شەڕی نێوخۆیی لە سووریا سەری هەڵدایەوە، لە سنووری سوەیدا گرووپە چەکدارەکان و هێزێکی پۆلیسی خۆجێیی رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە گەڕەکێکی شارەکەش گرووپێکی هۆزەکان لەگەڵ هێزێکی دروزەکان رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، لە لایەکی دیکەش لە سنووری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی حەمزات و سوڵتان موراد هەڵگیرساوە.
شەڕەکەی سنووری سوەیدا، دوای نیوەڕۆی یەکشەممە دەستیپێکردووە، لەکاتێکدا بووە کە پۆلیسی خۆجێیی سەر بە فەرماندەیی ئاسایشی نێوخۆ لە نزیک گوندی (سورە کەبیرە) بازگەیەکیان داناوە و گرووپێکی چەکداری هۆزەکان هێرشیان کردووەتە سەریان.
شەڕەکە چۆن سەریهەڵدا؟
گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممە لەسەر رێگەی دیمەشق – سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و رووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.
ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا.
مورهەف شاعیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا گوتی: تاوەکو ئێوارەی یەکشەممە، ژمارەی رفێندراوان گەیشتووەتە 24 کەس.
شەڕی نێوان پۆلیس و چەکدارانی هۆزەکان
بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هێزێکی پۆلیسی خۆجێیی لەسەر رێگەی دیمەشق – سوەیدا بازگە دادەنێن، بەڵام گرووپێکی دەشتەکییەکان هێرش دەکەنە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە.
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی: “چەکدارەکان چەند گولـلەهاوەنێکیان ئاراستەی دەوروبەری گوندی “سورە کەبیرە” کردووە، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پێشڕەویکردن بەرەو بازگەکە.
حکومەتی سووریا هێزی بەرەو ناوچەکە جووڵاندا
ئەمە یەکەم رووداوی تووندوتیژیی گەورەیە لە ناوچەکەدا لەدوای ئەو پێکدادانە خوێناوییانەی نیسان و ئایاری رابردوو لەنێوان دروزەکان و هێزە ئەمنییەکان روویاندا و دەیان کوژراوی لێکەوتەوە.
لە شەوی رابردووەوە، حکومەتی سووریا هێزی بۆ ناوچەکە جووڵاندووە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە پێکدادانە چەکدارییەکان و بۆردوومانی یەکدیدا لە گەڕەکی مەقووس لە رۆژهەڵاتی شاری سوەیدا و ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە، 50 کەس کوژراون، کە نزیکەی 30 کەسیان دروزن (دوویان منداڵن) و نزیکەی 15 کەسی دیکە لە هۆزە دەشتەکی (بەدەوی)یەکانن و شەش کەسیش لە هێزەکانی نێوخۆی حکومەتی سووریا کوژراون. هەروەها نزیکەی 100 کەس برینداربوون.
ئاگری شەڕ گەیشتە حەسەکە
لە شاری سەرێکانی، کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای حەسەکە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارانی گرووپی حەمزات و سوڵتان موراد سەریهەڵدا.
بەپێی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێکدادانەکان لە گەڕەکی “نفووسی کۆن” لە ناوەڕاستی شارەکە بووە و لەسەر ئۆپەراسیۆنێک بووە کە دزیی تێدا کراوە.
هەردوولا لە رووبەڕووبوونەوەکاندا چەکی قورس و هاوەنیان بەکارهێناوە، کە بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتوواندا.
قەندیل پرێس