د. شەماڵ سۆفیمیرزا دەڵێت: ” هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسووڵخانەی ئێران هەڵەیەکی مەحاسباتی نەتەنیاهو بوو بۆ رزگار بوون لەو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکیانەی کە تێیکەوتبوو. ئیسرائیل پێیوابوو هێرشەکە لە هەرایەکی نێودەوڵەتی تێناپەڕێ و هێرشەکە بەشی ئەوەندە دەکات خۆی لە قەیران بپارێزێ، بەڵام هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نیشانی دا کە نەتەنیاهو تووشی هەڵەی محاسباتی بووە.
هەروەها، لە هێرشی ئێران، توانای موشکی ئەو وڵاتە تاقی کرایەوە و ئێران تووشی فەزیحەتێکی نە تەنیا سیاسی بەڵکوو فەزیحەتێکی نیزامیش بوو.”
قەندیلپرێس: سڵاو و ڕێز دوکتور شەماڵ، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیلپرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، لەساڵی 1948 کە دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزراوە تا ئێستا بەردەوام لە ناو شەڕدا دەژیت، هۆکاری ئەمە چییە؟
د. شەماڵ سۆفیمیرزا: لە سەرەتای دامەزرانی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ و دوای شەڕی ٦ ڕۆژەی عەرب-ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧ کە بە شکەستی بەرەی وڵاتانی عەربی کوتایی پێهات و لە پاشان شەڕی کاناڵی سویز لە نێوان ئیسرائیل و میسر لە ساڵی ١٩٥٦، دەتوانین بڵێین ئەوە یەکەم جارە ئیسرائیل رووبەڕووی کێشەی ئەمنی لە قەوارەی هێرشی شەنبەی ڕابردووی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی دەبێتەوە. کێشە و شەڕی ئیسرائیل لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دوو ڕەهەندی هەیە کە هەر دووکیان لە زەمەنگەلێکی مێژوییدا لە هەڵکشان و داکشان دابوەو بە شێوازگەلی جۆراجور دەرکەوتووە. ڕەهەندی یەکەمیان میژویی و ئایدیۆلوژییە کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دژایەتی نێوان جوولەکەو و ئیسلام، دووهەمیان رەهەندی سیاسی هەیە کە لە سەرەتای دامەزرانی ئەو وڵاتە لە ساڵ ١٩٤٨ سەری هەڵداو تا ئێستاکە بەردەوامە.
ڕەهەندە ئایدۆلوژیکەی ئەگەرچی تا ئەندازەیەک لە دوای ١٩٦٦ جێگای خۆی دایە ڕەهەندی سیاسی وبە تایبەت لە دوای سەرهەڵدانی ناسیونالیسمی عەرەب لە میسر بە ریبەری جەمال عەبدولناسر و تەشەنەی ناسیونالیسمی عەرەب لە سوریە و ئوردون و وڵاتانی تری عەربی بە هێرشی ئەو وڵاتانە بۆ سەر ئیسرائیل وەکو گەورەترین کاردانەوەی ناسیونالیسمی عەرب دژی ئیسرائیل بە ئەوپەڕی خۆی گەییشت
لە پاش شکانی بەرەی وڵاتانی عەرەبی، شەڕی عەرب و ئیسرائیل بەربەست و بچوک کرایەوە بە شەڕی نێوان ”بەرەی ئازادیخوازی فەلەستین” بە ڕێبەرایەتی یاسر عەرەفات و پشتگیری کەم و زیادی وڵاتانی عەربی لەو بزوتنەوەیە، لە دوای سولحی کەمپ دەیوید لە نێوان میسر و ئیسرائیل و نەفوزی ئەمریکا لە سەر وڵاتانی عەرەب و بە تایبەت میسر کە ڕێبەرایەتی ناسیونالیسمی عەرەبی دەکرد، جورێک ددان بە بونی ئیسرائیل لە نێو وڵاتانی عەربیدا دەبیندرا و ئەوەش هوکاریک بوو بۆ ئەوەیکە فەلەستینیەکان خۆیان لە هەمبەر ئیسرائیلدا تەنیا ببینەوە. ئەوە هاوکات بوو لە گەڵ تەشەنە کردنی بیری ئیخوانی لە وڵاتانی عەرب کە سەری سولحیان لە گەڵ ئیسرائیلدا نەبوو. بزووتنەوەی حەماس بەرهەمی سەرهەڵدانوو گەشەی ئیخوانی لە وڵاتانی عەرەبی بوو کە دژی سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکانیان بوون لە ئاست ئیسرائیل. کەم بوونەوەی یارمەتی و پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی ناسیونالیست لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی ناسیونالیستی فەلەستینیەکان دژی ئیسرائیل ئاوێتەی بیری ئیسلامی ڕادیکاڵی ئیخوان دەبێت و لە ساڵی ١٩٨٠ حەماس درووست دەبێ و لە لایەن وڵاتانی عەرەبی کەنداو یارمەتی ماڵی پی دەکرێ و ئەو شەڕە ئێستاکە بە ئەو پەڕی خۆی گەییشتووە.
لە لایەکی ترەوە شەڕی ئیسرائیل و لوبنانیش دەگەڕێتەوە بۆ کاتێک کە فەلەستینیەکانی بەرەی ئازادیخوازی فەلەستین کە لە میسر نیشتەجێ بوون و لە دوای سولحی کەمپ دەیوید ناچار کران میسر جێ بێڵن و دوو لە باشوری لوبنان بکەن و بەرەی ئازادیخوازی فەلەستین لەوێوە دژی ئیسرائیل شەڕیان دەکرد و دۆڵی بیقاع وەکوو بنکەیەکی گرینگی فەلەستینیەکان دژی ئیسرائیل دروست بوو.
هاوکات لە گەڵ ئەوەش کۆماری ئیسلامی کە دروشمی ”هەناردە کردنی شۆڕشی” لە سەر دابوو و لە نێوان شیعەکانی لوبنان خەریکی چالاکی بوو، شێعەکانی باشوری لوبنانی بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرەنجی جیهانی عەەب دژی ئیسرائیل بە کار دێنا و ئیسرائیل بۆ بن بڕ کردنی بزووتنەوەی فەلەستینیەکان هێرشی بۆ سەر باشوری لوبنان لە ساڵێ ١٩٨٢ لە ژیر ناوی ”لوبنانی داغ” دەست پێ کرد.
قەندیلپرێس: لەم کاتەدا کە ئیسرائیل سەرقاڵی شەڕی غەزەیە بۆ هێرشی کردەسەر کۆنسووڵگەری ئێران لە دیمەشق؟
د. شەماڵ سۆفیمیرزا: لەداوی هیرشی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دوابەدوای ئەو هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باریکەی غەزە، ئیسرائیل لە پشتیوانی بێ ئەملاو ئەولای ڕۆژئاوا بەهرەمەند بوو و ئەمریکا و وڵاتانی تری ئەوروپایی خۆیان خستە پشت ئیسرائیل و یارمەتی سەربازیان ناردە ئەو وڵاتە، ئەوە لە کاتێک دابوو کە نەتەنیاهوو لە ناو خۆی وڵات روبەڕوی کێشەی مەشروعیتی سیاسی ببوە و و خەڵک لە شەقامەکان خوازیاری دەست لە کار کێشانەوەی نەتەنیاهوو بوون.
هێرشی حەماس بو سەر ئیسرائیل لە راستیدا تەنەفۆسێکی دەست کردی بۆ نەتەنیاهو خۆڵقان کە خۆی لە سەر کار بهیڵێتەوە و مەسئونیەتی قەزایی لێ نەستێندرێتەوە. لە گەڵ درێژبوونەوەی شەڕ لە غەزە و کوژرانی زیاتر لە ٣٥٠٠٠ نەفەر کە زۆربەیان خەڵکی سیڤیل بوون، نارەزایەتی وڵاتانی جیهان و بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریکای لێ کەوتەوە و ئەوەش لە کاتێکدابوو کە ڕفێندراوەکانی ئیسرائیلی و ناکارا بوونی دەوڵەی نەتەنیاهوو لە گەڕانەوەی بە دیل گیراوەکان هێندەی تر نارەزایەتی ناوخۆی لێ کەوتەوە. کوژرانی مەدەدکارانی چێشتخانەی نێودەوڵەتی کە سازەیەکی سەر بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە تووڕەیی زیاتری ئەمریکای هاوپەیمانی ئیسرائیلی لە دەوڵەتی نەتەنیاهو بە دووای خۆیدا هێنا. بە شێوەیەک کە نیزێکترین هاوپەیمانی ئیسرائیل واتا ئەمریکا لە کردەوەی دەوڵەتی نەتەنیاهو بێزار بوو و نەتەنیاهو بە دوای چارە سەریدا دەگەڕا.
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسووڵخانەی ئێران هەڵەیەکی مەحاسباتی نەتەنیاهو بوو بۆ رزگار بوون لەو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکیانەی کە تێیکەوتبوو. ئیسرائیل پێیوابوو هێرشەکە لە هەرایەکی نێودەوڵەتی تێناپەڕێ و هێرشەکە بەشی ئەوەندە دەکات خۆی لە قەیران بپارێزێ، بەڵام هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل نیشانی دا کە نەتەنیاهو تووشی هەڵەی محاسباتی بووە.
قەندیلپرێس: هەڵسەنگاندنی جەنابتان لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل چییە؟
د. شەماڵ سۆفیمیرزا: لە لایەکی ترەوە، ئێران لە سەر دوو ڕێیانی بڕیاردان دابوو ، لە لایەک لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بینی کە ئەو یارمەتیانەی کە لە ماوەی چەندین دەهەی ڕابردوودا سەرفی هێزە نیابەتێکانی خۆی لە عیراق، سوریە و لوبنان و یەمەن کردبوو ئێستاکە لە هەمبەر ئیسرائیلدا بێ کاریگەرن، حەماس لە ئەو پەڕی شپرزەییدایە و حیزبۆڵڵا بە هاویشتنی چەند راکت بۆ سەر ئیسرائیل مەترسیکی بۆ ئیسرائیل دروست نەکردوە و لە یەمەنیش حووسیەکان لە ڕێگری کەشتی بازەرگانیەکان چی تریان لە دەست نەهاتووە. بە واتایەکی تر ئێران لە بەر دەم تاقیکاریکی گەورەدابوو، وڵام دانەوەی ئێران هەم وڵامدانەوەیەکی حەیسیەتی بۆ ناوخۆ و هەمیش بۆ دەرەوە بەڵام لە هەمان کاتتدا بە ڕاگەیاندنی پێشوەختی هێرشەکە بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە حەولی بەربەستکردن و سنووردار کردنی شەڕەکە بوو. لە لایەکی ترەوە ئێران ویستی جاریکی تر روحییە بداتەوە بە ”مەحوەری مقاومەت” لە ناوچەکە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەو پرسیارەیان بۆ دروست ببو کە بۆچی و کەنگێ ئێران دەیهەوێ خۆی واردی شەڕی ئیسرائیل بێ؟
بەڵام هێرشی ئێران لە لایەنێکی ترەوە گرینگە هەڵسەنگاندنی بۆ بکری، ئەویش ئەوەیە کە توانای موشکی ئیران تاقی کرایەوە و ئیران توشی فەزیحەتێکی نە تەنیا سیاسی بوو بەڵکوو فەزیحەتێکی نیزامیش بوو بۆ ئەو وڵاتە. ئێران بە هاویشتنی باشترین مووشەکەکانی لەو شەڕەدا نیشانیدا کە توانایەکانی چەندە سنووردارە. لە لایەکی ترەوە هێرشەکە دڵگرمێکی بۆ وڵاتانی عەرەبی بوو کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەرمایەگوزاریکی زۆریان بۆ بەرگری لە ئەگەری هێرشی ئێران بو سەر وڵاتەکەیان کردبوو . ئێستاکە ئەوەی وڵاتانی عەرەبی ئەو ترسەیان لە ئێران ڕەواوە و بە جێی کڕینی چەک و چوڵ لەوانەی لێرە بە دواوە سەرمایەگوزاری لە سەر تکنولوژی بەرگری ئەسمانی بکەن و کرینی دژە موشەک بخەنە ئەولەویەتی کرینی چەک.
قەندیلپرێس: ئەم دۆخە نوێیە کە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران هاتووەتە کایە، چ کاریگەریەکی لە سەر دۆخی کورد لە ناوچەکە بە تایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت؟ و کورد چۆن دەتوانێت لەم دۆخە بۆ قازانجی خۆی کەڵک وەربگرێت؟
Hiwa Rasooli, [11/11/2024 3:15 AM]
د. شەماڵ سۆفیمیرزا: تەشەنە کردن و درێژبونەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە وانەیە لە کۆتا زەماندا بە هۆکاری هەڵکەوتەی جوپولێتیکی کوردستان وێرانی بە دوای خۆیدا بێنێ. کوردستان و ئاسمانەکەی لەوانەیە شوێنێ ڕمبازیانی نیزامی هەردوو وڵات بێ، ئەم شەڕە لە هەمان کاتدا لەوانەیە دووبارە سەرهەڵدانی ناوخویی لێ بکەوێتەوە و سەر لە نوێ دەرفەت بۆ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بخوڵقێنێ کە بێتەوە سەرپێ، ئینجا کورد لە کوردستانی ئێران بە دەرس وەرگرتن لە ئازمونی پێشوتر دەتوانێ لێکدانەوەیەکی نوێ بۆ چونیەتی مامەڵە کردن لە گەڵ بارودۆخەکە بکات و بە جێگای روو کردنە هێزەکانی غەیرە کوردی ناو ئێران کە لە ماوەی شوڕشی ژینادا دەرکەوت سیاسەتێکی هەڵەیە، ڕوو لە هێزە کوردستانیەکانی ناو خۆی کوردستانی ئێران و بگرە لە بەشەکانی تری کوردستان بکات.
لە ئەگەری درێژ بوونەوەی شەڕدا ، ئەم شەڕە تەنیا بە شەڕی نێوان دوو وڵات کوتایی نایە بەڵکو لەوانەیە وڵاتانی تریش بکێشرێنە ناو شەڕەکەوە، بە هەمان ئەندازە کە شەڕەکە گەورەتر بێتەوە دەرکەوتەکانی لە سنوری نێوان وڵاتاندا نامێنێتەوە و بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەیکە کورد بە سەر چوار پارچەی سیاسیدا دابەشبوە و ئەگەری تێوەگلانی هەر چوار وڵاتەکە لە شەڕدا هەیە، کورد دەتوانێ بە یەکەوە ڕۆڵی سەرەکی بە قازانجی خۆی بگێڕێ، بە دەقیقی هەمان ئەو سناریویەی لە ماوەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا ڕویداو بە داخەوە کورد بە هۆکارگەلێک کە لێرەدا جێگای ئاماژە نییە نەیتوانی کەڵکی لێوەرگرێ.
قەندیلپرێس: لە نێوان حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو بۆچوونی جیاواز لە بارەی ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای هێرشی دەرەکی لە ئارادایە، بەشێکیان لەگەڵ ئەو هێرشەن و بەشێکی دیکەیان دژ بەو هێرشەن و لەو باوڕەدان کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەبێ لە ڕێگای خەڵکی ئێرانەوە لە ناوخۆ و بە بێ دەخاڵەتی دەرەکی بڕووخێ، ڕای بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟
د. شەماڵ سۆفیمیرزا: لە دوای گەشە و تەشەنەی ”بە جیهانی بوون” (گوبالیزاسیون) هیچ شتێکی لۆکاڵی نەماوەتەوە و شورشیش لەو قاعیدەیە بێ بەش نییە. تێکەڵاوی ئابوری، کەلتوری و بە دوای ئەویشدا سیاسی لە جیهاندا حکومەتێکی لە سەر گوێ زەوی بە سەربەخۆی بێ ئەملاو ئەولا بە مانای واقعی نەهیشتوتەوە، مەبەستم ئەوەیە کە باندوڕی وڵاتانی تر هەم کارگەری لە سەر ڕودان و هەم کارگەری لە سەر ڕونەدانی شۆڕش لە وڵاتێکدا هەیە. لەهەمانکاتدا، شۆڕش تەنیا گۆڕانی ڕادیکال لە سیستەمی ئابوری و سیاسی نییە و پیویستی بە گۆڕینی بەهاکانی کۆمەڵایەتیشەوە هەیە، لە جیهانی پەیوەندیەکاندا بەهاکان جۆرێک بە جیهانی بوون و بەهای کومەڵایەتی وڵاتان دەرگایان بە سەر یەکتردا کراوەتەوە. بۆیە ئێمە دەتوانین هەم دەرفەت لە هێرش و ناکۆکی وڵاتی تر وەرگرین بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی و هەمیش خۆمان بەهێز بکەین کە لە دوای بە ئامانج گەیەشتن توانای سنوردار کردنی هێزی دەرەکیمان لە سەر داهاتووی خۆمان هەبێ، ئەوەش بە درووست بوونی هێز ئیمکانی هەیە. ئەگەر ئیمە تەواو پشت بە هێزی دەرەکی ببەستین لە ڕاستیدا دەبێ دەست لە سەر دەست دانین و لە راستیدا خۆمان داوەتە دەست هاتونەهات و بە واتایەکی تر لە ژێر چەپۆکێکەوە بو ژێرچەپۆکێکی تر.
قەندیل پرێس