ژنراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (قەسەدە)، بە بۆنەی ١ی تشرینی دووهەم، ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ، پەیامێکی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاو کردەوە و رێزی لە فیداکارییەکانی گەل و هێزە پارێزەرەکانی شارەکە لە شەڕی دژی داعشدا کرد.
عەبدی لە پەیامەکەیدا نووسی: «لە ڕۆژی جیهانیی پاڵپشتی لەگەڵ بەرخۆدانێ کۆبانی لە دژی داعش، یادی ئەو فیداکارییە گەورانە دەکەینەوە کە شەڕڤانان و گەلەکەمان بۆ پاراستنی شار و مرۆڤایەتی لە هەمبەر تاریکیدا ئەنجامیان دا.»
ئەو هەروەها ئاماژەی بە پشتیوانیی جیهانی و ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەو شەڕەدا کرد و وتی: «پاڵپشتی جیهانی و پشتیوانیی هاوپەیمانی لە هێزەکانمان، و هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژە سەختانەدا لەگەڵمان بوون، هێمای یەکگرتوویی مرۆڤایەتی لە بەرامبەر تاریکی و توندڕەوی دایە.»
مەزڵوم عەبدی لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: «ئەم پاڵپشتیە هێزی پێداین بۆ ئەوەی داعش لە کۆبانێ تێک بشکێنین و ڕێگەی بۆ کۆتاییهێنان بە خەلافەتی داعش و دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان خۆش کرد.»
قەندیل پرێس