بەشێکی ئەو چالاکڤانانەی سەر کەشتیگەلی خۆڕاگرین لە بەندەرێکی ئیسرائیل، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەوە پێش گەیشتنیان بە کەناراوەکانی غەززە دەستگیرکراون.
یەکێک لە دەستگیرکراوان ناوی رێناس ئیبراهیمییە، کوردە و خەڵکی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
رێناسی تەمەن 34 ساڵ وڵاتینامەی فینلاندای هەیە. دایکی رایگەیاند، کاژێر 11:40ی شەوی چوارشەممە کچەکەی و بەشێکی هاوڕێکانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستگیرکراون. ئەو گوتیشی، رێناس چەند جارێک هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە ناردووە و شانازیش بە کارەکانی کچەکەیەوە دەکات.
رێناس هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کولتووردا. ئەو پیش دەستگیرکرانی نامەیەکی بۆ دایکی ناردووە و گوتوویەتی، “خەمت نەبێت، ئێمە سەلامەتین و وا دەستگیرمان دەکەن. هەموو شتێک باشە”.
جگە لە رێناس، 450 چالاکڤانی دیکەش لە 37 وڵاتەوە کە لەنێو یەکێک لە 50 بەلەمەکەی کەشتیگەلەکە دابوون دەستگیرکراون.
رێناس ئیبراهیمی، چالاکڤانە و لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت، “بۆ ئیسرائیل کە دژی خواستی خۆمان مامەڵەمان لەگەڵدا دەکات، ئێستا کاتی ئەوەیە داوا لە بەرپرسانمان بکەین هەموو هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە رابگرن کە جینۆسایدی خەڵکی کردووە.”
چالاکڤانەکان لە نیوەی دووەمی ئابی ئەمساڵەوە لە بارسیلۆنای ئیسپانیاوە دەستیان بە جووڵە بەرەو غەززە کرد، ئەمە بە ئامانجی شکاندنی گەمارۆ و گەیاندنی هاوکاری بە کەرتەکە.
قەندیل پرێس