✍️ هۆگر برایم
لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد لە سوریادا ئەوەی زۆرتریین هەڕەشەی لەسەرە، لە پاڵ کەمینە ئاینییەکانی ئەو وڵاتە، ستاتۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە. دیارە هەڕەشەکە زیاتر دەرەکییە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا وە نەوەکو دەستەڵاتی تازەی شام. لەم وتارەدا هەوڵدەدەم لەپاڵ رونکردنەوەی هەڕەشەکاندا دەرفەتەکانی مانەوە و جێگیربوونی ئەم ستاتۆیە، لە بەر سێ هۆکاری جیۆپۆلیتیکی، بخەمە بەر باس و گفتوگۆ کە دەتوانرێت لە بواری دیپلۆماسییەوە وەکو کارتی سیاسیی گرینگ کاریان لەسەربکرێت.
سەرەتا:
کۆماری دووەمی تورکیا لەسەر دەستی ئەردۆغان گۆڕانکارییێکی ستراتیژی لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا کرد کە ئەویش سیاسەتی فراوانخوازییە. کەمال ئەتاتورکی دامەزرێنەری تورکیا لەسەرەتای دامەزرادنی تورکیادا ئیدیعای میساقی میللی دەکرد بەڵام لە دوای پەیماننامەی لۆزان شیعاری ((“Yurtta sulh, cihanda sulh واتا لە وڵاتدا ئاشتی، لە جیهاندا ئاشتیی هەڵگرت . بۆیە بەدرێژایی ٨٠ ساڵی تەمەنی کۆماری تورکیا، جگە لە ئۆپەڕاسیۆنی داگیرکردنی باکوری قوبروس، لە پڕاکتیکداهیچ ئیدیعایەکی فراوانخوازیی نەبووە. دیارە لە دەیەی ٩٠ی سەدەی رابردوودا، سەرەڕای بۆشایی سیاسیی و عەسکەریی لە کوردستانی عێڕاقدا، جگە لە ئۆپەراسیۆنی کاتیی بۆ ئەو ناوچانەی کە گەریللاکانی پارتیا کارکەرێن کوردستانی تیا جێگیربوونە، تورکیا تەنیا یەک بنکەی سەربازیی جێگیری لەسەر سنور لە ناو خاکی کوردستانی عێڕاقدا هەبوو. لەدوای هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە) بۆسەر دەستەڵات، لە ٢٠٠٢، تورکیا دەستی کرد بە دروستکردنی بنکەی سەربازیی جێگیر لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا.
لە دوای روداوەکانی سوریا و دروستبوونی کانتۆنەکانی کوردستانی سوریا، دەوڵەتی تورکیا جارێکیتر میساقی میللیی هینایەوە ناو گفتوگۆکان کە بە گوێرەی ئەو میساقە میللیەی تورکیا، ویلایەتی حەڵەب و موصڵ بەشێکن لە تەریتۆری کۆماری تورکیا، چونکە ئەم دوو ویلایەتە دوای وەستانی جەنگی جیهانی یەکەم لەلایەن فەڕەنسا و بەریتانیاوە داگیرکراون.
لە شەڕی کەنداوی یەکەمدا تورکیا بەشداری شەڕ لە دژی رژێمی بەعس نەبوو. لە شەڕی دووەمیشدا کە ئەردۆغان تازە دەستەڵاتی گرتبۆ دەست، کە هێشتا کەمالیستەکان لە ناو سوپادا باڵا دەستبوون، دیسان نەیانوێرا بەشداری راستەوخۆ لە شەڕدا بکەن. لە بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێڕاقی دوای صدامیشدا دەوڵەتی تورکیای سەردەمی ئەردۆغان رۆڵێکی ئەوتۆی پێنەدرا. لەبەر ئەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بارزانیی پتەوکردن و لە رێگەی بارزانییەوە هاتە ناو گۆڕەپانی سیاسیی و ئابوریی عێڕاق و لە مەشدا، بەتایبەت لە مەلەفی نەوتی هەرێمدا، قازانجیکی زۆری کرد. هاوکات کارە ئیستیخباراتییەکانیشی پەرەپێدا و ئێستا ئیدیعا دەکرێت کە دەیان بنکەی ئیستیخباراتیی لە هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا هەن، بەتایبەت لە کەرکوك. دەستگیرکردنی دوو بەرپرسی گرینگی دەزگانی میت لە دوکان لە ئابی ٢٠١٧ لەلایەن پ ک ک وە بەڵگەی ئەوەیە کە دەزگای میت لە پارێزگای سلێمانیش کارایە.
دەوڵەتی تورکیا و ئاڵۆزییەکانی سوریا
لە ساڵی ٢٠١١، کاتێک پلانی لابردنی ئەسەد دانرا، جیاواز لە سەردەمی شەڕی کەنداو دژ بە عێڕاق، تورکیا بەشداریی کارای کرد و هەتا رۆڵی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەیشی وەرگرت. هەروەکو دەرکەوت ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە لە لایەن وڵاتانی خۆرئاواوە یارمەتی دەدرا کە بە ” ئەنجومەنی نیشتیمانیی سوریا” ناسراوە و هێزە چەکدارەکەیشی بە سوپای ئازادی سوریا دەناسرا، سەرکەوتوو نەبوون لە روخاندنی رژێمی ئەسەد دا. لە ئەنجامدا رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی لە شام دەرکەوت کە دواتر بوو بە دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێڕاق و شام کە زیاتر بە کورتکرراوەکەی”داعش” دەناسرێت.
هەر لەسەرەتای ئاڵۆزییەکانی سوریا، رژێمی بەشار ئەسەد، بە تاکتیکێکی ژیرانە ئیدارەی ناوچە کوردییەکانی تەسلیم بە ”پ ی د” کرد. ئەوانیش ئەو هەلەیان قۆستەوە و یەکینە چەکدارییەکانی خۆیان دامەزراندن کە دواتر بە ”ی پ گ و ی پ ژ” ناسران و لەگەڵیشیدا ئیدارەی ناوچەکانییان لە چوارچێوەی چەند کانتۆنێکدا رێکخست.
من پێموانییە کەس پێشبینیی ئەم رێککەوتنەی نێوان ئەسەد و (پ ی د)ەی کردبێت، بەتایبەت تورکیا. ئەمە وایکرد کە دەوڵەتی تورکیا هەر زوو لە روخاندنی ئەسەد بکەوێتە گومانەوە و فۆکسی بکەویتە سەر لە باربردنی کانتۆنەکان. بۆیە گروپە چەکدارەکانی کردن بەگژ (YPG) دا. هاوکاتیش روسیا و ئێران پشتیوانیی جددی ئەسەدیان کرد. بۆیە لەلایەک روخانی ئەسەد بوو بە کارێکی سەخت و لەلایەکی تریشەوە ستاتۆی کوردیی بوو بە دیفاکتۆ. تێکشکاندی داعش لە سوریا لەسەر دەستی YPG / YPJ ، بە هاوکاریی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان و گرتنی رەقا، پێگەی ئەو ستاتۆیەی بردە ئاستێکی ترەوە و رێگەی لەبەردەم ئەمریکاش کردەوە کە شەرعییەت بدات بە جێگیرکردنی هێزەکانی خۆی لە ناو خاکی سوریادا.
دیارە لە رووی قانونی نێودەوڵەتییەوە ئەمریکا ئەو شەرعییەتەی نەبوو کە روسیا هەیبوو، چونکە روسیا لەچوارچێوەی رێککەوتنی دوولایەنە لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە بنکەی سەربازیی لە سوریادا هەبووە بەڵام هیچ بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئارادا نەبوو، وەکو ئەوەی کە بۆ عێڕاق و لیبیا هەبوو، تاوەکو ئەمریکا هێزەکانی بهێنێتە ناو خاکی سوریا. بۆیە هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستاش، لە چوارچێوەی بەرەنگاریی داعش لە سوریادا وجودی خۆیان بەردەوامیی پێداوە. (هەرچەندە بڕیاری ١٤٤١ی ئەنجومەنی ئاسایش باس لە دەستوەردانی عەسکەریی ناکات بەڵام ئەمریکا و بەریتانیا بە پشتیوانیی ئەم بڕیارە عێڕاقیان لە ساڵی ٢٠٠٣ داگیرکرد و رژێمی بەعسیشیان روخاند).
تورکیا و سوریای پۆست ئەسەد
دوای تێکشکانی داعش و فەشەلی ئۆپۆزسیۆنی سوریی لە روخاندنی رژێم و دیسانەوە مامەڵکردن لە گەڵ ئەسەد، بەتایبەت لە لایەن دەوڵەتە عەرەبییەکان و گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبیی، تورکیا بە ناوی پرسی ئاسایش دەستی کرد بە داگیرکردنی عفرین لە ساڵی ٢٠١٨ و سەرێکانی و گرێ سپی لە ساڵی ٢٠١٩. ئیتر هەموو هەوڵەکانی تورکیا بۆ لەباربردنی ئەو ستاتۆیە بوو کە بە ”ئیدارەی خۆسەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا” ناسراوە. مانەوەی ئەسەد و هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی فوڕات، رێگربوون لە بەردەم بەردەوامی ئۆپەڕاسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. ئێستا لەدوای روخانی ئەسەد، تورکیا هەوڵدەدات هەژمونی خۆی بە سەر شامدا بسەپینێت و لە وێوە شەرعیەت بەدەستبێنێت بۆ لەباربردنی ئەم ستاتۆیە. بۆیە تورکیا وەکو یەکەمین دەوڵەت لە ئاستی وەزیری دەرەوە سەردانی شامی کرد و لەگەڵ ئەحمەد الشرع کۆبۆوە کە بڕیارە سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیپ ئەردۆغانیش سەردانی شام بکات. ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا تا ئێستا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دەستەڵاتی شەرع دا دەکەن و هەیئەی تەحریر الشام لە لیستی تیرۆر دەرنەهێنراوە. بە بڕوای من ئامانجی سەرەکی تورکیا، سەرەڕای لەباربردنی ستاتۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە سەرکردایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیی (هەسەدە)، گەیشتنە بە سنوری موصڵ و کەرکوک کە لە ٢٠١٤ وە هێزەکانی خۆی لە دەوروبەری تەلەعفەر و بەعشیقە جێگیرکردوونە.
سێ هەڕەشە و گرینگیی مانەوەی هەسەدە.
هەڕەشەی یەکەم: بە داگیرکردنی ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی هەسەدە ، تورکیا چەند ئامانجێکی سیاسیی و ئابوریی ستراتیژیی دەپێکێت. کە یەکەم رێگرییکردنە لە دروستبوونی ستاتۆیەکی تری کوردی لە ناوچەکەدا لەدوای هەرێمی کوردستانی عێڕاق کە تورکیا ئیدیعادەکات ئەمە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر یەکپارچەیی خاکی تورکیا، بەتایبەت کە ئەم ستاتۆیە لەژێر هەژمونی بزوتنەوەیەک بێت کە لە روی فیکریی و ئایدۆلۆژییەوە لە پ ک ک وە نزیک بێت. بۆیە بەناوی دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی سوریادا، کە هەموو ناوچە کوردییەکان دەگرێتەوە، شتێک بەناوی کورد لە سوریادا نامێنێت. ئەگەر لەو بارەیەوە روبەڕوی رەخنەی جدیی و گوشاریش ببێتەوە ئەوە دەتوانێت ئیدارەیەکی کوردیی گرێدراوی خۆی لەو ناوچانە دابمەزرێنێت کە ئەنەکسەش بۆ ئەم ئەرکە ئامادەیە. دووەم ئامانج لە داگیرکردنی ئەو ناوچانە گەیشتنە بە سنوری عێڕاق لەناو خاکی سوریاوە و بەستنەوەی حەڵەبە بە موصڵ و کەرکوکەوە. بەمەش تورکیا لە جێبەجێکردنی میساقی میللی نزیکتر دەبێتەوە. لەڕووی ئابوری و بازرگانیشەوە رێگەی حەڵەب-موصڵ دەبێتە ئاڵتەرناتیڤی پڕۆژەی ئۆڤاکۆ کە بڕیارە بەصڕە بە شەڕناخەوە ببەستێتەوە بەڵام ئەم ڕێگەیە هەم کورتترە و هەمیش بەناو جوگرافیای هەرێمی کوردستاندا دەربازنابێت و ناکەوێتە ژێر هەڕەشەی شەڕی چەکداریی پ ک ک لە دژی دەوڵەتی تورکیا لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە هەرێمی کوردستان، لە بازرگانیی تورکیا- عێڕاق، بەتەواوی پەراوێز دەخرێت.
ئەم ئامانجانەی تورکیا، مەترسیی گەورەن لەسەر ئاسایشی عێڕاق و دروستکردنی هەژمونی تورکیایە بەسەر هەردوو دەوڵەتانی عێڕاق و سوریاوە. ئەمەش رێگە لەبەردەم تورکیا دەکاتەوە کە لە زلهێزێکی هەرێمییەوە ببێتە زلهێزێکی جیهانییش بەتایەبەت کە هەژمونی بەسەر سەرچاوەکانی وزەی موصڵ، کەرکوک و باکور و رۆژهەڵاتی سوریاشدا هەبێت. دیارە ئەم ئامانجانەی تورکیا لەلایەن بەریتانیا کە عێڕاق بە ناوچەی نفوزی خۆی دەزانێت، فەڕەنسا کە سوریا وەکو ناوچەی نفوزی خۆی دەزانێت و ئەمریکاش، کە پاڵپشتی بریتانی و فەڕەنسیەکانە، قەبوڵ ناکرێت و هەڕەشەیە لەسەر پێگەو هەژمونی ئەم وڵاتانە لەناوچەکەدا. دیارە ستاتۆی خۆسەریی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەربەستە لەبەر دەم ئەم هەڕەشەیەی تورکیا، بۆیە ئەمە شانسێکی گەورە دەدات بەم ستاتۆیە کە پشتگیریی زلهێزەکان بەدەستبێنێت بۆ مانەوە.
هەڕەشەی دووەم: سەرەڕای هەڕەشەی یەکەم لەسەر عێڕاق، گەیشتنی تورکیا بە تەلەعفەر واتا لەناوبردنی دەستەڵاتی هەسەدە لە دێرەزور و رەقاش کە بەمەش گروپە چەکدارەکانی سەربەتورکیا سنوری عێڕاق و سوریا کۆنتڕۆڵدەکەن. ئەمەش وادەکات کە جارێکی تر ئاکتێکی تری لە شيوەی داعش لەناو سنورەکانی عێڕاقیشدا سەرهەڵداتەوە. دیارە ئەمەش وادەکات کە جارێکی تر عێڕاق پێویستیی بە یارمەتیی ئێران بێت بۆ روبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک لە لایەن سوننەکانەوەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند ساڵێکە هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر لە ناوخۆی عێڕاق و لە دەرەوەشدا لە ئارادایە کە هەژمونی ئێران لە عێڕاقدا کۆتاییپێبێت یانیش سنورداربکرێت. لەدوای روخانی ئەسەد و لاوازبوونی حزب اللە لە لوبنان، هەژمونی ئێران لەم دوو وڵاتەدا کۆتایی پێهاتووە. بۆیە ئەو گروپانەی حەشدی شەعبیی کە لە ئێرانەوە نزیکن دەبنە ئامانجی ئیسڕائیل و لەمەدا عێڕاق هیچ بەرژەوەندیی لەگەڵ ئێراندا نامێنێت. سەردانەکانی سودانی بۆ وڵاتانی عەرەبیی و کۆبونەوەی لەگەڵ محمد بن سەلمان لە ژێر رەشماڵێکی بەدەوییدا وەکو هەوڵی گێڕاندنەوەی عێڕاق بۆ ناو ریزی عەرەبیی دەشێت لێکبدرێتەوە. ئا لەم کاتەدا ئاشوبێکی وەکو داعش دەشێت دیسان هەژمونی ئێران لە عێڕاقدا بەهێزبکاتەوە. کۆنتڕۆڵکردنی ئەم سنورە لەلایەن هەسەدەوە دەتوانێ ئاسایشی عێڕاق بپارێزێت. بۆیە ئەم پێگە جیۆپۆلیتیکیەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وا دەکات کە هەم عێڕاق خۆی پشتیوانی لە مانەوەی هەسەدە بکات کە لێدوانەکانی سودانی لە تەلفزیۆنی الحدث روو بە تورکیا، هەستیاریی عێڕاق لەئاسایشی سنوری خۆی لەگەڵ سوریا دەردەخات. دیارە گرینگی ئاسایشی عێڕاق بۆ ئەمریکا و بەریتانییەکانیش دەزانرێت کە سەرمایەگوزاریێکی زۆریان لەسەر گۆڕانکاریی لەم وڵاتەدا کردووە. بۆیە دەتوانین بڵێین کە گرینگی دەسەتەڵاتی خۆسەریی بۆ ئاسایشی عێڕاق وا دەکات کە دەوڵەتی عێڕاق هەوڵبدات کە ئەم ستاتۆیە بەردەوام و جێگیربێت.
هەڕەشەی سێیەم: لە دوای روخانی رژیمی ئەسەد دەوڵەتی ئیسڕائیل لەلایەک خاکی زیاتری سوریای داگیرکرد و لەلایەکی تریشەوە زیاتر لە ٤٠٠ هێرشی ئاسمانیی کردە سەر کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی و سوریا؛ وە تەواوی ژێرخانی عەسکەریی ئەو وڵاتەی وێرانکرد. بۆیە دەوڵەتی داهاتووی سوریا کێشەی زیاتری لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەبێت. ئەمە وادەکات کە دەسەتەڵاتی داهاتووی شام بەدوای هاوپەیمانییدا بگەڕێت لە دژی ئیسڕائیل، وە کاندیدی هەرە لە پێشیش بۆ ئەم هاوپەیمانێتییە لە ئێستادا ئێرانە. لەبەر ئەوە گریمانەی نزیکبوونەوەی دەستەڵاتی داهاتوی سوریا لە ئێران زۆرتردەبێت. ئەمەش جارێکیتر ئاسایشی ئیسڕائیل دەخاتەوە بەر مەترسیی. بۆیە بە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی هەسەدە بەسەر ئەم سنورە، ئێران دەتوانێت راستەوخۆ لەسنوری عێڕاقەوە دەستوەردانەکانی لە سوریا بەردەوامیی پێبدات. کەواتا هەبوونی هەسەدە لە حسەکەوە تا البوکمال، دیوارێکی ئاسایشیە بۆ ئیسڕائیلیش.
ئەنجام:
ئاڵۆزییەکانی سوریا لە ٢٠١١هەلومەرجیکی نوێی لەو وڵاتەدا هێنایە پێش کە لە دەرئەنجامدا ستاتۆیەک لە ژێر هەژموونی بزوتنەوەی سیاسیی کوردیی، لە بەشێکی گەورەی ئەو وڵاتەدا دروستبوو کە چاوەڕوانکراونەبوو. ئەمەش کاریگەریی کردە سەر رێڕەوی گۆڕانکارییەکان لە سوریادا. بۆ تورکیا، کە رۆڵێکی گرینگی هەبوو لە پشتیوانیی ئۆپۆزسیۆنی سوریی، دروستبوونی ستاتۆیەکی تری کوردیی، لەدوای هەرێمی کوردستانی عێڕاق، وەکو هەڕەشەیەکی جدیی بۆ سەر ئاسایشی ئەم وڵاتە سەیردەکرێت. بۆیە فۆکسی تورکیا لە روخانی ئەسەدەوە گۆڕا بۆ دژایەتییکردنی ئەم ستاتۆیە.
لە دوای روخانی ئەسەدەوە تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشەکانی لەسەر ستاتۆی خۆسەریی و هەسەدە بەڵام ئەم هەڕەشانەی تورکیا کۆمەڵێک ئامانجی سیاسیی و ئابوریی ستراتیژیی لە پشتەوەیە کە ناکۆکە لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵاتانی هەرێمیی و جیهانیی. ئەم ئامانجانەی تورکیا لەگەڵ ئەوەی کە باڵانسی هێز لە ناوچەکەدا تێکدەدات لە هەمان کاتدا هەڕەشە لەسەر ئاسایشی عێڕاق و ئیسڕائیلیش دروستدەکات. بۆیە هەبوونی خۆسەریی دیموکراتیی و هەسەدە دیوارێکی ئاسایشیی بۆ عێڕاق و ئیسڕائیل پێکدێنێت. ئەمەش شانسی پشتگیریی هەرێمیی و جیهانیی بۆ ئەم ستاتۆیە و هەسەدە زیاد دەکات. لەگەڵ ئەمانەشدا ئەم پرسیارانە خۆیان دەسەپینن کە ئایا ئەمریکییەکان رێگە دەدەن تورکیا ئەم دیوارە بڕوخێنێت؟ ئایا عێڕاقییەکان و ئیسڕائیلییەکان لە گرینگی ئەم دیوارە تێگەیشتوون و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان دەخەنە گەڕ کە ئەمریکییەکان مانەوەی ستاتۆی سیاسیی و عەسکەریی هەسەدە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا مسۆگەربکەن و لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریا دا شەرعییەتی پێبدەن؟ دیارە ئێمە دەتوانین تەنیا شڕۆڤەی رەوشەکە بکەین ئەگەرنا وەڵامی ئەم پرسیارانە لەلای ئەم وڵاتانەیە کە ئێمە دەستڕەسیمان بە بۆچونی ئەوان نییە.
لە کۆتاییدا دەتوانیین ئەمەشی بخەینە سەر کە بەردەوامیی و جێگیربوونی ستاتۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وەکو مۆدێلێک گرینگیی خۆی هەیە بۆ بەشەکانی تری کوردستان، بەتایبەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق و هەروەها بۆ پێکهاتەکانی تری ناو سوریاش. هەرچەندە ستاتۆی هەرێمی کوردستانی عێڕاق یەکەیەکی دەستورییە لەناو دەوڵەتی عێڕاق و لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە و خۆرئاواشەوە مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدادەکرێت بەڵام هەبوونی هەرێمێکیتری دەستوریی لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریادا مانەوە و بەردەوامیی ستاتۆی هەرێمی کوردستانی عێڕاقیش مسۆگەرتردەکات. لە سەر ئاستی سوریاشدا دەبێتە مۆدێلێک بۆ عەلەویی و دروزییەکانی ناو سوریاش کە داوای هەرێمی فیدڕاڵیی خۆیان بکەن. ئەمەش کاریگەریی بەسەر دەوڵەتەکانی ناوچەکەوە دەبیت کە ئیتر قسە لەسەر دیسەنتڕاڵیزەکردنی دەوڵەتەکان تابوو نەبێت بێ ئەوەی دوچاری پارچەبوون ببن. ئەگەر پارچەبوونێکیش روبدات نەبێتە هۆی شەڕو ئاشوب.
قەندیل پرێس