✍️ سولەیمان چووکەڵی
بە حوکمی ئەوەیکە ماوەیەکی دورودرێژە بۆ پرسی بەربڵاوی زمانی و ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی پارێزگای ورمێ خەریکی گردوکۆی زانیاریم و هەر لەو پێوەندییەش دا ساڵی ٢٠١٠ نەخشەی نەتەوەیی – ئائینی ئەو پارێزگایەم داڕشتەوە و ساڵی ٢٠١٢چاپ و بڵاوکرایەوە لە خۆم رادەبینم چەند پاراگرافێک لە سەر ئەوبابەتە بنووسم. ورووژاندنی ئەوە بابەتە لە “کۆنفرانسی راوێژی رۆژهەڵاتی کوردستان” لە هۆلەند و خوێندنەوەی ئەو رۆژانەی دوکتور “عەباس وەلی”ش زیاتر هاندەرم بوون. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە رەنگبێ یەکەم کەس بووبم بابەتی نێولێنانی ئەو پارێزگایەم بە نێوی “پارێزگای ورمێ” بە جۆرە نەخشەیەکی ئاوا بە دۆکیۆمێنت کردبێ. ئەگەریش پێش من ئەو کارە کرابێ خۆشحاڵ دەبم ئاگادارم کەنەوە و رای خۆم وەرگرمەوە.
نێوی ئەو هەرێمە لە کۆنەوە تاکوو ئەوڕۆ گۆڕانکاریی زۆری بە سەردا هاتووە. بەڵگە مێژووییەکان پێمان دەڵێن کە گۆیا لە سەرەتا دا ئاترۆپاتکان بووە و دواجار و هێدی هێدی بە هۆی داینامیکبوونی زمان و تایبەتمەندییەکانی وەک ئازەربایجانی ئەوڕۆ فۆرمی گرتووە. لە سەدەی بیستەم بەدواوە بە هۆی گۆڕانکارییە خێڕا سیاسییەکان و سازبوونی دەوڵەت- نەتەوەکان ئەو واتایە تایبەتمەندیی سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکی بە خۆوە دەگرێ و دەبێتە هۆی ئەوەکە کاتێ ئاماژە بەو نێوە دەکرێ، تەنیا گروپێکی زمانی زەق بێتەوە واتە؛ تورکی یان تورکی ئازەری. نێوێکی ناکۆک دەگەڵ دیوی راستەقینەی دێمۆگرافیکی ئەو ناوچەیە.
لانیکەم بەرلەوەی کە ئەو ناوچەیە تووشی ئەو گۆڕانکارییانە بێ، پرسی نەتەوە وەک کورد، تورک، ئاشور و ئەرمەن کە لە سەرەکیترین نەتەوەکانی دانیشتووی ئەو هەرێمە بوون، بەو جۆرەی ئەوەڕۆ نەبوو کە هەیە، یان لانیکەم چەمکی نەتەوە بەراورد بە هێزی بزوێنەری چەمکی ئایین مژارێکی لاواز بوو. دیسان بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە تورک (شیعە، بە جیاوازییەکی بەرچاو لە رەفتار و خوو و رەوشتی کۆمەڵایەتی و کولتووری دەگەڵ نەتەوەکانی رەسەنی ناوچەکە) لەو هەرێمانە وەک قەڵغانێک لە بەرامبەر هێزەکانی راپەڕیوی دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی یان نیزیک لە دەسەلاتی سوننە مەزهەبی عوسمانی نیشتەجێ کرابوون، بەڵام ناکۆکییەکە زیاتر خۆی لە ئایین دا دەدیتەوە. دیارە بێ گومان جیاوازیی زمانی و لێک تێنەگەیشتنیش ئەو ناکۆکییانەی قوڵتر کردۆتەوە. ئەو بەریەککەوتنانە تا ئێستاش درێژەی هەیە بەڵام زیاتر رەنگ و بۆنێکی نەتەوەیی و زمانی بەخۆوە گرتووە.
کەوابوو سەردەمانێک ئەوە ئایین بوو خوو و رەوشتی خەڵکی ئەو ناوچەیەی بەرامبەر بە یەکتر دادەڕشت. وەک چۆن دەبینین کە نیزیکایەتی تورکی سوننە( کوێرە سوننی) ئەو هەرێمە دەگەڵ کوردانی سوننە مەزهەب یەکجار بەرچاوە، یان لانیکەم گرفتێکی ئەوتۆش لە نێوان ئاشوور و هەرمەن و کوردان دا تۆمار نەکراوە. یان ئەگەر هەشبووبێ زووتێپەڕ بووە و خێرا دامرکاوە.
ئەو ناوچەیە بەر لە هاتنی تورکەکان شوێنی نیشتەجێ بوونی کورد و ئاشوور بووە. هەرمەنییەکانیش لەو هەرێمە نیشتەجێ بوون و بەڵام رێژەیان لە چاو ئاشوورییەکان کەمتر بووە. وەک بەڵگەکانیش ئاماژە دەکەن کۆنترین کەنییسەی هەرمەنییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەیەم.
ناوەندی زۆربەی شارەکان لەو هەرێمە، لە ورمێوە بە رەوە سەرێ زۆرینەی تورک، ئاشوور و ئەرمەن و جوولەکە بوون. خودی شاری ورمێش هەر بەم چەشنە بووە و کوردێکی هێکجار کەمی تێدا ژیاوە. تەنانەت بەر لە هاتنی تورکان لە دەوروبەری شاری ورمێ گوندەکان ئاشووری بوون. بە چەشنێک کە لە دەرەوەی شاری ورمێ بەرەو سنوور چەندین ئاوایی ئاشووری هەبووە. بوونی شوێنەواری کۆمەڵێک کەنیسە و گۆڕستان بەڵگەن بۆ ئەو بابەتە.
کەوابوو کورد و ئاشوور بەر لە هاتنی تورکان زۆرینەن. تورک دێ باڵانس دەگۆڕێ. گۆڕانکارییەکانی سەرەتای سەدەی بیست بە دواوە دەبێتەوە هۆی ئەوەی کە ئاشوور و هەرمەن رێژەیەکی ئێکجار کەمیان لێ بمێنێتەوە. زاو و زێی کورد لە چاو تورک و ئەوانی دیکە بەرچاوە و کورد لە ژیانی کۆچەری مەودا دەگرێ و بە گۆڕانکارییەکان تێگەیشتنی دەگۆڕدرێ. وردە وردە نیشەجێی ناوەندی شارەکان دەبن. لە کەمەوە دەبن بە رێژە، بەجۆرێک کە لە سەڵماس و ورمێ و پولدەشت لە نیوە بە نیوە نیزیک دەبنەوە. وێڕای ئەو گۆڕانکاریانە واتاکانیش دەگۆڕدرێن. چۆناوچۆن؟
ئازەربایجانی ئەوڕۆ لە دوو بەش پێکهاتووە، ئازەربایجان وەک وڵات و ئازەربایجان وەک دوو پارێزگا لە چوارچیوەی دابەشکارییەکانی ئێران دا. رووباری ئەرەس سنوووی نێوان ئەو دوو بەشەیە کە ئەوڕۆ ئازەربایجان – نەخجێوان و ئەرمەنستان وەک وڵات لە بەشە باکوورییەکەی و ئازەربایجان وەک دوو پارێزگا لە بەشە باشوورییەکەی ئەو رووبارە هەڵکەوتوون.
بەشە باکوورییەکی دەبێتە وڵاتی ئازەربایجان و زمانەکانی وەکوو تاتی دەنێو زمانی تورکی دا دەتوێنەوە، ئیدی ئازەربایجان وەک ولاتێکی تورک زمان دەناسێندرێ، جا هەر بەو هۆیەشەوە بەشە باشوورییەکی لە روانگەی پێناساندنی زمانییەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەشە باکوورییە. لەو پێوەندییەدا ئازەربایجانی رۆژئاوا زەرەرمەندی سەرەکی ئەو بابەتە دەبێ. بە چەشنێک کە بە رای گشتیی ناوەوە و دەروەی ئێران ئازەربایجانەکانی ئێرانیش دەبێ تورک زمان بن. ئەوە لە حاڵیکدایە کە هەرێمی ورمێ یان بە نێوە فەرمییەکەی ئازەربایجانی رۆژئاوا بە زۆرینەی کورد زمانەوە وەک تورک زمان پێناسە دەکرێ. بابەتێکی ناتەبا. کە وابوو ئەوە بابەتێکە جێی لێوردبوونەوە و تێرامانە.
جیا لەو بابەتە، وشەی ورمێ- ارومیە، جگە لە پێگە مێژووییەکەی، واتای بوونی ئێکۆسیستەمێکی گەورەی ژینگەیی (وەک گۆلی ورمێ) و ئینسانی وەک شاری ورمێیە کە خاوەن رەنگاوڕەنگێی کەموێنەی زمانی و ئایینییە. لێرەدایە قورسایی وشەی ورمێ زیاتر بەرچاو دەکەوێ. بەو حاڵەش بۆئەوەی کە ئەو وشەیە لە دواڕۆژدا ببێتە نێوی ئەو هەرێمە، پێویستە لێوردبوونەوەیەکی پسپۆڕانە و یاساییانەی بۆ بکرێ و را و بۆچوونی هەر دووک نەتەوەی کورد و تورک بنەمای گۆڕینی نێوەکە بێ.
دوکتور عەباس وەلی لە کۆنفرانسەکەی هولەنددا پەنجە لە سەر بابەتێکی هەستیار و وشیارکەرەوە دادەنێ. بۆخۆم وەک میوان بەشداری ئەو کۆنفرانسە بووم و لە نیزیکەوە گوێ بیستی وتەکانی دوکتور عەباس بووم. وێرای دوکتور وەلی، دوکتور کامڕان و بە تایبەتی کاک دیاکۆ مرادیش بابەتیانە لە سەر مژارەکە قسەیان کرد.
دەکارهێنانی چەمکی حیماقەتی سیاسی لە لایەن دوکتورەوە دواتر گرینگبوونی ناوەڕۆکی وتارەکەی بە لاڕێ دا برد یان ئەوەیکە ئەوەندە بە مەبەست زەق کراوە کە تەنیا نێیەتی لێدانی شەخس بوو تا ناوەڕۆکی بابەت. رەنگبێ هێندێک کەسی رووشاندبێ و دەشکرا چەمکێکی دیکە بەکار بێ، بەڵام دەکرێ وێڕای رەخنەگرتن لەو چەمکە، خوێندەوەیەکی دیکەی بۆ بکرێ و وەک زەنگێکی وشیارکردنەوە و لە رووی دڵسۆزی و خێری گشتیی ببیندرێ، کە گومان لەوەدا نییە. لەو باوەڕە دام ئەو چەمکە لە چاو ئەوەیکە کە رۆژانە و بێ لێپرسینەوە لە ئاکار و رەفتاری سیاسیی بژاردەکاندا دەبیندرێ هەر هیچ نییە. دوکتور وەلی رای وایە کە لە بەر هەستیاریی دۆخەکە چەلێ زوویە ئەو جۆرە باسانە وەک نەخشەی ورمێ و … بورووژێندرێن. پاساویشی ئەوەیە کە بە کام هێز دەتوانین بەرەوڕووی لێکەوتەکانی دواڕۆژی ببینەوە. هەرچەند دوکتور قەت لە وتارەکەی دا باسی ئەوە ناکە کە ئەو نێوە نەبێ و ئەو زیاتر دەپەرژێتە سەر کات و سات. وەک خۆم لە سەر نێوی ورمێ بەو هۆکارانە لە سەروە باسم کردوون و هۆکارگەلێکی دیکە پێداگرم لە سەر نێوی ورمێ بۆ ئەو پارێزگایە. بۆ ئەوەیکە ئەو وشەیە زیاتر لە رای گشتی هەر دووک نەتەوەی کورد و تورک کاریگەری بنوێنێ، دەبێ پێشوەختە کاری بۆ بکرێ. هەر چەند پێویستە وەک پڕۆژە-پێشنیار سەیری بکرێ و دواجار هەر دووک نەتەوەی کورد و تورک وێڕای یەک رای لە سەر دەرببڕن.
کە باس دێتە سەر لێکەوتەکانی ئەو مژار و جۆری ئەو دەربڕینانە لانیکەم دەگەڵ دوکتور وەلی هاوڕام. دوکتور بە خوێندنەوە و ئەزموون وەرگرتن لە رابوردوو و ئەو دوو بەڕێزەی دیکەش کە خەڵکی خودی شاری نەغەدەن، شەڕی نەغەدە وەک نموونە دێننەوە کە کورد بە بڕیارێکی ئیحساسی زەرەرمەندی سەرەکیی رووداوەکانی نەغەدە بوون.
کە وابوو نابێ گومان لەوە بکەین کە هەر ئەو چارەنووسە تووشی ورمێ و شارەکانی دیکەش نەبێتەوە. لێرەدایە تێنەگەیشتنی مەیدانی – جوگرافیایی، تێنەگەیشتنی سیاسی بەدوای خۆیدا دێنێ و کارەساتبار دەبێ.
بڕواننە نەخشەکان با زیاتر لە پێگەی جوگرافیایی ئەو پارێزگایە ورد بینەوە. دۆخێ ئێستای هەرێمی ورمێ( لێرە مەبەست لە نەغەدەوە بەرەوە ماکۆیە) لە چاو دەیە و سەدەکانی رابوردوو لە رووی دێموگرافییەوە سەرلەبەری گۆڕاوە. ئاشوور و ئەرمەن نەماون. رێژەی کورد لە چاو تورک کەمترە و دۆخێکە دوو هێز بە سەر کورددا دەسەڵات دەکا. هێزی ناوەندی و هێزی لۆکاڵی تورکی. لانیکەم ئەوە سیاسەتە لە دوای هاتنە سەرکاری سەفەوییەکان پەیرەو کراوە. جیا لەوە سەیرێکی سنوورەکانی دەرەوەی ئەو هەرێمە بکەن. لە گۆلی ورمێ بەولاوە تورکزمانی پارێزگای تەورێز( ئازەربایجانی رۆژهەڵات) لە بەشی باکوور هاوسنوورە دەگەڵ نەخجێوانی تورک زمانی وڵاتی ئازەربایجان، دیسان لە بەشی باکوور هاوسنوورە دەگەڵ وڵاتی تورکیا و لەلای چەپیشەوە دیسان وڵاتی تورکیا. کەوابوو ژێێئۆپۆلیتیکی ناوچەکە هیچ لە بەررژەوەندیی کورددا نییە. ئەدی ئاماری زمانیی دوونەتەوەی کورد و تورک چیمان پێ دەڵێ؟ بە پێی دوایین سەرژمێری ئۆرگانی “بەرنامە و بودجە”ی ئێران، ساڵی ١٣٩٥ خۆری، سەرجەم دانیشتوانی نەغەدە، ورمێ، سەڵماس، خۆی، چایپارە، چالدێران، پۆلدەشت و ماکۆ نیزیک دوو میلیۆن کەسە.
لەو رێژەیە و لەدوای گەڕان و لێوردبوونەوەکانی خۆم دەرکەوت کە نیزیک بە لەسەتا ٥٥ تورک زمان و لە سەتا ٤٥ کورد زمانن ئاشوور و ئەرمەن و ئەوانی دیکە ئەوەندە کەمن کە وەک نەبوو دەبێ سەیریان بکرێ. کەوابوو ئاماریش لە بەرژەوەندیی کورددا نییە. بەو تێبینییەوە کە کورد لە پارێزگادا زۆرینەیە.
وەک حەز و ئارەزوو رەنگبێ زۆربەی هەرە زۆرمان بڵێین هەرێمی ورمێ بەشێکی لێکدانەبڕاوی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەدی رای چڤاکی تورک زمانی زۆرینە لەو نێوە دا چی لێدێت؟ زۆرینەیەک کە بە لانی کەمەوە چەند سەدەیە خۆی بە ئاغا و کوێخای رەهای هەرێمەکە دەبێنێ. دەکرێ دوو حاڵەت بۆ ئەو جۆرە دەربڕینانە لەبەر چاو بگرین، یان ئیحساسی و لە تێنەگەیشتنی جوگرافیایی و ژێئۆپۆلیتیکییەوە سەرچاوە دەگرێ، کە وەک خۆم پێموایە زیاتر ئەو حاڵەتەیە یان ئەوەی کە مەبەستدار و بە نییەتی شێواندنی دۆخەکە لە ناوەندەکانەوە سەرچاوە دەگرێ یان کەوتوونەتە داوی ناوەندەکان. دۆخێک کە لە ئەگەری هەلگیرسانی هەر شەڕێک زەرەرمەندی سەرەکی کورد دەبێ.
دواجار ئەگەر بۆ حاڵەتی یەکەم تێگەیشتنەکە گەیشتە ئەو ئاستە لە ناسینی هەرێمەکە، کاریگەریی حاڵەتی دوویەم تا رادەیەکی باش کەم دەبێتەوە. لە ئەنجام دا ئەو تێگەیشتنە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەنا بۆ سندوقەکانی دەنگدان ببرێت و دەنگی خودی خەڵکی ناوچەکە بڕیاردەری سەرەکیی بێت کە ئاخۆ نێوی چ بێ و هەرێمەکە وەک ناوچەیەکی کوردستانی یان ئازەربایجانی ببیندرێ. باشترین بژاردەش ئەوەیە کە ژیانی هاوبەشی نەتەوەکانی ئەو هەرێمە رێزی لێ بگیرێ و بنەمایەک بێ لە پێناو بە بنچینەییکردنی”گەشەی بەردەوامی کولتووری، ئابووری و پێکەوە هەڵکردن و ژیانکردن” کە لە قازانجی خێری گشتی و خەڵکی خۆجێیی دایە. کەوابوو شێوەیەک لە بەڕێوەبردنی هاوبەشیانە لە لایەن هەر دووک نەتەوەکە و دامەزراندنی سیستەمێک کە گەرەنتی و یارمەتیدەری دۆخەکە بکات پێویستێکی حاشا هەڵنەگرە.
قەندیل پرێس