✍️ هونەر حاجی جاسم و هۆگر برایم
سەرەتا:
لە دەرئەنجامی ڕێکەوتنی سایکس بیکۆی سالی ١٩١٦ و شەڕی یەکەمی جیهانیی، کە نەخشەی سیاسیی ناوچەکەیان گۆڕیی و کۆمەڵێك دەوڵەتی نوێ لەسەر خاکی عوسمانیی دروستبوون، کێشەی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرکەوت؛ و بەشێك لە وڵاتانی ناوچەکەی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد.
دوای جەنگی دووەمی جیهانی سالی ١٩٤٥یش، لەگەڵ دروستبوونی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و دەرکەوتنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، دۆخی سیاسی و نەخشەی جیۆستراتیژی گۆڕانی بەسەر داهات. دوای شکستی کۆماری کوردستانیش، حەوشەی پشتەوەی سیاسی گۆڕانی بەسەر داهات. بۆیە لێرەدا دەپرسین، کە ئایە بۆچی کوردستانی ئێران بووبە حەوشەی پشتەوە بۆ بزوتنەوەی سیاسیی کوردستانی عێراق؟. هۆکارەکانی بوون بە حەوشەی پشتەوەی سیاسی کوردستانی ئێران چین؟. ئایە بۆچی هێزەکانی تری کوردستانی ئێران ناتوانن نەخشەی جیۆستراتیژی بگۆڕن؟. ئەو فاکتەرانەی کە بوون بەهۆی پاسیڤ بوونی هێزی سیاسی و عەسکەریی هێزەکانی کوردستانی ئێران کامانەن؟
پاشخانی مێژوویی
بەشێکی گرینگی مێژووی سیاسی نوێی کوردی عێراق و ئێرانیش بەستراوەتەوە بەیەکەوە، بەتایبەت لە سەرەتای سەرهەڵدانی جوڵانەوەی سیاسیی ناسیۆنالیستیی کوردیی، تاکو چوونی گروپێکی بارزانیی چەکدار بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفای بازرانیی و گروپێك لە بیرۆکرات و ئەفسەری کورد بۆ مەهاباد، کە لە دەوڵەتی عێڕاقدا پلە و پۆستی جیاوازیان هەبوو، تا لە درووستکردنی کۆماری کوردستان لەساڵی ۱۹٤٦بەشداریی بەکەن. دوای هەڵوەشانەوەی کۆمار و تەسلیمبوونەوەی قازیی محمد بە دەوڵەتی ئێران، چالاکی سیاسی و چەکداریی لە کوردستانی ئێران بۆ ماوەیێکی زۆر ڕووی لەکزیی کرد.
کە یاخیبوونەکەی ئەیلول دەستیپێکرد، ئێران بە گشتیی و کوردستانەکەی بەتایبەتیی، بوو بە حەوشەی پشتەوەی سەربازیی بزوتنەوەی ئەیلول کە لەوێوە کۆمەکی ماددیی و سەربازیی بەدەستدەگەیشت. ناکۆکییەکانی ئەوکاتەی نیوان ئێران، کە خۆی لەبەرەی خۆرائاوا دەبینییەوە لەگەڵ کۆماری تازەی عیڕاق لە لەبەرەی رۆژهەڵآتدا هەژماردەکرا زەمینەی ئەو یارمەتیانەی ئیرانی بۆ یاخیبوونەکەی ئەیلول فەراهەمکرد. زۆر کەسایەتیی سیاسیی و خوێنداواری ئەوکاتی کوردستانی ئێران، وەکو هەژاری موکریانی و کەسانی تریش، ڕوویان لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێڕاق کرد. دوای ئەوەش، لەگەل ڕاگەیاندنی نسکۆی بزوتنەوەکە لە ١٩٧٤ و پاشەکشەی پارتی بۆ ئێران و درووستکردنی قیادە مۆقەتە لەسێگۆشەی ئێران و تورکیا و عێراق، دووبارە کوردستانی ئێران بوو بە حەوشەی پشتەوەی پارتیی و بارزانیی. لە دوای “شۆڕشی” گەلانی ئیران و زیندووبوونەوەی حدکا و دەرکەوتنی کۆمەڵە کە دەستەڵاتی سیاسییان کەوتەدەست، یەکێك لە ئەرکە ستراتیژیەکانی قیادە مۆقەتە بوو بە لە لێدان لەو هێزانی کوردستانی ئێران و هێزە درووستبووە نوێیەکانی کوردستانی عێراق(یەکیتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزوتنەوەی سۆسیالیستیی کوردستان).
شەڕی هەکاری بەرامبەر هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و هاوکاریی چەکدارەکانی قیادە مۆقەتە لەگەڵ سوپای پاسداران لە گرتنەوەی شار و گوندەکانی کوردستانی ئێران لەدەست دیموکرات وکۆمەڵە لەو چوارچێوەیەدابوون. دیارە نابێ هەڵەی سەرکردایەتیی سیاسیی ئەوکاتی کوردستانی ئێرانیش، بەتایبەت لە ماددەی هەشت، لەبەرچاو نەگرین.
لە ماوەی شەڕی عێڕاق-ئێران تا راپەڕینی ١٩٩١ی کوردستانی عێڕاق، ئەم دوو بەشەی کوردستان رۆڵی حەوشەی پشتەوەیان بۆیەکتریی دەگێڕا بەڵام لەدوای ڕاپەڕین گۆڕانکاریی ریشەیی لەو بارەیەوە روییاندا.
سەردەمی پەرتبوون و پاسیڤ بوون!
لە دوای ڕاپەڕینەوە، کوردستانی عێڕاق، سەرەڕای پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی ئیران، چیتر پێویستیی بە بەکارهینانی کوردستانی ئێران نەبوو وەکو حەوشەی پشتەوە. بەڵام حیزبەکانی کوردستانی ئێران هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رژێمی بەعس، کوردستانی عێڕاق پێگەی سەرەکیی مانەوە و لۆجستیکییان بوو.
دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس دەوڵەتی عێڕاق، چیتر پشتیوانی هیزەکانی کوردستانی ئێران نەبوو بەڵکو تاکە پشتیوانیان هەرێمی کوردستانی عێڕاق و بەتایبەت یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو. هاوکات پەیوەندیی هەرێمی کوردستانی عێڕاق لەگەڵ ئێراندا چیتر لەسەربنەمای دژایەتیی دەوڵەتی عێڕاق نەبوو بەڵکو گۆڕا بۆ پەیوەندیی نێوان هەرێمێکی فیدڕاڵیی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عيڕاقدا لەگەڵ دەوڵەتی ئێران. دیارە پەیوەندیی نێوان ئێران و عێڕاقی دوای بەعس روون و ئاشکرایە. بۆیە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، سەردەمی پاسیڤ بوونی هێزەکانی دژبەر و ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەستیپێکرد، بەتابیەتیش دوای درووستبوونی پارتی ژیانی ئازاد (پەژاك) لە نیسانی ۲۰۰٤ و کەرتبونی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دوو گروپ لەسالی ۲۰۰٦. وە کەرتبوونی کۆمەلەکان و هەروەها دروستکردنی پارتی ئازادیی کوردستان(پاك) بۆ حسێن یەزدان پەنا. بۆیە لێرە هەول ئەدەین کۆمەڵێك هۆکاردەستنیشان بکەین کە بوونەتە هۆی پاسیڤ بوونی هێزەکانی کوردستانی ئێران. لەوانە:
کەوتنی و ڕوخانی ڕژێمی بەعس و زیادبوونی هەژموونی کۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای سالی ٢٠٠٥. هاوکات لەدوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی، عێڕاق لە دوژمنەوە گۆڕا بۆ حەوشەی پشتەوەی جمهوری ئیسلامی ئێران لە سیاسەتیی هەرێمایەتییدا.
پارتیی و یەکێتیی، وەکو دوو دەستەڵاتداری سەرەکیی لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا، ئیتربوون بە بەشێك لەدەوڵەتیی عێڕاق و ناچارن ئەرکی درواسێیەتیی بەرامبەر دەوڵەتە دراوسێکانی عێڕاق جێبەجێبکەن کە رێگەنەدان بە هەبوونی ئۆپۆزسیۆنی چەکداریی ئەو دەوڵەتانە، سەرەتاییتریین ئەرکی قانونیی و دراوسێیەتییە.
حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕوئیا و ستراتیژی سیاسییان بۆ هەلومەرجی دوای ڕوخانی حکومەتی بەعس نەبوو بۆیە هیچ پلان و پڕۆژەیەكیشیان بەگوێرەی ئەو واقیعە نوێیەی کە لەو هەلومەرجەدا دروستبوو، لە هەگبەدا نەبوو.
کەرتبوونی حیزبەکان و درووستبوونی چەند هێزێکی تری سیاسی کە لە ژێرکاریگەریی راستەوخۆی پارتیا کارکەرێن کوردستان (پ ك ك) و پارتی دیموکراتیی کوردستان (پدک)دانە.
درووستبونی گروپێکی گەورەی پشتگیری و پڕۆ پارتی لەناو حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کە ئامانجیان بەبازاڕکردنی سیاسیەتەکانی پارتییە لەناو حیزبەکانی کوردستانی ئێران. ئەم گروپە جگە لەوەی ئەجندای پارتیی جێبەجێ دەکەن، هۆکاریشن بۆ پاسیڤ بوونی هەموو جولەیێکی سیاسی!
ڕێکنەکەوتن لەسەر فۆڕمی کارکردنی پێکەوەیی هێزە سیاسیەکان، هەرچەندە ماوەیێکی کەم ناوەندی هاوکاری درووستکرا، بەلام هەر زۆر زوو شکستی پێهێنرا!
خراپی دۆخی جیپۆلۆتیکی و نەخشەی جیۆستراتیژی سنووری نێوان کوردستانی عێراق و سنوورەکانی ئێران، کە لەخوار خانقینەوە درێژ دەبێتەوە تاکو سێگۆشەی سنووری ئێران، عێراق و تورکیا!
ئەم هۆکارانە و چەندان هۆکاریتریش وایانکردووە کە کوردستانی ئێران ببێت بەحەوشەی پشتەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێڕاق و پ ك ك کە لەوێدا هەم بەربەرەکانێی یەکتریی بکەن و هەمیش وەکوسەرچاوەیەکی مرۆیی و مەعنەویی گرینگ بەکاریبهینن. لەبەرامبەردا، حیزبەکانی کوردستانی ئێران جگە لە سودوەرگرتن بۆ مانەوەی فیزیکیی خۆیان، ناتوانن چیترکوردستانی عێڕاق، لە روی سیاسیی و عەسکەرییەوە، وەکو حەوشەی پشتەوە بەکاربهێنن. ئێستا، جگە لە پەژاك، تەواوی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەژێر کاریگەریی ئەم بارودۆخەی کە تێی کەوتوون، ناچارن مل بۆ خواستەکانی پارتیی و یەکێتیی بنێن کە هەژمونی دەوڵەتی ئێران لە عێڕاق بەگشتیی و لە هەریمی کوردستانیشدا بە تایبەتیی لەبەرچاوە. دیارە بارودۆخی پەژاکیش، لەژێر کاریگەریی پەیوەندییەکانی ئێران و پ ك ك دا، جیاوازیێکیی جەوهەریی ئەوتۆی لەگەڵ باقی حیزبەکانیتردا نییە.
هەرچەندە بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی کورد بۆ دۆخی سیاسی ئێران، پێیان وابوو خۆپیشاندانەکانی ئێران و کوردستانی ئێران لەسەردەمی سەرهەڵدانەکانی “ژن، ژیان، ئازادیی”دا لەئەیلولی سالی ۲۰۲۲ ئەبێتە هۆی ڕوخانی ئێران و هەڵوشانەوەی سیستەمی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران و تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی بوون بە حەوشەی پشتەوەیە، بەلام لەبەر ئەوەی پاڕادیمی سیاسی هێزەکانی کوردستانی ئێران بێ ستراتیژە، وە هەمان مۆدیلە کوردایەتیەکەی پارتیە، نەك ناتوانێت هیچ جولەیێکی نوێی سیاسی و سەربازی بکات، بەلکو زیاتر پاسیڤ و بێ ڕۆل دەکرێت.
سەرئەنجام:
ئەمەی لە کورتە نوسیینەدا پییدەگەین ئەوەیە کە ئەم دوو بەشەی کوردستان، واتا کوردستانی عێڕاق و کوردستانی ئیران، پەیوەندییێکی مێژوویی چری سیاسیی، کلتوریی، فیکریی، ئایدۆلۆژیی هەتا رێکخستنیی و ئەسکەرییشیان لەگەڵ یەکتریدا هەیە. لە هەندێک قۆناغدا هاوکار و هاوپشت و لە هەندێک قۆناغیشدا ناکۆک و بەربەستبوونە لە بەردەم یەکتریی دا.
دەستبەرداربوونی کۆمەڵێک ئەفسەر و بیرۆکراتی کورد لەناو دەوڵەتی عێڕاقدا و چوونیان بۆ کۆماری کوردستان لە مەهاباد، نەک هیچ شتێکی لە بارودۆخەکە نەگۆڕیی بەڵکو زیانی بە پێگەی کوردیش گەیاند لە دەوڵەتی عێڕاقدا کە لەسەرەتای دروستبوونی ئەم دەوڵەتەوە ئەفسەر و بیرۆکراتە کوردەکانی پاشماوەی عوسمانیی رۆڵی کاریگەریان لەناو دەوڵەتەکەدا هەبووە.
لە دوای تیکچوونی کوماریشەوە ئەم پەیوەندییە هەربەردەوامبووە و بەتایبەت لە سەردەمی شەڕی عێڕاق-ئیراندا، بزوتنەوەی سیاسیی هەردووک بەش بەشەکەی تریان وەکو پشتە جەبهە و حەوشەی پشتەوە بەکارهیناوە. بە لەناوچوونی رژیمی بەعسیش بارودۆخەکە گۆڕانکاریییکی ڕیشەیی بەسەردا هات کە چیتر ئێران و عێڕاق ئەو دوژمنە سەرسەختەی یەکتریی نیین تا ئۆپۆزسیۆنی یەکتریی لەبەرامبەر یەکتریی بەکاربهێنن بەڵکو دەبنە دوو دەوڵەتی دۆست و کوردستانی عێڕاقیش دەبێت بە بەشێک لەو دۆستایەتییە. ئەمەش وادەکات کە مەیدانی مانۆڕی سیاسیی و عەسەکەریی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستانی ئێران، تا دێت بەرتەسکدەبێتەوە.
پاسیڤبوونی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سەرەڕای دەرکەوتنی هێزی تازەی وەکو پەژاک و پاک یش، نەک ناتوانی بارودۆخەکە بگۆڕێت بەڵکو کوردستانی ئێران دەکات بە حەوشەی پشتەوەی دوو هێزی وەکو پارتیی و پ ك ك کە لەویدا هەم ناکۆکییەکانیان بەڕێوەدەبەن و هەمیش سود لە سەرچاوە مرۆییەکانی وەردەگرن.
سەرەڕای هاتنە ئارای هەلومەرجی تازەش لە ئێراندا، بەتایبەت سەرهەڵدانەکانی “ژن، ژیان، ئازادیی”، بێ ڕوئیایی و بی پڕۆژەیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران نەیانتوانیی ئەو هەلومەرجە وەرچەرخێنن بۆ دەرفەتێک بۆ هەڵسانەوە و تەکانێکی سیاسیی.
قەندیل پرێس