ماوەی ١٧ ڕۆژە کۆبانێ لەژێر گەمارۆیەکی سەختدایە، کێشەی تەندرووستی، پێویستی خۆراک، سووتەمەنی و هەموو پێداویستییەکی دیکە تا دێت قووڵتر دەبێتەوە، تا ئێستاش گەیاندنی هاوکارییەکان لەسەر سنووری باکوور ڕێگرییان لێ دەکرێت.
بە وتەی پزیشکەکان، بەهۆی ئەو گەمارۆیەوە، هەموو جۆرە دەرمانێک لەبەردەستدا نییە، بەتایبەتی دەرمانی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرە تەواو بووە، توشبووانی شێرپەنجەش ناتوانن بچنە دەرەوەی کۆبانی بۆ درێژەدان بە چارەسەرەکانیان.
هەروەها، ناتواندرێت شیر بۆ منداڵان پەیدا بکرێت و بەهۆی پچڕانی کارەبا و کەمی سووتەمەنییەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەخۆشخانەکان داخراون.
بەگوێرەی سەرچاوە تەندروستییەکان، ئەگەر دەرمان و شیری منداڵان دابین نەکرێن، کێشەی تەندروستی گەورە درووست دەبێت.
لە بازاڕی کۆبانێ، سەوزە و کەرەستە سەرەکییەکانی خۆراک تەواو بوون، ناتوانرێت سووتەمەنیش پەیدابکریت، لە ئێستادا ژیانی ٦٠٠ هەزار کەس لە مەترسییەکی گەورەدایە.
قەندیل پرێس