لە باکووری خۆراسان و لە گوندی ئوغاز لە نێوان هەردوو شاری کوردنشینی شێروان و قووچان لە ئێران، بە هاوکاری و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرهەنگسەرایەکی تایبەت بە مێژوو و کولتووری کوردانی خۆراسان کرایەوە.
گوندی ئوغاز زێدی کەلیموڵلا تەوەحودی، نووسەر و توێژەر و میوزیکژەنی ناسراوی دەڤەری خۆراسانە و ئەم فەرهەنگسەرایەش هەر بە هەوڵی ئەو دامەزراوە.
فەرهەنگسەراکە بەشێکی تایبەتە بە کتێبخانەی کوردی و بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە کوردستان بە گشتی و کوردانی خۆراسان بە تایبەتی؛ بەشێکیشی تایبەتە بە کولتوور و کەلەپووری کوردانی خۆراسان، کە ئامێرەکانی کشتوکاڵ، میوزیک، جلوبەرگ، ڕەشماڵ، داب و نەریت و ڕێورەسمەکانیان و هەر کەلوپەلێکی پەیوەندار بە ژیانی کوردانی کرمانجی خۆراسانەوە هەبێت، تیایدا هەڵگیراوە.
قەندیل پرێس