بەگوێرەی نوێترین راپرسی، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئیمامئۆغڵو بەسەر ئەردۆغاندا سەردەکەوێت و تەنیا 3.1%ـی دەنگدەرانی پارتی دەمیش دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن.
راپرسییەکە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی “ئاڵف” لە رۆژانی یەک بۆ 10ـی ئەم مانگە، لەگەڵ سێ هەزار و 920 کەسدا ئەنجامدراوە و بەگوێرەى ئەنجامەکان، 50.5%ـی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە گوتوویانە، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە تورکیا، دەنگ بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێریی جەهەپە دەدەن، کە زیاتر لە دوو مانگە لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ دوورخراوەتەوە و لە زینداندایە.
لە بەرامبەردا تەنیا 39.8%ـی بەشداربووانی راپرسییەکە دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستا و بەربژێری هاوبەشی ئاکپارتی و مەهەپە دەدەن.
بەو جۆرەش بەگوێرەی ئەم راپرسییە، ئیمامئۆغڵو 10 خاڵ لەپێش ئەردۆغانی رکابەریەتى.
وەک لە راپرسییەکەدا هاتووە، 87%ـی دەنگدەرانی پارتی دەم دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن و تەنیا 3.1%یان دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن. ئەوەش لەکاتێکدایە ئاکپارتی و مەهەپە چاویان لەوەیە لە رێگەی ئەو پرۆسەیەی دەستیانپێکردووە، هەوڵی نزیکبوونەوە لە کورد و بەدەستهێنانی متمانەیان دەدەن.
لەگەڵ ئەوەی بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەرلەمانی تورکیا لە ساڵی 2028 ئەنجامبدرێت، بەڵام جەهەپە بەچڕی کار بۆ ئەوە دەکات، لە رێگەی فشارخستنەسەر ئاکپارتی، هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت.
قەندیل پرێس