سیاسییەکان وەک نیشانەی ناسنامەیەکی دیار لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەکاری دەهێنن.

لە ڕوانگەی یاساییەوە، ئاڵا هێمای دەوڵەت و سەروەری وڵاتێکە، نەک تەنیا هێمای نەتەوە یان کولتوورێک. لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش دا ئاڵا هێمای پێگەی یاسایی وڵاتێکە لە ئاستی نێودەوڵەتی دا. بە کورتی، لە بواری یاسایی دا ئاڵا هێمایەکی فەرمییە و خاوەن ڕەوایی نێودەوڵەتییە کە نوێنەرایەتی ناسنامە و سەربەخۆیی وڵاتێک یان قەوارەیەکی سیاسی دەکات و هاوکات پاراستن و رێز گرتن  لە ئاڵا وەک پێویستی و زەرورەتێک دێتە ئەژمار.

ئاڵا دەتوانێ جگە لە پێناسە یاساییەکەی، پێناسەی دیکەشی هەبێت. بۆ نموونە بوونی ئاڵا بۆ نەتەوەیەکی وەکوو نەتەوەی کورد کە خاوەن ستاتۆ و قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆ و یاسایی نیە ( جگە لە باشووری کوردستان کە خاوەنی ئاڵا و ناسنامەی سیاسی دەستووری و یاساییە) و دابەشی چەند وڵات و دەوڵەتی دیکە بووە، وەک مافێک رەوایە و هەڵگری پێناسەی خۆیەتی. هەر بۆیە کوردیش دەتوانێت لە دەرەوەی فەرمییەتە نێودەوڵەتییەکان دا خاوەنی ئاڵا و هێمای خۆی بێت. بەڵام وەک هەر ئاڵایەکی دیکە و پێش ئەوەی فەرمییەتی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، پێویستە فەرمییەت و دانپێدانانێکی ناوخۆیی وەرگرتبێت بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە هێمایەکی نیشتمانی.

بۆ هەڵبژاردنی هەر هێما و پرسێکی نیشتیمانی، رای گشتی و بەشداریی راستەخۆ یا نوێنەرایەتی خەڵک پێویستە. بەڵام لەم دۆخەی کە بە سەر کوردستان دا سەپاوە، رەنگە بە دەست هێنانی ئەم فەرمییەت و دانپێدانانە ناوخۆیی و بەشداریەی خەڵک ئەستەم و نامومکین بێت.بەستێن و زەمینەی وەها بەشداریێکیش بۆ دیاریکردنی ئاڵا و پرسەکانی هاوشێوە، جگە لە باشووری کوردستان، لە هیچ کام لە بەشەکانی دیکەی کوردستان رێگەپێدراو و فەراهەم نەبووە. بەڵام ئەمە نابێتە واتای ئەوەی کە کورد لە بەشەکانی دیکە مافی بوونی هێمایەکی بۆ ناسنامەی خۆی نەبێت. لێرەدایە کە لە جیاتی پشتیوانیی دەوڵەتی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی و یاسایی، سۆزی نیشتمانی و مێژوویی دەبێتە پشتیوان بۆ بەفەرمی ناسینی ئاڵا و هێماکان. لە لایەکی دیکەشەوە هەم بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی بە سەر کوردستان دا سەپاوەو هەمیش بە هۆی فرەچەشنی و فرەڕەنگبوونی کۆمەڵگەی کوردستان ، یەکلایی کردنەوەی ئەم پرسانە دیسان ئاسان نابێت و ناتوانێ لە ئێستادا رەزامەندیێکی گشتیی بە دەست بهێنێت.

با بچینە سەر بابەتە دیاریکراوەکە؛ پرسی ئاڵا لە رۆژهەڵاتی کوردستان!
بوونی سێ ئاڵای جیاواز لە «کۆنفڕانسی ژن ژیان ئازادی» کە لە وڵاتی ئاڵمان و بە بەشداریی حیزب ولایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو، پرسی ئاڵای لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر وروژاند و بووە جێگەی مشتومڕ. دوو ئاڵای نیشتمانی و ئاڵایەکی سوور!

با لە ئاڵا سوورەکەوە دەست پێ بکەین. رەنگی سوور بە بێ بوونی هیچ نیشانێکی تایبەت، زیاتر لەوەی کە هێمای ناسنامەی وڵات یان نیشتمانێک بێت هێمای ئەو تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوانەیە کە دژ بە ستەم و بێدادییە چینایەتییەکان بەڕێوە دەچن. هێمای شۆڕش و بەرخۆدانی چینەکانی کۆمەڵگە بۆ دەستەبەربوونی داد و یەکسانییە. بەم واتایە رەنگی سوور کە زیاتر لە لایەن سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکانەوە بەرز دەکرێتەوە، ئاماژە بە شۆڕش و بەرخۆدانی ستەملێکراوانە و بە تەنیا ناتوانێت هەڵگری پێناسەی ناسنامەیەکی گشتی بێ و ببێتە هێمایەکی نیشتمانی. تا ئێستاش بەرچاوم نەکەوتووە هیچ وڵات یان دەوڵەتێک ئاڵایەکی سوور یان یەکڕەنگی، بە بێ بوونی هیچ نیشانەیەکی دیکە هەڵکردبێت. بەم پێیە بوونی رەنگی سوور لە کۆنفڕانسەکەی ئاڵمان هەم دەتوانێ گوزارش لە بوونی شۆڕش و بەرخۆدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکات، هەمیش دەکرێ هێمای ئەو جەرەیان و لایەنە سۆسیالیست و کۆمۆنیستانەی رۆژهەڵات بێت کە بەشداری ئەم کۆنفڕانسە بوون. بە باوەڕی من لە هەر دوو حاڵەتەکەدا ئەم ئاڵایە توانای دەربڕینی فرەچەشنی و گشتگیریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا نیە و لە ناوەڕۆکی خۆیدا، بوونی ئەم رەنگی سووت لە ریزی دوو ئاڵاکەی دیکە دا، کە دەیانەویست وەک هێمای رۆژهەڵاتی کوردستان دەربکەون، پێویست و دروست نەبوو.

یەکێکی دیکە لە ئاڵاکانی کۆنفڕانسی ژن ژیان ئازادی، ئاڵای هەرێمی کوردستانی عێراق – باشووری کوردستان بوو. ئەم ئاڵایە ئەگەرچی نزیکە لە ئاڵاکانی رێکخراوی خۆییبوون و کۆماری ئارارات و دەتوانێ مێژوویێکی کوردستانیبوونی هەبێت بەڵام بە پێی ئەو فەرمییەت و سەرچاوە یاساییە کە ئێستا هەیەتی ناتوانێ ببێتە ئاڵا و هێمای قەوارەیەکی سیاسی لە بەشێکی دیکەی کوردستان.

ئەم ئاڵایە بە پێکهاتەیەکی دیاریکراو، لە ساڵی ١٩٩٩و لە پارلمانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بە شێوەی یاسایی وەک ئاڵای فەرمی ئەم هەرێمە بڕیاری لە سەر درا، کە دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٥یش دا، هەرێمی کوردستانی عێراق وەک حکوومەتێکی خۆبەڕێوەبەر لە دەستووری فیدراڵی عێراق دا دانی پێدانرا. بەم پێیە ئەم حکوومەتە هەرێمییە خاوەن دانپێدانانێکی یاسایی و دەستوورییە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیش دا پێوەندی و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ئاڵاکەشی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناسێندراوە. هەر چەند پێویستە ئەوەش لە بیر نەکەین کە لە دیاریکردنی ئەم ئاڵایە بۆ باشووری کوردستان، هەوڵی سەپاندنی ئیرادەی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بە سەر لایەنەکانی دیکە باشووردا شتێکی شاراوە نەبوو.

ئەم بابەتە، واتە بەکار هێنانی ئاڵای باشووری کوردستان – حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق (بە پێی فەرمییەتی یاسایی و دەستووری) بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان یان هەر بەشێکی دیکەی کوردستان،  پرسیاری گرنگ بە دوای خۆیدا دەهێنێت. چ لە روانگەی یاسایی و دەستوورییەوە سەیر بکەین یان لە رووی سۆز و هەستێکی نیشتمانییەوە، هەوڵی ناساندنی ئەم ئاڵایە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان ئەویش لە رێگەی حیزبی سیاسییەوە هەڵە و نادروستە. ئەم کارە لە ئێستا و لە داهاتوودا، بە پێچەوانەی ئەو رۆڵەی کە ئاڵا وەک هێمای ناسنامەیەکی دیاریکراو دەتوانێ هەیبێت، دەتوانێ کاریگەری نەرێنی لە پرسی یەکڕیزی نیشتمانی لە رۆژهەڵات دروست بکا و دواتریش کۆمەڵێک کێشە و پرس لە بواری یاسای نێودەوڵەتی  بە دوای خۆیدا بهێنێت. کێشە و پرسگەلێک کە رەنگە تا ئێستا لە هیچ کوێی دونیادا رووی نەدابێت.

ئەوەی زیاتر سەرنجی منی بۆ ئەم بابەتە بەتایبەت لە رەهەندە یاسایی و نێودەوڵەتییەکەیدا بۆ خۆی راکێشا ئەوەبوو کە ئەم کارە لە لایەن ئەو حیزبانەوە ئەنجام دەدرێت کە زۆر زیاتر لەوەی کە شیفتەی دەوڵەتی کوردی بن، شەیدای بەشداریکردن لە پێوەندی و پرۆتۆکۆلە نێودەوڵەتییەکانن و کورد گوتەنی حەزیان لەوەیە “سەرێکیان لە نێو سەران دا هەبێت”. سەرنجەکەی منیش لە سەر ئەمەیە کە خوازیارانی یاسا و پرۆتۆکۆلە نێودەوڵەتییەکان کە دەیانهەوێت بە فۆرمی دەوڵەتی کوردییەوە بەشداریی لە ریزی دەوڵەتەکانی جیهان دا بکەن، چۆن بە ئاڵای قەوارەیەکی دانپێدانراوی دیکە (با کوردستانییش بێت) بەشداریی لە پرسە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان دا دەکەن و چی دەکەن تا خەڵکی دیکە وەک قەوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان بیانناسێت؟ ئایا وەک ئەوەی کە بە دوای ناوی حیزبەکانیان وشەی «ئێران» زیاد کردووە، لە ناو ئەم ئاڵایەش دا «ئێران» ـێکمان بۆ زیاد دەکەن کە لەگەڵ ئاڵای هەرێمی کوردستانی عێراق لێمان تێک نەچێت! یانیش نا، ئەوە ئێمە لە هەڵەداین و ئەوان مەبەستیانە هەموو کوردستان بکەن بە یەک و هەر ئەمەشە باوەڕییان بە بوونی یەک ئاڵا هەیە و ئەم ئاڵایە بەرز دەکەنەوە؟!

رەنگە لە یاسای نێودەوڵەتی دا هیچ بڕگە و خاڵێک بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی یەک هێما و ئاڵا بۆ دوو ناوچە یان دوو قەوارەی سیاسیی بوونی نەبێت. بەڵام بوونی وەها حاڵەتێک دەتوانێ کێشە و ئاڵۆزی زۆر لە بواری یاسایی، سیاسی و لە پراکتیک دا دروست بکا. ئەم کردەوە دەتوانێ بەر لە هەر شت ناسنامەکان بشێوێنێت و لە دیپلۆماسی دا ناتێگەیشتن و خراپ تێگەیشتن بەدوای خۆیدا بهێنێت. لە هەموو  پرسە دادوەری، یاسایی، نیزامی و سیاسییه ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە بگره‌ تا بابەتێکی وەک چالاکیی گرووپێکی وەرزشیش، دەتوانێ کێشە و ئاڵۆزی دروست بکا. لە جیاتی ئەوەی بتوانێ دەربڕی یەکبوون و یەکیەتی بێت دەتوانێ ئاماژە بێت بە شوێنکەوتوویی یان وابەستەبوونی سیاسی بە لایەنێکی دیکەوە، کە ئەمە لە ئاستی نێودەوڵەتی دا وەک لاوازیی پێگەی سیاسی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. دوور نیە هۆکاری ئەم هەڵبژاردەیەش لە لایەن بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان هەر ئەم وابەستەییە سیاسیە بێت، بەتایبەت کاتێک بەشێک لەم حیزبانە لە کۆنگرەکانی خۆیان ئەم ئاڵایەیان وەک ئاڵای کوردستان پەسەند کردووە، ناتوانین لە سەپاندنی ئیرادەی دەسەڵاتخوازی باشووری کوردستان لە پەلهاوێشتن بۆ بەشەکانی دیکە غافڵ ببین.

ئاڵای کۆماری کوردستانیش بێ تێبینی نیە. راستە کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاندرا. بەڵام هێز و دەرفەتی ئەوەی نەبوو کە هەموو رۆژهەڵات لە خۆ بگرێت. لە بەشێکی بەرتەسکی رۆژهەڵات و لە ماوەیەکی کورت دا توانی درێژە بە بوونی خۆی بدات. واتە بەشداریکردنی خەڵکی رۆژهەڵات لەم قۆناغە سیاسییە گرنگە دا کە «کۆمار»ی لێکەوتەوە رێژەیەکی یەکجار کەم بوو. بۆیە ناکرێ بە رەهایی هێما و نیشانەکانی ئەم کۆمارەش وەک هێما و نیشانەی هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان ناوزەد بکرێت. هەر وەک وتراوە بۆ دیاریکردنی هێما گشتییەکان پێویست بە بەشدارییکردنی (راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ) گشتی هەیە و دەرفەتی ئەمەش تا ئێستا نەڕەخساوە.

بەڵام ئایا دەکرێ خەبات و بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان تا کاتی رەخساندنی ئەو دەرفەتە لە داهاتوودا، بە بێ هێما بمێنێتەوە؟ ئایا هێما و ئاڵا هێندە پێویست و زەروورە؟ رەنگە تا ئەو کاتەی کە بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگاتە ئەنجام و ئامانجەکانی خۆی، بوونی ئاڵا ئەو گرنگی و تایبەتمەندییەی خۆی دەرنەخات. بەڵام نەبوونی ئاڵا و هێمایەکی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێ دەرفەتی سەپاندنی هێمای دیکە بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە ئاماژەکانیش ئەوەمان پێ دەڵێن. کە واتە رێگەچارە چیە؟ کام هەڵبژاردن دروستە؟

ئەگەر هەڵە نەبم هەڵبژاردنی ئاڵای کۆماری کوردستان وەک ئاڵای رۆژهەڵاتی کوردستان و بوونی ئەم ئاڵایە لە کۆنفڕانسی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاڵمان، هەڵبژاردەی «پژاک» بێت.  ئەمەش لە خۆیدا بۆ من جێگەی سەرنج بوو! ئایا پژاک هێمای دیکە نەبوو کە بیباتە ناو ئەو کۆنفڕانسە؟ ئایا پژاکیش وەک حیزبەکانی دیکە ئەو مافەی نەبوو؟ بێ گومان ئاڵای دیکەی بۆ بەرزکردنەوە هەبووە و ئەو مافەشی  وەک هەموو حیزبەکانی دیکە بووە، چون جگە لە بابەتی ئاڵا، رێگە بە سروودی «ئینتێرناسیۆنال»ـیش درا کە لەگەڵ سروودی «ئەی رەقیب» لێ بدرێت. واتە مافی بەکارهێنانی هێماکان بۆ هەموو حیزبەکان یەکسان بووە. بەو پێیەی کە پێشتریش پژاک لە بۆنەکان دا ئاڵای کۆماری کوردستانی بەکار هێناوە، کەواتە بوونی ئەم ئاڵایە لەم کۆنفڕانسە لە سەر خواستی پژاک بووە.

ئێستا و لە کاتی نەبوونی هەلی گشتپرسی بۆ دیاریکردنی ئاڵای بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان یان ئاڵای قەوارەی سیاسی بۆ ئەم بەشە لە داهاتوودا، پرسیار ئەوەیە ئایا هەڵبژاردنی ئەم ئاڵایە، وەک دوو هەڵبژاردنەکەی دیکە سیاسی و حیزبییە یان هەڵبژاردنێکی دروستەو نزیکە لە ئاستێکی نیشتمانی؟ هەر وەک پێشتر باسم کرد ئاڵای کۆماری کوردستانیش بێ رەخنە و تێبینی نیە. یەکەم ئەوەی کە دەرئەنجامی رێککەوتن و رازیبوونێکی گشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان نیە و دواتریش ئەوەی کە لەو کاتەدا دیاریکردنی ئەم ئاڵایەش رەنگە هەڵبژاردنێکی تاک لایەنەوە حیزبی بووبێت. سەرەڕای هەموو تێبینییەکانی سەر ئەم ئاڵایە، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە و تا کاتی بوونی دەزگایەکی شەرعی بۆ دیارکردنی ئاڵا و پرسەکانی دیکە،  ئاڵای کۆماری کوردستان وەک ئاڵای رۆژهەڵاتی کوردستان باشترین هەڵبژاردەیە. ئەوەی کە ئەم ئاڵایە پەسەندکراو و هێمای دوایین ستاتۆ و قەواری سیاسی کوردیی لە رۆژهەڵاتی کوردستانە و تا بە ئێستا هیچ قەوارە و فۆڕمێکی هاوشێوە نەیتوانیوە لەم بەشەی کوردستان خۆی رابگەیەنێت و ببێتە خاوەنی دامودەزگاو هێمای تایبەت بە خۆی، دەکرێ ئاڵاکەی کۆمار دەوری ئاڵای رۆژهەڵاتی کوردستان ببینێت و لە ئاست ئاڵاکانی دیکە زیاترین ماف و رەوایی بۆ ئەم پرسە هەیە.

باسکردن لە سەر ئاڵا چ لە رەهەندی یاسایی و چ لە رەهەندی مێژوویی لە کوردستان دا قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێت. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەم رەهەندانە  بەمشێوە کۆتایئ بەم بابەتە دەهێنم کە ئایا لە ئێستادا، لە نێوان دوو ئاڵا کە یەکێکیان تایبەت بە دوا ئیدارەی کوردیی واتە کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات و ئەوەی دیکەیان کە هێمای حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق–باشووری کوردستانە، کامیان مافی شەکانەوەی وەک ئاڵای رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە؟ ئاڵایەک کە لە کاتی خۆیدا بارزانییەکانی لە رۆژهەڵات  داڵدە دا، یان ئاڵایەک کە لە ژێر سێبەرەکەیدا، بەشێک لەو لایەنانەی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ کۆماری ئیسلامی چەک کرد؟ ئەو لایەنانەی کە ئێستا هەڵگری ئەم ئاڵایەن و تا بە ئێستاش خۆیان لە باشووردا بە میوان دەزانن!

دووبارە هەوڵبدەرەوە

چالاکی میلیتانی یانخود تەسلیمبوون!

✍ شەماڵ بەشیری ئاگر لە ئەدەبیات و ترادیسیۆنی چالاکی و خەباتی سیاسیی-لەشکەریی پەکەکەدا، مێژوویەکی دورودرێژ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *