به‌په‌له

بومەلەرزەیەکی سیاسی لە ئەنقەرە و هەرەسھێنانی لیرەی تورکی

​قەندیل پرێس- ڕاپۆرتی شیکاری

​قەیرانی پارتی گەلی کۆماری کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە لە دوای بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی دادوەری بە پووچەڵکردنەوەی ئەنجامەکانی ٣٨ەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکە کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو تەشەنەی سەندووە لەو کۆنگرەیەدا ئۆزگور ئۆزێل وەک سەرۆکی نوێی پارتەکە هەڵبژێردرا بەڵام بڕیارە نوێیەکە ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پێشوو و تیمەکەی بۆ بەڕێوەبردنی جڵەوی پارتەکە ئەمەش گۆڕەپانی سیاسی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی لێکترازانێکی مێژوویی کردووەتەوە.

​ڕۆژی هەینی دادگای پێداچوونەوە لە ئەنقەرە تانەی یاسایی ئیدارەی پارتی گەلی کۆماری دژی بڕیاری پووچەڵکردنەوەی ڕەها ڕەتکردەوە ئەم هەنگاوە یاساییە قورستر بوو دوای ئەوەی کڵچدارئۆغڵو بە فەرمی دادگای ئاگادارکردەوە لە دوورخستنەوەی ئەو ٣ پارێزەرەی کە داواکاری تانەکەیان پێشکەش بە پارتەکە کردبوو بەو پێیەی ئیتر ئەوان نوێنەرایەتی یاسایی حزبەکە ناکەن پێشتر دەستەی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی ئەنقەرە بڕیاری پووچەڵکردنەوەی ڕەهای دەرکردبوو بەوەش بڕیارێکی پێشووی دەستەی ٤٢ی دادگای سەرەتایی مەدەنی لە ئەنقەرەی هەڵوەشاندەوە کە لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ دەرچوو بوو و تێیدا هاتبوو کە هیچ بنەمایەک بۆ تۆمارکردنی داوای پووچەڵکردنەوەی کۆنگرەکە لە ئارادا نییە.

​ئۆزێل تەحەدا دەکات و بەڵێنی بەرگری دەدات
​ئۆزێل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەپەلەدا لە بارەگای سەرەکی پارتەکە لە شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی دوای کۆبوونەوەیەکی درێژخایەنی ٥ کاتژمێریی ئەنجومەنی ناوەندی جێبەجێکاری پارتەکە بەڵێنیدا کە بەرەنگاری ئەم بڕیارە دادوەرییە ببێتەوە و وەک کودەتایەکی دادوەری و ڕۆژێکی ڕەش بۆ دیموکراسی لە تورکیا وەسفی کرد ئەو جەختی کردەوە کە پارتەکەی لە ڕێگەی تانە یاساییەکان لەبەردەم لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەم بڕیارە هەڵدەوەشێنێتەوە و ڕایگەیاند کە خۆی شەو و ڕۆژ لە بارەگای سەرەکی لە ئەنقەرە دەمێنێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی دواجار وتیشی کە سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حکومەتەکەی دەیانەوێت پارتی گەلی کۆماری بگۆڕن بۆ ئۆپۆزسیۆنێکی دەستەمۆ و بێکاریگەر.
ئۆزێل لە گوتارێکی بەکوڵدا لەبەردەم سەدان لایەنگری توڕەی پارتەکە کە لەبەردەم بارەگای سەرەکیدا کۆببوونەوە ڕایگەیاند کە تاوانی ئێمە ئەوەیە کە دوای ٤٧ ساڵ پارتی گەلی کۆماریمان کردە پارتی پێشەنگ و یەکەم لەسەر ئاستی تورکیا و بۆ یەکەمجار لە دوای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠٠١ پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدارمان لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا تووشی شکستێکی مێژوویی کرد ئێمە باجی ئەوە دەدەین کە بووینەتە دەنگی کەمئەندامان و خانەنشینان و خاوەن کەمترین مووچە لەم وڵاتەدا.

​خوێندنەوەیەک بۆ پاشەلەرزە سیاسییەکان
​سەبارەت بەم قەیرانە بێپێشینەیە ئیلهان ماردینی چاودێری سیاسی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ قەندیل پرێس ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە دادوەرییە لەم کاتە هەستیارەدا تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی ئاسایی حزبەکە نییە بەڵکو بومەلەرزەیەکی ڕاستەقینەیە کە ئامانج لێی پەکخستنی تەواوەتی هێزی ئۆپۆزسیۆنە بەرامبەر بە پارتی دەسەڵاتدار. ماردینی بۆ قەندیل پرێس زانیاری زیاتری خستەڕوو و وتی ئەم جۆرە دەستوەردانە یاساییانە دەرگای ململانێیەکی قووڵ و درێژخایەن لەناو باڵەکانی پارتی گەلی کۆماریدا دەکاتەوە و وزەی حزبەکە لە جیاتی ڕکابەری دەرەکی لە شەڕی ناوخۆیی سەرکردایەتیدا بەفیڕۆ دەدات ئەمەش ڕێک ئەو سیناریۆیەیە کە دەسەڵات دەیەوێت بۆ پاشەکشەپێکردنی سەرکەوتنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، هەروەها ئیلهان ماردینی جەختی کردەوە کە دابەشبوونی ناوخۆیی حزبەکە دەبێتە هۆی ساردبوونی شەقامی ناڕازی لە دەسەڵات.
​لە لایەکی ترەوە دەولەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و هاوپەیمانی سەرەکی ئەردۆغان هاتووەتە ناو هێڵەکەوە و داوای لە کڵچدارئۆغڵو و ئۆزێل کرد بگەنە ڕێککەوتنێکی خێرا باخچەلی ڕایگەیاند کە لێدوانەکانی وەک دان بە بڕیاری دادگادا نانێین هیچ خزمەتێک بە دۆخەکە ناکەن و پێویست نین و دەبێت لایەنەکان تەبایی و سازشکردن هەڵبژێرن بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵات.

​پێشبینی هەڵبژاردنی پێشوەختە و فشاری نێودەوڵەتی
​چاودێرانی دۆخی تورکیا پێشبینی دەکەن بڕیاری پووچەڵکردنەوەکە ببێتە هۆی شڵەژانی زیاتر لە شەقامدا و شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندانی بەرفراوانی دژ بە ئەردۆغان لە شارە گەورەکان هەڵبگیرسێنێت ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەردۆغان بۆ خۆکاندیدکردنەوەی لە ساڵی ٢٠٢٨ پێویستی بە هەموارکردنی دەستوور یان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە.
پەرلەمانتارانی پارتی گەلی کۆماری لە لێدوانەکانیاندا دەڵێن حکومەت دەیەوێت حزبەکەیان بە پەرشوبڵاوی و بێ سەرکردایەتی بهێڵێتەوە تا نەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەدا بکات کە ئەگەری هەیە لە تشرینی دووەمی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
​هاوکاری و توندبوونی دۆخەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە و ئەم بڕیارە کاردانەوەی توندی یەکێتی ئەوروپای بەدوای خۆیدا هێنا، بەشی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە نادادپەروەرانەیە پرسیاری زۆر جدی لەسەر بنەماکانی سەروەری یاسا و مافە بنەڕەتییەکان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە تورکیا دروست دەکات. هاوکات ناتشۆ سانشێز ئامۆر ڕاپۆرتدەری پەرلەمانی ئەوروپا بۆ کاروباری تورکیا هاوسۆزی تەواوی خۆی بۆ ئۆزێل دەربڕی و بە هێمای شەرعییەت و خۆڕاگری وەسفی کرد
​بازاڕ و لیرەی تورکی لەژێر کاریگەری قەیرانەکەدا.
​پاشلەرزەکانی ئەم بومەلەرزە سیاسییە خێرا گەیشتنە ناو کایەی ئابووری و بازاڕەکانی دارایی وڵاتەکەوە پشکەکانی بۆرسەی ئەستەمبوڵ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا بە تیژی دابەزین و لیرەی تورکیش نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان تۆمارکرد و گەیشتە ٤٥.٧٤ لیرە بەرامبەر بە یەک دۆلاری ئەمریکی ئەم دابەزینە خێرایە وایکرد بانکی ناوەندی تورکیا بەپەلە بێتە ناو بازاڕەوە و بڕی ٦ ملیار دۆلار لە یەدەگی دراوی بیانی خۆی بفرۆشێت بۆ ڕێگریکردن لە هەرەسھێنانی تەواوەتی لیرە.
​لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ئاڵۆزییەدا بانکی جیهانی جی پی مۆرگان پێشبینی دەکات کە دۆخی دارایی تورکیا بەرەو خراپتر بوون بڕوات و بانکی ناوەندی ناچار بێت ڕێژەی سوود بە خێرایی و بە شێوەیەکی بەردەوام بەرز بکاتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی تێچووی بژێوی لە کاتێکدا جەودەت یڵماز جێگری سەرۆکی تورکیا هەوڵیدا کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە کەم بکاتەوە و ڕایگەیاند کە حکومەت بێ گوێدانە ئەم پەرەسەندنە کاتییانە بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامە ئابوورییەکەی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵاوسان کە لە مانگی ڕابردوودا لە سەدا ٣٢ی تێپەڕاندووە.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

زەنگێکی مەترسیدار بۆ ئابووریی هەرێم؛ دەروازەی ڕەبیعە پێگەی ئیبراهیم خەلیل لاواز دەکات

گۆڕانکارییەکی گەورە لە نەخشەی بازرگانیی نێوان عێراق، تورکیا و سووریا ڕوو دەدات. دوای دووبارە کردنەوەی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *