ڕاپۆرتی پانێلی سێهەمی کۆنفڕانس بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی هۆلەندا (بەشی دووهەم)

پانێلی سێهەمی کۆنفڕانس بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی هۆڵەند کە بە بەشداری کەسایەتی چالاک، ئاکادمیی، سیاسی و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە بەڕێوە چوو، لە ڕۆژی یەکشەممە 28ی ئەیپڕیڵ ئەنجام درا.

لە پانێلی سێهەم دیمەن سۆهرابی، عەباس وەلی، هاوژین بەقالی، ڕۆژین موکریان، عەزیز ماملی و کامران مەتین لێکدانەوە و ڕاوبۆچوونی خۆیان پێشکەش کرد.

عەباس وەلی مامۆستای زانستی سیاسی و شرۆڤەکاری سیاسی لە قسەکانی خۆیدا کە لە بەشی دووهەمی پانێلی سێهەم پێشکەشی کرد، تیشکی خستە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر کاریگەری شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و وتی کە باسی خەسار و مەترسییەکانی ئێستا بۆ سەر خەباتی ڕزگاری خوازی کورد لەم ساڵانە کراوە و وتی کە خەسار ناسی ئەو بابەتەش کراوە و دەبێ فیکرێکی ئەساسی کە لەگەڵ هەلومەجی ئەمڕۆ بگونجێت بەدی بێت و وتی کاتێک سەیری ڕۆژهەڵاتی پاش شۆرشی ژن، ژیان ئازادی دەکەین بە ڕوونی دیارە کە دەچێتە سەر ئەو چەمکەی نیچە کە باسی هاتنی دەورەی نیهیلیسم دەکات، نەک بە شێوەی ئایدیۆلۆژیا، بەڵکوو ئەو شەرایتەی کە زانستەکان ناتوانن تەجروبەی زیستی ژیانی ئێمە شەرح بکەن و بۆشایی کە نێوان تەجرۆبەی ئێمە لە سیاست و ژیان و ئەو چەمک و فیکرانەی هەمانە دروست بووە و ئەمەش پێ دەڵێین چەقبەستوویی فیکری و بۆ خۆی کێشیەیەکی زۆر ئەساسییە .

وتیشی کێشەی ئابووری زەخت و دژواری زۆری بۆ سەر هەموو خەڵک دروست کردووە و سەرەڕای ئەوەی خۆدی ڕژێم شکسەتی خۆی قەبووڵ کردووە، بەڵام ئێمە نەمانتوانیوە لەم شکەستە وەکوو فاکتی سیاسی و ئابووری ئیستفادە بکەین و سوودی لێ ببینین.

ئاماژەشی دا بە کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و باهۆزی ئەلئەقسا لە سەر ڕۆژهەڵات بە تایبەت لە ڕووی ئەوەی کە فەلەستین عومق ستراتێژی ئێرانە و دوای ئەو ڕووداوە گۆڕانکاری زۆر لە سیاسەتی ئێران دروست بوو.

لە بارەی شۆڕشەوە جەختی کرد کە ژن ژیان ئازادی خاڵێکی وەرچەرخانی هەمەلایەنە بوو و کۆمەڵگا هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش شۆڕشەکە و کەڵێنی گەورە لە سیاسەتی ئێران دروست بوو؛ ڕۆژهەڵات بوو بە چەقی ناوەندی گۆڕانکارییەکان، بەڵام دواتر شۆڕشەکە کە دوژمنی زۆریشی لە نێوان گرووپە فیکرییەکانی ئێرانی و تەنانەت لایەنە کوردییەکانیش بوو، چەق بەستوو کرا و ئەحزابی سیاسی کوردی نەیاندەزانی لە بەرانبەر شۆڕشەکە چی بکەن و چۆن هەڵوێست وەرگرن و تووشی سەرسووڕمان بوون و سیاسەتی فەعالیان نەبوو و دەیانویست لە دەرەوە ڕێبەرایەتی شۆڕش بکەن و ئەمەش هەڵەیەکی گەورە بوو.

وتیشی بۆشاییەکی دیموکراتیک لە ئەنجامی شۆڕش پێک هات بەڵام عامیلیەتێکی سیاسی کە ئەوە بەکار بێنێت و پڕی بکاتەوە، بوونی نەبوو.

لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتیش وتی دەبێ بزانین ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بە کوێ دەگات و شیمانەش دەکرێ ڕێککەوتنێک لە نێوانیان دروست ئەبێ.

ناوبراو وێڕای ئاماژە بە گرینگی یەکگرتنی حزبە سیاسیە کوردییەکان جەختی کرد کە دەبێ ڕێککەوتن و هاوکاری نێوان حزبەکان ئێنێستوتیشناڵ و لە چوارچێوەی فیکری یاسایی و حقۆقی بکرێ و ستادێکی عەمەلیاتی و وتەبێژی هاوبەشیان هەبێت و ئەگەر بواری سەربازیش لەگەڵی بێت زۆر باشتر دەبێت و تا ئێستا لەم بوارەوە کەم کاری کراوە.

جەختیشی کرد کە هەمووی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەڵوێستی ناسیۆنالیستی هەیە و ئامادە نین بابەتی فیدرالیزم و لابردنی ناوەند گەرایی قبوڵ بکەن و دژ بەو داواکارییەکانی کوردن.

بە وتەی عەباس وەلی کورد دەبێ هەوڵ بۆ یەکهەڵوێستی و هاوکاری ناوخۆیی بدات بۆ ئەوەی ئەزموونی سەرەتای ڕژێم و بابەتی 8 مادەیی خومەینی دووپات نەکاتەوە.

هەروەها وتی کە باس کردنی ورمێ وەکوو بەشێکی کوردستان و بڵاو کردنەوەی وێنەی نەخشەی کورستانی گەورە کە بەشێکی ئێرانی ئێستا و سووریا و عێراق و تورکیا دەگرێتەوە؛ حیماقەتێکی گەورەیە، چونکە دەبێ لە پێشدا بەراوەردی هێزی خۆمان بکەین و بزانین ئایا دەتوانین لە لە ئەگری دروست بوونی کێشەیەک لە ئەنجامی ئەم کارە، دۆخەکە بەڕێوە ببەین؟

دوایین پانێلیستی ئەم کۆنفڕانسە، دوکتور کامران مەتین مامۆستای بواری پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی بەریتانیا بوو، کە لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لەم دواییەدا گۆڕانکاری گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان ڕووی داوە و ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە گۆانکاری گەورەتریش بەڕێوەیە و لە ئێستا ئێمە لە قۆناغێکداین کە نەزمی جیهانی کە دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بە ڕێبەری ئەمەریکا دروست بووە خەریکە دەگۆڕدرێ و هێزی ڕێکەبەری نوێ وەک چین هاتوونە مەیدان و ئەوەی ئێستا کەسێکی وەک ترامپ دەیکات سەیر و سەمەرە و نوێ نییە و ئەمەریکا لە سەردەمی ئۆباماوە ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تەرکیز لە سەر ئەو کێشانەی چین دروستی کرد

دەست پێکرد، بە کشانەوەیان لە عێڕاق و ئەفغانستان و بە سەرەنج دانی ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا پێ ناچێت ئەمەریکا کاریكی وەک دروست کردنی هەرێمی کوردستان و ڕژێم گۆڕین لە ناوچەکە و بە تایبەت کوردستان دووبارە بکاتەوە و ئەمەش لە لێداوان و گفتوگۆکان بە زەقی دەوترێت.

جەختیشی کرد کە ئەمەش دەرکەوتەی ڕاستەوخۆی بۆ هێزەکانی کورد هەیە و سیاسەتی چاوەڕوانی بۆ ئەوەی بزانی سیاسەتی ژێئۆپۆلێتیکی جیهانی چی بەسەر دێت تائەوان لەگەڵ ئەم لایەن و ئەو لایەن کار بکەن؛ کۆتایی پێ دێنێت و هاوکات و ئیمکان و کاتی سات و سەودا لە سەر ئەوە کەم دەکات و مەنتیقەن دەبێت هێزەکانی کورد هان بدات بۆ ڕێکخستنی خەڵک و ڕێککەوتنی نێوان خۆیان.

لە بارەی دۆخی ناوچەکەش وتیشی دوای 7ی ئەکتەوبر شەڕی ڕاستەوخۆ و بەرکەوتنی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە تابۆ بوو ڕووی دا و ئیسرائیلیش هەموو هەوڵی خۆی داوە ئەو بابەتە بەکار بێنێ بۆ ئەوه‌ی موحیتی ژێئۆپۆلیتیکی خۆی بە شێوەیەک بازنووسی بکات کە لە قازانجی خۆیدا بێت، بەڵام ناتوانێ ئەوەی ئەمەریکا لە عێراق و ئەفغانستان کردی لە ئێران دووبارەی بکاتەوە؛ چونکە وڵاتێکی بچووکە و لە ڕووی خاک و حەشیمەت بە قەد ئوستانێکی ئێرانە و هەروەها دەورتادەوری بە وڵاتان عەرەبی دەور دراوە و ناتوانێ وەک هێزێک یان وڵاتێکی ئۆرگانیک لە ناوچەکە ڕیشە دابکوتێت و لە باشترین حاڵەتدا دەتوانێ هاوکاری تاکتیکی لەگەڵ هەندێ هێزی ئۆپۆزسیۆن بکات، بەڵام کورد دەتوانێ کەڵک لەو قەڵەشتە ژێئۆپۆلیتیکەکان کە ئیسرائیلیش تێدایە وەربگرێت بەو مەرجەی چاوەڕوانی لە ئاستی مەنتیقی ببێ و داڕشتنی سیاسەتێکی کوردی بە پێی چاوەڕانی زیاتر لەوەی ئیسرائیل دەتوانێ بیکات، لە زیانی کوردە.

هەروەها باسی ئەوەی کرد کە لە کوردستانیش گۆڕانکاری لە ئارادایە و کۆنفڕانسی یەکڕیزی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان وەکوو کارێکی دروست بەسترا و لە سەرتاسەری کوردستان زۆر کەسی خۆشحاڵ کرد و لە باکووریش دەستپێشخەرییەک کراوە هەرچەندە هێشتا هەڵوێستی ڕژێمی ئەردۆغان دیار نییە، بەڵام بەوەی کە ئەردۆغان ئێستا پێویستی بە پشتیوانی دەم پارتی لە پەرلەمان هەیە، هەندێ کار ئەنجام ئەدرێت و لە باشووریش هەر چۆنێک بێ لە ئاستی سیاسی قەوارەیکی فەرمی دانپێندراوی سیاسی کوردی بوونی هەیە و ئەمەش مەسەئەلەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر زۆر زەق دەکەنەوە و گوشار دەخاتە سەر هەر ڕژێمە مەرکەزی لە ئێران بۆ ئەوەی چارەیەک بۆ کێشەی ڕۆژهەڵات ببینێت و بەشێک لە ئەو شتانەی کە لە نەورۆزی ورمێ ڕووی دا لایەنێکی ئەوەیە کە ڕژێم خۆی کێشە لەنێوان لایەنی کورد و تورک دروست دەکات و دواتر خۆی وەکوو قارەمان دێتە ناو کێشەکەوە و کورد و ئازەری بە خۆی موتەکی بکاتەوە.

لە بارەی پێویستی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وتی کە ئەم بابەتە لە سەر سێ ئاستی ستراتێژی، تاکتیک و گوتار لێکدەدرێتەوە و لە ئاستی ستراتێژی من وەکوو ئامانج پێناسەی دەکەم کە سیاست ئەرکی وەدی هێنانی بۆ خۆی دیاری کردووە و تاکتیک ئەو ئامرازانەیە بۆ بەدی هێنانی ئامانج بەکار دەهێندرێ و لە بواری ستراتێژی بە گشتی هەموو حزبەکانی کورد، جۆرێک لە مافی چارەی خۆ نووسینی بۆ میللەتی کورد لە دەستووری کار دایە، بەڵام هەر حزبێک و بەرنامەی زۆر جیاوازی هەیە بۆ ئەوەی ئەو ماف و ئامانجە چۆن و لە چە قاڵب و سیستمێک دەستەبەر دەکرێت. ئەمەش پێوەندی ڕاستەوخۆی لە سەر چۆنییەتی ڕێککەوتنی نێوان حزبە سیاسیەکانی کورد هەیە چونکە هەر دەبێ بنەمایەکی هاوبەشیان هەبێ.

دووپاتیشی کردەوە کە دانانی نەخشەی کوردستانی گەورە لەئێستادا کارێکی هەڵەیە چونکەهەرچەندیش ئێمە دڵمان بیخوازێت و ئاواتمان هەبێ کە دۆخەکە وابێ، لە بواری سیاسیەوە کارێکی هەڵەیە چونکە دەبێ ئەو باڵانسەی هێزمان بۆ پشتیوانی کردنی ئەو نەخشەیە و بە دی هێنانی کوردستانی گەورەت هەبێ و ئەگەر نەتبێ ئەوا بابەتەکەی دەبێتە ئەمرێکی ئەخلاقی و لێرەدا دەمهەوێ باسی جیاوازی نێوان سیاسەتی ئەخلاقی و سیاسەتی واقع گەرایی بکەم. ئەو کەسانەی کە وەک سەربەخۆیی خواز دەناسرێن، بابەتی سەربەخۆیی کوردستانیان کردۆتە بابەتێکی ئەخلاقی وای دەنوێنن کە خۆیان لە هەموو کەس ڕادیکاڵتر و زیاتر کوردن و ئەگەر کەسێک باسی ئەو سەربەخۆییە ناکات، ئەوا وەک پێویست کورد نییە؛ بەڵام ئەوە ڕاست نییە چونکە سەربەخۆییش ڕێگایەکە بۆ بە دی هاتنی ئامانجی مافی چارەی خۆنووسین و ئەگەر حزبێکیش بە ئاشکرا و پێداگرییەوە باسی ئەوە ناکات هۆکاری عەمەلی هەیە، چونکە ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵات، لە چاو باقی ئێران کەمینەین، لە بواری سیاسی، ئێمە دەوڵەت نین و هاوکات لە ژێر توندترین زەق و زۆر سەرکوت و گوشاری قورسدایین وهیچ وڵات و دەوڵەتێک ئامادە نیە سەربەخۆیی بە ئێمە بدات و کەوایە مەسئەلە ئەوە نییە کە خەڵک یان لایەنێک باسی سەربەخۆیی ناکات و وەکوو پرەنسیب داینانێ؛ بەڵکوو مەسئەلە ئەوەیە ئەو سەربەخۆییە چۆن دەبێ دەستبەربکرێت، لێرەدا باسی سیاسەتی ئەخلاقی و واقعی دێتە ئارادا و دەبێئەو حزبانەی کە سەربەخۆیی وەک دروشمێکی سیاسی بەکار ناهێنن دەبێ شرۆفەی زیاتر بکەن کە بۆچی ئەو بڕیارەیان داوە؟ ئەگینا ئەو قەڵەشتە هەر زیاتر دەبێت بە تایبەت زیاتر بوونی زەخت و گوشار و سەرکوتی ڕژێم و درێژە پێدانی ناکۆکی نێوان حزبەکان دەبێتە هۆی ڕادیکالیزەتر بوونی هەڵوێستەکان دەچێت و تەنانەت بەرەوە ئیستقلالیش بڕوات. ئەگەر لەم کاتە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش هەڵوێستی شۆوینیستیی خۆیان زیاتر دەکەن و دەبێ ڕوون بکرێتەوە کە لە رووی سیاسییەوە تا چەندە ئیمکانی وامان هەیە ئەو کوردستان گەورەیە دروست بکەین و هەروەها ئایا هێزی پێویستمان هەیە بۆ پاراستن و ڕاگرتنی و ئەگەر نا، دەبێ چی بکەیین؟ ئەگەر ناتوانین کەوایە سیاسەتی کوردی لە چوار چێوەی ئێراندا دەچێتە پێش و کاتێک کورد بە تەنیا ڕژێمی ئێرانی بۆ ناڕووخێندرێت، دەبێ ئیتلاف دروست بکات و ڕوون بکرێتەوە کە ئەو ئیتلافەش لە سەر چ بناغەیێک دەکرێت؟ لێرەدا باسی تاکتیک و یەکڕێزی هێزی کورد مانا پەیدا دەکات و پێویستە لایەنی بەرانبەر بزانێت کە ئایا وەکوو یەک حزب لەگەڵ کورد قسە دەکات یان ئیتلافێک کە نوێنەری هەموو یان زۆرینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە دەچێتە ئیتلافەوە و دەبێ شتێک هەبێ کە نوێنەرایەتی زۆرینەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات. لێرەدا باسی ئەوە دێتە ئاراوە کە ئەگەر حزبەکان لانی کەم بەشێوەی سیمبۆلیک لێک نزیک دەبنەوە، ئەو نێزیک بوونەوەیە چۆناوچۆن دەکرێت؟ دەبێ لەسەر یەک سری بنەمای حەدی ئەقەلی ڕێک بکەون، دیارە هەریەک لە حزبەکان، خاوەن بناغەی کۆمەڵایەتی و چینایەتی و ئایدۆلۆژیای خۆیانن و سیاسەتی جیاوازیان هەیە و یەگرتن بە مانای لێکتوانەوە؛ نە دروستە و نە مومکینە و پێویستیش ناکات و دەبێ فورماتێکی هەبێ کە ئەو حزبانەی کە دەبنە ئەندامی ئەو نهادە، هەست بەوە بکەن کە خاوەن ئۆتۆنۆمی و بڕیار و شوناسی سیاسی خۆیانن و هاوکاتیش دەتوانن لە سەر خاڵێکی ئەساسی و بنەڕەتی ڕێککەون و لە سەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەش بتوانن لە گەڵ دەوڵەت یان دیکەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بچنە گفتوگۆ و دانوستان.

لەدرێژەدا وتی کە کێشە لەوە دایە کە حزبەکان هەموویان لە سەر ئەو خاڵە سەرەکییانە هاوڕان بەو واتایە هەموو حزبەکان خوازیاری ڕووخانی ڕژێمن و داوای مافی چارەی خۆنووسین بۆ کورد دەکەن، بەڵام بەوەشەەوە ڕێکناکەون و لێک نێزیک نابنەوە و پرسیار ئەوەیە کە بۆ ڕوو نادات؟ ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو حزبانە بەرژەوەندی خۆیان لە هەندێ شێوازی سیاسی ئەبینن کە نایانەوێ لە سەری سازش کەن. چونکە هەوڵ ئەدەن ئەو ئیمتیاز و بژاردەیە بۆ خۆیان ڕاگرن، لەوانە دانوستانی نهێنی لەگەڵ دەوڵەت یان لایەنەکانی دیکە و یان ئەوەی کە ئامادە نین بچنە ناو هاوئاهەنگی و سازش لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی ناوخۆ، بەڵام ئامادەن سازش و تەنازۆل بۆ لایەنی ئێرانی بکەن و لە شۆڕشی ژیناش ئەوەمان بینی.

دوکتور کامران مەتین جەختی کرد کە حزبە کوردییەکان خۆیان بە باشی ئاگایان لەم کێشانە هەیە و بە هۆشداری دانی ڕۆشنبیر و نۆخبەکان ڕێڕەوی سیاسی خۆیان ناگۆڕن و خۆیان دەزانن چی دەکەن و دەبێ فشارێکی کۆمەڵایەتی زۆر ئاشکرا لە سەر ئەو حزبانە دروست بکڕێت و هەست بەوە بکەن کە ئەبێ وەڵامی کۆمەڵگا بدرێتەوە و یان ئەوەی هەلومەرجێکی ئینقلابی دروست بێت وەکوو ئەو کاتەی شۆڕشی 57 و لەو دۆخەدا حزبێک کە لە کۆمەڵگادایە ناچارە هاوتەریبی کۆمەڵگا بێ و لە ئێستا تاکە ئامراز فشاری کۆمەڵگای مەدەنییە و ئەمەش زۆر سادەیە و پێویست بە ناوبردنی حزبێکی تایبەت ناکات و دەکرێ فرمۆڵێکی دیاریکراومان هەبێ هەموو حزبەکان پلاتفۆرمی ئەساسی خۆیان بە ئاشکرا و ڕوونی ڕابگەیین و بلێن لە سەر چ خاڵ و بنەمایەک ئامادەن لەگەڵ حزبەکانی تر بچنە هاوکاری، ڕێککەوتن و نێزیک بوونەوە و ئەو دەم ئەگەر حزبێک نکۆڵی لەو کارە کرد ولەبەرانبەری ڕابوەستێ، دیار دەبێت و بەرپرسیاری دەکەوێتە سەری و ناچارە وەڵامی کۆمەڵگا و خەڵک بداتەوە و ئەوەش دەبێت دیپلۆماسییەکی جەماوەریی ئاشکرا و پێویست ناکات دیپلۆماسی نهێنی بێت و دەبێ خەڵک ئاگایان لێ بێت چی دەگوترێ و کاتێک ئەمە بە سەر حزبەکان بسەپێندرێت، بێ گومان تەسیری دەبێت و حزبەکان ناتوانن بەرانبەر بە کۆمەڵگا هەڵوێستی نامەنتیقی بگرن کە لە بەرژەوەندی کورد نییە.

کاتێک ئەو نێزیک بوونەوە ڕووی دا، باسی گوتاری سیاسی هاوبەشی نێوان حزبەکان دێتە گۆڕی و بە ڕای من دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، زۆر بە سانایی و جوانی بنچینەکانی ئەساسیی گوتارێکی سیاسی ڕۆژهەڵات لە خۆ دەگرێ کە هەم دەتوانێ هێزەکانی ناوخۆی کوردستان لێک نێزیک بکاتەوە و هەم ئەو زەرفییەتەی هەیە کە ئیمکانی ئیتلاف لەگەڵ هێزی پێشکەوتن خوازی ئێرانی کە بە داخەوە زۆر کەمن پێک بێنێ، چونکە ئەو سێ وشەیە، سێ دانە هیرارشی و سێ دانە نابەرانبەری ئەساسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان، ئێران و دیکەی شوێنەکانی جیهان دەستنیشان دەکات، هیرارشی جێندەر، هیرارشی تەبەقاتی، کۆمەڵایەتی و هیرارشی سیاسی و کام حزب هەیە بە ئاشکرا دژ بە

لابردنی نابەرابری لەم بوارانەدا بوەستێتەوە؟ بۆیە دەبێ ئەو دروشمە هەرچی زیاتر لە ناوەندی گوتار و سیاسەتی کوردیدا هەبێت و دەبێ جەخت لەوەش دەکەمەوە هەروەک لەم کۆنفڕانسەش ئاماژە به کۆمەڵگای پەلکە زێڕینە درا، وشەی ژن لەم دروشمە تەنیا مەبەست ژن بە مانای بیۆلۆژیکی وشەکە نییە و هەر وەک لە ئێستادا زۆربەی چالاکان و نووسەران لە نووسینی وشەی ژن ئەستێرەیەکی لا دادەنێن و ئاماژە بەوە دەکەن مەبەست لە وشەی ژن ماناکەی ئەوەیە کە دەبێ نابەرانبەری جێندەر نەمێنێت و دەبێت هەوڵبدەیین ئەو دروشمە هەتا دەکرێت ئینکلۆسیڤ بێت و ئەو کۆمەڵگایانەی پەراوێز خراون بە تایبەت پەلکە زێڕینەکان لە خۆ بگرێت و ئەوان هەست بەوە بکەن کە بەشێکن لە جووڵانەوەکە ئەگینا ئەوە چە فەزیلەتێکی هەیە ئێمە هیرارشییەک لابەین بەڵام هیرارشییەکی تردروست بکەینەوە .

بابەتێکی گرینگی دیکە ئەوەیە کە دەبێ حزبە سیاسیە کوردییەکان لە گوتار و سیاسەتی خۆیان ڕوو بە دەوڵەت یان دیکەی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان، بە توندی پێداگری و داکۆکی لە پێناسەکردنی کورد بە وشەی میللەت و نەتەوە بکەن و نە بە مانای ئیستقلال، بەڵکوو لەبەر ئەوەی باسی میللەت کردن باری سیاسی و حقوقی هەیە و کاتێک لایەنی ئێرانی کورد وەکوو ئیتنیک و قەوم باس دەکەن ئەوە بە وشیاری و بە ئانقەست دەکەن، و لە دیسکۆرسی حقوق و نێونەتەوەیی، ئیتنیک و قەوم مافی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنی و سەروەری سیاسی نییە و بۆیە ناسیۆنالیستی ئێرانی دایم پێداگری لەوە دەکات ئێمە بە قەوم بناسێت و هەروەها لە ڕووی زانستیشەوە کورد پێناسەکانی میللەت لە خۆ دەگرێ، چونکە نەتەوە گەلێکە کە خۆی تەعریف دەکات وداوای خۆبەڕێوەبەری دەکات و کوردیش سەد ساڵە ئەو کارەی کردووە و بەکار هێنای ئەو وشەیە کارکردی سیاسی دیارکراوی هەیە و تو بە لایەنی بەرانبەر دەڵێی من بۆ خۆم میلەتێکم و توانایی و ویستی بەڕێوەبردنی خۆمم هەیە بەڵام حازرم لەگەڵ تۆش هاوکار بکەم بۆ ئەوەی وڵاتێک و کۆمەڵگای دیموکراتیک و هاوبەشی و پێکەوەژیانی دیموکراتیک و ئاشتییانەمان هەبێ و ئەمانەش ڕێگای کۆنکرێتە بۆ ئەوەی چۆن دەبێ لەم دۆخەی ئێستا کەڵک وەربگیردرێت و هەوڵ بدرێت حزبە سیاسیەکان لێک نزیک بکرێنەوە و حزب و کۆمەڵگای مەدەنیش لە ڕەکابەری یەکتر نین و حزب لە پێناسەی ڕاستەقینەدا خۆی بەشێکی کۆمەڵگای مەدەنیە و دەبێ پێوەندی دیالێکتییان هەبێ و دواجار هەم حزب و هەم کۆمەڵگای مەدەنی ببنە هۆکاری بەهێز بوونی جەماوەر و بڕیاردانی جەماوەر لە سەر ژیانی خۆیان و ئەمەش لە ڕێگای دامەزراوە پێک دێت.

 

 

دووبارە هەوڵبدەرەوە

Featured Video Play Icon

هێرشی دڕۆنیی نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٥ی خاکەلێوە، کاتژمێر ٧، کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *