ئەمڕۆ شاندی پارتى دەم بۆ ئیمراڵی، سەردانی هەریەک لە ئاکپارتی دەسەڵاتدار و پارتەکانی ئایندە و سەعادەت لە ئۆپۆزسیۆن دەکات.
پاش سەردانەکەی شاندی پارتی دەم بە ئەندامێتیی پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر بۆ ئیمراڵی، و کۆبوونەوەیان بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە، شاندەکە لەسەر راسپاردەی ئۆجەلان دەستیان بە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کرد.
ئەمڕۆ لە گەڕی دووەمی سەردانەکانیاندا، کاتژمێر 11 سەردانی پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو لە ناوەندی گشتیی پارتەکە دەکەن.
دواتر لە کاتژمێر 13:30دا پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورک و سڕی سورەییا ئۆندەر، لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی شاندی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا گولەر، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە دەکەن.
لە دیداری سێیەمیشیاندا ئەمڕۆ، شاندەکە لە ناوەندی سەرەکی پارتی سەعادەت، کاتژمێر 15:30 سەردانی مەحمود ئاریکان سەرۆکی گشتیی پارتەکە دەکات.
لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان، شاندەکەی پارتی دەم بۆچوونی رێبەرە زیندانییکراوەکەی پەکەکەیان لە حەوت خاڵدا خستەڕوو، ئۆجەلان وێڕای ئەوەی داوایکردبوو، بۆچوونەکانی بگەیەنرێتە سەرجەم لایەن و ناوەندە سیاسییەکان لە تورکیا، جەختی لە گرنگی رۆڵی پەرلەمان و بایەخی پێشنیازەکانی ئۆپۆزسیۆن لەوبارەیەوە کردبوویەوە.
لەو چوارچێوەیەشدا، شاندی پارتی دەم و ئەحمەد تورک، لە گەڕی یەکەمی دیدارەکانیاندا سەردانی هەریەک لە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەیان کرد.
قەندیل پرێس