ئیبراهیم شێخۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ڕایگەیاند، چەکدارانی سەر بە تورکیا دەستیان بەسەر زیاتر لە پێنج هەزار ماڵ و سەدان دوکاندا گرتووە لەعەفرین، کە نزیکەی 600 دوکانیان لەناو شارەکەدان، ئەمەش لەکاتێکدایە بەشێوەیەکی بەرچاو ئەم پێشێلکاریانە پەرەی سەندووە.
ئامارەکانی ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ڕفێنراوانی ناوچەی عەفرین گەیشتووەتە زیاتر لە 300 کەس کە 26 ژن و شەش منداڵیان تێدایە. هەروەها 41 حاڵەتی کوشتن و زیاتر لە 40 حاڵەتی دەستدرێژی تۆمارکردووە.
هەروەها شێخۆ ئاماژەی بەوەدا کە لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە نزیکەی 700 کەسی ڕفێنراو لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە عەفرینەوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانی دیکە.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا کە تاوانەکان موڵک و ناوچەی سروشتی گشتییان کردۆتە ئامانج، زیاتر لە حەوت دارستانی ناوچەکە بڕدراون و سووتێنراون، زیاتر لە دوو هەزار داری میوە لە ڕەگەوە هەڵکەندراون و زیاتر لە هەزار دار زەیتونیش لە گوندی عەلی جارۆ دەستی بەسەردا گیراوە.
بە وتەی شێخۆ، سەرەڕای بەڵێنەکانی دەسەڵاتدارانی دیمەشق، بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و پاراستنی خەڵکی سڤیل لە عەفرین، بەڵام پێشێلکارییەکان بەردەوامن.
قەندیل پرێس