مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو هەناردەکردنی نەوت دەستپێنەکاتەوە، بەغداد مووچە نانێرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەکاتى کردنەوەى قۆناغى یەکەمى پرۆژەى فریاگوزاریى خێراى گەیاندنى ئاو بۆ هەولێر رایگەیاند، شاندێکى هاوبەشى پارتى و یەکێتى چوونەتە بەغداد بۆ چارەسەرى کێشەى مووچە و بافڵ جەلال تاڵەبانی و فوئاد حسێن پێشنیازێکیان خستەڕوو، کە رێککەوتوون بەهەناردەکردنی 230 هەزار بەرمیل نەوت و 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی، ئەویش بە پێشنیازەکە رازیی بووە.
مەسرور بارزانى دەشڵێت، ئێستا هێرشە درۆنییەکان بۆسەر کێڵگە نەوتییەکان رێگرە لە هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتە بۆ عێراق، هەربۆیە هەناردەی نەوت لەو بڕە کەمتر دەبێت، کە رێککەوتنی لەسەرکراوە.
گوتیشى، ئێستا شاندێکى عێراق لە هەرێمى کوردستانە بۆ لێکۆڵینەوە لەبڕی توانستی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت و چارەسەرکردنی کەمی دەرهێنانی نەوت بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە.
باسى لەوەشکرد، حکومەتی هەریمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نییە لە هەناردەکردنی هەموو نەوت بۆ عێراق، جگە لەوبڕەی پێویستە بۆ دابینکردنی پێویستی ناوخۆ لە بەنزین و نەوت.
قەندیل پرێس