شه‌ماڵ به‌شیری: لە روانگەیەکی ماناشناسییەوە، گفتوگۆ بە مەبەستی چارەسەری پرسی کورد دەگەڵ رێزدار ئۆ.جە.لان دەستی پێکردۆتەوە

وتووێژی “قه‌ندیل پرێس” له‌گه‌ڵ به‌ڕێز “شه‌ماڵ به‌شیری” سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی گفتوگۆی نێوان ده‌وڵه‌تی تورکیا – عه‌بدۆڵا ئۆجالان – په‌ که که

شه‌ماڵ به‌شیری ده‌ڵێت: “پە.کە.کە زۆر زیاتر بێمتمانەیە و پێیوایە کە ئاکەپە هەم ئۆ.جە.لان فریو دەدات و هەم پە.کە.کە. هەر بۆیە پە.کە.کە هەست بەوە دەکات کە چوونە ناو پرۆسەیەکی بەم شێوەیە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بنێت و بەرەی ئێران بەرەو لاوازی بچێت. لە دۆخێکی ئاوهادا و لە ئەگەری شکستی پرۆسەی دیالۆگدا، پە.کە.کە یەکێک لە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی خۆی، واتە ئێران لەدەست دەدات. بنەمای هاوپەیمانی نێوان ئێران و پە.کە.کە، لاوازکردنی پێگەی تورکییە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەراستدایە. هەتا ئێستاکە هەموو پرۆسەیەکی ئاشتی یان دانوستاندن لە نێوان پە.کە.کە و تورکییە، زیانی بە پەیوەندییەکانی ئێران و پە.کە.کە گەیاندوە. دەبێت ئەمە بزانین کە گەورەترین دوژمنی پرۆسەی دیالۆگ و ئاشتی لە تورکییە، دەوڵەتی ئێرانە.”

قه‌ندیل پرێس: چەند ڕۆژ پێش ئێستا، ئاژانسی هەواڵنێری ئەلمۆنیتۆر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە گفتوگۆی نێوان ڕێزدار عەبدوڵا ئۆ.جا.لان و دەوڵەتی تورکیا و هەروەها لە نێوان بەڕێز ئۆ.جا.لان و قەندیل دەستی پێکردووە، ئایا ئەم هەواڵە ڕاستە؟ تکایە ئەگەر وردەکاری زیاترتان لایە بۆ بەردەنگەکانمان باسی بفەرمن.

شه‌ماڵ به‌شیری: سەرەتا سڵاو و رێز بۆ ئێوە و خوێنەرانی قەندیل پرێس. لە راستیدا یەکەمین جار ئەم هەواڵە لەلایەن رۆژنامەوان هیوا خۆشناوەوە بڵاو کرایەوە. دوای سێ حەوتوو رۆژنامەوان ئامبرین زەمان کە یەکێک لە ئدیتۆرەکانی ئەلمۆنیتۆرە و تۆرێکی بەربڵاوی پەیوەندی لە ئاستی جیهاندا هەیە، ئەو هەواڵەی بڵاو کردەوە. دواتر رۆژنامەنووسانی بەناوبانگی وەک جاندوندار، گۆنجا تۆکیۆل و سەلیم کۆرفوو لەسەر ئەو بابەتە هاتنە دەنگ و بابەتی زیاتریان بڵاو کردەوە. من وەک خۆم، هیچ زانیارییەکی تایبەتم لەبەر دەستدا نییە. بەڵام بە تەماشاکردن و خوێندنەوەی هەڵوێست و لێدوانەکانی کاربەدەستان و سیاسییەکانی تورکییە و ئەندامانی دەم پارتی لە روانگەیەکی ماناشناسییەوە، بەو ئەنجامەمان دەگەیێنێت کە دەنگۆی گفتوگۆ بە مەبەستی چارەسەری پرسی کورد دەگەل رێزدار ئۆ.جە.لان دەستی پێکردۆتەوە. گرینگە لێرەدا ئەوە لەبیر نەکەین کە دیالۆگ و گفتوگۆ هەمیشە دەگەڵ ئۆ.جە.لاندا لە ئارادا بووە. تەنانەت لە دۆخ و کاتە هەرە زەحمەت و دژوارەکانیشدا. کەسایەتی سیاسی و کۆنەرۆژنامەوان ئیلهامی ئیشک کە لە تورکییە وەک ماسیگر ناسراوە و لەنێوان ساڵانی ١٩٩٦ هەتا ٢٠١٣ رێکخەر و بەشداری پرۆسەی ئاشتی نێوان پە.کە.کە و دەوڵەتی تورکییە بووە، دەڵێ کێ چ دەڵێت با بڵێت، بەڵام لێدوانی باخچەلی لەپارلەمان کە دەڵێ وەرن با ئەو کێشەیە بە ئاشتی چارەسەر بکەین، گوزارە لەوە دەکات کە پرۆسەیەکی نوێ دەستی پێکردوە. ئیلهامی ئیشک دەڵێت تەنانەت ئەگەر ئەردۆغانیش بڵێت کە گفتوگۆ دەگەل ئۆ.جە.لان لە ئارادا نییە، نابێت باوەڕ بکەین چونکە گفتوگۆ هەیە.

قه‌ندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەم دەستپێشخەرییە چییە؟

شه‌ماڵ به‌شیری: ئەم پرسە هەم رەهەندی ناوخۆیی و هەم دەرەکیی هەیە. بە واتایەکیتر پرسی کورد لە تورکییە پاژنەی ئاکیلیسی تورکییەیە. بە شێوەیەک کە دەوڵەت هەموو سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆیی و ئەمنی وڵاتی لەمەڕ چۆنێتی مەهارکردن و بەربەرەکانی دەگەل پرسی کورد داڕشتووە. هەر بۆیە لەو قۆناخانەدا کە دەوڵەت رووبەرووی دۆخێکی ناوازە دەبێتەوە، پرسی کورد دەتوانێت فاکتۆرێکی مەترسیدار بێت بۆ دەوڵەت. کاربەدەستان و ستراتێژیسییەناکانی تورکییە لەو باوەڕەدان کە دۆخی ئێستاکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە دوای ٧ ئۆکتۆبری ٢٠٢٣وە تێپەڕی قۆناخێکی نوێ بووە و دیاریش نییە کە ئەم دۆخە لە کوێ و چۆن کۆتایی پێدێت. ئەم دۆخەی ئێستا هاوشێوەی دۆخی ساڵی ٢٠٠٣ ی کاتی هێرشی هاوپەیمانانە بۆ سەر ئێراق. ئەو کاتە تورکییە هەڵوێستێکی ناچالاکی گرتەبەر و بەشداری ئەم پرۆسەیە نەبوو. بەپێی بەشێکی زۆر لە ستراتێژیسییەکانی ئێستاکەی دەسەڵاتی تورکییە، ئەم هەڵوێستی ناچالاکییە، زیانێکی زۆری گەیاند بە بەرژەوەندی تورکییە لە هەرێمەکەدا. ئێستا لە هەنگاوی یەکەمدا ئەوانە نایانهەوێت کە ئەم هەڵوێستە دووپات بکەنەوە و بەپێچەوانەوە دەیانهەوێت زۆر چالاکتر لە جاران بەشداری ئەو پرۆسەیە ببن. بۆ ئەمەش سووککردنی باری دەوڵەت لە رێگاری دۆزینەوەی جۆرێک لە چارەسەری بۆ پرسی کورد، شەرتی یەکەمە.

رەهەندی ناوخۆییەکەی ئەم دۆخەش ئەوەیە کە پرۆژەی گۆڕینی دەستوور یەکێکە لە گرینگترین پرۆژەکانی ئاکپارتی. ئاکپارتی ئەمە دەزانێ کە بەبێ دەنگی دەم پارتی ئەم دۆخە ئەستەم دەبێت و پرۆژەی گۆڕینی دەستوور بە سەرکەوتوویی ناگاتە جێگە. هەر بۆیە لە رێگای سەرلەنوێ هێنانە گۆڕێی پرسی گفتوگۆیە دەگەڵ ئۆ.جە.لان، دەیانهەوێت پرۆسەیەک دەستپێبکەن کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆکاری جۆرێک لە ئاشتبوونەوە و رێکەوتن لەسەر دەستوور.

قه‌ندیل پرێس: سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ، چ دەرفەت و مەترسیگەلێک بۆ پە.کە.کە دەخۆلقێنێت؟

شه‌ماڵ به‌شیری: مەترسییەکان ئەوەن کە، پە.کە.کە لە ساڵانی رابردوودا، رۆژبەرۆژ لە خەتی فکری-فەلسەفی ئۆ.جە.لان دوور کەوتۆتەوە. بە جۆرێک کە لاوازی لە تەرجوومەکردنەوەی تێزەکانی ئۆ.جە.لان بۆ گوتاری و پراکتیک، وەهای کردوە کە بۆشاییەکی فکری-سیاسی لەناو کادیر و لاینگرانی پە.کە.کەدا ساز ببێت. ئەم بۆشاییەش ناراستەوخۆ بە ناسیۆنالیزمێکی شەرمنانە پڕکراوەتەوە. ئەم دۆخە، باری پە.کە.کە لە دانپێدانان و بەشداربوون لە پرۆسەی دیالۆگ لەپێناو دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی گران دەکات.

لە لایەکیترەوە، پە.کە.کە لە رووی لەشکەرییەوە لە پاشەکشەدایە. واتە رۆژبەرۆژ شەڕ لە دژی دەوڵەتی تورکییە، رۆڵ و کاریگەری سیاسی-رێکخستنی خۆی لەدەستداوە و گۆرەپانی شەڕ لە کوردستانی تورکییەوە گواستراوەتەوە بۆ هەرێمەکانی کوردستانی ئێراق. ئەمەش وەها دەکات کە پە.کە.کە لە پێگەیەکی بەهێزی لەشکەرییەوە بەشداری پرۆسەی دیالۆگ نەبێت و بەپێگەیەکی لاوازەوە بچێتە ناو ئەو پرۆسەیەوە.

خاڵی سێهەم لێرەدا، نەبوونی متمانەیە لە نێوان دەوڵەت و پە.کە.کە واتە هیچیەک لە لایەنەکان متمانەیان بەیەکتر نییە. بەڵام پە.کە.کە زۆر زیاتر بێمتمانەیە و پێیوایە کە ئاکەپە هەم ئۆ.جە.لان فریو دەدات و هەم پە.کە.کە. هەر بۆیە پە.کە.کە هەست بەوە دەکات کە چوونە ناو پرۆسەیەکی بەم شێوەیە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بنێت و بەرەی ئێران بەرەو لاوازی بچێت. لە دۆخێکی ئاوهادا و لە ئەگەری شکستی پرۆسەی دیالۆگدا، پە.کە.کە یەکێک لە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی خۆی، واتە ئێران لەدەست دەدات. بنەمای هاوپەیمانی نێوان ئێران و پە.کە.کە، لاوازکردنی پێگەی تورکییە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەراستدایە. هەتا ئێستاکە هەموو پرۆسەیەکی ئاشتی یان دانوستاندن لە نێوان پە.کە.کە و تورکییە، زیانی بە پەیوەندییەکانی ئێران و پە.کە.کە گەیاندوە. دەبێت ئەمە بزانین کە گەورەترین دوژمنی پرۆسەی دیالۆگ و ئاشتی لە تورکییە، دەوڵەتی ئێرانە.

دەرفەتەکانی بەردەم پە.کە.کە لە ئەگەری دۆخێکی ئاوهادا کەم نیین. یەکەم دەرفەت ئەوەیە کە جارێکیتر شانسێک بە سیاسەت دەدرێتەوە. لە ئەنجامی دۆخێکی ئاوهادا ئەو گوشارە سەربازییەی کە لەسەر پە.کە.کە هەیە کەم دەبێتەوە و ئەمەش زەمینەی سەر لەنوێ بەخۆداچوونەوە و خۆرێکخستنکردنەوە بە پە.کە.کە دەبەخشێت.

هاوکات جارێکیتر پرسی کورد، لە پرسێکی حاشییەیی، دەبێتەوە پرسێکی سەرەکی و دەرفەتی ئەمە دێتە ئاراوە کە لە پرۆسەی سەر لە نوێ نوسینەوەی دەستووریی تورکییادا، دان بە هەبوونی کورد و مافەکانی دابنرێت. هیچ هەنگاو و دەستکەوتێکی ئاوها ناتوانێت بەقەد مافی دەستووریی بۆ کورد لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەراستدا گرینگ بێت.

ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ئەمە جاری پێنجەمە کە دەستپێشخەرییەکی ئاوها بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دێتە ئاراوە. واتە هەر لە ساڵانی ١٩٩١ەوە هەتا ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ ئێمە دۆخی دیالۆگ و ئاگربەستمان هەبووە. سەرەڕای ئەوەیکە هیچ یەک لەم پرۆسانە نەگەیشتوونەتە ئامانج بەڵام یەک بە یەکی ئەو پرۆسانە لەجێگای خۆیاندا گرینگ و خاوەن دەستکەوت بوون. لەم پرۆسەیەدا هەر دوو لا باشتر یەکتریان ناسیوە و هەر دوولا تەمرینی سیاسەتی دیموکراتیکیان کردوە. لە هەموو دۆخەکانیشدا خەباتی سیاسەتی دیموکراتیک بەرەو پێش چووە و کۆمەڵێک دەستکەوتی ئەرێنی ماندگاری هەبووە.

قه‌ندیل پرێس: بەشێک لە چاودێران پێیان وایە بەپێی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین، پە.کە.کە لەم کاتەدا دەتوانێت لەگەڵ بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل یان بەرەی ئێران ڕێککەوتن بکات، شرۆڤەی جەنابتان لەم بارەوە چییە؟

شه‌ماڵ به‌شیری: ئەو دەرفەتە هەمیشە لەبەردەم پە.کە.کەدا هەبووە. بەڵام هیچ یەک لە لایەنەکان قەت پرۆژەیەکی تۆکمەیان بۆ پرسی کورد پێشکەش نەکردوە. لەبەر ئەوەی کە ئێران بە بەردەوامی لە رووی ستراتێژییەوە نەیاری تورکییە بووە، وەهای کردوە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئێران باشترین بژاردە بێت بۆ پە.کە.کە. بەڵام ئێستاکە دۆخەکە جیاوازە. جیاوازیی ئەم دۆخە ئەوەیە کە هەم ستاتۆیەک وەک باکوور و رۆژهەڵاتی سورییەمان لە لایەک هەیە و هەم دەسەڵاتی پدک لە ئێراقدا لە داکشاندایە. قووڵتربوونەوەی ناکۆکیی و شەڕی راستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئیسرائیلیشدا کۆمەڵەک دەرفەت و دژەدەرفەت دەگەڵ خۆیدا دێنێت.

هەتا ئێستاکە بەرەی ئامریکا-ئیسرائیل هیچ هەڵوێست یانخود پرۆژەیەکی دیاری لەمەڕ پرسی کورد لە تورکییە پێشکەش نەکردوە. ئەگەریش شتێک لە پشت دەرگا داخراوەکاندا هەبێت، من لێی ئاگادار نیم. هەرچی ئێرانە، لە هیندێک قۆناخدا و لە ئاستی لۆکاڵدا، دەگەڵ پە.کە.کە کۆمەڵێک لەیەکتێگەیشتنیان هەبووە کە بۆ پە.کە.کە رەهەندی ستراتێژیکیان هەبووە. یەکێک لەوانە پرسی شەنگال و دووهەمیان پرسی کورد لە سورییەدا بووە. لەمەڕ تورکییەش، ئێران کەم تا زۆر بەردەوام بووە لە سیاسەتی لاوازکردنی پێگە و کاریگەری تورکییە لە هەرێمەکەدا و هەمیشە بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو دەرفەتەی بە پە.کە.کە داوە کە کەڵک لە جوگرافیای ئێران وەربگرێت بۆ پێویستی لۆجیستیکی و گواستنەوەی هێز بۆ شەڕ دەگەڵ تورکییە.

بەڵام ئەو هاوکێشەیە هەتا ئاستێک ئێستاکە گۆڕدراوە. لە هیندێک شوێن بەرژەوەندییەکانی ئێران و پە.کە.کە بەریەک کەوتوونە. پشتگیریکردنی میلیشیا و چەکدارکردنی چەند عەشیرەیەک لە هەرێمەکانی دێرەزوور لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک یەکێک لەو بابەتانەیە. لایەنی دووهەم، هەوڵی لاوازکردنی ئێران لە هەرێمەکەدایە لەلایەن ئامریکا، ئەوروپا و ئیسرائیل. تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان پە.کە.کە و ئێران لێرەدا رەهەندێکی گرینگی هەیە. بۆیە لەوانەیە ئەو دەستپێشخەرییەی کە ئێستاکە بۆ دیالۆگ دەگەڵ ئۆ.جە.لان دەستی پێکردوە، پشتگیرییەکی دەرەکیشی هەبێت. ئەمانە کۆمەڵێک دەرفەت و دەرەتان بۆ رێکەوتنی نوێ دەخوڵقێنن.

قه‌ندیل پرێس: هەروا کە ئاگادارن، ڕێزدار موراد قەرەیلان لە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆی گەل لەبارەی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕایگەیاند: “شتێکی وەها بوونی نییە، نابێت کەس خەون و خەیاڵێکی وابکات”، شرۆڤەی بەڕێزتان لەسەر ئەم پەیامەی موراد قەرەیلان چییە؟

شه‌ماڵ به‌شیری: بەرێز کارایلان زۆر جار زۆر شت دەڵێت کە دواتر دەردەکەوێت وەها نییە. بۆ نموونە زیاتر لە ٢٠ ساڵە هەر دەڵێ ئەم ساڵ ساڵی فیناڵە، کە چی ساڵ بە ساڵ ئەو فیناڵە درێژ دەکرێتەوە. بەڵام ئەو لێدوانەی کارایلان لەو سۆنگەیەوە گرینگە کە بە جۆرێک گوزارە لە دۆخی ناوخۆی پە.کە.کە دەکات. واتە پە.کە.کە لە دۆخێکدایە کە ناتوانێت ئەو هەواڵە پشتراست بکاتەوە. بەڵام سیاسەتمەدارانی دەم پارتی، وەک فیگەن یوکسەکداغ، ئەحمەد تورک، سری سوڕەیا ئوندەر و تونجەر باکرهان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن کە بە پێچەوانەی قسەکانی کارایلان، شتێکی وەها بوونی هەیە. تەنانەت سەردانی لەناکاوی نێچیرڤان بارزانی و دیدارەکانی لە ئانکارە، گوزارە لەمە دەکات. کەواتە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەو دۆخەی وا دەکات پە.کە.کە هەتا ئێستاکە ئینکاری لەو دەستپێشخەرییە بکات، چییە؟ ئایا ناکۆکی لە نێوان ئۆ.جە.لان و کۆنسەی پە.کە.کەیە لەمەڕ پرسی چەکدانان کە وەها دەکات سەرکردایەتی پە.کە.کە بکەوێتە هەڵوێستێکی بەم شێوە؟ وەڵامەکان جارێ دیار نین بەڵام پە.کە.کە بیەوێت و نەیەوێت، ئەو پرۆسەیە دەستی پێکردوە. نەگەیشتن بە جۆرێک لە چارەسەری بۆ ئەم دۆخەی ناوخۆی پە.کە.کە، پە.کە.کە دەگەیەنتە دژبەری ئۆ.جە.لان. ئەمەش کێشەیەکی جدی فکری- رێکخستنی دەگەڵ خۆیدا دێنێت کە باوەڕ ناکەم پە.کە.کە بتوانێت خۆی لەبەردەمدا بگرێت.

قه‌ندیل پرێس: پێشنیاری بەڕێزتان بۆ سەرکردایەتی پە.کە.کە بەپێی دۆخی ناوچەکە لەم کاتەدا چییە؟

شه‌ماڵ به‌شیری: من هیچ پێشنیارێکم نییە. حیزبی کوردیی قەت پێشنیاریان لە کەس وەرنەگرتووە هەتا ئێستاکە لە منی وەربگرن. حیزبی کوردی خۆی وەک مەرکەزی حەقیقەت و زانست و هۆشیاری دەبینێت و هەرکەسێکیش لە دەرەوەی بازنەی حیزبەکەی بێت، لە دەرەوەی حەقیقەت و زانست و هۆشیاریی دەبینێت. ئەم دۆخەش وەهای کردوە کە حیزبی کوردی بە گشتی داخراو بێت و رەهەندی دیموکراسیش تێیدا لاواز بێت. هەر بۆیە من بەشێک لە قەیرانە فکرییەکانیش بۆ ئەو داخراوەییە دەگەرێنمەوە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

جەبار یاوەر بۆ قەندیل پرێس: پێشبینی دەکەم بەهۆی گەورەیی شەڕەکە و نەبوونی پلانێکی پێشوەختە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات نەتوانن بەشداریی زەمینی بکەن، چونکە زیانی گەورەیان پێدەگات

قەندیل پرێس – وتووێژ وتووێژی دامەزراوەی میدیایی “قەندیل پرێس” لەگەڵ بەرێز جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *