قەندیل پرێس
داستانی نەورۆز بە هەزاران ساڵە لەلایەن گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەک جەژنی ژیانەوە، بەرخودان و بەهار پیرۆز دەکرێت. نەورۆز ڕۆحی ڕاپەڕینی لە ناو گەلانماندا زیندوو کردەوە. هێما و کەسایەتییەکانی نەورۆز گوزارشت لە ناسنامەی قووڵی ئەم ناوچەیە دەکەن؛ دەهاک نوێنەری سیستەمی دەوڵەتگەرایی و ستەمکارییە؛ ئەو مارانەی لەسەر شانی بوون و ڕۆژانە مێشکی دوو گەنجیان دەخوارد، نیشانەی دڕندەیی دەسەڵاتی ئاشوورییەکانە، لە بەرامبەریشدا کاوەی ئاسنگەر ڕەمزی بەرخودانی گەلانە دژی زوڵم و زۆر.
شەڕە ئایینی، مەزهەبی و کولتوورییەکان کە هەزاران ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن، گەورەترین گورزن لە کولتووری پێکەوەژیانی گەلان. هەر کاتێک هەر ناسنامە و باوەڕێک تەنها بیر لە خۆی بکاتەوە و “ئەوی تر” وەک دوژمن ببینێت، دوورکەوتنەوەی نێوان گەلان قووڵتر دەبێتەوە. لێرەدا بەها و کولتوورە هاوبەشەکانمان پشتگوێ دەخرێن و جیاوازییەکانمان دەکرێنە هۆکاری شەڕ.
پەیڕەوکردنی سیاسەتە کۆنەپەرستەکان لە ناوچەکەدا کارەساتی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەو پارچەبوونەی بەهۆی سیاسەتی چەوسانەوە و نکۆڵیکردنەوە دروست بووە، بەداخەوە ئەمڕۆ بووەتە پاساو بۆ دەستێوەردانی هێزە داگیرکەرەکان. لە بەرامبەر ئەم هەڵوەشانەوە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەی کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دروستی کردووە، ئێمە بە ڕۆحی ئازادیی نەورۆز، چارەسەری مۆدێرنیتەی دیموکراتیکمان لەسەر بنەمای “سیاسەتی دیموکراتیک، پاراستنی ژینگە و ئازادیی ژنان” پێشخستووە.
ئەو پرۆسەیەی لە 27ـی شوباتی 2025 دەستمان پێکرد، ئامانجی زیندووکردنەوەی بنەماکانی یەکێتییەکە بەگوێرەی ڕۆحی نەورۆز. پێویستە بڕوامان بەوە هەبێت کە دەتوانین لە ئایدۆلۆژیا ناسیۆنالیستییە تەسکەکان ڕزگارمان بێت و لەسەر بنەمای ئینتێگراسیۆنی (تێکەڵبوونی) دیموکراتیک یەکبگرین. نەورۆزی 2026 تەنها خەون و ئۆتۆپیا نییە، بەڵکو دەستپێکی ژیانێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەیە.
با فەلسەفەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە هەموو پەیوەندییەکانماندا ڕەنگ بداتەوە. نەورۆز کاتی جێبەجێکردنی پراکتیکییە. با لەم نەورۆزەدا خۆمان لە هەموو ئەو تێگەیشتنە چەوتانە پاک بکەینەوە کە بێزارمان دەکەن و بە ئەخلاقێکی نوێی ئازادییەوە باوەش بۆ ژیان بگرینەوە.
هاوکات جەژنی ڕەمەزان لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەم و هیوادارم ڕۆحی جەژن ببێتە هەوێنی ئاشتی و تەبایی. نەورۆزی 2026 بۆ یەکەمجارە بە ڕۆحی یەکێتییەکی دیموکراتیک پیرۆز دەکرێت. هیوادارم ئەم «ڕۆژە نوێیە» ببێتە مایەی مەزنترین ڕێپێوانی ئازادی لە ساڵانی داهاتوودا.
هەمووتان بە خۆشەویستییەوە سڵاو دەکەم.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
زیندانی ئیمراڵی
21ـی ئازاری 2026
قەندیل پرێس