به‌په‌له

مەزڵووم عەبدی: گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی زارەکی لەگەڵ دیمەشق بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سووریا

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رۆژی شەممە رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی سووریا گەیشتوونەتە “رێککەوتنێکی زارەکی” سەبارەت بە شێوازی تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە سوپای سووریا، ئەمەش دوای زنجیرەیەک دانوستانی “ئەرێنی” لە دیمەشق کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەچوون.

مەزڵووم عەبدی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ رۆناهی تیڤی ئاشکرای کرد کە لە سەردانەکەی رۆژی 7ی تشرینی یەکەم بۆ دیمەشق، لەگەڵ سوپاسالار، وەزیری بەرگری و بەڕێوەبەری هەواڵگریی گشتی حکومەتی راگوزەری سووریا کۆبوونەتەوەوە، بە ئامانجی داڕشتنی نەخشەڕێیەک بۆ داهاتووی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

فەرماندەی هەسەدە گوتی: “لەگەڵ دیمەشق رێککەوتنێکی زارەکیمان لەسەر شێوازی تێکەڵبوونی هەسەدە لەناو سوپادا کردووە. حکومەتی سووریا دەیەوێت سوود لە شارەزایی هەسەدە وەربگرێت.”

ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا “لیژنەیەکی سەربازی” لەگەڵ نوێنەرانی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ سەردانی دیمەشق دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکان. بەپێی رێککەوتنەکە، هێزەکانی ئاسایشیش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا.

داهاتووی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: بەرەو ناناوەندیبوون 
مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی دانوستاندنەکان، دامەزراندنی “سیستمێکی ئیداریی ناناوەندییە” لە سووریا، بەتایبەتی بۆ سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.

سەبارەت بە چارەنووسی ناوچەکانی وەک دێرەزوور و رەققە، عەبدی بە تووندی رەتیکردەوە کە هیچ گفتوگۆیەک لەسەر کشانەوەی هەسەدە لەو ناوچانە کرابێت و گوتی: “کشانەوەمان لە دێرەزوور و رەققە نەخستووەتە بەر باس و باسی ناکەین.” روونیشیکردەوە کە نوێنەرانی ئەو ناوچانە بەشداریی گفتوگۆکانی داهاتوو دەکەن.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی گفتوگۆکان، مافی گەڕانەوەی ئاوارەکان بوو. عەبدی داوای لە خەڵکی عەفرین کرد “خۆیان بۆ گەڕانەوەیەکی رێکخراو ئامادە بکەن،” هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کار بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی سەرێکانی و گرێ سپی دەکەن.

هاوئاهەنگی دژی داعش و رۆڵی نێودەوڵەتی
فەرماندەی هەسەدە ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیازیان کردووە دیمەشق بەشداری شەڕی دژی داعش بکات، کە یەکێکە لە مەرجەکانی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، لەوانەش یاسای قەیسەر.

عەبدی گوتی: “پێشنیازەکانی ئەمریکامان قبوڵ کردووە. دەمانەوێت شەڕی دژی داعش لەسەر ئاستی هەموو سووریا بەڕێوەبچێت.”

ئەو دانوستاندنانە دوای سەردانێکی شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) دێت، کە تێیدا پشتیوانیی خۆیان بۆ دیالۆگی نێوان هەسەدە و دیمەشق دووپاتکردەوە.

عەبدی هەروەها رایگەیاند کە مافەکانی گەلی کورد یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی تایبەتی کورد سەردانی دیمەشق بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە جێگیرکردنی مافەکانیان لە دەستووردا.

دووبارە هەوڵبدەرەوە

شادومان مه‌لا حه‌سه‌ن: بێده‌نگی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ ئاست روداوی لاله‌زار زۆر سه‌رنج هه‌ڵده‌گرێت

شادومان مه‌لا حه‌سه‌ن، سه‌ركرده‌ له‌ به‌ره‌ی گه‌ل، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، رایگه‌یاند، له‌دوای دو مانگ له‌ تاوانی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *