بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایگەیاند، هێزەكانی سوریای دیموكرات كەناڵی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق و تائێستا لێكگەیشتنەكان ئەرێنین و دەشڵێت: لەماوەكانی داهاتوشدا وەفدێكی هەسەدەو ئیدارەی خۆسەری دیموكراتی سەردانی دیمەشق دەكات.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە کەناڵی حەدەسی وتووە، ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدە ناوچەیەكی ئاسان نین لە رووی سەربازییەوەو تەنانەت لە رووی سیاسیشەوە، بۆیە لێدوانی لێرەو لەوێ كێشەكان چارەسەرناكەن و فشارەكانی توركیا بۆ سەر هەسەدەو هێزە نێودەوڵەتیەكانیش هیچ شتێك ناگۆڕێت.
لەبارەی داواكارییەكانی توركیاش بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە دەڵێت: ئێستا هیچ قسەیەك لەسەر ئەو پرسە نیەو بە بابەتەش پەیوەستەبە سورییەكان و پلانمان هەیە بۆ ئەوەی ببین بە بەشێك لە سوپای سوریا، هەسەدە تاكە هێزە كە لە عەرەب و كوردو سریان پێكاهاتووەو هیچ هێزێك نیە لەسوریا بەوشێوەیە بێت.
شامی ئەماژە بەوەدەکات، هێزەكانی سوریای دیموكرات كەناڵی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ئیدارەی نوێی دیمەشق و تائێستا لێكگەیشتنەكان ئەرێنین و وتی: ئێمە پێداگرین لەسەر گفتوگۆو پێموایە دیمەشقیش لەگەڵ گفتوگۆدایەو پەیوەندی راستەوخۆمان هەیە لەگەڵیان، لە ماوەكانی داهاتووشدا وەفدێكی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەری دیموكراتی سەردانی دیمەشق دەكات.
هۆشداریدا لە فشاری توركیا بۆ سەر دیمەشق بۆ رێگەگرتن لە بەشداری هێزەكانی سوریای دیموكرات لە چارەسەری سیاسی لە سوریا و ڕایگەیاند، لەئێستادا توركیا بەو ئاراستەیە فشار دەكات، ئەنقەرە لەهەوڵدایە هەسەدەو ئیدارەی خۆسەر دوربخاتەوە، پێموایە حكومەتی دیمەشق هەڵەی رژێمی پێشوو دووبارە ناكاتەوە بە پەراوێزخستنی ئەم ناوچەیە لە چارەسەری سوریادا، تا ئەم ساتە پرسەكان ئەرێنەیەو پێموایە هەنگاوی كرداری دەنرێت لەم بابەتەدا.