به‌په‌له

هەموو نیشانەکان پێمان دەڵێن کە ڕۆژئاوا جارێکی‌تر لە بەر دەم قۆناغێکی لە ڕادە بەدەر هەستیار و گرنگ دایە

✍ د. کامران مەتین

دەنگۆی ئەوە هەیە کە له دیدار له گەڵ تڕامپ له کۆشکی سپی دا، ئەردۆغان داوای ڕەزامەندی ‏تڕامپی کردووە بۆ هێرش دژی هسد لە ڕووبەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فورات، بە تایبەتی لە پارێزگاکانی ‏ڕەققە و دەیرەزوور.

ئەگەر ئەم ڕووداوە له بەستێنێکی گەورەتر‌دا چاو لێ بکەین، دەر دەکەوێ که هێرشێکی ئاوا چاوەڕوانکراو بوو. سەرەڕای کۆمەڵکوژی عەلەویەکان و دروزەکان، جێگیر کردن و شەرعیەت دانی ناونەتەوەیی به حکومەتی جولانی\ئەلقاعیده، بە پارەی وڵاتانی عەڕەبی کەنداو و چەک و پشتگیری دیپلۆماسیی تورکیا بەردەوامه.

لەم لاشەوە، بە ئاڵۆزتر بوونی پەیوەندیەکانی نێوان ناتۆ و ڕوسیا، مەوقفی تورکیا له ئیمتیاز وەرگرتن له ئەمریکا و وڵاتانی ئوروپایی ئەندامی ناتۆ، بە تایبەت فەڕانسە که پشتیوانێکی ستڕاتێژیکتر و جیددیتری ڕۆژئاوا بووه، به هێزتر بووه.

تا ئێستا دو فاکتەری سەرەکی هێرشی هاوبەشی تورکیا و هتش یان بۆ سەر ڕۆژئاوا دوا دەخست: ترسی تورکیا له تێکهەڵچوونی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسڕائیل، و لەبار چوونی پرۆسەی به ناو ئاشتی له ناوخۆی تورکیا چونکه تورکیا وای دادەنێ که هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا پ.ک.ک دەباتەوە حاڵەتی شەڕ له گەڵ تورکیا و دەم پاڕتیش چی‌تر ئامادەیی نابێ که یارمەتی گۆڕانی دەستووری تورکیا به کەیفی ئەردۆغان بدا.

بەڵام ئەم فاکتەرانە گۆڕانیان بە سەر داهاتووه. لەژێر فشاری ئەمریکا، ئیسڕائیل و جۆلانی له ڕێککەوتن نزیک بوونەتەوە. لەهەرحاڵ‌دا هسد، یا لانیکەم هێندێک له فەرماندەکانی هسد، دژی پێکهێنانی پەیوەندی تاکتیکی لەگەڵ ئیسرائیل له ڕێگای دروزەکانن.

لە ناو تورکیا، ئا.ک.پ، ج.ه.پ ەی لاواز کردووه. جگه لەوەش ج.ه.پ هەرچۆنێک بێ له دەرەوەی چوارچێوەی «یاسا»، که ئا.ک.پ دیاری دەکا و به کەیفی خۆی دژی نەیارانی بە کاری دێنێ، هەڵسوکەوت ناکا و بۆیەش مەترسێکی جیددی بۆ ئا.ک.پ پێک ناهێنێ.

لەم لاشەوە هیچ نیشانەیەک له پێکهاتنی بەرەیەک یا هاوکاری جیددی لە نێوان دەم پاڕتی و ج.ه.پ نابیندرێ. هاوکات، دەم پاڕتی ئیرادەی سەربەخۆ و دەستپێشخەری سیاسی له خۆی نیشان نادا و زیاتر چاوەڕوانی پەیامەکانی ئۆجەلانە؛ له حاڵێک‌دا که وتەکانی ئۆجەلان له ئیمڕالیەوە له باشترین حاڵەت‌دا دەبێ وەک وتەی ژێر گوشار ببیندرێ.

هەروەها پ.ک.ک له قووڵایی باشوری کوردستان جێگیر بووه و سەرقاڵی ئەو گۆڕانکارییە ناوخۆییانەیه که دوابەدوای وەڵامدانەوەی ئەرێنی بۆ بانگەوازی ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتایی هێنان به خەباتی چەکداری دەستیپێکرد.

لە سەرەتادا، تورکیا و هتش ڕەنگە هێرشەکەیان لەو ناوچانەی زۆرینەیان کورده دەستپێنەکەن، بەڵکو لە ناوچانەی زۆرتر عەرەب‌نشینن، یانی ڕەققە و دیرەزوور که نەوت و گەنمی سوریا له وێ کۆبۆتەوە، دەستپێبکەن.

بەو شێوەیە، بە زۆرکردنی فشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر دەسەڵاتی خۆسەر، تورکیا و هتش\جۆلانی به هیوان  هسد به چۆک دابێنن یان ئەگەر ئەمە ڕووینەدا دوای لاوازکردنی دەسەڵاتی خۆسەر ڕۆژئاوا بە شەڕ داگیرکەن و هەموو دامەزراوەکانی هەڵوەشەنێن.

ئەگەر تورکیا و جۆلانی سەرکەوتنێکی سەربازی دژ بە هسد بەدەست بهێنن، کۆمەڵکووژی کوردان له ڕۆژئاوا لە ئاستێکی زۆر گەورەتر لەوەی دژی عەلەویەکان و دروزەکان بە ڕێوەچوو ڕوودەدات. ئەو جینایەتانەی کە لە عەفرین، سەرێکانی و گڕی سپی ڕوویاندا، بە شێوەیەکی بەربڵاوتر و زۆر گەورەتر دووبارە دەکرێنەوە.

لەو بارودۆخەدا، هسد و دەسەڵاتی خۆسەر دەبێ له چاوەڕوانی گۆڕانی مەوقفی دیمەشق دا نەمێننەوە و دەستپێشخەرانە بجووڵێنەوە. شام ئەگەریش بیهەوێ له گەڵ ڕۆژئاوا سازش بکا، له بەر کاردانەوەی یەکلاکەرەوەی تورکیا له سەر هتش\جۆلانی ناتوانێ بەرامبەر هسد و دەسەڵاتی خۆسەر نەرمی بنوێنێ و تەنازوول بکا.

کە وایه، ڕۆژئاوا دەبێ جووڵەی بوێرانە و دەستپێشخەرانە بکا. هسد دەبێ هەم له ڕووی سەربازی و هەم سیاسی، دوژمنان و ئەو هێزانەی به ناو پشتیوانی ئەمانن (لە پێش هەمووانەوە ئەمریکاییەکان) لە بەر دەم به قەولی فارسان «عمل انجام شده» دابنێ.

ئەوەی ئێستا له سوریا مەترسی دایه تەنیا ڕۆژئاوا نیه بەڵکوو داهاتووی سیاسی باکور و باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانه. هەر سەرکەوتنێکی هتش و تورکیا له دژی دەسەڵاتی خۆسەر و هسد دەبێتە هۆی لاوازی هەموو باڵەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد له هەموو پارچەکانی کوردستان.

هەر بۆیەش لەم باروودۆخە هەستیار و مێژووییەدا، هەموو لایەن و حزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێ به هەر شێوەیەک بۆیان دەکڕێ پشتیوانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتی خۆسەر و هسد بکەن.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

چالاکی میلیتانی یانخود تەسلیمبوون!

✍ شەماڵ بەشیری ئاگر لە ئەدەبیات و ترادیسیۆنی چالاکی و خەباتی سیاسیی-لەشکەریی پەکەکەدا، مێژوویەکی دورودرێژ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *