وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان سووریا و هەسەدە دەکەن و دەشڵێت: چاودێریى جێبەجێکردنى بڕیارەکانى رێککەوتنەکە دەکەن.
مارکۆ روبیۆ، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، واشنتن پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان دەسەڵاتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات ‘هەسەدە’ لەبارەی یەکخستنی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە تەواوی وڵاتەکەوە دەکات بۆ سووریایەکی یەکگرتوو.
دەشڵێت، “بەردەوام دەبن لە چاودێرییکردنى ئەو بڕیارانەی دەسەڵاتی راگوزەر دەریدەکەن و نیگەرانیشن لەو کردەوە توندوتیژانەی لەم دواییانەدا دژی پێکهاتەکان ئەنجامدران”.
روبیۆ باسى لەوەشکردووە، ئەمریکا پشتگیریی خۆی بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریا دووپات دەکاتەوە بۆ حکومڕانییەکى باوەڕپێکراو و دووربێت لە مەزهەبگەرایی، وەک ئەو دەڵێت، باشترین رێگەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێ.
رۆژى دووشەممە، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغى راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆکرد و بەگوێرەى رێککەوتنەکە، ئاگربەست لە تەواوی سووریا رادەگەیەندرێت.
رێککەوتنەکە لەلایەن مەزڵوم عەبدی، و ئەحمەد شەرع، واژۆکرا و لە هەشت خاڵ پێکدێت.
بەگوێرەى رێککەوتنەکە، پێویستە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، خاڵەکانی رێککەوتنەکە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە جێبەجێ بکرێت.
قەندیل پرێس