ڕۆژی ڕابردوو، شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، دیداری لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا، دیدارەکە ماوەی سێ کاتژمێر و نیوی خایاند، لەبارەی دیدارەکەوە شاندەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی شاندی ئیمرالی دەم پارتی بەمشێوەیەیە:
“بۆ ڕای گشتیی و ڕۆژنامەنووسان
لە ٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ـدا، ئێمە بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر و نیو لە زیندانی ئیمرالی دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا. بەڕێز ئۆجالان وەک هەمیشە مۆڕاڵێکی باش و تەندرووست و متمانەیەکی بەرزی بەخۆی هەبوو.
ئەو ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد شەڕ و ململانێکانی لە وڵاتدا ڕاگرتووە و ڕێگری لە زۆر مەترسی گەورە کردووە، هەر کەسێک لەمەدا ڕۆڵی هەبووە خاوەن ڕەنجێکی بەشکۆ و گەورەیە.
بەڕێز ئۆجالان وتی: “شارستانییەت دوای سێ سەدە لە ململانێی وێرانکەر و زیانی گەورە لە شەڕە جیهانییەکاندا، دیموکراسی دانووستانکاری وەک مۆدێلێکی چارەسەری گرنگ پەرەی پێداوە، ئەم شێوازە دەبێت بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیا.”
بەڕێز ئۆجالان پێشنیاری کرد کە دانووستانی دیموکراتیک لە هەموو پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا زاڵ بێت.
بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی بەبیرهێنایەوە و وتی: “ئێمە لە پاڵ قسەکەی خۆماندا وەستاوین کە پەرەسەندنی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە مەرجە سیاسی و یاساییەکانەوە” و ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە مەرجە یاساییەکان بە تێڕوانینێکی درووست و یەکگرتوو دەستنیشان بکرێت و جێبەجێ بکرێت.
لە کۆتاییدا بەڕێز ئۆجەلان ئاماژەی بەوەدا، سەدەی نوێی کۆمار دەبێت لەسەر بنەمای یاسای ئاشتی و دیموکراسی بنیات بنرێت.
شاندی ئیمرالی دەم پارتی
٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥”
قەندیل پرێس