وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا لە بەغداد کۆبوونەوە و چەندین دۆسیەیان تاوتوێ کرد، لەوانە ئاسایش، ئاو و پڕۆژە ئابوورییەکان. وەزیری دەرەوەی تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاتی ئاشتییە و پێویستە پەکەکە لە خاکی عێراق و سووریا و ئێران بکشێتەوە.
تاوتوێی دۆسیەی ئەمنی و پرسی پەکەکە
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، “تاوتوێى دۆسیەى ئەمنیمان کرد و پشتیوانی لە پرۆسەى ئاشتی دەکەین.” هاوکات داوای کرد “ئەنقەرە و پەکەکە بگەنە چارەسەرێکى گونجاو.”
لەلایەن خۆیەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، “پێویستە پەکەکە لە خاکى عێراق و سووریا بکشێتەوە” و ئاشکرای کرد، “لەبارەى چەکدانانى پەکەکە لەگەڵ بەغداد و هەولێر لە گفتوگۆداین.” فیدان ئاماژەی بەوەشکرد پرۆسەی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنانە بە چەکدارانی پەکەکە لە خاکی ئێرانیشدا.
چارەسەری پرسی ئاو و ڕێگەی گەشەپێدان
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەکرد، “لە ئەنقەرە باسمان لە پرسى ئاو کرد.” لەبەرامبەردا هاکان فیدان دڵنیایی دا کە “ڕێککەوتنەکانمان چارەسەرى پرسى ئاو دەکات.”
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها گوتی، “کار بۆ جێبەجێکردنى ڕێگەى گەشەپێدان دەکەین،” و بڕیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی بە “زۆر گرنگ” ناوبرد.
پەیوەندییە دووقۆڵییەکان
فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد کە “26 یاداشتى لێکتێگەیشتن لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆکراوە.” هاکان فیدانیش جەختی کردەوە، “کار لەسەر چارەسەرى کێشەکانى نێوان عێراق و تورکیا دەکەین،” و گوتیشی، “پشتیوانییەکانمان بۆ عێراق بێ سنوورە.”
قەندیل پرێس