ڕۆژی چوارشەممە کنێستی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگی ٧١ لە کۆی ١٢٠ ئەندام پشتیوانی لە پرۆژەبڕیاری لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بەئیسرائیلەوە کرد.
کنێستی ئیسرائیل گفتوگۆی کرد بۆ دەنگدان لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک کە پشتیوانی لە سەپاندنی سەروەری بەسەر کەناری ڕۆژئاوادا دەکات.
ڕەشنووسی پرۆژە بڕیارەکە، پێش پشووی هاوینەی کنێست لەلایەن چەند ئەندامێکی هاوپەیمانی دەسەڵاتدارەوە پێشکەش کرا.
پرۆژە بڕیارەکە لەلایەن هەموو لایەنەکانی هاوپەیمانی دەسەڵات و پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلەوە پشتیوانی لێکرا.
یارێڤ لیڤین، وەزیری دادی ئیسرائیل پشتیوانی خۆی بۆ ڕەشنووسی پرۆژە بڕیارەکە دەربڕی و ڕایگەیاند، دەنگ بە پەسەندکردنی ئەو بڕیارە دەدات.
یسرائیل گانتز، سەرۆکی ئەنجومەنی ناوچەی نیشتەجێبوونەکان داوای لە حکومەت کرد پرۆژە بڕیارەکە جێبەجێ بکات و بیکاتە واقیع.
گانتز ئاماژەی بەوەشکرد، سەروەری بەسەر ئەو ناوچانەدا هەنگاوێکی پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی ئیسرائیل، وەک خۆی دەڵێت.
قەندیل پرێس