بنکەی دیگۆ گارسیا یەکێکە لە گرنگترین بنکە ستراتیجییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە جیهاندا، کە دەکەوێتە دوورگەکانی چاگۆس لە زەریای هیندی.
چاودێرانی سەربازی و تەنانەت ئێرانیش لەوباوەڕەدان لەم بنکەیەدا ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
بنکەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی بەریتانیادایە، بەڵام تا ساڵی 2036 بەکرێدراوە بە سوپای ئەمریکا.
ئەم دوورگەیە یەکێکە لە دوو بنکەی سەرەکیی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە ناوچەی هیند- زەریای هێمن؛ بنکەى دووەمیش، بنکەی هێزی ئاسمانیی ئەندەرسۆنە لە گوام.
هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی شوێنی ستراتیجی ئەم دوورگەیە لە زەریای هیندیدا ناسناوی “شوێنپێی ئازادی” لێناوە.
لە سەردەمی جەنگی سارددا، ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی یەکێتیی سۆڤیەت لە ناوچەکە و پاراستنی رێڕەوی کەشتییە نەوتییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خوازیاری دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازیی لە زەریای هیندی هەبوو.
ڕووبەری بنکەکە 1720 هێکتارە و هەزار میل لە نزیکترین کیشوەرەوە دوورە.
لە ساڵی 1966 ئەمریکا رێککەوتنێکی نهێنی لەگەڵ بەریتانیا بۆ ماوەی 50 ساڵ واژۆ کرد کە رێگەی بە پنتاگۆن دا ئەو خاکە وەک بنکەیەکی ئاسمانی بەکاربهێنێت لە بەرامبەر دابینکردنی موشەکی پۆلاریس بۆ بەریتانیا بە داشکاندنی زۆر و دواتر رێکەوتنەکە بۆ ماوەی 20 ساڵ درێژکرایەوە.
دوای پێنج ساڵ، سەدان ئەندازیاری دەریایی بە کەشتی گەیشتنە بنکەکە و رێڕەوێکی فڕینی 3600 مەترییان تێدا دروستکرد، کە بوو بە دیوارێکی بەرگری بۆ ئەمریکا لە ستراتیجی جەنگی سارد و خاڵێکی سەرەکی ئامانجگرتن لە جەنگی یەکەم و دووەمی کەنداو و لەشکرکێشی بۆ ئەفغانستان.
ئەم دوورگەیە وەک “کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری سەرئاوکەوتوو” بۆ ئەمریکا کاری کردووە.
وێستگەی جیهانی HF ی هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە گواستنەوەی فرێکوێنسی بەرزە، دەکەوێتە ئەو دوورگەیە و لە بنکەی هێزی ئاسمانیی ئەندرۆس لە ویلایەتی میریلاند لە ئەمریکا و لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
هێزی دەریایی ئەمریکا وێستگەیەکی پەیوەندی دووری لە دیگۆ گارسیا هەیە. ئەم وێستگەیە خزمەتگوزاریی پەیوەندی رادیۆیی و تۆڕی ناوخۆیی بۆ ئەو هێزانە دابین دەکات کە لە ناوچەی ئۆپراسیۆنەکاندا جێگیرکراون.
چوونە ناو دوورگەکە پێویستی بە مۆڵەت هەیە، کە تەنها بەو کەسانە دەدرێت کە پەیوەندییان بە دامەزراوە سەربازییەکانەوە هەیە یان دەسەڵاتدارانی بەریتانیا کە ناوچەکە بەڕێوەدەبەن. لە مێژە سەردانى ڕۆژنامەوانان بۆ ئەو دوورگەیە قەدەغە کراوە.
رۆژنامەی “بیڵد”ی ئەڵمانی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی، هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، بنکەی سەربازیی دیگۆ گارسیا بە تەواوی خۆی ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران بە جێگیرکردنی فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیجی بی-2.
هاوکات دەزگاکانی راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران باس لەوە دەکەن کە ئێران ئەم بنکە سەربازییە دەکاتە ئامانج ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات.
بە گوتەی بیڵد، لە کاتێکدا ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا فڕۆکەی شەڕکەر و ژمارەیەکی زۆر لە هێزی سەربازی لەم بنکەیە جێگیر کراون.
ژمارەی فڕۆکەی سەربازیی جێگیر کراو لە بنکەی سەربازیی دیگۆ گارسیا لە زەریای هیندی
لە بنکەکەدا لانیکەم شەش فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-2 Spirit و هەشت فڕۆکەی بۆمبهاوێژی B-52 و سێ فڕۆکەی C-17 و لانیکەم شەش فڕۆکەی دابینکردنی سووتەمەنی KC-135 و یەک فڕۆکەی P-8 multirole کە بە راداری ئاسمانی تەیار کراوە و بۆ شەڕی ئەلیکترۆنی بەکاردێت، جێگیرکراون.
فڕۆکەى بۆمبهاوێژى (بی دوو سپیریت) رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکان دژی حکومەتی ئێران. بە مەودای فڕینی نزیکەی 11 هەزار کیلۆمەتر دەتوانن بە بۆمبە بەهێزەکانیان ئامانجەکانیان لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی ئێران لەناوببەن.
بنکەی سەربازی دیگۆ گارسیا نزیکەی چوار هەزار سەربازی ئەمریکی تێدایە و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکایە لە زەریای هیندی.
سوپای ئەمریکا پێشتر کەشتیی فڕۆکە هەڵگری “هاری ترومان”ی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، هەروەها کەشتیی فڕۆکەهەڵگری “کارل ڤینسۆن”یش بەرەو ناوچەکە بەرێکەوتووە و بەم شێوەیەش وا دەردەکەوێت کە ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە خۆی بۆ ئەگەری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات.
قەندیل پرێس