به‌په‌له

بوڵدان دەڵێت ئۆجەلان هیوای زۆری بە پرۆسەی ئاشتی هەیە

شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی دوای دیدارێکی دوو کاژێر و نیوی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رایگەیاند، ئۆجەلان هیوای چاکبوونەوەی بۆ سرری سورەییا ئۆندەر خواستووە و جەختیکردووەتەوە، کە هیوای زۆری بە پرۆسەی ئاشتی هەیە.

پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی رایگەیاند، کە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردووە و دیدارێکی “زۆر بەرهەمدار”یان لەگەڵ ئۆجەلان کردووە.

بوڵدان سەبارەت بە وردەکاریی دیدارەکە گوتی: “یەکەمین تەوەری باسەکانمان تەندروستیی سرری سورەییا ئۆندەر بوو و عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواست.”

پەروین بوڵدان هەروەها رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە نزیکەوە چاودێریی تەندروستیی ئۆندەری کردووە و لە کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆنەوە سەیری هەواڵەکانی تایبەت بە تەندروستیی ئۆندەر دەکات.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە 21-4-2025 ئۆجەلان پەیامێکی تایبەت بە تەندروستیی سرری سورەییا ئۆندەر نووسیو،ە کە لە کۆنفرانسەکە لەلایەن پەروین بوڵدان خوێندرایەوە.

لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە: “هیوای چاکبوونەوە بۆ سرری سورەییا ئۆندەر دەخوازم، بەهۆی ئەو نەخۆشییەی تووشی بووە؛ هەروەها هیوای باشبوون بۆ خێزانەکەی و هەموو هاوڕێ و خۆشەویستانیشی دەخوازم”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئۆجەلان گوتوویەتی:” ئۆندەر کەسێکە رەنگدانەوەی هەوڵە گەورەکانی ئاشتییە بۆ کۆمەڵگە و دەتوانێت بە شێوەیەکی کەسی ئەو پێشبینییە خراپانە بشکێنێت کە لە کۆمەڵگەدا هەن. ئۆندەر ئەمەی کرد و پێشبینییە خراپەکانی لە کۆمەڵگە، لە پەرلەمان و شەقامەکاندا شکاند”.

ئۆجەلان هەروەها بە گرنگی دەزانێت دەست بەو کولتوور و بۆچوونانەی سرری سورەییا ئۆندەر لەمەڕ ئاشتەوایی بگرن و دەڵێت:”دەبینم هەمووان دەچنە ئەو نەخۆشخانەیەی ئۆندەر لێی دەمێنێتەوە و دڵسۆزیی خۆیانی بۆ دووپات دەکەنەوە. مەرجی پابەندبوون ئەوەیە کە هەوڵی ئاشتییەکەی بخاتە واری جێبەجێکردنەوە”.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان هیوای خواستووە، ئۆندەر بە زووترین کات چاک ببێتەوە و بە جۆش و خرۆشتری زیاتر لە جاران و بەهێزی زیاترەوە بگەڕێتەوە ناویان.

کۆنفرانسەکەی شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی لەبەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی ئۆندەر تێیدا خەوێندراوە، کرا. پەروین بوڵدان دوای گوتەکانی هیچ پرسیارێکی وەرنەگرت و کۆتایی بە کۆنفرانسەکە هێنا.

سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە هاوکات پەرلەمانتار و ئەندامی شاندی دەم پارتییە بۆ ئیمراڵی، شەوی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، تەندروستیی تێکچوو و دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

دوو هاونیشتمانی خەڵکی بۆکان لە خۆپێشاندانەکانی تاران کوژران

لە خۆپێشاندانەکانی تاران دوو هاونیشتمانیی خەڵکی بۆکان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران رێکخراوێکی مافی مرۆڤیش …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *