وەزیری بەرگریی تورکیا جارێکی دیکە جەختی کردەوە، کە پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) چەکەکانیان ڕادەست بکەن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە، هەڕەشەی ئەوەشی کرد، کە ڕێگە بە هیچ جموجۆڵێکیان نادەن.
“پێویستە خۆیان هەڵبوەشێننەوە”
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لە وتارێکیدا لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانیان پاراستنی تورکیایە لە هەر هەڕەشە و مەترسییەک. گولەر بە ڕوونی وتی: “پێویستە پەکەکە و هەموو درێژکراوەکانی کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن.”
ناوبراو ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە هەسەدە و یەپەگە کرد و وتی: “پێویستە بەبێ مەرج و دەستبەجێ چەکەکانیان ڕادەست بکەن.”
ناکۆکی لەسەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان
ئەم لێدوانەی گولەر لە کاتێکدایە کە پێشتر هەریەک لە هەسەدە، بەرپرسانی پەکەکە و پارتی “دەم” جەختیان کردووەتەوە کە بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی عەبدوڵا ئۆجەلان تەنها بۆ پەکەکە بووە و پەیوەندیی بەوانەوە نییە. بەڵام وەزیری بەرگریی تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی، کە داواکارییەکە هەسەدە و یەپەگەش دەگرێتەوە.
“ڕێگە بە هیچ گرووپێک نادەین”
یاشار گولەر هەڕەشەکانی توندتر کردەوە و وتی: “لەسەرووی هەموویانەوە پەکەکە، یەپەگە، هەسەدە، ڕێگە بە ڕەگداکوتین و جموجۆڵی هیچ گرووپێکی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا نادەین، لەژێر هەر ناوێکدا بێت.”
قەندیل پرێس