د. عادڵ ئەلیاسی: زۆرینەیەکی لاوازی ناو سەرکردایەتی پێیان وایه کە ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان لە ڕاستیدا بەشێکه لە پڕۆژەی جەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل

وتووێژیی تایبەتی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەڕێز “دوکتور عادڵ ئەلیاسی” ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

قەندیل پرێس: زیاتر لە بیست ڕۆژە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم شەڕە چییە؟ ئایا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێواری ڕووخان دایە؟ ئایا ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئامانجەکانی خۆیان گەییشتوون؟

د. عادڵ ئەلیاسی: بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزییەکانی دۆخەکە، زۆر ئەستەمە بتوانین دەرئەنجامی وردی ئەم شەڕە پێشبینی بکەین. سەرباری ئەم ڕاستییە ناتوانرێت ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامی، وەک یەکێک لە بەهێزترین ئەگەرەکان نەبینین. ڕاستیێکی حاشاهەڵنەگری تائێستا ئەوەیه که ستراتیژی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنها لە لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ڕژێمدا سنووردار نییە، بەڵکو ژێرخانی ئەمنی و ئاسایشی ناوخۆیشی کردووەتە ئامانج، بە شێوەیەک که تا خوارەوەترین ئاستی ناوەندە ئەمنی و پۆلیسییەکانی گرتۆتە بەر. ئەم ڕەوشەی دەوڵەتانی ئامریکا و ئیسرائیل دەریدەخات کە ئەم دەوڵەتانە بە مەبەستی داڕمانی دەسەڵات لە ناوخۆدا هێرشیان کردۆتە سەر ئێران.
ئەگەر ئەم هێرشانە بۆ ماوەیەک بەم چڕییە بەردەوام بن، بڵێین بۆ نموونە تا مانگێکی تر، دەتوانرێت سیناریۆی داڕمانی ڕژیم تا ڕادەی دڵنیایی پێشبینی بکەین. پێدەچێت ئەم داڕمانە قۆناغ بەقۆناغ ڕوو بدات. لە قۆناغی یەکەمدا، ڕژیم ڕووبەڕووی پەککەوتنی جددی دەبێتەوە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ کۆمەڵگا، لەوانە کارەبا، سووتەمەنی، ئاو، خۆراک و پێدانی مووچەی فەرمانبەران. لە قۆناغی دووەمیشدا هەمان ئەو پەککەوتنە بۆ هێزە سەربازی و ئەمنییەکان تەشەنە دەکات و مۆڕاڵ و یەکگرتوویییان لاواز دەبێت، بەجۆرێک بەشێک لەو هێزانە دەست لە پۆستەکانیان دەکێشنەوە بۆ پاراستنی خۆیان و بنەماڵەکانیان. لە قۆناغی سێهەمدا،هەندێک لە بەرپرسانی حکومەت خۆیان لە پێکهاتەی دەسەڵات دوور دەخەنەوە، ڕووبەڕووی ئاسۆی داڕمان دەبنەوە و ئیترلەسەر دەسەڵاتی وێرانی ڕژیمەکەیان قومار ناکەن. لە وەها هەلومەرجێکدا بە کشانەوەی کردەیی ناوەندە سەرکوتگەرەکان زەمینە بۆ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی خەڵک و دەستبەسەرداگرتنی ناوەندە ناوخۆییەکانی دەسەڵات دەخوڵقێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر ئەم شەڕە لە ئەنجامی ڕێککەوتنێک لە ڕۆژان یان هەفتەکانی داهاتوودا تەواو بێت، ئەوا پێدەچێت سیناریۆی ڕووخانی ڕژیم، هەرچەندە هێشتا ڕەتناکرێتەوە، بەڵام دوابخرێت. درێژایی ئەم دواکەوتنە بەندە بە توانای ڕژێم بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی خۆی، هەروەها پەیوەندی هەیە به ئاست و بەردەوامیی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز.
پێویستە بگوترێ بۆ کۆماری ئیسلامی، «سەرکەوتن» بە واتای مانەوە و پێشگرتنه لە ڕووخان. لە بەرامبەردا «سەرکەوتن» بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە واتای  لانیکەم گۆڕانکاری بنەڕەتییە لە بینای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و لانی زۆریش رووخانی تەواوی ئەو بینایەیە. بۆیە پێناچێت ئەم شەڕە بە ئاسانی کۆتایی بێت بەبێ گۆڕانکاری بەرچاو لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ڕژێمدا.
بە گشتی، بە سەرنجدان بە ڕەوتەکانی ئێستا، زەحمەتە سیناریۆیەک لە خەیاڵدا بێت کە تێیدا ڕژیم لە ماوەی مامناوەنددا ڕووبەڕووی دارمانی حەتمی نەبێتەوە.

قەندیل پرێس: کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران لە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەشدار نەبوو، هەروەها لە بەیاننامەیەک‌دا هۆشداری لەوە‌دا کە تێکەڵ بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل نابێت، هۆکارەکانی ئەم هەڵوێستەتان چی بوون؟

د. عادڵ ئەلیاسی: لە نێو سەرکردایەتی کۆمەڵە و هەروەها لە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا بە گشتی بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان و دەتوانین بڵێین شەڕی ئامریکا و ئیسرئێل لە گەڵ کۆماری ئیسلامی هەیه. زۆرینەیەکی لاوازی ناو سەرکردایەتی پێیان وایه کە ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان لە ڕاستیدا بەشێکه لە پڕۆژەی جەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە بۆ بەرژەوەندی خەڵک دەستی پێ نەکردووە، هەبۆیه سەربەخۆیی ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان لە ژێر پرسیاردایه. دیارە هاوکات هەندێک هۆکاری ئیدئولۆژیکی وەک ئەوەی که ”ئێمە کۆمۆنیستین و ئەو لایەنانی تر ”ئیسم”ێکی ترن، دەهێنرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە بۆچوونێکی تر هەیه، کە من سەر بەو بۆچوونەم، دەڵێت دیارە شەڕی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە گەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ئێران و کوردستان نییە، بەڵام ئەمە هۆکاری نییه بۆ ئەوەی که کۆمەڵە بەشداری نەکات لە هاوکاری و هاوپەیمانی لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان بۆ باشتر کەڵک وەرگرتن
لەو هەلومەرجەی کە دەتوانێت لەسەرەنجامی ئەو شەرەدا پێک بێت. لە دیدی ئەم ڕوانگەوە، جیاوازیی سیاسی و بەرنامەیی نێوان حیزبەکانی کوردستان ناتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەندام نەبوون له هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستاندا. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە پێمان وایه کە بوونی کۆمەڵە له ئاوا ناوەندێکدا لەگەڵ مێژووی ڕۆڵگێڕان و بڕیاردەرانە و بەرپرسیاریانەی کۆمەڵە هاوتەبایه.
بەکورتی جەختمان ئەوەیه کە کۆمەڵە نابێ بە گرتنەبەری سیاسەتی گۆشەگیری مەیدانی بڕیاردان سەبارەت بە چارەنووسی کوردستان ڕادەستی حیزبەکانی تر بکات و خۆی لە ڕۆڵی چاودێرێک یان هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی حیزبەکانی کوردستان ببینێت. بە بڕوای من ئەمە جیاوازیێکی جەوهەرییە کە لە نێو کۆمەڵەدا هەیه. ئەوەی کە تائێستا لە هاوڕێیانی لایەنی تری ئەم پرسە بیستوومانە زۆرتر پەنابردنە بە دروشمی ئیدئۆلۆژیانە نەک لێکدانەوەیەکی سیاسی پەیوەندیدار بە ڕەوتی رووداوەکانەوە.
من لەو کەسانەم، کە سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنانەی کە لە سەر ڕەوتی پێکهێنانی ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان هەمە، پشتیوانیم لە ئەندامێتی کۆمەڵە لەو ناوەندەدا کردووە و تا ئێستاش پابەندم بەو هەڵوێستە کە کۆمەڵە بە فەرمی لە زووترین کاتدا بچێتە ناو ئەم ناوەندە. بە بڕوای من لە ئەگەری پێشهاتە جیددیەکان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا، نەبوونی کۆمەڵە لەم ناوەندە بە شێوەیەکی کاریگەر کۆمەڵە لە گۆرەپانی بڕیاردان لەسەر جارەنووسی کوردستان گۆشەگیر دەکان. پەیوەست بوونی کۆمەڵە بەم ناوەندەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە هەندێک لە هاوڕێیانی حیزبی من باسی دەکەن، لەسەر بنەمای جیاوازی ئیدئۆلۆژی لە نێوان ”چەپ و ڕاست” یان ”’کۆمۆنیزم” و ”ئیسم”ێکی تر نییه. بەم نەوعه لێکدانەوە ئیدئالیستانە مەترسی ئەوە هەیه که ڕۆڵی کۆمەڵە بچوک بکرێتەوە بۆ ڕۆڵێکی هاوشێوەی ئەوەی کە چەپی باشوری کوردستان دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ توشی بوو، واته گۆشەگیری و لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتی کە دوای ٣٥ ساڵیش نەتوانراوە قەرەبوو بکرێتیەوە.
رەخنەیەکی تر کە لە ڕوانگەی هەندێک لە هاورێیانی هاوحیزبی من هەمە، مەیلێکی چەپگەرایانەی تەقلیدی بە پارێزە کە خۆی زۆرتر بە دژایەتی ڕۆژئاوا و ئامریکاوە ماندو دەکات تا جەخت خستە سەر دوژمنە سەرەکییەکەی و گۆرانکارییەکانی ناو کۆمەڵگای خۆی. حەجمی ڕادەبەدەری  پڕۆپاگەندا دژی ئامریکا و ئیسرائیل لە ژێر ناوی ”دژایەتی لە گەڵ ئیمپریالیسم” لە جێگای خۆیدا نییه. لەوەش خراپ تر ئەوەیه که کاتێک ئەم لێکدانەوە دەکرێتە بیانوو بۆ ئەوەی که کۆمەڵە نەبیتە ئەندامی ناوەندێکی هاوکاری که دەتوانێت چارەنووسی کۆمەڵگاکەت دیاری بکات. ئەم نەوعە هەڵوێسگرتنە سەرچاوەگرتووه لە هەمان نەریتی سەردەمی شەڕی سارد کە زۆربەی حیزبە چەپەکانی جیهانی خستە داوی سیاسەتی سۆڤێتەوە کە ئەرکی سەرەکی خۆیان بکەن به دژایەتی ئامریکا، نەک گۆڕانکاری لە وڵاتەکەی خۆیان.
ئەم جیاوازییە لە نێو کۆمەڵەدا بەردەوامه و لە گەڵ ڕەوتی رووداوەکاندا جدی تریش دەبێتەوە. هیوادارم هاوڕێیانی حیزبیم بەو لێکدانەوانەی خۆیاندا بچنەوە، تا بتوانین کۆمەڵە لە ناوەندی پێشهاتەکان و بڕیارەکاندا گۆشەگیر نەکەین و بە هەندێک دروشمی ئیدئۆلۆژیانە خۆمان فریو نەدەین. دیارە ئێمە هەوڵ ئەدەین بە شێوەی پێویست ڕێوشوێن جددی بۆ پاراستنی ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەرانەی کۆمەڵە لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا بگرینە پێش و نەهێڵین کۆمەڵە لە ڕووی هەندێک سیاسەتی هەڵە گۆشەگیر بکرێت.

 قەندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان لەم دۆخەدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها حیزبەکان دەبێ چ سیاسەتێک پەیڕەو بکەن؟

د. عادڵ ئەلیاسی: بە بڕوای من لەم هەلومەرجەدا هەم کۆمەڵگای کوردستان و هەم حیزبە سیاسییەکان پێویستە خۆیان بۆ دوو سیناریۆی سەرەکی ئامادە بکەن کە بریتین لە: یەکەم، هەرەسهێنانی دەسەڵات کۆماری ئیسلامی لە کورتماوەدا، دووهەم، مانەوەی ئەم دەسەڵاتە لە کوررماوەدا، بەڵام هەرچۆن بێت هەرەسهێنانی لە مامناوەندا.
لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، ئەگەر سیناریۆی هەرەسهێنانی دەسەڵات ڕووبدات، ناوچەکانی کوردستان لە بوونی هێزی سەرکوتگەر چۆڵ دەکرێن. لە هەلومەرجێکی ئاوادا زۆر گرنگە کە خەڵک ئامادەبێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگا و بە شێوەیەکی کردەیی بتوانێت چەشنێک له خۆبەڕێوەبەری و حوکمڕانی ناوخۆیی، سەربەخۆ لە ناوەند، ڕێکبخات. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر ڕژیم نەڕوخێت، کۆمەڵگای کوردستان بە پشتبەستن بە ئەزموونە دەوڵەمەندەکانی، دەتوانێت بچێتە قۆناغێکی تری خەبات که بتوانێت لە شێوەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییە گشتی و یاساییەکان بەردەوام بێت.
تا ئەو شوێنەی به حیزبە کوردییەکان دەگەڕێتەوە، هەمان پێویستی ئامادەکاری بۆ هەردوو سیناریۆکە هەیە.
لە ئەگەری هەرەسهێنانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئەولەویەتەکان بریتی دەبن لە هەماهەنگی کارا لە نێوان حیزبەکاندا بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەوەی وڵات، بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی شار و گوندەکان، ڕێکخستنی بەرەیەکی هاوبەش لە دژی پاشماوەکانی ڕێژیم و هەروەها واژۆکردنی ئەجێندایەکی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ هەر حکومەتێکی ناوەندی نوێ. لەم چوارچێوەیەدا، ناوەندی هاوپەیمانی حیزبەکانی کوردستان دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ لە مودیریەتی ئەم پرۆسەیەدا بگێڕێت. هەربۆیه هیوادارم حیزبەکەی منیش، واتە کۆمەڵە، بۆ ئەم مەبەستە هەرچی زووتر بچێتە ناو ئەم ناوەندەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

سیروان عوبەید: ئەزموونی ڕۆژاوا دەریخست کە تیۆری “نادەوڵەتی” بەڕێز ئۆجەلان لەبەردەم واقیعی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی ناگرێت

قەندیل پرێس – وتووێژی تایبەت وتووێژی تایبەتی قەندیل پرێس لەگەڵ بەرێز کاک سیروان عوبەید، ئاکادیمیست …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *