قەندیل پرێس: سڵاو و ڕێز کاک کۆماس، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، دوو ساڵ بە سەر دەستپێکی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی تێپەڕ دەبێت، ئەم بزووتنەوەیە چ گۆرانێکی لە ئاست کۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسی بەدیهێنا؟
کۆماس شابازی: سڵاو و ڕێز بۆ ئێوە و خوێنەرانی قەندیل پرێس. جێگەی خۆیەتی لەسەرەتای وتووێژەکەماندا سەری ڕێز دانەوێنم لەئاست شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و سڵاوێک بنێرم بۆ بنەماڵەی شەهیدان و گیراوانی سیاسی.
دەبێت شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە چەند ڕەهەندەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. ئەم شۆڕشە وەک عەردهەژێکی بەهێز بناغەی دەسەڵاتی فاشیستی ئێرانی داگیرکەری و هەمو قوژبنەکانی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی هەڵتەکاند و پەردەی لەسەر زۆر بابەت لادا.
بە بڕوای من دەبێت شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی وەک بناغە و دەسپێکی قۆناغێکی نوێی مێژووی تێکۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناوی لێبکەین و چیتر شۆڕشی ساڵی 1357هەتاوی نەکرێتە بنەما، چون ئەم شۆڕشە قورسایی و پێگەی ئەو حزب و لایەنانەشی خستە ژێر پرسیار کە ساڵانێکە تەمەن و مێژووی حزبایەتی و خەباتی شار و شاخ بە گەل دەفرۆشنەوە و بەردەوام خۆیان بە هێزی یەکەم و پێشەنگی کۆمەڵگا ناوزەد دەکرد.
فەلسەفەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەسەڵاتی فاشیستی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنە مورتەجەع ،ساختە و ناوەندگەرای ئێرانی و جەریانە پیاوساڵارانەکانی بە یەکجاری چەک کرد، هەر بۆیە لە سەرەتاوە هەتاکو ئیستا هەموو هەوڵی خۆیان خستە گەڕ بۆ گۆڕینی ناسنامە و جەوهەری فەلسەفی ئەم شۆڕشە. بە دروستکردنی دروشمی هاوتەریب و چەواشەکردنی جەوهەری دروشمەکە لە میدیاکان و هتد… بەڵام هەمو هەوڵەکانیان توشی شکەست هات و بەناچاری و بە شێوازێکی ئۆپۆرتۆنیستی خۆیان هەڵواسی بە شۆڕشەکەدا و وای وێنا ئەکەن کە ئەوان بزوێنەری شۆڕشەکەن.
یەکێکی تر لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تێکشکانی هەیمەنەی دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانیە و ئەو ڕاستیەی سەلماند کە ڕژیمی ئێران لە تاران فاشیستە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیرکەر. دەکرێت بوترێت شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی شۆڕشی ژن و ئەخلاقە. لەم شۆڕشەدا بە ڕوونی ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنانمان دی و ژنانی ڕۆژهەڵات سەلماندیان کە چلۆن دەتوانن خۆیان بەڕێکخستن بکەن و خۆیان کردە مەڕتاڵ (قەڵغان) لە بەرانبەر داگیرکەردا و تا ئیستاشی لەگەل بێت ژنان پێشەنگایەتی دەکەن.
دوای دووساڵ لە شۆڕشەکە کە تائاستێک بێ مۆڕاڵی بە چالاکانی سیاسی و ئەحزابەوە دیارە لەناو دڵی فاشیزم و لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران کە بۆ گەلی کورد بووەتە هێمای سێدارە و مەرگ ژنانی تێکۆشەری ڕۆژهەڵات پەخشان، شەریفە و وریشە مورادی لەهەمبەر داگیرکەر وەستون و بە بێ ترس لە هەڕەشەی سێدارە وریشە و پەخشان بە بڵاو کردنەوەی نامە، کە بە حەقێقەت مانیفستۆی بەرخۆدانە جەخت لە بەردەوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەکەنەوە .
پەخشان و وریشە وەک پێشەنگانی شۆڕشەکە سەلماندیان کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خەریکە بەرەو لووتکە هەنگاو دەنێت و تێکشکاندنی ئەم شۆڕشە خەونێکە بۆ داگیرکەر.
ئەوانەی لە ژن، ژیان، ئازادی خۆدەبوێرن ،چاوپۆشی لێدەکەن و ناوێرن بەسەر زمانیدا بێنن. لەئیرادە و تێکۆشانی ژن دەترسێن.
قەندیل پرێس: بەشێک لە چاودێرانی دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێیان وایە مانگرتنی ئەمجارەی ڕۆژی 25ی خەرمانان وەک مانگرتنە پێشووەکان نەیتوانی هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵات بگرێتەوە، هۆکاری ئەمە بە چی دەزانن؟
کۆماس شابازی: دیارە مانگرتنی ۲٥ی خەرمانان لە هەلومەرجێکی زۆر جیاوازی هەرێمی و ناوخۆیی بەڕێوە چوو. کۆماری ئیسلامی دوای دووساڵ بەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، بە کوشت و کوشتار، ئەشکەنجە و زیندانیکردنی هەزاران کەس و سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر خۆپیشاندەران و چالاکان، هێرشی موشەکی و درۆنی بۆسەر حزبەکان ، ڕاگواستنیان لە شوێنەکانی خۆیان و بەجۆرێک چەک کردنیان و هەوڵێکی زۆری ناوچەیی و ڕێکەوتنی ئەمنی لە گل وڵاتانی ئێران و تورکیا توانی جارێکی تر شەقامەکان کۆنتڕۆڵ بکاتەوە و خۆپیشاندەران بنێرێتەوە ناو ماڵەکانیان.
لەم ماوەدا و بەتایبەتی لەکاتی سەردانی پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕژیمی ئێران و میدیاکانی پڕۆپاگەندایەکی زۆریان دەست پێکرد و وایان وێناکرد کە ئەحزابی کوردی نەماون و بەردەوام پەیامیان بە خەڵکی ڕۆژهەڵات دەدا کە خۆپیشاندان و هەوڵی ئێوە توشی شکەست هاتووە.
بەڵام گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ۲٥خەرمانان جارێکی تر بە دەسەڵاتی داگیرکەری ئێرانیان نیشاندا کە ئێوە لە ڕۆژهەڵات داگیرکەرن و سەرەڕای هەموو هەڕەشە و گوشارەکان و بەردانی ئاوی بەنداوی چراوەیسی سەقز خەڵکی ڕۆژهەڵات مانگرتنیان بەڕێوە برد. ڕاستە مانگرتنەکە گشتگیرنەبوو بەڵام لە دۆخێکی ئاوەهادا گەلی ڕۆژهەڵات بەم مانگرتنه سەلماندیان کە ژیلەمۆی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادین و لە یەکەمین دەرفەتدا جارێکیتر وەک بورکانێک بەگژ داگیرکەردا دەچنەوه. هاوکاتیش یەک دەنگ نەبوونی حزبەکان لە مانگرتنەکەدا و پەردەوازییان کاریگەری نەرێنی خۆی هەبوو.
گرینگ ئەوەیە لەم زریان و ڕەشەبای فاشیزمەدا ڕێگە نەدەین ئاگری شۆڕشەکە بکوژێتەوە و دەبێت ئەم ئاگرە ڕابگرین و هەوڵی گۆڕترکردنی بکەینەوە.
قەندیل پرێس: بە ڕای بەڕێزتان ئەو بەربەستانە چین کە تا ئێستا نەیانهێشتووە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە ئامانجی خۆی بگەیەت؟
کۆماس شابازی: دیارە لەهەر شۆڕشێکدا بۆئەوەی بگەیتە لووتکەی سەرکەوتن پێویست بە چەند فاکتەری سەرەکی هەیە. یەک، بوونی ڕێبەرایەتییەکی بەهێز و کارامە هەیە کە بتوانێت لە چرکەساتە هەستیارەکاندا بڕیاری درووست بدات و بوانێت ستراتژی نوێ داڕێژێت. دوو، بوونی ڕێکخستنێکی بەهێزی ناوخۆیی کە بتوانێت ببێتە پشتە جبهەیەکی بەهێز بۆ درێژەدانی شۆڕشەکە و دابین کردنی پێداویستیەکانی وەک تیمی پیزیشکی، شوێنی پارێزراو بۆ هێشتنەوە و دەرمانی بریندارەکان، دابین کردنی پێداویستی پزیشکی و تیمی چالاکی ناو شەقامەکان.
ئێمە لەم شۆڕشەدا دیمان کە گەل بە تێپەڕبوونی کات وردە وردە خۆی ڕێک دەخست. بەڵام گەلی ڕۆژهەڵات کەهەموو هیواکانیان بەسەر هێزی چەکداری حزبەکانەوە دانابوو و بەداخەوە حزبەکان هیچ هەنگاوێکیان لەم بارەیەوە نەنا و ئەمە بێ هیواییەکی ناوخەڵکدا دروست کرد.
لەلایەکی ترەوە وڵاتانی ڕۆژئاوایی هیچ هەڵوێستێکیان نەنا و بگرە بە بێدەنگی خۆیان بونە هاوکاری ڕژیم و ئەمە وای کرد ڕژیم بێ ترس بەکەڵک وەرگرتن لە چەک و کەرەستەی وڵاتانی ئەوروپایی و تکنیکی هەواڵگری سەرکوتی خوێناوی خۆی بکات. بەواتایەک کاپیتالیزم لەخزمەتی فاشیزمدا بوو بۆ سەرکوتی گەلان.
بەڵام گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وڵامی خۆی بە فاشیزمی داگیرکەر و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دایەوە و جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی داگیرکەرە و تێکۆشانی ئێمە بۆ ڕزگاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لەژێر دەستی فاشیزمی داگیرکەر.
نە لە ڕابردوو و نە لە ئیستاو نەلە داهاتووشدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێتە گۆڕەپانی تەڕاتێنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هاو ئاوازەکانی. پێشەنگانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ژنانی تێکۆشەری ڕۆژهەڵات ئیستاکە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ژێر هەڕەشەی سێدارەدا قەندیل ئاسابەرانبەر فاشیزم ڕاوەستاون.
(زەینەب، پەخشان، وریشە، شەریفەو …)
قەندیل پرێس: ڕۆڵی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی چۆن شرۆڤە دەکەن؟
کۆماس شابازی: لەسەرەتاوە جێگەی خۆیەتی کە سەرکردایەتی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی بوێرانە داوای لێبوردنێک لە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن چون نەیانتوانی لەئاست ئەم شۆڕشە فکریە بەرفراوانە کە بە جیهانی بووە تەڤ بگەڕن و بگرە هەندێکیشیان لەمپەڕ بوون. لە سەرەتای شۆڕشەکەوە جوان دیار بوو کە حیزبەکان شۆک بوون و هیچ خوێندنەوەیەکیان بۆ دۆخەکە نییە و پێیان وابوو کە وەک ناڕەزایەتییەکانی سەردەمی گران بوونی بەنزین وایە، بۆیە لەسەرەتاوە وەک خۆراکی خەبەری کەڵکیان لێ وەرگرت.
دوای ئەوەی کە جدیەتی شۆڕشەکەیان بۆ دەرکەوت و هەندێک لایەن خۆی غەریب دەدیت لەمەڕ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، هیچ خوێندنەوەیەکیان بۆ نهبوو، بۆیە لە هەموو ئامرازێک کەڵکیان وەرگرت بۆ گۆڕینی میکانیزمی شۆڕشەکە و بگرە دروشمی شۆڕشەکە، بە چونەناو هاوپەیمانی لەگەل هێزە فاشیستە ناوەندگەراکان و بەشداری ڕۆژانە لە میدیا فارسەکان ، تەنانەت هەوڵی خزاندنی خەڵکیان بۆ ناو ماڵەکانیان دا.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە ناکرێت حزبەکان کەڕەتی سفر بکرێت و پێگەیان بەرچاو نەگیرێت.
تایبەت لایەنگرانی ناوخۆیان کە بەردەوام لە ڕێزی پێشەوە بوون.
بەڵام دووای دوو ساڵ لە شۆڕشەکە ، هێشتا وانەیان لە شۆڕشەکە وەرنەگرتووە و پرژوبڵاو لە شەقامەکانی ئەورووپا لە ژێر ئاڵای ئێرانیەکاندا خۆیان دەر دەخەن.
خەڵک لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و لە مانگرتنەکی ۲٥ خەرمانان جارێکی تر سەلماندیان کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیرکراوە و خواست و ویست و شیوازی تێکۆشانی گەلی ڕۆژهەڵات لەگەل ناوەندا زۆر جیاوازە و داخوازییەکانیشمان جیاوازە.
کێشەی ئێمە خاک و سەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتییە و ئەوان لە وارێکی تردا ژیان دەکەن. کاتێک گەلی ئێمە لە جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان بە بەرد بەرانبەر دۆشکە و قەناسی داگیر کەر دەوەستانەوە، خەڵکی تاران لەنێو ماڵەکانیاندا بە سەرە مەنجەڵ و کەوچک لە پەنجەرەکانیانەوە چالاکییان دەکرد.
بۆیە مافی گەلە کە تووڕە بن لە ئەحزاب و چاوەڕوانیان لێ ببێت. ئیستاکەش پێشەنگەکانی شۆڕش پەخشان، زەینەب، شەریفە و وریشە لە نێو بەندیخانەی ئێڤینی تاران لە ژێر هەڕەشەی سێدارەدا شەڕی شۆناس و جەوهەری ژن، ژیان ، ئازادی دەکەنەوە. ڕۆژهەڵات ناکەوێ ، ڕۆژهەڵات سەردەکەوێت.
قەندیل پرێس