سێ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەوە پەیامی پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و ڕایانگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە گەنجانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ڕۆژئاوا بووەستن، بەرخۆدان بێهودە نییە ئەگەر لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازادیی کۆمەڵگە بێت.
هەرسێ زیندانیی سیاسیی کورد (زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی، موتەلب ئەحمەدیان) پەیامێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی کۆبانێ دەربڕی.
لە پەیامەکەدا هاتووە: کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کوردستان و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئەوانەی بە دوای ئازادی و دۆزی کورددا دەگەڕێن لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا بووەستن، بەرخۆدان بێهودە نییە ئەگەر لەسەر بنەمای هۆشیاری و ئیرادەی ئازادی کۆمەڵگە و مافی زگماکی بەرگری لەخۆ بێت.
دەقی پەیامەکەی سێ زیندانی سیاسیی کورد بەمشێوەیەیە:
کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کوردستان و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئەوانەی بە دوای ئازادیی و دۆزی کورددا دەگەڕێن لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا بووەستن. ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان ڕوودەدات بەڵگەیە لەسەر دووبارەبوونەوەی هەمان نەخشەی مێژوویی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە کوردستان. ئەم قۆناغە خراپە هەمیشە گیانی خەڵکی مەدەنی گرتووە و گەمارۆی داوە و ستەمیان لێکردووە.
شەڕی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ تەنها شەڕێکی سەربازی نەبوو، بەرگرییەک بوو کە تێیدا بەرخودان سنوورە نیشتمانییەکان و هاوکێشە سیاسییەکانی تێپەڕاند، لەو شەڕەدا زیاتر لە ٨١٥ بەرگریکار شەهید بوون کە ئەندامانی هێزەکانی بەرخۆدان و خەڵکی مەدەنی، ژن و پیاو، لە منداڵە کچێکی حەوت ساڵەوە بۆ ژنێکی حەفتا ساڵ، ئەوان لەسەر هێڵەکانی پێشەوە بە توندی وەستانەوە و بەرەنگاری بوون بۆ ڕێگریکردن لە ڕووخانی کۆبانێ، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ڕۆڵی مێژوویی خەڵک لە بەرەنگاربوونەوەی هێزە تاریکەکانی داعشدا.
ئەمڕۆش هەوڵەکان بۆ لێسەندنەوەی بەرخۆدان لە واتاکەی بەردەوامن، فشار دەخرێتە سەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، ئامڕازی بەرخۆدانی کۆبانێ سست دەکرێت، بەرخۆدان وەک شکست پێناسە دەکرێتەوە، داعش و باندە نوێبووەکان و توندوتیژەکانی بە شێوەی نوێ بە پشتیوانی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان سەریان هەڵداوە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە ڕووکەشانە ناتوانن واتای ڕاستەقینەی بەرخۆدان بنبڕ بکەن، ئەزموونی خەڵکی ئەم ناوچە سەلماندوویەتی کە بەرخۆدان بێهودە نییە ئەگەر لەسەر بنەمای هۆشیاری و ئیرادەی ئازادیی کۆمەڵگە و مافی زگماکی بەرگریی لەخۆ بێت.
ئێمەی زیندانیانی سیاسی کورد لە ئێران کە بەهەمان شێوە لە چنگی هەمان هێزە چەوسێنەرەکاندا گیرۆدە بووین، دەرفەتی ئامادەبوونمان لە خەندەقەکانی ئەو بەرگرییە بێبەش کراوین، بەڵام ئەم بێبەشکردنە ئەو کەسانە بێبەری ناکات کە ویژدانیان هەیە لە بەرپرسیارێتی خۆیان، کاتی ئەوە هاتووە گەلی کورد و گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەموو ئەوانەی بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن، نەک بە درووشم، بەڵکو بە هاودەنگی ڕاستەقینە و پاڵپشتی مرۆیی و هاوکاری گشتی، لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بووەستن و واتای بەرخۆدان بپارێزن.
جارێکی دیکە بیسەلمێنن کە بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی و شکۆمەندی و ئازادی دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە بەرەکانی شەڕدا، کاردانەوەکان لە گۆڕەپانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پێشهاتەکانی کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامن، لە ڕاگەیاندراوی هاودەنگی و داوای خۆڕاگرییەوە تا دەگاتە شیکارییە سیاسییەکان کە هۆشداری دەدەن لە دووبارەبوونەوەی شێوازەکانی توندوتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
قەندیل پرێس