به‌په‌له

پەکەکە: هەموو هێزەکانمان لە تورکیا دەکشێنینەوە

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پەکەکە رایگەیاند، هەموو هێزەکانی گەریلا لە تورکیاوە دەکشێننەوە و بەشێکیان بە تەواوی کشاونەتەوە بۆ “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا.”

بەگوێرەی میدیای پەکەکە، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بەناوی “بەڕێوەبەری تەڤگەریی ئازادیی [پەکەکە]ـەوە بڵاویان کردووەتەوە: “بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەر [پەکەکە] بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، لە قۆناخی دووەمدا هەموو هێزەکانی گەریلای لە تورکیاوە کشاندەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی میدیا”.

دوێنێ پەکەکە رایگەیاند، سبەی “هەنگاوێکی مێژوویی” دەنێن، دواتر تۆڕی میدیایی رووداو لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، “هەنگاوەکە گواستنەوەی گەریلایە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە”.

دەقی راگەیێندراوەکەی پەکەکە:

دوای گه‌یشتنی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌ ئاستی مه‌ترسیی زۆر جدی له‌سه‌ر ئاینده‌ی كورد و توركیا، ساڵی رابردوو له‌سه‌ر بانگه‌وازییه‌كانی سه‌رۆككۆماری توركیا و سه‌رۆكی گشتی مەهەپە، ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی و پاشان رێبه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان پرۆسه‌یه‌ك ده‌ستیپێكرد و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش كه‌ به‌ بانگه‌وازی “ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیک”ـی رێبه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان له‌ 27ـی شووباتی 2025دا به‌ ناسنامه‌ی خۆی گه‌یشت، به‌ قۆناخێكی تا دوا راده‌ گرنگ و هه‌ستیاردا ده‌گوزه‌رێت.

ئێمه‌ی لایه‌نی كورد له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌شت مانگی رابردوودا له‌سه‌ر بنچینه‌ی بانگه‌وازی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیک هه‌نگاوی گه‌وره‌ی مێژووییمان نا. دوای بانگه‌وازییه‌كه‌ و له‌ رۆژی 1ـی ئاداردا به‌ ئامانجی به‌رقه‌راركردنی زه‌مینه‌یه‌كی ئارام و ئاسووده‌ بۆ گفتوگۆكردن ئاگربه‌ستمان راگه‌یاند. رێبه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان به‌ رێبازی گونجاو ئاراسته‌ی نیشاندا و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش پەکەکە له‌ رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئایار 12ـەیەمین كۆنگره‌ی خۆی سازدا و بڕیارمان دا به‌ كۆتاییهێنان به‌ هه‌بوونی رێكخراوه‌یی پەکەکە و ستراتیژییه‌تی تێكۆشانی چه‌كداری و ئه‌و بڕیاره‌شمان له‌سه‌ر زیاد كرد كه‌ ته‌نیا به‌ سه‌رپه‌رشتیی راسته‌وخۆیانه‌ی رێبه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان ده‌توانرێت پراكتیزه‌ بكرێن. دوای دوو مانگ و له‌ 11ـی ته‌مموزدا، دوای بانگه‌وازی به‌دیمه‌نی رێبه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجەلان، گرووپی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیک کە له‌ 30 كه‌س پێكهاتبوو و به‌ پێشه‌نگایه‌تیی هاوسه‌رۆكی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری کەجەکە به‌سێ هۆزات، له‌ رێوڕەسمێکدا چه‌كه‌كانیان سووتاند و به‌ روونی و كرداریی هه‌ڵوێست و به‌ بڕیارداریمانەوە له‌ كۆتاییهێنان به‌ تێكۆشانی چه‌كداری سه‌لماند.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ مێژووییانه‌ی لایه‌نی كورد كه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تیی رێبه‌ر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە ئه‌نجامی دان، كاریگه‌رییه‌كی قوڵی له‌ كه‌شوهه‌وای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی توركیا كرد و گیان و ئیراده‌یه‌كی نوێی له‌ بواری ئاشتی و دیموكراتیزه‌بووندا خسته‌ڕوو. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ بوێرانه‌ و فیداكارانه‌یه‌ی كورد كه‌ هه‌میشه‌ لایه‌نگری ئاشتی و دیموكراسی و ئازادیی بووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی توركیاش پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكرا.

سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێسته‌ ناته‌واوه‌كانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر، رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كوردستان به‌ ئامانجی وه‌لاوه‌نانی هه‌موو ئه‌و مه‌ترسییه‌ سه‌ختانه‌ی به‌رۆكی كورد و توركیای گرتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت بناخه‌ی ژیانی ئازادی، دیموكراتیک و برایه‌تیی سه‌ده‌ی داهاتوو دابنرێت و پرۆسه‌ی ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی به‌ قۆناخی دووه‌م بگەیێندرێت، له‌ هه‌وڵی هه‌نگاوی نوێی كردارییدایه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌رنامه‌ و بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی 12 و به‌ ده‌ستووری رێبه‌ر عەبدوڵڵا ئۆجەلان ده‌ستمانكرد به‌ هه‌نگاوی كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌مان له‌ توركیا له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری مه‌ترسیی پێكداداندان و زه‌مینه‌ له‌بارن بۆ روودانی ئه‌گه‌ری نه‌خوازراو. كشانه‌وه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی توركیاوه‌ به‌ره‌و هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مەدیا ده‌كرێت و به‌شێك له‌و گرووپانه‌ی گه‌یشتوون به‌ هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مەدیا ئێستا  لێره‌ ئاماده‌ن و به‌شدارن له‌م کۆنگرە رۆژنامەنووسییەدا. هاوكات له‌و سه‌نگه‌رانه‌ی ناوچه‌ سنوورییه‌كانیشدا كه‌ ئه‌گه‌ری پێكدانان و هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراویان له‌سه‌ره‌، رێوشوێنی هاوشێوه‌ و سازه‌ندانه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر.

بێگومان پراكتیك ده‌بێته‌ نیشانده‌ری ئاستی كاریگه‌ری ئه‌م هه‌نگاوانه‌مان. به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ كردارییانه‌شمان جارێكی دیکە به‌بڕیاربوون و هه‌ڵوێستی روونمان سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی 12 ده‌سه‌لمێنێت.

 

دووبارە هەوڵبدەرەوە

وێڕای ئاگربەست، گەمارۆی سەر گەڕەکە کوردنیشینەکانی حەلەب بەردەوامە

وێڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، چواردە ڕۆژە گەمارۆی هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *